پۆلێنکردنی پیشەسازی

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-23-01:25:00 - کۆدی بابەت: 11885
پۆلێنکردنی پیشەسازی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پۆلێنکردنی پیشەسازی (بە عەرەبی: التصنيف الصناعي، بە ئینگلیزی: Industrial Classificationپۆلێنکردنی پیشەسازی یان دابەشکردنی پیشەسازی بریتییە لە جیاکردنەوە کەرتەکانی پیشەسازی لەسەر چەند بنەما و پێوەرێکی گونجاو و زانستییانە بۆ شیکردنەوە و ئاشنابوونی بە کەرتە پیشەسازییەکان.

پۆلێنکردنی پیشەسازی و پێوەرکانی

پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای سروشتی بەرھەمھێنان

  • پیشەسازی دەرھێنان بریتییە لە دەرھێنانی کەرەستەی خاو و دەرامەتەکانی وزە لە ناخی زەوی و ژێر ئاو و دارستانەکان.
  • پیشەسازییە گۆڕاوەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ھەڵدەستێت بە گۆڕینی شێوەی کەرەستەی خاوی (ڕووەکی و ئاژەڵی و کانزایی) لە باری ئاسایی خۆی بۆ کەل و پەل و شمەکی ئامادەکراو، بە ئامانجی دابینکردن و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ.

پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای خاوەندارییەتی

  • پیشەسازی کەرتی گشتی ئەو پیشەسازییانە دەگرێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەت دایە و دەوڵەت دەتوانێت یاساکانی خۆی لەسەر ئەم پیشەسازییانە بچەسپێنیت، لە پێناو پێشکەوتنی ناوچەیەک و بەرژەوەندی تاکە کەس دروستدەکرێت، نموونە وەکوو پیشەسازی ئاسن و پۆڵا و پیشەسازی پەینی کیمیایی.
  • پیشەسازی کەرتی تایبەت ھەموو ئەو پیشەسازییانە دەگرێتەوە کە تایبەتن بە سەرمایەدارەکان، دەوڵەت ھیچ یاسا و دەسەڵاتێکی نییە بەسەریاندا، تەنھا لە ھەندێک حاڵەت و بارودۆخدا نەبێت وەکوو دانانی باج و گومرگ لەسەر ھەندێک لە کاڵا و شمەکەکان لە پێناو بەرژەوەندی تاکەکان. نموونە وەکوو پیشەسازی کەرەستەی بیناسازی و پیشەسازی کەرەستە خۆراکییەکان.
  • پیشەسازی کەرتی تێکەڵاو ھەموو ئەو پیشەسازییانە دەگرێتەوە کە دەوڵەت بە ھاوبەشی لەگەڵ چەند سەرمایەدارێک ھاوبەشیدەکات، وەکوو پیشەسازی بەرھەمھێنانی چیمەنتۆ.

پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای کەرەستەی خاو

١- ئەو پیشەسازییانەی پشت بە کەرەستەی سەرەتایی ڕووەکی دەبەستن وەکوو بەرھەمھێنانی (خەڵووز) لە دار و دارستانەکان.
٢- ئەو پیشەسازییانەی پشت بە کەرەستەی سەرەتایی کشتوکاڵی دەبەستن وەکوو (جگەرە).
٣- ئەو پیشەسازییانەی پشت بە کەرەستەی ئاژەڵی دەبەستن وەکوو (گۆشت و پێستە و بەرھەمە سپیاییەکان). 
٤- ئەو پیشەسازییانەی پشت بە کەرەستەی سەرەتایی کانزایی دەبەستن وەکوو (ئاسن و پۆڵا). 

پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای تایبەتمەندییە گشتییەکان

١- پیشەسازییە قورسەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە تایبەتن بە بەرھەمھێنانی شتومەکی سەرمایەدارەکان، کە پێویستی بە سەرمایەی زیاتر و کەرەستەی خاوی زیاتر ھەیە، کێش و قەبارەی ئەم بەرھەمە پیشەسازییانە قورستر و گەورەترە نموونە وەکوو پیشەسازی کەرتی کشتوکاڵی.
٢- پیشەسازییە قورسەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە پێویستی بە کەرەستەی خاوی کەمتر و سەرمایەی کەمتر ھەیە، لە ڕووی کێش و قەبارەشەوە بەرھەمی ئەم جۆرە پیشەسازییانە کێش و قەبارەیان کەمتر و بچووکترە، نموونە وەکوو پیشەسازی ڕستن و چنین و پیشەسازی یاری مندڵان. 

