ئەلسەلام ـ بڵاوکەرەوەی ئاشتی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-11-20:49:00 - کۆدی بابەت: 12865
ئەلسەلام ـ بڵاوکەرەوەی ئاشتی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتاکەکەی

ئەلسەلام، بێبەری بوون لە کەموکوڕی، سەلامەتی و پارێزراوی، ئاشتیخواز، ئاشتی ویست، بڵاوکەرەوەی ئاشتی، (بە عەرەبی: السلام، بە ئینگلیزی: As-Salam یان AL-Salam) ناوێکە لە ناوەکانی خوای گەورە. ناوی ئەلسەلام واتا سەلامەتی و پارێزراوی خودی خوای گەورە لە هەموو کەموکوڕییەک، واتا ڕێباز و ئایینەکەی و سیفات و ناوەکانی کامڵن و بێ کەموکوڕین، هاوکات لەڕووی زمانەوانییەوە واتای ئاشتی و بڵاوکەرەوەی ئاشتیش دەبەخشێت. 

هاتنی ناوی ئەلسەلام لە قورئانی پیرۆزدا

لە قورئانی پیرۆز ناوی سەلام بە چەند واتایەک هاتووە لەوانە:

  • لە قورئانی پیرۆزدا یەک جار خوای گەورە ناوی ئەلسلامی وەکوو وەسف بۆ زاتی خۆی بەکارهێناوە کە لە سوورەتی (الحشر) لە ئایەتی ٢٣ دەفەرموێت: (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ  سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ)، واتا خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نییه‌ و پاشای هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌، پاك و بێگه‌رد و پوخته‌ و ئاشتیخوازە، ئاسایشبه‌خش و په‌ناگای ئیماندارانه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ و چاودێری دروستکراوه‌کانیه‌تی، باڵاده‌سته‌ و خاوه‌نی خێری بێسنووره‌، گه‌وره‌یه‌ و خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت، پاکی و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌یه‌ له‌وه‌ی تینه‌گه‌یشتوان هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن.
  • ئەلسەلام واتای سڵاوکردن و پارێزراویش دەبەخشێت، لە قورئاندا لە چەند ئایەتێک بەو دوو واتایە هاتووە کە هەردوو واتاکە دەبەخشێت، خوای گەورە لە سوورەتی (يس) لە ئایەتی ٥٨ دەفەرموێت (سَلَـٰمٌ قَوْلًا مِّن رَّبٍّ رَّحِيمٍ)، واتا له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگارێكی زۆر به‌سۆز و به‌زه‌ییه‌وه‌ سه‌لام له‌ به‌هه‌شتییەکان ده‌كرێت و پێیان دەگوترێت سڵاوی خوای گه‌وره‌تان لێ بێت، یان فریشتەکان سه‌لامی خوای گه‌وره‌یان پێده‌گه‌یه‌نن.
  • خوای گەورە لە سوورەتی (المائدة) ئایەتی ١٦ دەفەرموێت (يَهْدِى بِهِ ٱللَّهُ مَنِ ٱتَّبَعَ رِضْوَٰنَهُۥ سُبُلَ ٱلسَّلَـٰمِ وَيُخْرِجُهُم مِّنَ ٱلظُّلُمَـٰتِ إِلَى ٱلنُّورِ بِإِذْنِهِۦ وَيَهْدِيهِمْ إِلَىٰ صِرَٰطٍ مُّسْتَقِيمٍ)، واتا بێگومان خوا به‌و قورئانه‌ پیرۆزه‌ هیدایه‌ت و ڕێنموویی ئه‌و که‌سانه‌ ده‌کات که‌ شوێن ڕه‌زامه‌ندی خوا که‌وتوون، به‌ره‌و ڕێبازه‌کانی ئاشتی و ئاسووده‌یی و له‌ تاریکاییه‌کان ده‌ریانده‌هێنێت و ڕزگاریان ده‌کات و ده‌یانخاته‌ ناو ڕوناکییه‌وه‌ به‌ فه‌رمانی خۆی و ڕێنمووییان ده‌کات بۆ سه‌ر ڕێگه‌ و ڕێبازی ڕاست و دروستی. 

