پێنسیلڤانیا

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-02-07-22:42:00 - کۆدی بابەت: 10947
پێنسیلڤانیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ویلایەتی پێنسیلڤانیا (بە ئینگلیزی: Pennsylvania، بە عەرەبی: بنسيلفانيا)، بە فەرمی کۆمۆنوێڵتی پێنسیلڤانیا، ویلایەتێکە لە گۆشەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا. ئەم ویلایەتە پێنجەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا زیاتر لە ١٣ ملیۆن کەس بوو. هەروەها بەپێی ڕووبەریش ٣٣ـەم گەورەترین ویلایەتی وڵاتە و چڕی دانیشتووانەکەشی ١١٢ کەسە لەهەر کیلۆمەتر دووجایەکدا و لە پلەی نۆیەمی ئەمریکادایە. لەگەڵ ئەوەشدا فیلادێلفیا گەورەترین شار و هاریسبێرگ پایتەختی ویلایەتەکەیە.

لەڕووی جوگرافییەوە

پێنسیلڤانیا ویلایەتێکە لە ناوچەی ناوەڕاستی ئەتڵەسی و ئەم ویلایەتە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ دێلاوێر، لە باشوورەوە لەگەڵ میریلاند، لە باشووری ڕۆژاواوە لەگەڵ ڤێرجینیای ڕۆژاوا، لە ڕۆژاواوە لەگەڵ ئۆهایۆ، لە باکووری ڕۆژاواوە لەگەڵ دەریاچەی ئێری و پارێزگای ئۆنتاریۆی کەنەدی، لە باکوورەوە لەگەڵ ویلایەتی نیویۆرک و لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ ڕووباری دێلاوێر و نیوجێرسی هاوسنوورە. جوگرافیای پێنسیلڤانیا زۆر هەمەچەشنە، زنجیرە چیاکانی ئەپالاچیان بە ناوەندی ویلایەتەکەدا درێژ دەبنەوە، چیاکانی ئەلیگنی و پۆکۆنۆ زۆربەی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ویلایەتەکه دەگرنەوە، نزیکەی ٦٠٪ـی پێنسیلڤانیا دارستانپۆشە. لە کاتێکدا تەنها ٢٢٥ کیلۆمەتر لە کەناری دەریاچەی ئێری و ڕووباری دێلاوێرەوە دوورە، لەگەڵ ئەوەشدا ویلایەتەکە زیاتر لە هەموو ویلایەتەکانی دیکەی وڵات ڕووباری کەشتییڕەوی هەیە. ڕووبەری ویلایەتی پێنسیلڤانیا ١١٩,٢٨٣ کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش ١١٦,٠٧٤ کیلۆمەتر دووجای وشکانی و ٣,٢٠٨ کیلۆمەتر دووجا کە دەکاتە ٢,٧٪ کۆی ڕووبەر ئاوییە.

مێژوو

مێژووی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان لە پێنسیلڤانیا بۆ هەزاران ساڵ پێش دامەزراندنی پارێزگای پێنسیلڤانیا لە ساڵی ١٦٨١ دەگەڕێتەوە. پێنسیلڤانیا یەکێک بوو لە سیازدە کۆلۆنییە بەریتانییەکان کە ئەمریکای لێ دروست بوو. پێنسیلڤانیا ڕۆڵێکی بنچینەیی و مێژوویی لە شۆڕشی ئەمریکا و سەربەخۆیی لە ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا هەبوو. شاری فیلادێلفیا کە گەورەترین شاری ویلایەتەکەیە، شوێنی کۆبوونەوەی گرووپێکی شۆڕشگێڕی ئەمریکی بوو کە لە کۆتایی سەدەی هەژدەدا سیازده کۆلۆنییەکەیان یەکخست و شەڕی سەربەخۆییان کرد، هەروەها شارەکە شوێنی‌ زۆربەی ئەو بیرکردنەوە و چالاکی و نووسینانە بوو کە هانی شۆڕشی ئەمریکایاندا. شاری پێنسیلڤانیا لە هەشت ڕووداوی جیاواز و پێش دروستکردنی واشنتن دی سی وەک پایتەختی ئەمریکا خزمەتی کرد و فیلادێلفیا لە شەش ڕووداوی جیاوازدا وەک پایتەختی وڵات کاری کردووە، لەوانە لە ساڵی ١٧٧٥ تا ١٧٧٦، لە ساڵی ١٧٧٧، دوو جار لە ساڵی ١٧٧٨، لە ساڵی ١٧٨١ و لە ساڵی ١٧٩٠ تا ١٨٠٠. پێنسیلڤانیا لە ١٢ـی کانوونی یەکەمی ١٧٨٧ـدا بوو بە دووەم ویلایەتی ئەمریکا و لەو کاتەوە ژمارەیەک دانیشتووانی ویلایەتەکە بەشدارییەکی بەرچاویان لە بوارەکانی وەک سەربازی، سیاسەت، بازرگانی، داهێنانی زانستی، خێرخوازی، مۆسیقا، هونەر و وەرزشی وڵاتدا کردووە.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا ئەمریکیدا ١٢,٧٠٢,٣٧٩ کەس بوو و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـی ئەمریکادا گەشتە ١٣,٠١١,٨٤٤ کەس. لە ساڵی ٢٠١٩ـدا ٢٧,٧١٨ کەس پێنسیلڤانیایان جێهێشت و ١٢٧,٠٠٧ کەس لە وڵاتەکانی ترەوە ڕوویان لە ویلایەتەکە کرد، لە ئەنجامدا ٩٨,٢٨٩ دانیشتوو زیادیکرد. کۆچی خەڵکی ڕەسەنی ویلایەتەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی ١٠٠ هەزار کەس. لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ٢٠١٢، ٥,٨٪ـی دانیشتووانی پێنسیلڤانیا لەدایکبووی بیانی بوون. ئەم ویلایەتە لە دوای ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، فلۆریدا، نیویۆرک و تەکساسەوە پێنجەم قەرەباڵغترین ویلایەتی ئەمریکایە.

