دێلاوێر

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-19-20:43:00 - کۆدی بابەت: 11048
دێلاوێر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی دێلاوێر (بە ئینگلیزی: Delaware، بە عەرەبی: ديلاوير)، ویلایەتێکە لە ناوچەی ناوەڕاستی ئەتڵەسی ئەمریکا، لە باشوور و ڕۆژاواوە لەگەڵ ویلایەتی میریلاند، لە باکوورەوە لەگەڵ پێنسیلڤانیا و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ نیوجێرسی و زەریای ئەتڵەسیدا هاوسنوورە. ناوی ویلایەتەکە بە ناوی کەنداوی دێلاوێرەوە نراوە، ناوی کەنداوەکەش بە ناوی تۆماس وێست، سێیەم بارۆن دی لا وار (Thomas West, ٣rd Baron De La Warr)ـەوە نراوە کە کابرایەکی خانەدانی ئینگلیزی و یەکەم پارێزگای کۆلۆنیالی ڤێرجینیا بوو. گەورەترین شاری ویلایەتی دێلاوێر ویلمنگتۆنە، لە کاتێکدا پایتەختی ویلایەتی دۆڤەرە کە دووەم گەورەترین شاری ویلایەتەکەیە. ویلایەتەکە دابەشکراوە بەسەر سێ پارێزگادا و بە بەراورد بە هەر ویلایەتێکی تری وڵات خاوەنی کەمترین ژمارەی پارێزگایە، ئەوانیش نیو کاسڵ کاونتی، کێنت کاونتی و ساسێکس کاونتین.

ڕووبەر و چڕی دانیشتووان

ڕووبەری ویلایەتی دێلاوێر ٥,١٣٠ بۆ ٦,٤٥٠ کیلۆمەتر دووجایە و لەڕووی ڕووبەرەوە و لە دوای ویلایەتی ڕۆد ئایلەندەوە دووەم بچووکترین ویلایەتی نێو پەنجا ویلایەتەکەی ئەمریکایە. هەروەها لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە ٤٥ـەم قەرەباڵغترین ویلایەتی وڵاتە و چڕی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ١٩٠ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا، زیاترە لە تێکڕای نیشتیمانی و لە پلەی شەشەیەمی وڵاتدا بوو.

مێژووی ویلایەتەکه

پێش ئەوەی ئەورووپییەکان لە سەدەی ١٦ـدا بە کەناراوەکانی دێلاوێردا بگەڕێن و لێکۆڵینەوە لە ناوچەکە بکەن، چەند گرووپێکی ئەمریکی ڕەسەن لە ناوچەکەدا نیشتەجێ بوون. لەنێویاندا لناپی لە باکوور و نانتیکۆک لە باشوور. سەرەتا لە ساڵی ١٦٣١ـدا و لەلایەن بازرگانە هۆڵەندییەکانەوە داگیرکرا. دێلاوێر یەکێک بوو لەو سیازدە کۆلۆنییەی کە بەشدارییان لە شۆڕشی ئەمریکادا کرد. لە ٧ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٧٨٧ـدا دێلاوێر بوو بە یەکەم ویلایەتی ئەمریکا و دەستووری ئەمریکای پەسەند کرد و لەو کاتەوە بە یەکەم ویلایەت ناسراوە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی دێلاوێر لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکا ٩٨٩,٩٤٨ کەس بوو، ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ کە ٨٩٧,٩٣٤ کەس بوو زیادی کردووە.

دێلاوێر وەک ویلایەتێکی سنووری تایبەتمەندیی هەردوو ناوچەی باکوور و باشووری ئەمریکای هەیە. بەگشتی، گوندنشینەکانی باشووری ویلایەتەکە کولتوورێکی باشوور بەرجەستە دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی باکووری دیلاوێر کە ژمارەیەکی زۆر نیشتەجێی لێیە زیاتر کولتووری دانیشتووانی باکووری ڕۆژهەڵاتیان هەیە.

ویلایەتی دێلاوێر یەکێکە لەو پێنج ویلایەتەی ئەمریکا (ماین، ڤێرمۆنت، ڤێرجینیای ڕۆژاوا، وایۆمینگ) کە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا یەک شاریان نەبوو ژمارەی دانیشتووانەکەی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەس بێت. ناوەندی دانیشتووانی ویلایەتی دێلاوێر لە شارۆچکەیەکی ویلایەتی نیو کاسڵە بە ناوی تاونسێند.