پۆلێنکردنی پیشەسازی بەپێی ئەو پێوەرانەی کاریگەریان ھەیە لە ھەڵبژاردنی شوێنی پیشەسازی

١-ئەو پیشەسازییانەی ئاڕاستەیان بەرەو کەرەستەی خاوە (کەرەستە یەکەمییەکان) وەکوو پیشەسازی قامیشی شەکر و کاغەز.
٢- ئەو پیشەسازییانەی ئاڕاستەیان بەرەو بازاڕە وەکوو پیشەسازی مۆبلیات و جلوبەرگی ئامادەکراو.
٣- ئەو پیشەسازییانەی ئاڕاستەیان بەرەو دەستی کارە وەکوو پیشەسازی دروستکردنی زێڕ و کاتژمێر.
٤- ئەو پیشەسازییانەی ئاڕاستەیان بەرو سووتەمەنی و وزەیە وەکوو پیشەسازی ئەلەمنیۆم.
٥- ئەو پیشەسازییانەی ئاڕاستەیان بەرەو ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندنە وەکوو جێگیربوونی ئەو پیشەسازییانە لە شوێنێک بە کەمترین تێچووی گواستنەوە.

پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای جۆری بەکارھێنان

١- پیشەسازییە بنەڕەتییەکان (الاساسیة) بریتین لەو پیشەسازییانەی دەبنە بنەمایەک بۆ دروستبوون و گەشەپێکردنی پیشەسازییەکی تر، نموونە وەکوو پیشەسازی پاڵاوتنی نەوت و پیشەسازی کارەبا.
٢- پیشەسازییە بەکارھێنراوەکان (الاستھلاکیة) بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ئەو کەل و پەلانە بەرھەم دەھێنرێن و بەکاردەھێنرێن لەلایەن تاکە کەس، وەکوو پیشەسازی کەرستەی ناوماڵ.

پۆلێنکردنی پیشەسازی لە چوارچێوەی تەکنەلۆجیای بەکارھاتوو

١- پیشەسازی چڕی سەرمایە بریتین لەو پیشەسازییانەی بە ڕێژەییەکی زۆر سەرمایەی بۆ وەبەرھێنان باکاردێت، وەکوو پیشەسازی پتڕۆکیمیایی.
٢- پیشەسازی چڕی کرێکار بریتین لەو پیشەسازییانەی پشت بە ژمارەیەکی زۆری کرێکار دەبەستێت، وەکوو پیشەسازی بەرھەمھێنانی قوماش.
٣- پیشەسازی چڕی کەرەستەی خاو بریتین لەو پیشەسازییانەی تێچووی کەرەستەی سەرەتایی زیاترە لە تێچووی گشتی، نموونە وەکوو پیشەسازی دووبارە بوونەوەی نەوت.

پۆلێنکردنی پیشەسازی لەلایەن ھەندێک لە توێژەران

١- پیشەسازییە یەکەمەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ئاسانترین و ساکارترین جۆری پیشەسازیین، وەکوو پیشەسازی بەرھەمھێنانی کانزاکان.
٢- پیشەسازییە دووەمەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کۆمەڵێک پڕۆسە دەگرنە خۆ، ئەم پڕۆسانەش بۆ پیشەسازییە قورس و سووکەکان پۆلێندەکرێن، نموونە وەکوو پیشەسازی گۆڕینی کوتاڵ بۆ پیشەسازی جلوبەرگی ئامادەکراو.
٣- پیشەسازییە سێیەمەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ھیچ لقێک لە لقەکانی پیشەسازییە گۆڕاوەکان ناگرێتەخۆ، بەڵکوو پیشەسازییەکانی کەرتی خزمەتگوزاری دەگرێتە خۆ وەکوو پیشەسازی بازرگانی و گواستنەوە.

پۆلێنکردنی نەتەوەیەکگرتووکان بۆ دەزگاکانی پیشەسازی بە گوێرەی پێوەر و قەبارەیان

١- پیشەسازییە قەبارە بچووکەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارانیان لە نێوان (١٥ بۆ ١٩) کرێکاربێت.
٢- پیشەسازییە قەبارە مامناوەندییەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارانیان لە نێوان (٢٠ بۆ ٩٩) کرێکار بێت.
٣- پیشەسازییە قەبارە گەورەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارنیان لە (١٠٠) کرێکار زیاتربێت. 

پۆلێنی دەزگاکانی ئەورووپی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی

١- پیشەسازییە قەبارە بچووکەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارانیان لە نێوان (١٠ بۆ ٤٩) کرێکاربێت.
٢- پیشەسازییە قەبارە مامناوەندییەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارانیان لە نێوان (٥٠ بۆ ٢٤٩) کرێکار بێت.

پۆلێنکردنی پیشەسازی رێکخراوی عەرەبی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی دەزگاکان بەپێی پێوەری قەبارە

١- پیشەسازییە قەبارە بچووکەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارانیان  کەمتر بێت لە (١٥) کرێکار.

٢- پیشەسازییە قەبارە مامناوەندییەکان بریتین لەو پیشەسازییانەی کە ژمارەی کرێکارانیان لە نێوان (١٥ بۆ ٥٠) کرێکاربێت.

