تایبەتمەندی فەلەکی زەوی

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2020-12-06-00:30:00 - کۆدی بابەت: 603
تایبەتمەندی فەلەکی زەوی

ناوه‌ڕۆك

تایبەتمەندی فەلەکی زەوی

پەیوەندی نێوان خۆر و زەوی بە پەیوەندیەکی بەهێز دادەنرێت، خۆر سەرچاوەی سەرەکی وزەیە سەبارەت بە گۆی زەوی، سوڕانەوەی زەوی بەدەوری خۆردا بۆتە هۆی جیاوازی لەدابەشبوونی وزە و لەتایبەتمەندی سروشتی هەرێمەکان شوێنەکان لەسەر گۆی زەوی، ئەم بەشە تایبەتە بە باسکردنی تایبەتمەندە سەرەکیەکانی زەوی لەڕووی شێوەو ڕەهەندەوە(الشكل و الآبعاد)، وە تۆڕەکانی بازنەی پانی و هێڵەکانی درێژی، وە جوڵەی ڕۆژانەو ساڵانەی زەوی، کە دیاردەی سروشتی وجۆراوجۆر دروست دەکات.

(کۆمەڵەی خۆر)

سیستەمی خۆر پێکدێت لە هەسارە و مانگ و هەسارۆکە و کلکدارەکان و نەیزەکەکان و گەرد و خۆڵ و
گازەکان، وە لە ئەستێرەیەکی ناوەندی، کە سەرجەم ئەو شتانە بە دەوریدا دەسوڕێنەوە و ئەویش بریتیە لە(خۆر)، خۆر قەبارەیەکی زۆر گەورەی هەیە، کە دەگاتە
نزیکەی(٩٩٪)ی بارستەی کۆمەڵەی خۆر، بەهۆی کارلێکە هایدرۆجینیە ئەتۆمیەکانەوە پلەی گەرمی زۆر بەرزە و لەسەر ڕووی خۆردا دەگاتە نزیکەی (٦٠٠٠)س، بەڵام ئەم پلە گەرمییە لە بەشەکانی ناوەوەی خۆردا (کرۆک)زیاتر دەبێت و دەگاتە نزیکەی (١٥ملیۆن)، زەوی یەکێکە لە ٩ هەسارە شوێنکەوتوەکەی خۆر، هەسارەکان لە تایبەتمەندی سروشتیاندا جیاوازن،


‌ شێوەی زەوی و شوێنکەوتەکانی

زەوی یەکێکە لەو هەسارانەی کە بەدەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، وە لە زەمەنی کۆنەوە ئەوە سەلمێنراوە کە
زەوی خڕە، بەڵگەش لەسەر ئەمە ئەوەیە کە:

١)کەشتیەکان لەکاتی ڕۆشتنیان بەناو ڕوبەرە ئاویەکاندا تا لەبەندەرەکان دوربکەونەوە بەشێوەیەکی پلە پلە (تدریجی)ون دەبن وەک شێوەی(١-ب)دا دەردەکەوێت.

٢)دەرکەوتنی سێبەری زەوی لەسەر مانگ بەشێوەی خڕ(چەماوە) لەکاتی ڕوودانی دیاردەی مانگ گیران و وەک زیادبوونی بەرزی ئاسۆی ئەستێرەکان بەرەو ئاڕاستەی جەمسەرەکان،هەموو ئەم دیاردانە ڕوونادەن ئەگەر بێتو رووی زەوی خڕ نەبێت.

سوارگە ئاسمانیەکان(کەشتیە ئاسمانیەکان) لە ڕێگەی وێنەکانیانەوە سەلماندویانە کە زەوی خڕە، وە هەروەها پێوەرەکان بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە زەوی به تەواوی خڕ
نیە، بەڵکو قوپاویەکی کەم هەیه لە ناوچەی یەکسانیدا،
تیرەی زەوی لە ناوچەی یەکسانی(١٢٧٥٦ کم) ە وە لە تیرەی جەمسەری زەوی کە (١٢٧١٤ کم)، بەنزیکەی (٤٢ کم).
، لەوڕوەوە دەتوانین بڵێین کە چێوەی زەوی لە ناوچە یەکسانی نزیکەی(٤٠٠٧٥ کم).

جیاوازیەکی کەم بەدیدەکرێت لە هێزی کێشکردنی زەوی لە ناوەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە، ئەمەش بەهۆی جیاوازی لەدرێژی نیوە تیرەی زەوی، کێشکردنی زەوی زۆر بەهێزە لە سەنتەری زەویدا، وە لەبەرئەوەی جیاوازی کێشکردنەکان کەمە، بۆیە ڕێژەیەکی نەگۆڕ بۆ ئەم هێزە دانراوە، کە (٩٫٨ م/س٢) کێشکردن گرنگی گەورەی لە بوارە جیاوازەکاندا هەیە و کاریگەری هەیە لەسەر هۆکارە سروشتیەکان بە ڕێگەو شێوەی جیاواز، ئەم کێشکردنە بەرپرسە لە ڕیزبەندکردنی شتەکان(مادەکان) بەپێی چڕیان، مادە چڕی زۆرەکان دەکەونە بەشی خوارەوە و چڕی کەمەکان دەکەونە بەشی سەرەوە، هەوا و ئاو و بەرد بەپێی چڕیان ئەو ڕیزبەندیەیان وەرگرتووە لەسەرەوە بۆ خوارەوە، وە مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک و دامەزراوە مرۆییەکان بەهۆی کێشکردنەوە لەسەر ڕووی زەوی ماونەتەوە.


سەرچاوەکان

66 بینین