کێشەی نوستنی منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-24-16:24:00 - کۆدی بابەت: 13287
کێشەی نوستنی منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کێشەی نوستنی منداڵ (بە ئینگلیزی: Children's sleep problems)، زۆرجار منداڵ حەز ناکات بخەوێت، یان مەرجیان هەیە، دەیەوێت لەگەڵ دایکیدا بخەوێت یان لەگەڵ باوکیدا، یان گۆرانی بۆ بڵێت یان دەگری و نایەوێت بخەوێت، یان کەمێک دەنوێت و یەکسەر هەڵدەستێت، هۆکارەکان تەنها کاتین و پێویستی بە ڕاهێنان نییە. زۆر ئاساییە کە منداڵەکە شەوێک نەیەوێت بخەوێت، چونکە منداڵ لە ڕۆژدا زۆر شتی تازە و سەرنج ڕاکێشەر دەبینێت، مێشکیان بە لێشاو بابەتی نوێ دەبینێت و دەبیستێت کە مێشک زۆر پێوەی ئاڵۆز دەبێت و بە بەردەوامی هەڵچوون و بیرکردنەوەی بۆ دروست دەبێت بە تایبەت لە کۆتایی ڕۆژەکە کۆدەبێتەوە کە کاتی خەوتنە. 

ئەوان هەست بەوە ناکەن کە وزەیان تەواو بووە و دەبێت بخەون، هەوڵدەدەن نەخەون و داوای شتی نوێ دەکەن لە دایک و باوکیان بۆ ئەوەی درەنگ بخەون، یان دەیانەوێت یاری بکەن، منداڵان وا بیردەکەنەوە کە خەوتن شتییان لە دەست دەچێت و هەندێک لەوان ترسیان هەیە لەوەی بە تاریکی و بەبێ دایک و باوکیان بخەون، خەوتنی منداڵ لە شەودا پەیوەندی هەیە بە ڕۆژەکەیەوە کە دەبێت ڕەچاوی هاوسەنگی کاتی ڕۆژی منداڵەکە بکرێت کە دەبێت دایکان و باوکان ئاگادار بن ئەگەر نیوەڕۆ زوو بخەوێت، یان شەو زۆر سەیری تەلەفزیۆنی کردبێت یان بە پێچەوانەوە. 

چەند ئامۆژگارییەک بۆ ئارامی منداڵ

بۆ منداڵ قورسە ڕۆژێکی پڕ لە چالاکی لە پڕ کۆتایی پێبهێنرێت و بخەوێت، باشترین شت ئەوەیە دەنگی تەلەفزیۆن دوور بێت لە شوێنی خەوتنی منداڵ بۆ ئەوەی منداڵ خەیاڵی نەداتێ یان خەبەری بکاتەوە. دەبێت ژینگەی خەوتن دروست بکرێت پێش ئەوەی بانگی بکەیت بۆ خەوتن، جل لەبەرکردن، دان شتن، خوێندنەوەی چیرۆک، کۆتایی هاتن بە یاری بۆ ئەوەی ڕابهێنرێت بۆ کاتی خۆئامادەکردن بۆ خەوتن. زۆر منداڵ خەویان لێناکەوێت گەر دەستیان لە دەستی دایک و باوکیاندا نەبێت، هەندێکی تریان دەبێت دەست بهێنن بەسەریاندا یان لەشیاندا، ئەمەش زۆر لە باوان کاتیان نییە یان تاقەتیان نییە هەموو جارێک بۆ خەوتنی ئەوان ئەم ئامادە باشیە بکەن دەبێت باوان لە پڕ وازنەهێنن لە خواستی منداڵ، بەڵکو وردە وردە منداڵ ڕابهێنن هەندێک منداڵ ترسی لە تاریکی هەیە یان بە تەنیا، باشتر وایە منداڵ لە ژوورەکەیدا دەرگا دانەخرێت و لە نزیک ژووری دایک و باوکدا بێت. 

هەندێک هەنگاوی کرداری بۆ یارمەتیدانی منداڵ بۆ خەوتن

١. منداڵ بەپێی تەمەنەکەی تا گەورە بێت ئارەزووی شتی نوێی هەیە پشکنەرە، لەبەرئەوە نوستن بۆ ئەو ناخۆشە و بێ واتایە، دەبێت باوان بە ڕوونی و تەواوی کاتی خەوتن دیاری بکەن و ئامادەی بکەن و کاردانەوەیان بۆ نموونەی خوێندنەوەی چیرۆک هەبێت. 

٢. نابێت یەکسەر بڵێین تەواو بڕۆ بنوو دوای نان خواردن، باشترە ئێوارە یاری زۆر جوڵە و ڕاکردن نەکرێت بەڵکو یاری ئارام بۆ ماڵئاوایی لە ڕۆژ بکرێت. 

٣. باشتر وایە بەیانیان منداڵ زوو هەڵسێت لە خەو بۆ خواردنی ژەمی بەیانی بۆ ئەوەی بۆ ئێوارە زوو هیلاک بێت و بخەوێت، بکرێت نیوەڕوان نەخەوێت بۆ ئەوەی شەوان زوو بخەوێت. 

٤. پێشانی منداڵ بدەین، کە دایکان و باوکان هەمیشە لە کاتی خەوتنی ئەواندا لە ماڵن و نزیکن لێیانەوە بۆ ئەوەی منداڵ هەست بە تەنیایی نەکات، بۆ ئەمەش کردنەوەی دەرگای ژووری منداڵ، یان داگیرساندنی گڵۆپ. 

٥. گەر منداڵ لە ماڵدا ناڕەحەتی و دەنگەدەنگی زۆری گوێ لێبوو، ئەوا لەوانەیە خەوی خراپ ببینێت و بوونی فشار هەندێک لەوان دوای هەستانیش ئاگاداری ئەو ڕەفتارەیان نین، بۆ نموونە هاوارکردن یان لێکخشاندنی دانەکان لە خەودا، باشتر وایە دایکان و باوکان لەم کاتەدا کەمێک لای منداڵ ڕاکشێن، گەر خەوی لێ نەکەوت ئەوا هەر پێنج خولەک جارێک سەری لێبدرێت و دەست بهێنێت بە لەشیاندا چەند جارێک تا خەویان لێ دەکەوێت. 

٦. بەکارهێنانی ماددەی سروشتی بۆ خەولێخستنی منداڵ بۆ نموونە چای سروشتی بۆ خەولێخستنی منداڵ، یان خۆشتنی منداڵ پێش خەوتن بۆ خاو بوونەوەی ماسولکەکانی کە یارمەتی خەولێکەوتن دەدات.


سەرچاوەکان



150 بینین