مۆرفۆلۆجیای لادێ

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-01-27-14:16:00 - کۆدی بابەت: 11894
مۆرفۆلۆجیای لادێ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

مۆرفۆلۆجیای لادێ (بە عەرەبی: مورفولوجية الريف، بە ئینگلیزی: The morphology of countrysideیەکێکە لەو ڕێگایانەی کە دەتوانرێت بەھۆیەوە شێوازی ژیان و ئەو کەرەستە و ماددانەی بزانرێت کە مرۆڤ بەکاری ھێناون بۆ دروستکردنی نیشینگەکان، لەگەڵ شێوازی ھەڵسوکەوتیان و ڕەفتاریان و جلوبەرگ و خواردنیان. زاراوەی مۆرفۆلۆجی لە بنچینەدا وشەیەکی یۆنانییە لە دوو بڕگە پێکھاتووە، (Morpho) بە واتای شێوە یان ڕووخسار دێت، (Logy) بە واتای زانست دێت. کەواتە زاراوەی مۆرفۆلۆجی بە واتای زانستی شێوەی لادێ یان گوند و شار دێت یان بریتییە لەو زانستەی کە گرنگی بە لێکۆڵینەوە دەدات لە شێوە و ڕووخسارەکانی گوند و شار.

گرنگترین ڕەگەزەکانی لێکۆڵینەوە لە مۆرفۆلۆجیای لادێ

پلانی لادێ

  • ڕووبەری خانوو
  • نەخشەی خانوو
  • سیستمی ڕێگاوبان

پێکھاتەی بیناکاری

  • ژمارەی نھۆمەکانی خانوو
  • کەرەستەی بیناسازی 
  • شێوەی بینا

بەکارھێنانی زەوی

  • نیشتەجێبوون
  • چالاکی کشتوکاڵی
  • خزمەتگوزاری
  • پیشەسازی و بازرگانی

شێوەکانی خانووی لادێیی

١- شێوەی بازنەیی
٢- شێوەی چوارگۆشەیی
٣- شێوەی سێگۆشەیی
٤- شێوەی ئەستێرەیی
٥- شێوەی لاکێشەیی 
٦- شێوەی درێژکۆڵەیی

پێکھاتەی خانووی لادێیی

١- ژووری نووستن
٢- ژووری میوان
٣- حەوشە
٤- کۆگا
٥- ھەیوان 
٦- شوێنی بەخێوکردنی ئاژەڵ

شێوازەکانی دابەشبوونی نیشینگە لادێییەکان

١- نیشتەجێی دابڕاو: 
ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە پەیوەستە بە کاری ئاژەڵداری و ئەنجامدانی چالاکی کشتوکاڵی، بە واتای ئەوەی جووتیار لەگەڵ خێزانەکەی لەسەر ڕووبەرێکی دیاریکراوی زەوی خانوو دروست دەکەن، ئەمەش جگە لە دروستکردنی شوێنی تایبەت بە ئاژەڵ و کۆگا لە دەوروپشتی خانووەکە، نموونەی ئەم جۆرە لادێییە لە ھەریەک لە وڵاتانی (کەنەدا و وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئوستڕالیا و ئەرجەنتین و نیوزلەندا) تێبینی کراوە.

لەم جۆرە نیشتەجێبوونە موڵکداری زەوی گەورە بوونی نییە، بوونی زەوی بەپیت و دارستان و سەرچاوەکانی ئاو نیشتەجێبوونی تاک و دابڕاو دروست دەکات و ناوچەی شاخاوی و بوونی زەوی پارچە پارچە ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەرھەڵدانی ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە، کە لە بەرزاییەکانی ئەورووپا و سویسڕا و نەمسا و بەرزاییەکانی ڕۆژھەڵاتی ئەفریقا تێبینی ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە کراوە. لایەنە باشەکانی نیشتەجێبوونی دابڕاو: 

  • نزیکی جووتیار لە کێڵگە
  • ئاسانی لە سەرپەرشتیکردنی کێڵگە

لایەنە خراپەکانی نیشتەجێبوونی دابڕاو: 

  • پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
  • سەختی گەیشتن بە خزمەتگوزارییەکان

٢- نیشتەجێبوونی پەرش و بڵاو: 
ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە بەوە جیادەکرێتەوە کە گوندەکان دوور لە یەکتر بڵاو بوونەتەوە لەسەر ڕووبەری ھەرێمێکی دیاریکراو کە شێوەیەکی ناڕێکی ھەیە و زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە وشکەکاندا تێبینی ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە دەکرێت. ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە وەکوو نیشتەجێبوونی بڵاوبووەوەییە، بەڵام ڕووبەری دابەشبوونەکەی فراوانترە. بوونی زەوی کشتوکاڵی پچڕ پچڕ و کەمی سەرچاوە ئاوییەکان و بێ پیتی خاک یارمەتی دەرە بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە نیشینگە مرۆییانە.

