هێستر

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-08-14:34:00 - کۆدی بابەت: 591
هێستر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هێستر (بە ئینگلیزی: Mule)، لە کۆمەڵەی مەمکدارەکاندا پۆلێندەکرێت، گیانەوەرێکە کە لە ئەنجامی یەکگرتنی ئەسپی مێینە و گوێدرێژی نێرینەوە دروست دەبێت، واتە جۆرێکی پەڕێنراوە نەک گیانەوەرێکی سروشتی، نشینگەکەی زۆرینەی وڵاتەکانی کیشوەرە جیاوازەکان دەگرێتەوە جگە لە بەستەڵکی باشوور، ئەمیش چونکە هێسترەکان بەرگەی ئەو پلە گەرمییە و کەشوهەوایە ناگرن کە لە بەستەڵەکدا هەیە، سەرەڕای ئەوەی گیانەوەرێکی دوو ڕەگە بەڵام جۆرێکی پەسەندە و خاڵە باشەکانی باوانەکانی وەرگرتووە لە ئەسپ بەهێزترە و لە گوێ درێژیش ڕێکتر و گونجاوترە، شێوازی ژیانکردن بە کۆمەڵە واتە هێسترەکان پێکەوە دەژین، هەروەها ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان لە نێوان ١٥-٢٠ ساڵ دەبێت.

شێوەی دەرەوەی

جەستەی هێستر بە کوڵک یان فەروویەکی کورت داپۆشراوە و دەکرێت چەند ڕەنگێکی جیاواز بێت وەک، ڕەساسی و قاوەیی یان ڕەش، یاخود دەتوانین بڵێین کە گوێدرێژ و ئەسپ هەر ڕەنگێک بن هێستریش دەتوانێت هەمان ئەو ڕەنگانە وەربگرێت، هەروەها هێستر دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ٢٤ کیلۆمەتر ببڕێت، قەبارەی لە گوێدرێژ گەورەترە بەڵام لە جوان ماین بچووکترە، بچووکی و ئەستووری سەری هاوشێوەی گوێدرێژە و گوێچکەکانیشی درێژترن لە هی ئەسپەکان، بەڵام هێشتا لە گوێچکەی گوێدرێژەکان کورتترن، بەرزییەکەی لە نێوان ١٧٨-٢٣٠ سانتیمەتر دەبێت، کێشی لە نێوان ٢٧٢-٦٨٠ کیلۆگرام دەبێت.

خۆراک

هێستر گیانەوەرێکی گیاخۆرە، هەریەک لە گژوگیا و حەشیش و سەوزەکان دەخوات، ئەمەش واتای ئەوەیە کە خۆراکەکەی هاوشێوەی دوو باوانە بنەڕەتییەکەیەتی، ئەگەر لە ڕۆژێکدا هێسترێک کاری پێنەکرێت ئەوا زۆرینەی کاتەکانی بە گەڕان بە دوای خۆراک و پشوودانەوە بەسەر دەبات، هەروەها هێستریش دەبێت بە ژەمی خۆراکی گیانەوەری دڕندەی وەک گورگ و شێرەکان، بەڵام لەبەر ئەوەی ماڵییە و جێگەی پاراستنی بۆ دابیندەکرێت، بۆیە دەکرێت تاکە هۆکاری مەترسی و مردنی تووشبوونی بێت بە نەخۆشی بەتایبەتی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی

کاتێک مرۆڤەکان هەوڵی پەڕاندنی گوێدرێژ و ئەسپیان داوە، ئامانجیان بەرهەمێک بووە کە هاوشێوەی گوێدرێژ بەهێز بێت بەڵام هێمنتر، ئەنجامەکەش لە ئەوە باشتر بوو کە چاوەڕێ بوون چونکە هێستر بەهێز و بەئارامە هەروەها هێمنییەکەشی بە شێوەیەکی گشتی هاوسەنگە، زۆرینەی جۆرەکانی تەمەنیان ٣٠ ساڵە بەڵام دەکرێت هەندێکیان بگەنە ٤٠ ساڵی تەمەنیان، هەروەها هێستر گیانەوەرێکی نەزۆکە و توانای زۆربوونی نییە، واتە ناتوانێت هێسترێک یەکگرتن لەگەڵ هێسترێکی تر بکات هەتا بێچوویەکیان ببێت، کە خۆی هەر لە بنەڕەتدا جۆرێک گیانەوەر نییە و دروستکراوە.


سەرچاوەکان



2346 بینین