ناوهڕۆك
ناساندن
ویلمنگتۆن (بە ئینگلیزی: Wilmington، بە عەرەبی: ويلمنغتون)، گەورەترین شاری ویلایەتی دێلاوێرە لە ئەمریکا. شارەکە لە شوێنی فۆرت کریستینا دروستکراوە، کە یەکەم نشینگەی سویدییە لە ئەمریکای باکوور. دەکەوێتە گەیشتنگەی ڕووباری کریستینا و چەمی براندیواین، کە ئەوانیش دوو ڕێڕەوی ئاویی نزیک ئەو شوێنەن کە کریستینا دەڕژێتە ناو ڕووباری دێلاوێرەوە. ئەم شارە ناوەندی بەڕێوبەرایەتی نیو کاسڵ کاونتیە و یەکێکە لە شارە گەورەکانی گەورەناوچەی دێلاوێر ڤالی. تۆماس پێن بە ناوی سپێنسەر کۆمپتۆن، ئیرل ویلمنگتۆنی هاوڕێیەوە ناوی شارەکەی ناوە، کە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی جۆرجی دووەمی بەریتانیادا سەرۆکوەزیران بوو. لە سەرژمێری ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووانی شارەکە 70,898 کەس بوو. ویلمنگتۆن بەشێکە لە گەورەشاری دێلاوێر ڤالی کە بە هەمان شێوە فیلادێلفیا و ڕیدینگ و کامدن و ناوچە شارییەکانی دیکەی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی 2020ـدا 6,228,601 کەس بوو، کە حەوتەم گەورەترین گەورەشاری وڵاتە. هەروەها ڕووبەری شارەکە 44.52 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 28.22 کیلۆمەتر دووجای وشکانی و 16.30 کیلۆمەتر دووجای ئاوییە.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
لە سەرژمێریی ساڵی 2020ـی ئەمریکادا 70,898 کەس لە شاری ویلمنگتۆن نیشتەجێبوون، کە لە 31,754 خێزان و 13,572 خانەوادە پێکهاتبوو.
سەرژمێریی ساڵی 2010
ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە سەرژمێری ساڵی 2010ـدا 70,851 کەس بوو، 28,615 خێزان و 15,398 خانەوادە لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون. لەگەڵ ئەوەشدا، چڕی دانیشتووان 2,508.7 دانیشتوو بوو لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و 32,820 یەکەی نیشتەجێبوون لە ویلمنگتۆن هەبوون و 87.2%ـیان ماڵیان تێدا بوو.
ڕەگەز
پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە لە ساڵی 2010ـدا بریتیبوو لە:
- ئەمریکی ئەفریقی: 58.0%
- سپی پێست: 32.6%
- ئەمریکی ڕەسەن: 0.4%
- ئاسیایی: 1.0%
- دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.1%
- ڕەگەزەکانی تر: 5.4%
- ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 2.6%
- هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێکدا: 12.4%
لە هەمان ساڵدا، سپی پێستە ناهیسپانییەکان 27.9%ـی دانیشتووانی شارەکەیان پێکهێنابوو، بە بەراورد بە ساڵی 1990 کە 40.5%ـی دانیشتووان بوون. لە سەرژمێری ساڵی 2000ـدا، گەورەترین گرووپە نەتەوەییەکانی ویلمنگتۆن بریتی بوون لە:
- ئێرلەندی: 8.7%
- ئیتاڵی: 5.7%
- ئەڵمانی: 5.2%
- ئینگلیزی: 4.4%
- پۆڵەندی: 3.6%
تەمەن
تەمەنی 24.4%ـی دانیشتووانی ویلمنگتۆن لە خوار 18 ساڵی، تەمەنی 10.0%ـی دانیشتووان لە 18 بۆ 24 ساڵی، تەمەنی 29.8%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵی، تەمەنی 24.2%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 11.6%ـی دانیشتووانی شارەکە 65 ساڵ یان لە سەرووی 65 ساڵییەوە بوو. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتوونی ویلمنگتۆن 34.3 ساڵ بوو.
ئابووری شارەکە
بەپێی خەمڵاندنە یەک ساڵانەکەی ساڵی 2010ـی ACS، داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێکی شارەکە 32,884 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەکی شارەکە 37,352 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی مامناوەندی ئەو نێرانەی کە بە فوڵ تایم کاریان دەکرد 41,878 دۆلار بوو لە بەرامبەردا داهاتی مامناوەندی ئەو مێیانەی کە بە شێوەی فوڵ تایم شارەکە 36,587 دۆلار بوو، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی هەر تاکێکی ویلمنگتۆن 24,861 دۆلار بوو. جگە لەوانەش، 27.6%ـی دانیشتووان و 24.9%ـی خانەوادەکان لە خوار هێڵی هەژارییەوە بوون، لە نێویاندا تەمەنی 45.7%ـیان لە خوار 18 ساڵی و 16.5%ـیان 65 ساڵ و سەرووتر بوو. سەرەڕای ئەوەش، ڕێژەی بێکاری لە شارەکەدا 10.3% لە کاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە وڵاتدا 6,0%ـه.
وەکوو قەرەباڵغترین و ئاسان دەستپێڕاگەشتووترین شاری ویلایەتی دێلاوێر زۆربەی زۆری ئابووری ویلمنگتۆن پشت بە پێگەی شارەکە دەبەستێت و بووەتە ناوەندێکی دارایی نیشتیمانی بۆ پیشەسازی کارتی متمانە. پیشەسازییە دیارەکانی تری شارەکە بریتین لە بیمە، بانکی کەسی و خزمەتگوزارییە یاساییەکان. هەروەها کۆمپانییە زانستی و تەکنەلۆجییەکانی شارەکە لە گەشەدان، جگە لەوەش شارەکە شوێنی زیاتر لە 50%ـی کۆمپانیاکانی بازرگانی گشتی ئەمریکا و زیاتر لە 60%ـی فۆڕچن 500ـەیە.
کەشوهەوا
شاری ویلمنگتۆن کەشوهەوایەکی مامناوەندی گەرم یان کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی شێداری هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوینی گەرم و شێدارە و زستانی فێنک تا ساردە. جگە لەوەش، بە درێژایی ساڵ باران بە شێوەیەکی یەکسان لە ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمیی ڕۆژانەی ویلمنگتۆن لە مانگی تەممووزدا 24.9 پلەی سەدیە و ساڵانە بە تێکڕای 21 ڕۆژ پلەکانی گەرما دەگەنە 32 یان بەرزتر لە 32 پلەی سەدی. لە وەرزی هاوین و لە گەرمترین مانگەکانی ساڵدا ڕەشەبای بروسکاوی شتێکی باوە.
هەروەها تێکڕای پلەی گەرمیی ڕۆژانە لە مانگی کانوونی دووەمدا 0.2 پلەی سەدیە، بەڵام ڕەنگە ناوبەناو بۆ 12- پلەی سەدی داببەزێت. ڕێژەی دابارینی بەفرباریش لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر دەگۆڕێت و لە هەندێک زستاندا ڕێژەکە نزم تا مامناوەندە و لە هەندێک ساڵی تردا تۆفانی بەفر هەڵ دەکات. نزمترین پلەی گەرمیی تۆمارکراو 26- پلەی سەدیە کە لە 9ـی شوباتی 1934ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو 42 پلەی سەدیە کە لە 7ـی ئابی 1918ـدا تۆمارکرا.