٣- نیشتەجێبوونی ھێڵی: 
لەم جۆرە نیشتەجێبوونە خانووی گوندەکان بە درێژایی ڕێگاکانی ھاتووچۆ و گواستنەوە و ڕووبارەکان و کەنارە ئاوییەکان درێژ دەبنەوە، نموونە وەکوو ئەو گوندانەی کەوتوونەتە لێواری ڕووبارەکانی دیجلە و فوڕات و نیل. دۆڵە تەسکەکان کە دەور دراون بە چیاکان وەکوو ھۆکارێکی سروشتی سەرچاوەی سەرەکین بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە نیشتەجێبوونە.

٤- نیشتەجێبوونی کۆبووەوە:
لەم جۆرەدا نیشینگەکان ناڕێک و نزیک لە یەکتر بنیات نراون، ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە وشکەکان و زەلکاوەکان یارمەتی دەرن بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە نیشینگانە وەکوو ھۆکارێکی سروشتی. ئەم جۆرە نیشینگە مرۆییانە لە ھەموو جۆرەکانی تری نیشینگەکان کۆنترن وەکوو لە لادێکانی دۆڵی ڕافیدەین و دۆڵی نیل و سەند بوونیان ھەیە، دواتر بەپێی تێپەڕبوونی کات پێشکەوتوون و بوون بە شار. کۆمەڵە ھۆکارێکی سەرەکی یارمەتیدەربوونە بۆ دروستبوونی ئەم جۆرە نیشینگاکە وەکوو:

  • بچووکی ڕووبەری زەوی
  • بارودۆخی کارکردن
  • پێویستی بۆ ھەبوونی ئاوی تەواو

٥- نیشتەجێبوونی بڵاوبووەوە: 
زامن بوونی ئارامی و ئاسایش و بەرزی و نزمی و دەرامەتی ئاو ھۆکاری سەرەکین بۆ سەرھەڵدان و دروستبوونی ئەم جۆرە نیشینگانە. پێشکەوتنی ئامرازەکانی بەرھەمھێنان و ئامرازی کشتوکاڵی وایکرد ئاسانکاری لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بکرێت، ئەمەش ھۆکارێکی گرنگ بوو بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم جۆرە نیشینگانە، ناوچە شاخاوییەکانی ھەرێمی کوردستان نموونەی ئەم جۆرە نیشینگانەن.

مێژووی سەرھەڵدان و پەیدابوونی گوند

گوند بە کۆنترین سەنتەری نیشتەجێبوونی مرۆڤ دادەنرێت لەسەر زەوی و لە ھەموو جۆرەکانی تری نیشتەجێبوون بڵاوترە، مرۆڤ دوای ماوەیەکی زۆر گەڕان بەدوای خۆراک و ئاو و گەڕان بەدوای شوێنێک بۆ ئارمی و حەسانەوەی تیایدا لەم کاتەدا ناچار بوو لە شوێنێک نیشتەجێ بێت. بەپێی لێکۆڵینەوە مێژووییەکانیش مرۆڤ بۆ یەکەمین جار لە (ئەشکەوتەکان) جێگیر بووە وەکوو شوێنی مانەوە بەکاریھێناوە، دواتر ئاژەڵی کێوی ماڵی کردووە، یەکەمین ئاژەڵیش کە مرۆڤ توانی ماڵی بکات (سەگ) بوو. دواتر مرۆڤ کشتوکاڵی دۆزییەوە و لە ئەشکەوتەکان دابەزیوە بەرەو ناوچە دەشتاییەکان و لەوێوە چەند خانووێکی بچووکی پێکھێنا لە نزیک یەکتر و ناونرا بە گوند.

سەرەتای پەیدابوونی گوند بۆ سەردەمی چاخی بەردینی نوێ دەگەڕێتەوە لە ماوەی نێوان ساڵانی (٧٠٠ بۆ ١٠,٠٠٠) پێش زایین، بەم جۆرەش مرۆڤ لە قۆناغی ھەڵگرتنی خواردن و ڕاوکردنی ئاژەڵ بۆ قۆناغی بەخێوکردنی ئاژەڵ و ماڵی کردنیان ھەنگاوی نا. سەرھەڵدانی شارستانیەتییە کشتوکاڵییەکانیش پەیوەست بوونە بە پەیدابوونی گوند، چونکە گوند یەکەمین دیاردەی ھاوکاری بووە لە نێوان دانیشتوان بۆ ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان بە ھەرەوەزی. مرۆڤ توانی لە سەردەمی چاخی بەردینی کۆن خۆی بگونجێنێت لەگەڵ ژینگەی ئەشکەوتەکان، ھەروەھا مرۆڤی سەردەمی چاخی بەردینی نوێ توانی یەکەمین نیشینگەی ناسراوی مێژوویی دروست بکات وەکوو پێویستییەکی بارودۆخی ژیانی.

بەم جۆرەش لەگەڵ زیادبوونی پێداویستییەکانی مرۆڤ و جێگیربوونی لەسەر کێڵگە کشتوکاڵییەکان توانی بەردی بناغەی یەکەمین خانوو (بینا)ی ئاوەدانکردن دابنێت، سەرەتا لە وڵاتی نێوان دوو ڕووبار (عێراقی ئێستا) و دۆڵی نیل (میسڕ) دۆڵی ئەلسەند و ھەرێمی بنجاب لە ھیندستان یەکەمین سەرھەڵدانی گوندی بەخۆیەوە بینی. دواتر لە ھەریەک لە وڵاتانی ئوسترالیا و نیوزلەندا و ئەمریکای باکوور و ئەمریکای باشوور و سیبیریا و مەنشۆریا بوونە سەنتەری نیشتەجێبوونی مرۆڤ.