ڕەگەز و نەتەوە

بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکا، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی دانیشتووانی ویلایەتی دێلاوێر بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • ئەمریکی سپی پێست: ٦٨.٩% (٦٥.٣% سپی پێستی ناهیسپانی، ٣.٦% سپی پێستی هیسپانی)
  • ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی: ٢١.٤%
  • هیندی ئەمریکی و خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا: ٠.٥%
  • ئەمریکی ئاسیایی: ٣.٢%
  • هاوایی ڕەسەن و دوورگە نشینەکانی تری زەریای هێمن: ٠.٠%
  • هەندێک ڕەگەزی تر: ٣.٤%
  • فرەڕەگەز: ٢.٧%

دانیشتووە بە ڕەچەڵەک هیسپانی یان لاتینییەکانی ویلایەتەکە لە هەر ڕەگەزێکدا، ٨.٢%ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو. ڕاپرسییەکەی ساڵی ٢٠١٩ـی کۆمەڵگەی ئەمریکی پێکهاتە ڕەگەزی و نەتەوەییەکانی ویلایەتەکەی بەم شێوەیە مەزەندەکرد. ٦١%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە سپی پێستی ناهیسپانی، ٢٣.٢% ڕەش پێست یان ئەمریکی ئەفریقی، ٠.٧% هیندی ئەمریکی یان خەڵکی ڕەسەنی ئالاسکا، ٤.١% ئاسیایی، ٠.١% دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن، ٢.٧% فرەڕەگەز و ٩.٦%ـی دانیشتووان هیسپانی یان ئەمریکی لاتینین لە هەر ڕەگەزێکدا.

خواستی ڕەگەزی

لە پرسنامەیەکی ساڵی ٢٠١٢ـی گالۆپدا دەرکەوتووە کە ڕێژەی هاوڕەگەزخوازان و دووڕەگەز و ڕەگەزگۆڕاوەکان (LGBT)ـی دێلاوێر لە ٣.٤%ـی دانیشتووانیان پێکهێنا. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٢,٦٤٦ خێزان لە هەمان ڕەگەز پێکهاتبوون کە بە بەراورد بە دە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی ٤١.٦٥% گەشەیان کردبوو. لە یەکی تەممووزی ٢٠١٣ـدا، هاوسەرگیری نێوان هاوڕەگەزان بە یاسایی کرا.

زمان

لە ساڵی ٢٠٠٠ـدا ٩١%ـی دانیشتووانی پێنج ساڵ و سەرووتری ویلایەتی دێلاوێر لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان دەکرد، لە کاتێکدا ٥%ـی دانیشتووان بە زمانی ئیسپانی دەدوان. زمانی فەڕەنسی سێیەم قسەپێکراوترین زمانی دانیشتووانە و لەلایەن ٠.٧%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەوە بەکار دەهات. بە دوای ئەوانیشدا زمانەکانی چینی و ئەڵمانی هاتن کە یەکەمیان لەلایەن ٠.٥% و دووەمیشیان بە هەمان شێوە لەلایەن ٠.٥%ـی دانیشتووانەوە بەکارهاتن.

ئایین

ئایینی زۆرینەی دانیشتووانی ویلایەتی دێلاوێر مەسیحییە و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی ٦١%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەی بە مەسیحی دا لە قەڵەم. بەپێی ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٠ سێ گەورەترین گرووپە ئاینییەکانی دێلاوێر بەپێی ژمارەی لایەنگران کڵێسای کاسۆلیکی بوو کە خاوەنی ١٨٢,٥٣٢ شوێنکەوتە و لە پلەی یەکەمدا بوو، بە دوای ئەویشدا کڵێسای یونایتد میتۆدیست بە پلەی دووەم هات کە ٥٣,٦٥٦ لایەنگری هەبوو و پاشانیش پرۆتستانتی ئینجیلی نائایینی بە ٢٢,٩٧٣ شوێنکەوتەوە لە پلەی سێیەمدا بوو. ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکە و ڕێژەیان لە کۆی دانیشتووان و ساڵی ٢٠١٤ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:

