گلادیتۆر

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-30-22:02:00 - کۆدی بابەت: 13076
گلادیتۆر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گلادیتۆر (بە عەرەبی: مجالد، بە ئینگلیزی: Gladetor) گلادیتۆر وشەیەکی لاتینییە بەواتای زۆرانی شمشێر، یان شمشێرباز دێت، جۆرە نمایشێکی کراوەی تایبەت بە ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم بوو کە تیایدا وەک سزایەک بۆ دیلەکانی جەنگ تا مردن دەبوو لەگەڵ یەکتردا شەڕ بکەن، لە هەمان کاتدا بۆ چێژ بەخشینی زیاتر بە ئامادەبوانی گۆڕەپانەکە ئاژەڵی دڕندە و گۆشت خۆری وەک شێر، پڵنگ، پشیلەی کێوی دەهێنرانە گۆڕەپانەکەوە و دیلەکان یاخود کۆتا دیل دەبوو بیکوژێت. 

ئەم جۆرە زۆرانبازییە چەند شێوازێکی هەبوو هەندێک جار تاوانبارەکان دەکرانە قوربانی ئەم ڕێوەڕەسمە کولتوورییە، هەندێک جار دیلەکان بوون لە تەواوی خاکی ڕۆمەوە دەهێنران، هەندێک جاریش کەسایەتی سوارچاک و خۆبەخش بوون دەهاتنە گۆڕەپانە بازنەییەکان، هەندێک جاریش کۆیلەکان دەهێنران، کە ئەمانە بەشی زۆری زۆرانبازەکان بوون. 

مێژوو

بە گوێرەی کۆنترین سەرچاوەکانی مێژووی ئیمپڕاتۆریەت و کۆماری ڕۆم، یەکەم یاری گلادیتۆر کە ئەنجامدرابێت لە کۆتاییەکانی سەدەی یەکەمی پێش زایینیدا بووە. هەندێک سەرچاوە سەرەتای ئەم یارییە دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی نیکۆلاسی داماسکۆس، هەندێکی تر دەڵێن یارییەکە لە ساڵی ٣١٠ پێش زایینیدا لە خاکی شام ئەنجامدراوە و پاشان گواستراوەتەوە بۆ ئەورووپا و لە شارە جیاوازەکان گۆڕەپانی بۆ دروستکراوە و خەڵکی گشتی و خانەدان و خودی قەیسەر و شازادەکان تێیدا ئامادەبوون.

سەرچاوەکان دەڵێن، کە یەکەم جار ئەم یارییە وەک چەشنێکی زۆرانبازی سازکرا هۆزی ئیتروسکان لە ئیتروریای ئیتاڵیا ئەنجامیانداوە، شێوازەکەشی بەم جۆرە بووە کۆتا کەس کە بە زیندوویی دەمێنێتەوە! ئەمەش بۆ ئەوە بوو جەنگاوەری ڕاستەقینە لە جەنگاوەری ترسنۆک جیا بکرێتەوە. تا سەردەمێکی زۆر یارییەکە لە کاتی مردنی کەسایەتییەکی دیاری ڕۆمدا ساز دەکرا و تەواوی جەنگاوەرەکان بەواردی ئەو دەکران، ئایا دەتوانن مردنێکی لەو شایستەتر بە دەست بهێنن؟ 

سەرەتای یارییەکە

لە سەرەتادا تەنها دوو جەنگاوەر ڕووبەڕووی یەکتر دەبوونەوە، بە مردنی یەکێکیان دانەیەکی تر دەهاتە گۆڕەپانەکەوە، ئەمە قۆناغی ئاسان یاخود سەرەتا بوو کە چەند خولێک بوو، دوای ئەوە دوو جەنگاوەری نوێ دەهاتنە گۆڕەپانەکەوە و کۆی گشتی دەبوونە سێ کەس و دەبوو یەکێکیان بمێنێتەوە، ئەمەشیان قۆناغی ناوەند بوو، لە کۆتا قۆناغدا جەنگاوەر دەبوو ڕووبەڕووی دوو ئاژەڵی دڕندە ببێتەوە ئەوانیش دوو شێر یان دوو پڵنگی برسی و هار کە زنجیرەکانیان لێ دەکرایەوە و دەبوو جەنگاوەرەکە بەو شمشێر یان ڕمانەی لە گۆڕەپاناکەدا بوون یان بەرگری بکات یان هەردووکیان لەناو بەرێت، ئەمەش کۆتا قۆناغ بوو کە براوەی گۆڕەپان دیاریدەکرا.