شوێنی لەدایکبوون

لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا، ٧٤,٥٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا لەدایکبوون، لە کاتێکدا ١٨,٤٪ـی دانیشتووان لە ویلایەتێکی جیاوازی ئەمریکا، ١,٥٪ـی دانیشتووان لە پۆرتۆ ڕیکۆ لەدایکبوون و ٥,٦٪ـی دانیشتووان لەدایکبووی بیانی بوون. دانیشتووە لەدایکبووە بیانییەکانی ویلایەتەکە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ئاسیا (٣٦٪)، ئەورووپا (٣٥,٩٪)، ئەمریکای لاتین (٣٠,٦٪) ئەفریقا (٥٪)، ئەمریکای باکوور (٣,١٪) و ئۆقیانوسیا (٠,٤٪) لەدایکبوون. گەورەترین گرووپە ڕەچەڵەکییەکانی ویلایەتەکە لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـدا بریتی بوون لە:

  • ئەڵمانی: ٢٨,٥٪
  • ئێرلەندی: ١٨,٢٪
  • ئیتاڵی: ١٢,٨٪
  • ئەمریکییە ئەفریقییەکان: ٩,٦٪
  • ئینگلیزی: ٨,٥٪
  • پۆڵەندی: ٧,٢٪
  • فەڕەنسی: ٤,٢٪

ڕەگەز و نەتەوە

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠١٠ ژمارەی دانیشتووانی هیسپانی یان ئەمریکی لاتینیی ویلایەتی پێنسیلڤانیا بە ڕێژەی ٨٢,٦٪ زیادیکردووە، هۆکاری ئەم گەشە زۆرەی دانیشتووانی هیسپانی له ویلایەتەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ کۆچکردن بۆ ویلایەتەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پۆرت ڕیکۆ و تا ڕادەیەکی کەمتر لە وڵاتانی وەک کۆماری دۆمینیکان، مەکسیک، وڵاتانی جۆراوجۆری ئەمریکای باشوور و ناوەند و شەپۆلی هیسپانی و لاتینییەکانی نیویۆرک و نیو جێرسی. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی ئاسیا بە نزیکەی ٦٠٪ بەرزبوویەوە و هۆکارەکەشی کۆچی هیندی، ڤێتنامی، چینییەکانەوە بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دانیشتووە ئاسیاییەکانی نیویۆرک ماڵیان گواستەوە بۆ شاری فیلادێلفیا‌. ئەم گەشە خێرایەی کۆمەڵگای ئاسیا وایکرد ویلایەتی پێنسیلڤانیا یەکێک بێت لەو ویلایەتانەی وڵات کە بەرزترین ڕێژەی دانیشتووانی ئاسیایی لێ نیشتەجێیە. بە هەمان شێوە، ژمارەی دانیشتووانی ئەمریکییە ئەفریقییەکان بە ڕێژەی ١٣٪ گەشەیکرد و ئەمەش بەرزترین ڕێژەی نێو ویلایەتە هاوتەمەنەکانی (نیویۆرک، نیو جێرسی، ئۆهایۆ، ئیلینۆیس و میشیگان) پێنسیلڤانیا بوو. ژمارەیەکی زۆر کۆچبەری ڕەش پێست و هیسپانی لە ویلایەتە نزیکەکانەوە ڕوو لە پێنسیلڤانیا دەکەن.