ناوی ئەلسەلام لە سوننەتی پێغەمبەر

لە سوننەتی پێغەمبەر لە چەند دوعا و پاڕانەوەیەک ناوی ئەلسەلام هێنراوە، نموونەی:

  • لە دوای سەلامدانەوە لە هەر نوێژێک پێغەمبەر دەیفەرموو (اللهم أنت السلام، ومنك السلام، تباركت يا ذا الجلال والإكرام)، سوننەتە دوای سەلامدانەوە لە نوێژەکان موسڵمان ئەم دوعایە بخوێنێت.
  • هاوەڵانی پێغەمبەر لە سەرەتای فەرزبوونی نوێژ، لە سەرەتای تەحیات لە نێو نوێژدا دەیانفەرموو (السلام علی اللە)، پێغەمبەر فەرمووی (اللە هو السلام) واتا خودی خوای گەورە ئەلسەلامە، بۆیە ئەو دەستەواژەیەی ڕەتکردەوە و نەهی کرد کە بەکاریبهێنن چونکە خودا زاتی خۆی ئەلسلامە، بەڵکو فەرمووی لە سەرەتای تەحیات ئەم دەستەواژەیە (التحيات لله) بەکاربهێنن.
  • لە ڕۆژی دواییدا پێغەمبەر بە ئەم دوعایە دەپاڕێتەوە و دەفەرموێت: (اللهم سلم، اللهم سلم)، واتا پەرەوەردگارا پارێزراومان بکە. 

وشەی ئەلسەلام لە دەستەواژەکانی تردا

سەلامکردنی نێوان موسڵمانان

دەسپێکی گفتوگۆ و یەکتربینینی موسڵمانان بە سەلامکردنی نێوانیانە، سەلامکردن سوننەتە و پێغەمبەری خوا جەختی لەسەر کردووەتەوە و لە قورئانی پیرۆزیشدا باسکراوە، سەلامکردن واتا خوا پارێزراوت بکات لە بەڵا و ناخۆشی و گوناهـ. خوای گەورە لە سوورەتی (النساء) لە ئایەتی ٨٦ فەرموویەتی (وَإِذَا حُيِّيتُم بِتَحِيَّةٍ فَحَيُّوا۟ بِأَحْسَنَ مِنْهَآ أَوْ رُدُّوهَآ ۗ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ عَلَىٰ كُلِّ شَىْءٍ حَسِيبًا)، واتا ئه‌گه‌ر سڵاوتان لێكرا ئه‌وه‌ ئێوه‌ به‌ جوانتر و باشتر وه‌ڵامی سه‌لامه‌كه‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ سوننه‌ته‌ یاخود وه‌كو خۆی وه‌ڵامى بده‌نه‌وه‌ كه‌ واجبه‌، به‌ دڵنیاییەوە خوای گه‌وره‌ ئاگادارى هه‌موو شتێكه‌ و لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كات له‌سه‌رى. پێغەمبەر فەرموویەتی: (لا تدخلوا الجنة حتى تؤمنوا، ولا تؤمنوا حتى تحابوا، أوَلا أدلكم على شيء إذا فعلتموه تحاببتم؟ أفشوا السلام بينكم)، واتا ناچنە بەهەشتەوە تاکوو باوەڕدار نەبن یان باوەڕنەهێنن، باوەڕیش ناهێنن تاکوو یەکتریتان خۆشنەوێت، ئایا کارێکتان پێ بڵێم کە ئەگەر ئەنجامتان دا خۆشەویستی نێوانتان زیاتر دەکات، ئەویش سەلامکردنە لە نێوانتان یان سەلام لە یەکتر کردنتانە.

وەسفی بەهەشت بە وشەی دار ئەلسەلام

(دار السلام) کە واتای مۆڵگەی ئاشتی یان ماڵی ئاشتی یان شوێن یان ماڵی پارێزراوە بۆ بەهەشت بەکاردێت و خوای گەورە بەهەشتی بەو دەستەواژەیە لە قورئانی پیرۆزدا وەسف کردووە. لە قورئانی پیرۆزدا لە سوورەتی (الأنعام) لە ئایەتی ١٢٧ خوای گەورە دەفەرموێت (لَهُمْ دَارُ ٱلسَّلَـٰمِ عِندَ رَبِّهِمْ ۖ )، واتا له‌لایەن په‌روه‌ردگاریان شوێنێكیان هه‌یه‌ كه‌ به‌هه‌شته‌ و شوێنی سه‌لامه‌تی و پارێزراوییه‌ له‌ هه‌موو خراپه‌یه‌ك.  هاوکات لە سوورەتی (يونس) ئایەتی ۲٥ خوای گەورە دەفەرموێت (وَٱللَّهُ يَدْعُوٓا۟ إِلَىٰ دَارِ ٱلسَّلَـٰمِ وَيَهْدِى مَن يَشَآءُ إِلَىٰ صِرَٰطٍ مُّسْتَقِيمٍ)، واتا خوای گه‌وره‌ بانگتان ده‌كات و بانگه‌وازتان ده‌كات بۆ شوێنی سه‌لامه‌تی و هێمنی و ئارامی و پارێزراوی كه‌ به‌هه‌شته، خوای گه‌وره‌ هیدایه‌تی هه‌ر كه‌سێك ده‌دات كه‌ ویستی لێبێت بۆ ڕێگای ڕاستی.


سەرچاوەکان



3279 بینین