بۆچی هەوا دوجووڵێت؟
جووڵەی ئەو هەوایەی کە لە ئەنجامی جیاوازی لە پەستانی هەوادا بەرهەم دێت ناودەبرێت بە با. هەتا جیاوازی پەستانەکە گەورەتر بێت ئەوا خێرایی بایەکەش زیاتر دەبێت.
بەرزبوونەوەی هەوا لە هێڵی کەمەرەیی و دابەزینی لە جەمسەرەکاندا
جیاوازی پەستانی هەوا بە شێوەیەکی گشتی لە ئەنجامی گەرم بوونی نایەکسانی زەویدا پەیدا دەبێت. ناوچەی هێڵی کەمەرەیی ڕاستەوخۆ بەر تیشکی خۆر دەکەوێت و بەمەش بڕێکی زیاتر لە وزەی خۆری دەست دەکەوێت. هەوای ناوچەی کەمەرەیی گەرمترە و چڕیەکەی کەمترە لە هەوای دەوروبەری، بۆیە هەوای ئەو ناوچە کەمەرییە بەرز دەبێتەوە و لە ئەنجامدا ناوچەیەکی پەستانی هەوای نزم دروست دەکات، ئەو هەوا گەرمەی ناوچە کەمەرییەکە بەرە و هەردوو جەمسەرەکان دەچێت، بەڵام هەوای جەمسەرەکانیش ساردترە و چڕی زیاترە لەو هەوایەی کە دەوری داوە، بۆیە هەوای ناوچە جەمسەرییەکان دادەبەزێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ناوچەیەکی پەستانی هەوای بەرز لە هەردوو جەمسەرەکە و لە ئەنجامدا هەوای جەمسەری بەرەو ناوچە کەمەرییەکان دەچێت.
پشتێنەکانی پەستان
با لە شێوازی بازنەیی گەورەی جیاجیادا دەجوڵێت کە پشتێنەکانی پەستان لێکیان جیا دەکاتەوە کە لە شێوەی شریتی پەستانی بەرز و پەستانی نزم دان و هەریەکەیان دەکەونە ٣٠ پلەی هێڵەکانی پانی. کاتێک هەوای گەرم لەسەر هێڵی یەکسانی دەجووڵێ بەرەو دوو جەمسەرەکە پلەی گەرمی دەست دەکات بە نزم بوونەوە، لەسەر هێڵی پانی ٣٠ی باکوور و ٣٠ی باشوور هەندێ لە هەوا ساردەکە دەست دەکات بە دابەزین، ئەم هەوا دابەزیوە ساردە دەبێتە هۆی دروستبوونی پشتێنەکانی پەستان بەرز لە نزیک هێڵی پانی ٣٠ باکور و ٣٠ی باشوور، لێرەشەوە هەوایەکی سارد هەڵدەکات و دەگەڕێتەوە بۆ هێڵی یەکسانی (کەمەرەیی)، ئەمیش گەرم دەبێت و سەر لە نوێ بەرز دەبێتەوە، لە دوو جەمسەرەکەشدا هەوای سارد دادەبەزێ و بەرەو هێڵی یەکسانی دەجووڵێ، هەواکە گەرم دادێ کە لە جەمسەرەکان دوور دەکەوێتەوە. لە نزیک هێڵی پانی ٦٠ باکوور و ٦٠ باشوور هەوا زۆر گەرمەکە بەرز دەبێتەوە و بەمەش پشتێنێکی پەستانی نزم دروست دەکات ئەم هەوایە جارێکی تر بەرەو جەمسەرەکان هەڵدەکاتەوە.
کاریگەری کۆریۆلیس
کاریگەری کۆریۆلیس بریتییە لەو لادانە دیاردەی ڕێڕەوی با و تەوژمە دەریاییەکان کە پەیدا دەبێت لە ئەنجامی سووڕانەوەی زەوی، ئەو کاریگەریەی کۆریۆلیس دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو بایەی لە نیوە گۆی باکووری زەوییەوە بەرەو باکوور دەچێت لابدات بەرەو ڕۆژهەڵات، ئەو بایەش لە نیوە گۆی باشووری زەوییەوە بەرەو باشوور دەچێت لابدات بەرەو ڕۆژئاوا.
بای جیهانی
بای جیهانی بریتییە لە ڕێگەی گواستنەوەی با لە شێوازی بازنەییدا لەگەڵ کاریگەری کۆریۆلیس کە جۆرەها ڕێگەی بڵاوبوونەوەی هەوای لێ پەیدا دەبێت.