ڕۆڵی ئارامی و ئاسایش لە دابەشبوونی جوگرافی مرۆڤ

مرۆڤ لە پاڵ گەڕان بە دوای خواردن کە چالاکییەکی سەرەکی بووە لە گوند، بەڵام پێویستیشی بە سەقامگیری و ئارامی و ئاسایشی گوندەکانی ھەبووە بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بپارێزێت لە داڵدەدانی دوژمنەکانی چ سروشتی بێت یان مرۆیی کە ھیچی کەمترە نەبووە لە چالاکییەکانی تر، بۆیە تێبینی کراوە کە شێوازی بنیات نانی خانووکان تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەست بووە بە دەستەبەرکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ پاریزگاریکردن و مانەوەی مرۆڤ بە سەلامەتی.

کاریگەری مێژووی ئاوەدانی لەسەر قەبارەی دانیشتوان

درێژبوونی ماوەی ئاوەدانکردنەوەی مرۆیی کاریگەری دیاری ھەبووە لەسەر قەبارەی سەنتەرەکانی نیشتەجێبوونی گوندەکان، چونکە زۆرێک لە ناوچە کۆنەکانی ئاوەدانی بەوە ناسرابوون کە (چڕی دانیشتوانیان زۆرە و گوندەکان نزیک بوونە لە یەکتر) بەڵام بە پێچەوانەوە ناوچە تازە ئاوەدانکراوەکان قەبارەیان بچووک و گوندەکان دوورن لە یەکتر. لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکی زۆری شارە کۆنەکان لە ڕابردوودا تەنھا گوندێک بوونە و بە تێپەڕی بوونی کات گەشەیانکردووە و ژمارەی دانیشتوانیان زیادی کردووە بوونە بە شاری گەورە، بەڵام دواتر بەرەو نەمان و لەناوچوون چوونە بە ھۆکاری (جەنگ، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا، بارودۆخی ئاو و ھەوا، گۆڕانی ڕێڕەوی ڕووبارەکان و ڕووداوە سیاسی و ئابوورییەکان).

کەرەستەی بیناسازی 

کەرەستەی بیناکاری پۆلێندەکرێت بۆ دووجۆر کە بریتین لە:
١- کەرەستەی سروشتی: لە زەوی دەردەھێنرێت و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆی بێ دەسکاری مرۆڤ لە بواری دروستکردنی خانوو و باڵەخانە بەکاردێت، نموونە وەکوو گڵ، قوڕ، بەرد، دار و کا و گیا و ڕووەک.

٢- کەرەستەی دەستکرد: ئەو کەرەستە و ماددانە دەگرێتەوە کە لە زەوییەوە دەردەھێنرێت، بەڵام بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بەکار نایەن، بەڵکوو بە چەند قۆناغێکی تر دەڕوات تاکوو دەبێت بە کەرەستەیەکی تەواو ئامادەکراو، نموونە وەکوو بلۆک، کەرپووچ، چیمەنتۆ و گەچ.

سروشتی نیشینگە لادێییەکان پەیوەندییەکی پتەوی ھەیە بە

١- بەردەستبوونی کەرەستەی بیناسازی
٢- ئاستی ئابووری مرۆڤ  
٣- شێوازی خۆ بژێوی
٤- مەبەستی مرۆڤ لە بیناکردن

لێکۆڵینەوە لە مۆڕفۆلۆجیای گوند دوو ئاڕاستەی ھەیە

١- شێوەی گوند و پێکھاتەی و درێژبوونەوەی خانووەکان.
٢- نەخشەی خانووی دێھاتی و پێکھاتەی بیناکاری.
خانووی دێھاتی جیاوازە لە ڕووی شێوە و ڕووبەرەوە، ھەروەھا جیاوازیشە لە ڕووی کەرەستەی بەکارھاتوو لە بواری بیناسازی، بۆ نموونە لە ناوچە شاخاوییەکان کەرستەی (قوڕ و بەرد و دار) بەکارھاتووە کەچی لە ناوچە گەرم و ناوچە کەم بارانەکان تەنھا کەرستەی (قوڕ و دار) بەکارھاتووە و لە ناوچەی زۆنگاوەکان تەنھا ڕووەکی قامیش بەکارھاتووە بۆ ڕووپۆشکردنی خانووەکان کە لە شێوەی کوخێک بوونە لە ڕووی بەرزییەوە بەشی زۆری خانووەکان یەک نھۆمن، بەڵام خانووی دوو نۆھۆمیش تێبینی دەکرێت بە ڕێژەیەکی کەمتر، بەشێک لە خانووەکان سادە و ساکارن لە ڕووی بیناسازییەوە، بەشێکیشیان ڕێک و پێک و ئەندازەیین.


سەرچاوەکان



318 بینین