پۆلێنکردنی پیشەسازی لەسەر بنەمای قەبارە جیاوازەکان

١- پیشەسازییە قەبارە بچووکەکان ئەو پیشەسازییانە دەگرێتەوە کە ژمارەی کرێکارانیان لە نێوان (١ بۆ ٩) کرێکارە.
٢- پیشەسازییە قەبارە مامناوەندەکان ئەو پیشەسازییانە دەگرێتەوە کە ژمارەی کرێکارانی لە نێوان (١٠ بۆ ٢٩) کرێکارە.
٣- پیشەسازییە قەبارە گەورەکان ئەو پیشەسازییانە دەگرێتەوە کە ژمارەی کرێکارانی لە (٣٠) کرێکار زیاتربێت.

پۆلێنکردنی پیشەسازی بەپێی گرنگی کرێکار و جۆرەکەی لە جێگیربوونی

١- ئەو پیشەسازییانەی پشت دەبەستن بە دەستی کاری ورد یان پسپۆڕی ورد وەکوو پیشەسازی زێڕ، شووشە، دەرمان، کاتژمێر، ئامێرەکانی موزیک.
٢- ئەو پیشەسازییانەی پێویستیان بە ژمارەیەکی زۆری کرێکار ھەیە، وەکوو پیشەسازی دروستکردنی ئۆتۆمبێل.
٣- ئەو پیشەسازیانەی پشت بە کارامەی و لێھاتووی کرێکار دەبەستن، وەکوو پیشەسازییە پترۆکیمیاییەکان.

پێوانە بەکارھێنراوەکان لە جوگرافیای پیشەسازی

١- ژمارەی کارگە
ئەم پێوانەییە لە ھەندێک لە وڵاتان لەسەر ئاستی ناوچە کارگێڕییە بچووکەکان بە دیار ناکەوێت، لەکاتی بەکارھێنانی ئەم پێوانەییە بۆ پیشەسازیەک ئەنجامی تەواو نادات بە دەستەوە بەھۆی جیاوازی لە قەبارەی کارگەکان، چونکە کارگەی وا ھەیە یەک کرێکار بەکاردێنێت، ھەندێکیشیان ژمارەی کرێکارەکانیان دەگاتە نزیکەی (٣٠) کرێکار، بۆیە پێویستە پێوەرێکی تر لە جیاتی ئەم پێورە بەکاربھێنرێت.

٢- ژمارەی کرێکاران
ئەم پێوەرە بە باشترین پێوەر دادەنرێت بۆ پێوانەکردنی قەبارەی کەرتی پیشەسازییەکان، بەڵام لەکاتی کارکردنی کرێکاران بەرھەمەکانیان جیاوازە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر، بەھۆی ئامێر و تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو و ئاستی لێھاتووی و شارەزایی کرێکاران، بۆ زیاتر لە قەبارەی پیشەسازییەکان دەبێت پشت ببەسترێت بە ژمارەی کرێکارانی وڵاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بە نموونە.

٣- بەھای بەرھەمھێنان
ئەم پێوەرە ناسراوە بە بەھای دەرچوونی بەرھەمە پیشەسازییەکان لە کارگەدا (Output Value) بە واتای بەھای خەمڵاندن بۆ بەرھەمھێنانی پیشەسازی لە ساڵێکی دیاریکراودا.

٤- بەھای پێداویستییەکانی بەرھەمھێنان
ئەم پێوەرە ناسراوە بە بەھای چوونە ژوورەوە (Input Value) بە واتای گشت تێچوونی بەرھەمھێنانی پیشەسازییەکان لە کارگەدا، وەکوو (کڕینی کەرستەی خاو، کرێی کرێکاران، سەرچاوەکانی وزە و ئاو و تێچووی گواستنەوە و گەیاندن). 

٥- بەھای زیادکراو
ئەم پێوەرە بریتییە لە لێکدانەوەی ئابووری، واتە جیاوازی نێوان بەھای چوونە ژوورەوەی (کەرەستەی خاو و وزە) و بەھای دەرچوونی (شمەک و کاڵای ئامادەکراوی پیشەسازی) لە کارگەکان.

٦- سەرمایەی وەبەرھێنەر 
واتە کۆی گشتی بەھا ھەستپێکراوەکای سەرمایە لە کارگەدا، نموونە وەکوو (باڵەخانە، ئامێر، زەوی و کەرەستەی خاو و دراوی گرانبەھا). 

