ئەو هۆکارانەی ئاستی داهاتی نەتەوەیی دیاری دەکەن

له‌لایه‌ن: - ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-08-23-15:22:00 - کۆدی بابەت: 405
ئەو هۆکارانەی ئاستی داهاتی نەتەوەیی دیاری دەکەن

ناوه‌ڕۆك

ئاستی داهاتی نەتەوە و ڕادەی پەرەسەندنی پشت دەبەستێت بەم هۆكارانەی خوارەوە

بڕ و جۆری دەرامەتە ئابوورییەكان

بڕ و جۆری دەرامەتە ئابوورییەكان (سروشتی و مرۆیی) بە گرنگترین هۆكار دادەنرێـ لە دیاریكردنی ئاستی داهاتی نەتەوە و توانای پەرەسەندنی، چونكە ئەگەر لە وڵاتێكی دیاریكراودا زەوی كشتوكاڵی باش و ئاوی زۆر هەبێـت، ئەوە مانای ئەوەیە كە توانای پەرەپێدانی ئابووری لەو وڵاتە ئاسانتر دەبێت لە چاو دەوڵەتێك كە زەوییەكانی لەبار نەبێـت بۆ كشتوكاڵكردن.

شارەزایی هونەری

شارەزایی هەونەری و ڕادەی كەڵك وەرگرتن لە پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا بووە بە دیارترین هۆكار لە دیاریكردنی داهاتنی نەتەوە و خێرا پەرەسەندنی، چونكە ئەو لێكۆڵینەوانەی لە دەوڵەتە پێشكەوتووەكاندا ئەنجام دراون ئەوەیان دووپات كردۆتەوە كە وەبەرهێنان لە سەرمایەی مرۆییدا هۆكارێكە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنان و پەرەپێدانی ئابووری.

هەر بۆیە نزمی ئاستی شارەزایی هونەریی لەو گرفتە سەرەكییانەیە كە ڕووبەڕووی دەوڵەتە دواكەوتووەكان دەبێتەوە لە كاتی هەوڵدانیان بۆ زیادكردنی بەرهەم و بەرهەمداریی و بەرزكردنەوەی ئاستی گوزەرانی گەلەكانیان.

سەقامگیری ڕامیاری

ئەزموونی زۆربەی دەوڵەتە تازە پێگەیشتووەكان ئەوەیان سەلماندووە كە سەقامگیر نەبوونی باری ڕامیاری یەكێكە لەو هۆكارە گرنگانە كە دەبێـتە كۆسپ لەبەردەم پەرەسەندنی ئابوورییان و بێ هێزی و لاوازی هاندەر بۆ وەبەرهێنان. بە تایبەتیش لە كەرتی تایبەتی كە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنان و گەشەكردنی ئابووری.

ڕامیاری ئابووری

میری لە ڕێگەی ڕامیارییە ئابوورییەكانی (دارایی – نەختینەیی – بازرگانی) ڕۆڵێكی گرنگ لە زیادكردنی داهاتی نەتەوەیی و هاندان و ئاڕاستەكردنی وەبەرهێنان بۆ كەرتە جیاوازەكانی ئابووری دەبینێت كە لەگەڵ هێنانەدی ئاواتەكانی كۆمەڵگە و خۆشگوزەرانییاندا بگونجێت.

ئاستی خستنەگەڕی بنەماكانی بەرهەمهێنان

بەرهەمی نەتەوەیی كۆمەڵگە ناگاتە ئەوپەڕی قەبارەی بەرهەمهێنانی خۆی، ئەگەر ئاستی خستنەگەڕی هۆیەكانی بەرهەمهێنان كەتر بێت، لە ئاستی خستنەگەڕی تەواوەتی خۆی، ئەمەش مانای بەفیڕۆدان و فەوتاندنی دەرامەتە ئابوورییە ڕەخساوەكانە، كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی لەدەستدانی دەرفەتی پێشكەوتن و پەرەسەندنی ئابووری.


سەرچاوەکان



12779 بینین