  • پرۆتستانت: ٤٦%
  • بێ ئایین: ٢٣%
  • کاسۆلیکی: ٢٢%
  • جوولەکە: ٣%
  • هیندۆس: ٢%
  • ئایینەکانی تر: ٢%
  • کڵێسای ئێڵ دی ئێس: ١%
  • ئیسلام: ١%
  • مەسیحی ئۆرتۆدۆکس: ١%

دێلاوێر نیشتیمانی کۆمەڵگەیەکی ئامیش (تیرەیەکی تونڕەوی مێنۆنیتی ئەمریکییە و زۆربەیان لە ویلایەتەکانی پێنسیلڤانیا و ئۆهایۆ دەژین)ـە کە لە ڕۆژاوای شاری دۆڤەر لە کێنت کاونتی نیشتەجێیە، کە ژمارەیان نزیکەی ١,٦٥٠ کەسە و بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩١٥ـدا لە کێنت کاونتیدا نیشتەجێبوون. لەم ساڵانەی ڕابردوودا، ژمارەی ئامیشەکان لە ویلایەتەکەدا کەمبوویەوە. هەروەها، لە ساڵی ٢٠١٤ـدا توێژینەوەی پیوو ئەوەی دەرخست کە ٢٣%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکە بێ ئایینن، ئەمە لە کاتێکدا کە ڕاپرسییەکەی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣١%ـی دانیشتووانی ویلایەتەکەی بە بێ ئایین دیاریکرد.

کەشوهەوا

لەبەرئەوەی نزیکەی هەموو ناوچەکانی ویلایەتی دێلاوێر بەشێکە لە دەشتی کەنار دەریاکانی ئەتڵەسی، ئەوا کاریگەرییەکانی ئۆقیانوسەکە کەشوهەوای ویلایەتەکە مامناوەند دەکەن. بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، دێلاوێر دەکەوێتە ناوچەیەکەوە کە کەشوهەوایەکی نیمچە خولگەیی هەیە. سەرەڕای قەبارە بچووکەکەی گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە پلەی گەرمی و بڕی بەفربارین لە نێوان پارێزگاکانی ساسێکس و نیو کاسڵدا هەیە. بەهۆی کاریگەرییەکانی زەریای ئەتڵەسی و کەنداوی دێلاوێرەوە کەشوهەوای بەشی باشووری ویلایەتەکە مامناوەندترە و وەرزی گەشەکردنی درێژترە بە بەراورد بە بەشی باکووری ویلایەتەکە. هەروەها بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە ویلایەتەکەدا ٤٣ پلەی سەدی بوو کە لە ٢١ـی تەممووزی ١٩٣٠ـدا تۆمارکرا و نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٢٧- پلەی سەدی بوو کە لە ١٧ـی کانوونی دووەمی ١٨٩٣ـدا تۆمارکرا.

ئابووری دێلاوێر

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠٢٠ـی کیپلینگەر، ژمارەیەکی زۆر ملیۆنێرەکانی ئەمریکا لە دێلاوێر نیشتەجێن؛ بەگشتی ژمارەیان ٢٥,٩٣٧ کەسە و و لە پلەی حەڤدەیەمی وڵاتدایە. داهاتی ناوەندی خێزانەکانی ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٦٤,٨٠٥ دۆلار بوو. بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی دێلاوێر بریتین لە پەلەوەر، نەمامی نەمامگە، پاقلەی سۆیا، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و گەنمەشامی. لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ـدا ڕێژەی بێکاریی ویلایەتەکە ٣.٧% بوو.

گەشتیاری

دێلاوێر خاوەنی چەندین شوێنی گەشتیاری سەرنجڕاکێشە و ساڵانە چەندین چالاکی و پێشەنگا و فیستیڤاڵی تێدا ئەنجام دەدرێت. لە ساڵی ٢٠١٥ـدا گەشتیاری لە ویلایەتی دێلاوێر بە ٣.١ ملیار دۆلارەوە لەسەدا پێنجی تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی ویلایەتەکەی پێکهێنا. هەر لە هەمان ساڵدا ٨.٥ ملیۆن سەردانیکەری ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد و پیشەسازی گەشتیاری ٤١,٧٣٠ کەسی خستووەتە سەر کار، بەمەش بووەتە چوارەم گەورەترین خاوەنکاری ئەهلی دێلاوێر.


سەرچاوەکان



643 بینین