ڕەچەڵەکی ئەمریکییە هیسپانییەکانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا بە پلەی یەکەم پۆرتۆ ڕیکۆیە و بە پلەی دووەم مەکسیکی و دۆمینیکانە. لە ساڵی ٢٠١٠ـدا مەزەندەکراوە کە نزیکەی ٨٥٪ـی تەواوی هیسپانییەکانی ئەم ویلایەتە لە دەوروبەری شاری فیلادێلفیا‌ دەژین و نزیکەی ٢٠٪ـیان لەناو خودی شارەکەدا دەژین. هەروەها زۆرینەی دانیشتووانە ڕەش پێستەکانی ویلایەتەکە ئەمریکییە ئەفریقییەکانن و ژمارەیەکی بەرچاویان بە ئەسڵ خەڵکی ڕۆژاوای هیند، ئەفریقای ئێستا و هیسپانییەکانن. زۆربەی ڕەش پێستەکان لە ناوچەی فیلادێلفیا‌ و پیتسبورگ و باشووری ناوەڕاستی پێنسیلڤانیا دەژین. سپی پێستە ناهیسپانییەکان زۆربەی زۆری دانیشتووانی ویلایەتەکە پێکدەهێنن و زیاتر لە کۆچبەرانی ئەڵمانی، ئێرلەندی، سکۆتلەندی، وێڵزی، ئیتاڵی و ئینگلیزییەوە پێکهاتوون. ناوچە گوندنشینەکانی باشووری ناوەڕاستی ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە ئاستی نیشتیمانیدا بەوە ناسراون کە کۆمەڵگە ئامیش (تیرەیەکی تونڕەوی مێنۆنیتی ئەمریکییە و زۆربەیان لە ویلایەتەکانی پێنسیلڤانیا و ئۆهایۆ دەژین)ـیەکانیان لێ نیشتەجێیە.

تەمەن و هەژاری

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٠ـی ئەمریکادا، ویلایەتی پێنسیلڤانیا چوارەم بەرزترین ڕێژەی دانیشتووانی بەساڵاچوو (٦٥+)ـی لە وڵاتدا هەبوو کە بە ڕێژەی ١٥,٤٪ـی کۆی دانیشتووان بوو، بە بەراورد بە تێکڕای نیشتیمانی کە ١٣٪ بوو. بەپێی خەمڵاندنەکانی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ڕێژەی هەژاری ویلایەتەکە لە ساڵی ٢٠١٧ـدا ١٢,٥٪ بوو بە بەراورد بە ڕێژەی هەژاری وڵاتەکەی کە ١٣,٤٪ بوو.

زمانەکان

زمانی فەرمی دانیشتووانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا ئینگلیزییە، لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٩,٢٪ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و بەرەو سەرتری ویلایەتەکە (بە ژمارە ١٠,٧١٠,٢٣٩ کەس) لە ماڵەوە بە زمانی ئینگلیزی قسەیان کرد، لە کاتێکدا ٤,١٪ (٤٨٦,٠٥٨ كەس)ـی دانیشتووان بە زمانی ئیسپانی، ٠,٩٪ (١٠٣,٥٠٢ كەس) ئەڵمانی، ٠,٥٪ (٥٦,٠٥٢ كەس)ـی دانیشتووانی سەروو پێنج ساڵ بە‌ زمانی چینی (کە زمانی ماندارینیش لەخۆ دەگرێت) قسەیان کرد. بە شێوەیەکی گشتی، ٩,٩٪ (١,١٧٠,٦٢٨)ـی دانیشتووانی تەمەن پێنج ساڵ و سەروتری پێنسیلڤانیا بە زمانێکی دایکی نائینگلیزی قسەیان دەکرد.

ئایین

بەپێی خەمڵاندنی دامەزراوەی توێژینەوەی ئایینی گشتی لە ساڵی ٢٠٢٠، ٦٨٪ـی دانیشتووانی ویلایەتی پێنسیلڤانیا پەیڕەوکەرانی ئایینی مەسیحین. لەگەڵ ئەوەشدا، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی ویلایەتەکه لە ساڵی ٢٠١٤ـدا بەم شێوەیە بوو:

  • پرۆتستانت: ٤٧٪
  • کاسۆلیکی: ٢٤٪
  • بێ ئایین: ٢١٪
  • ئایینەکانی تر: ٢٪
  • هیندۆس: ١٪
  •  گەواهی یهوا: ١٪
  • جوولەکە: ٠,٨٪
  • موسڵمان: ٠,٦٪

کەشوهەوا

بەهۆی جۆراوجۆری تۆپۆگرافیای ویلایەتی پێنسیلڤانیاوە کەشوهەوای ویلایەتەکە جیاوازە، سەرەڕای ئەوەش مانگەکانی وەرزی زستان لە تەواوی ویلایەتەکەدا ساردن و مانگەکانی وەرزی هاوینی شێدارن. بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای زۆربەی زۆری ویلایەتەکە، جگە لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵات، کیشوەری شێدارە. لە کاتێکدا کەشوهەوای بەشی باشووری ویلایەتەکە نیمچە خولگەیی شێدارە.