لە مێژووی ڕۆمدا تەنها یەک ئیمپڕاتۆر بەر لە بوونی بە ئیمپڕاتۆر زۆرانبازی ئەرینای گلادیتۆر بووە ئەویش کۆمۆدۆس کوڕی ئیمپڕاتۆر و فەیلەسووف "مارکۆس ئۆرلیۆس" بوو کە کۆمۆدۆس بە شێری گۆڕەپان ناسراو بوو. بە تێپەڕبوونی کات گۆڕان بەسەر یاساکانی یارییەکەدا هاتووە، لە سەردەمی ئیمپڕاتۆر "تراجان" لە ساڵی ١٠٧ زایینیدا ژمارەی گلادیتۆرەکان لە یەک خولدا دەگەیشتە ٥٠٠٠ گلادیتۆر کە گۆڕەپانەکەیان خڵتانی خوێن دەکرد و لە کۆتاییدا یەک کەس دەبوو بمێنێتەوە بۆی ناسناوی جەنگاوەر وەربگرێت.

گۆڕەپانی یاری گلادیتۆر

لە شارەکانی ناو ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆم بە تایبەتی ڕۆما، گۆڕەپانێکی بازنەیی دروستکرابوو کە تیایدا جەنگاوەرەکان یارییەکەیان تێدا دەکرد ناوی "کۆلسیۆم" بوو.

جۆرەکانی گلادیتۆر

  • جەنگاوەرەکان شێوازی جیاوازیان هەبوو لە هەڵگرتنی چەک و کەرەستەی شەڕ کردن، بۆ نموونە "سەمنیتس" شیڵد "بەرگری"یەکی گەورە و ڕم و کڵاوێکی لە زرێ دروستکراو و شمشێری کورتیان هەڵدەگرت. 
  • جۆرێکی تر "تراسیس یاخود سراسیان" خەنجەر یان پێبوو و لە یارییەکاندا دژی مارمیلۆنسەکان شەڕیان دەکرد کە ئەوانیش لە هۆزی گالییەکان بوون و ڕۆڵی بەرچاویان هەبوو لە بۆنە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆمدا. 
  • ڕیتاریوسەکان، ئەمانە بۆ خۆ سەلماندن یاری گلادیتۆریان دەکرد، هیچ جۆرە زرێیەک و پارێزەرێکیان لەبەر نەدەکرد، تەنها کەمێک سڕکەریان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی لە کاتی زامداربووندا هەست بە ئازار نەکەن.
  • ئاندەبەیت، ئاندابەیتەکان ئەمانەش جەنگاوەری ئەسپسوار بوون و تەواو زرێپۆش بوون و ڕمێکی درێژیان پێبوو، ئەمانە لەگەڵ ئەو گڵادیتۆرانە شەڕیان دەکرد کە چاویان بەستراوە بوو و دەبوو تەنها بە هەستی بیستن بجەنگن و براوەی یارییەکە بن!
  • هۆپلۆماکی، ئەمانە پێیان گوتراوە گلادیتۆری زرێپۆش کراو، کە هەموو جەستەیان داپۆشراو بووە. 
  • لاکوێرییەکان، ئەمانە لە گۆڕەپانەکەدا دەبوو ڕکابەرەکەیان بە پەت بگرن و ڕایان بکێشن. 

یاری گلادیتۆر یارییەکی کولتووری یان سیاسی؟

گەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوە و لێکدانەوەکان بۆ ئەم پرسە، بەشێکی زۆری لێکۆلەرەوەکان پێیان وایە ئەم یارییە بێ هۆ گەشەی پێ نەدراوە، سەرچاوەکان دەڵێن: ئیمپڕاتۆرەکانی ڕۆم ترسیان لە کودەتای هەرێمەکانی ناو خاکی ڕۆم، بەتایبەتی هۆزەکانی ناوخۆی ئیتاڵیا و ئەورووپا بە تایبەتی بەربەر و جێرمان هەبووە. بۆیە لەم یارییەدا تەواوی ئەو کەسانە ٥٠٪ ئەگەری ڕزگاربوونیان هەبوو، ئەوەی ڕزگاری بووبایە هەرگیز بوێری ئەوەی نەبوو ئیمپڕاتۆر بکوژێت، چونکە بە ئاستەنگییەکی زۆردا تێپەڕیبوون و ژیانیان بە دەستهێنابووەوە. 

کەواتە دەکرێت بگوترێت گلادیتۆر هێندەی یارییەکی سیاسی بووە، یارییەکی کولتووری نەبووە. هۆزەکانی ئیتاڵیا ناکۆکییەکانیان لە ئەرینای کۆلسیۆم یەکلا دەکردەوە و تا مردن شەڕیان دژی یەکتر دەکرد. هەر ئەم کێشە سیاسی و ململانێیانە وای کردبوو تا چەند سەدەیەک کۆلسیۆم جێگای کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان بێت.


سەرچاوەکان



95 بینین