سەرچاوەکانی داتا و لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای پیشەسازی

داتای بڵاوکراوە

  • ئاماری جیھانی پشت دەبەستێت بە ئاماری نەتەوەیەکگرتووکان کە ساڵانە بڵاوی دەکاتەوە، نموونە وەکوو ئاماری وزە لەسەر ئاستی جیھان.
  • ئاماری ھەرێمی ئەم ئامارە چەندەھا داتای جیاواز دەخاتە ڕوو لەلایەن ڕێکخراوی فاو (ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ) و وڵاتانی بازاڕی ھاوبەشی ئەورووپی، ئەم داتایە بە کەرستەییەکی سەرەکی دادەنرێت بۆ توێژینەوە جوگرافییەکان لە بواری پیشەسازی.
  • ئاماری نێودەوڵەتی وڵاتانی جیھان چەندەھا داتا و زانیاری و ئامار بڵاودەکەنەوە لە ڕێگای (وەزاڕەتەکان و فەرمانگە حکوومی و ناحکوومییەکان) بۆ پێشخستنی وڵات و سوود گەیاندن بە توێژەرانی گشت زانستەکان، بە تایبەتیش زانستی جوگرافیا.

کاری گۆڕەپانی (کێوماڵ)

توێژەران ھەڵدەستن بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی بەھۆی کەمی یان نەبوونی داتا و زانیاری پێویست لە دام و دەزگاکانی دەوڵەت، لە بابەتەکانی جوگرافیای (مرۆیی و سروشتی). ئەم ڕێگاییە تەنھا لەمەدا کورت نابێتەوە بەڵکوو ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسانی تر و گرتنی وێنەی دیاردەکانیش دەگرێتەخۆ.

ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای پیشەسازی

١- ڕێبازی ھەرێمی
ئەم ڕێبازە گرنگی دەدات بە لێکۆڵینەوە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، لەسەر ئاستی (کیشوەرەکان و ھەرێمەکان و وڵاتەکان) بە مەبەستی دابەشکردنی جیھان بۆ چەند ھەرێمێک بە بەکارھێنانی چەند پێوەرێک.

٢- ڕێبازی بابەتی
ئەم ڕێبازە پۆلێندەکرێت بۆ دوو جۆر کە بریتین لە:
أ- ڕێبازی کەل و پەل (شت و مەک): بە کۆنترین ڕێباز دادەنرێت لە جوگرافیادا، گرنگی دەدات بە بەرھەمێکی دیاریکراو لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافی ناوچەکانی بەرھەمھێنان و بەکاربردنی بەرووبوومەکە.
ب- ڕێبازی پیشەیی: توێژەر لە کاتی ھەڵبژاردن و بەکارھێنانی ئەم ڕێبازە ھەوڵدەدات بگات بەو ئەنجامەی کە ئەو ھۆکارانە چی بوونە کە بوونەتە ھۆی جێگیربوونی ئەم پیشەییە لەم ناوچەیەدا و ھۆکاری جێگیر نەبوونی لە ناوچەکانی تر.

٣- ڕێبازی مێژوویی
ئەم ڕێبازە لە مێژووی سەرھەڵدان و قۆناغەکانی پیشکەوتنی پیشەسازی دەکۆڵێتەوە لە ناوچەیەکی دیاریکراو.

٤- ڕێبازی بنچینەیی
ئەم ڕێبازە پشت دەبەستێت بە چەند یاسا و ڕێساییەکی وەبەرھێنەرەکانی ئابووری لە جیھاندا، بۆ نموونە ناتوانرێت کانزا لە ناوچەیەکدا بەرھەم بھێنرێت بە ھۆکاری نەگونجانی ئامرازەکانی بەرھەمھێنان لەم ناوچەیەدا، وەکوو نەبوونی ڕێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن و نەبوونی کرێکار.

جۆرەکانی کەرتی پیشەسازی

١- پیشەسازییە دەرھێنراوەکان
ھەموو ئەو کەرەستە خاوانە دەگرێتەوە کە لە ناخی زەوی (توێژاڵی زەوی) دەردەھێنرێن، نموونە وەکوو پیشەسازی دەرھێنانی نەوت و کانەبەردەکان و کانزاکان.

٢- پیشەسازییە گۆڕاوەکان
بریتییە لە گۆڕینی کەرەستەی خاوی ڕووەکی و ئاژەڵی و کانزایی لە شێوەی ڕەسەنی خۆی بۆ شێوەیەکی نوێ، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی مرۆڤ. وەکوو پیشەسازی گۆڕینی ئاسنی خاو بۆ ئامراز و ئامێری جۆراوجۆر.

٣- پیشەسازی بەرھەمھێنانی وزەی کارەبا
بە کەرتی سێیەم دادەنرێت لە چالاکی پیشەسازی و زۆربەی توێژەران بە یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی پیشەسازی دادەنێن، کە پشت دەبەستێت بە وزەی ئاو (کارۆئاوی) و وزەی با و سەرچاوەکانی سوتەمەنی وەکوو (نەوت و خەڵووز و غاز) کەپێی دەگوترێت کارۆگەرمی.


سەرچاوەکان



488 بینین