هاوینی پێنسیلڤانیا بەگشتی گەرم و شێدارە، هەتا بەرەو ناوچە شاخاوییەکانی ویلایەتەکە بڕۆین زستانی ساردترە و ئاسمان هەوراوییە، جگە لەوەش ڕێژەی دابارینی بەفر بەرزترە. دەشێت ساڵانە زیاتر لە ٢٥٠ سانتیمەتر بەفر لە ناوچە ڕۆژاواییەکانی ویلایەتەکە، بەتایبەتی ناوچەکانی نزیک دەریاچەی ئێری ببارێت. هەروەها بەدرێژایی ساڵ بارانێکی زۆر لە تەواوی ویلایەتەکەدا دەبارێت. بە هەمان شێوە پێدەچێت کەشوهەوای توند لە بەهارەوە تا پاییز کاریگەری لەسەر ناوچەکە هەبێت. ساڵانە گەردەلوول لە ویلایەتەکەدا ڕوودەدات، هەندێک جار ژمارەیان زۆرە و لە ساڵی ٢٠١١ـدا ٣٠ گەردەلوول لە ویلایەتەکەدا تۆمارکراوە، بەڵام بەگشتی ئەم گەردەلوولانە زیانێکی ئەوتۆیان لێ ناکەوێتەوە.

ئابووری

تێکڕای بەرهەمی ویلایەتی پێنسیلڤانیا (GSP) لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ٨٣٩,٤ ملیار دۆلار و لە دوای ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، تەکساس، نیویۆرک، فلۆریدا و ئیلینۆیس لە پلەی شەشەمی ئەمریکادا بوو. هەروەها بەرهەمی تاکەکانیشی ٦٤,٧٥١ دۆلار و لە پلەی ٢٤ـی وڵاتدا بوو. ئەگەر لە ساڵی ٢٠٢١ـدا ویلایەتی پێنسیلڤانیا وڵاتێکی سەربەخۆ بووایە، ئەوا ئابوورییەکەی لە پلەی ٢٢ـی گەورەترین وڵاتەکانی جیهاندا دەبوو. ڕێژەی بێکاری ویلایەتەکە لە مانگی ئایاری ٢٠٢٠ـدا ١٣,١٪ بوو.

فیلادێلفیا لە گۆشەی باشووری ڕۆژهەڵات، پیتسبورگ لە گۆشەی باشووری ڕۆژاوا، ئێری لە گۆشەی باکووری ڕۆژاوا، سکرانتن-ویلکس-باری لە گۆشەی باکووری ڕۆژهەڵات و دۆڵی لیهای لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوەندی بەرهەمهێنانی شارەکانن. شەش کۆمپانیای فۆڕچن ٥٠٠ لە شاری فیلادێلفیان و هەشت کۆمپانیای فۆڕچن ٥٠٠ لە شاری پیتسبورگە. بەگشتی، ٥٠ کۆمپانیای فۆڕچن ٥٠٠ لە پێنسیلڤانیادان. هەروەها کۆمپانیای هێرشی کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی شوکولاتە لە جیهاندا لە هێرشییە و کۆمپانیای GE Transportation کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنانی جوڵێنەری شەمەندەفەری وڵاتە لە ئێرییە. لە ڕۆژهەڵاتی پێنسیلڤانیا، دۆڵی لیهای بووەتە ناوەندێک بۆ گەشەکردنی پیشەسازی لۆجستی ئەمریکا. هاوشێوەی زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمریکا، وۆڵمارت گەورەترین دامەزرێنەری تایبەتە لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا و لە دوای ئەویشەوە زانکۆی پێنسیلڤانیا دێت، کە زانکۆیەکی تایبەتی توێژینەوەی ئایڤی لیگە لە فیلادێلفیا. جگە لە ئەمانەش، هەریەک لە بانک، کشتوکاڵ، قومار و فیلم بەشداری ئابووری ویلایەتەکە دەکەن.


سەرچاوەکان



259 بینین