بای ڕۆژهەڵاتی جەمسەری
بەو پشتێنانەی با کە درێژ دەبێتەوە لە هەردوو جەمسەرەکەوە بەرەو هەردوو هێڵی پانیی ٦٠ لە هەردوو نیوە گۆی زەوی دەگوترێ بای ڕۆژهەڵاتی جەمسەری کە پەیدادەبێت لەو کاتەی کە هەوای ساردی دابەزیوی هەردوو جەمسەرەکە دەجوڵێت بۆ هەردوو هێڵی پانی ٦٠ باکوور و ٦٠ باشوور، ئەو بایەش دەبێتە هۆی کەشی سەهۆڵ بەندان و شەختە.
بای ڕۆژئاوایی یان پێچەوانەیی
بەو پشتێنە بایەی کە دەکەوێتە نێوان هەردوو هێڵی پانی ٣٠ و ٦٠ لە هەردوو نیوە گۆی زەوی دەگووترێ بای ڕۆژئاوایی کە تیایدا بای ڕۆژئاوایی بەرەو هەردوو جەمسەرەکە دەچێت لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات. ئەو بای ڕۆژئاواییە هەوای شێدار هەڵدەگرێت بەرەو ناوچەکانی مەغریبی عەرەبی و ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست بەرەو کوردستانیش دەیهێنێت و دەبێتە هۆی دابارینی بەفر و باران.
بای بازرگانی
بەو بایەی کە لە هەردوو نیوە گۆی زەوییەوە هەڵدەکات لە نێوان هەردوو هێڵی پانی ٣٠ و دەگاتە هێڵی کەمەرەیی دەگوترێت بای بازرگانی کاریگەری کۆریۆلیس وادەکات بای بازرگانی لابدات بەرەو ڕۆژئاوا لە هەردوو نیوە گۆی باکوور و باشووری گۆی زەویدا. هۆی ناولێنانی بە بای بازرگانی دەگەڕێتەوە بۆ بازرگانە کۆنەکان کە ئاڕاستەی ئەو بایەیان بەکاردەهێنا لە دەریاوای دا. زۆربەی ووڵاتە عەرەبییەکان دەکەونە ئەم پشتێنەوە.
ناوچەی وەستانی کەمەرەیی یان مەودای سستی کەمەرەیی
بای بازرگانی هەردوو نیوە گۆی باشوور و باکووری گۆی زەوی لە ناوچەیەک دا بەیەک دەگەن لە نزیک هێڵی کەمەرەییدا، ناودەبرێت بە ناوچەی وەستانی کەمەرەیی، جووڵەی با لەو ناوچەیەدا زۆر بێ هێزە چوونکە هەوای گەرم و بەرزبووە ناوچەیەکی پەستانی نزم دروست دەکات.
پشتێنەکانی پەستانی بەرز
لە ناوچەکانی هێڵێ پانی ٢٠ باکوور و ٣٠ باشووردا هەوای دابەزییو ناوچەیەکی پەستانی بەرز دروست دەکات، بای ئەو ناوچانەش بێ هێزە و وشکە، زۆربەی ناوچە بیابیانەکان لە جیهاندا دەکەونە ناوچەی پشتێنەکانی پەستانی بەرز، لەوانە بیابانی نیمچە دوورگەی عەرەب و بیابانی گەورە لە باکووری ئەفریقا.
تەوژمە هەواییە تیژڕەوەژان (فیشەکەدارەکان)
فڕۆکەوانەکان دەتوانن سوود لە تەوژمە هەواییە تیژڕەوەکان وەرگرن بۆ خێراکردن و زووتر گەیشتن. لە ڕاستی دا تەوژمە هەواییە تیژڕەوەکان بریتییە لە پشتێنەیەکی تەسکی بای زۆر خێرا کە لە سەروووی ترۆپۆسفیر و خواری ستراتۆسفیر (چینەکانی زەپۆش) هەڵدەکات و خێرایی بایەکەی دەگاتە ٤٠٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا، بەڵام هیچ ڕێڕەوێکی ڕێک و پێکی نییە و زۆریش کاردەکاتە سەر با و باران و زریان و ڕەشەبا. زانینی ڕێڕەوی تەوژمە هەواییە تیژڕەوەکان نەک هەر بۆ فرۆکەوانەکان بەڵکو بۆ زانایانئ کەشناسیش زۆر گرنگە چونکە بە هۆی ئەو تەوژمە تیژڕەوانە دەتوانن بەدواداچوون بۆ باوبۆران و ڕەشەبا کارەسات ئامێزەکان بکەن.