زانست چییه‌؟

له‌لایه‌ن: ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-01-12-21:40:00 - کۆدی بابەت: 1294
زانست چییه‌؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی زانست

زانست مەبەست لێی توێژینەوە و خوێندنەوەی دنیای ماددی و سروشتییە لە ڕێگەی تاقیکردنەوە و تێڕامان و تێبینی کردنەوە، کە دەکرێت تاقی بکرێتەوە و لێی بکۆڵرێتەوە لە ڕێگەی بە دواداچوونی زیاتردا، بە دواداچوونیش بریتییە لە چاودێریکردنێکی ڕێکخراوی ڕووداو و بار و دۆخەکان، بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان، وە دانانی گریمانە، و یاساکان لەسەر بنەمای ئەو ئامارانەی کە کۆکراونەتەوە، بۆیە زانست بریتییە لە بناغەی ماددیی و ڕێکخراوی مەعریفەتی وەرگیراو لە تێبینی و تێڕامانەکان.

مێژووی زانست

لە دێر زەمانەوە مرۆڤ حەزی بە گەڕان و زانین و تێبینی کردووە، وە هەمیشە پێویتسی بە زانینی شێوازی کارکردنی شتەکان بووە. بۆ بە گرێدانی بینین و تێبینی و پێشبینییەکان، لە چاخەکانی پێش مێژووەوە مرۆڤ بە گرنگیدانی بە زانستی گەردوون ناسراوە، وە هەوڵی داوە گۆڕانە وەرزییەکان لە شوێنی ئەستێرە و مانگ و خۆردا درک پێ بکات، لە ٤٠٠٠ ساڵ پێش زاین، دانیشتوانی وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە پێیان وابووە کە زەوی سەنتەری گەردوونە، وە تەنە ئاسمانییەکان دەسوڕێنەوە بە دەوریدا، بەڵام گرنگیپێدانی مرۆڤ بە زانست تەنها لە زانستی گەردوونناسیدا کورت نەبوبوویەوە، بەڵکو گەیشتە زانستەکانی کانزا و دەرمان لە سەر بنەمای تێبینی و ئەزموون، زانایانی ئەو سەردەمە دەستیان کرد بە بەرەو پێش بردنی دەرهێنانی کانزاکان بەڵام بەبێ تێگەیشتنیان لە زانستە پەیوەندیدارەکان لەگەڵیدا، کە سەرەتای دەرهێنانی ئاسن و دەسپێکی چاخی ئاسنین بوو، هەروەها دەرهێنانی مس و فافۆن- کە بوویە سەرهەڵدانی چاخی بڕۆنزی- کە بنەمای پشت پێ بەستن و تێگەیشتنیان بریتی بوو لە هەوڵ و هەڵە کردن لەو کار و هەڵکەندنانەیان، لە پاڵ ئەوەشدا، مرۆڤ هەر زوو هەستاوە بە بەکارهێنانی هەندێ ڕووەک بۆ چارەسەر کردنی هەندێ لە نەخۆشییەکان.

وە شایەنی باسە کە یەکەم کەسانێک کە هەوڵیان دابێت گریمانە دانێن لە سەر بنەمای تێبینییەکانیان بریتین بوون لە گریکییەکان، کە لە نێویاندا (فیساگۆرس)، و (ئەفلاتوون)، و (ئەرستۆ) هەبوون، وە هەروەها زۆرێک لە دانیشتوانی زەوی ڕۆڵی باشیان هەبووە لە گەیاندنی زانست بە هەموو خەڵکی، هەر وەک چۆن لە هیند و چین و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای باشوور ڕووی داوە، مرۆڤ هەستا بە دروست کردنی باروت، وە سابوون، وە وەرەقە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێشکەوتنی زانستیی زۆر خاو بووە هەتا سەدەی شانزەی زایینی، کە زانای گەردوون کۆپەرنیکۆس شۆڕشێکی بەرپا کرد لە چۆنییەتی تەماشا کردنی خەڵک بۆ گەردوون، وە هەروەها زانا هارڤی بیرۆکەکانی خۆی خستە ڕوو لە بارەی چۆنییەتی هاتوچۆی خوێن و گواستنەوەی بۆ بەشەکانی لەش.

زانستی نوێ لە سەدەی حەڤدە لەدایک بوو، کاتێک مرۆڤ دەستی کرد بە گەڕان لە دنیادا لە ڕێگەی ئامێر و ئامرازەکان، وەک میکرۆسکۆب، وە تەلیسکۆب، وە کاتژمێر و ئامێری پێوانەکردنی پەستانی هەوا (بارۆمەتر)، وە زانایان دەستیان کرد بە خستنە ڕووی یاسا زانستییەکان، بۆ لێکدانەوە و تەفسیری  دیاردە و ڕووداوەکان وەک کێشکردنی زەوی، هەروەها لە سەدەی هەژدەدا پەرە درا بە بنەماکانی زانستی زیندەزانی و کیمیا کە ئەو سەدەیە بە سەدەی ڕووناککردنەوە دەناسرێت، وە سەدەی نۆزدەش شاهێدی هەوڵگەلێکی زۆر و مەزن بوو لە لایەن چەندین لە زاناکانەوە، لە نێوانیاندا زانای کیمیا جۆن داڵتۆن، کە هەستا بە پەرەپێدانی  گریمانەی گەردیلەیی ماددە، وە هەردوو زانا مایکڵ فارادی و جەیمس ماکسوێل هەستان بە پێشکەشکردنی کۆمەڵە بیردۆزێک دەربارەی کارەبا و موگناتیس، هەروەها سەدەی پێشوو (سەدەی بیست) کۆمەڵە دۆزینەوەیەکی زۆری لە خۆ گرت، وەک: بیردۆزی ڕێژە، وە میکانیکی ڕێژەیی، وە دەگوترێت کە هەموو ئەم دۆزینەوە و پێشکەوتنانە وای لە زانایان کرد کە شێوازی تێڕامان و بیرکردنەوەیان بگۆڕن و بە بە شێوەیەکی نوێ لە گەردوون بڕوانن.

گرنگیی زانست

زانست بە مەزنترین هەوڵی بە کۆمەڵ دادەنرێت کە مرۆڤ پیی هەڵدەستێت، چونکە گرنگیی زانست لە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە شێوازی کارکردنی شتەکانی دەوروو بەرە، تەنها بۆ سوود لێ بینین نا، بۆیە زانست ئاسانکاری دەکات لە گرەنتی کردنی ژیانێکی تەندروستی درێژ خایەن، وە وای لێ دەکات بە چێژ تر بێت لە ڕێگەی وەرزش کردن، و گوێگرتن لەمیوزیک، وە خۆشگوزەرانی و ئامرازەکانی پەیوەندی کردن، لە پاڵ ئەمانەشدا چارەسەر دابین دەکات و دەرمانی چەندین نەخۆشی دەدۆزێتەوە، و یارمەتیدەرە لە کەمکرنەوەی ئازارەکان، وە پێداویستییە سەرەکییەکان دابین دەکات، لە نێوانیاندا ئاو و خۆراک، لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، زانست خۆراکی ڕۆحە، زانست لە گرنگترین ڕێچکەکانی مەعریفەیە و یارمەتیدەرە لە وەڵامدانەوەی نهێنییە گەورەکانی گەردوون، هەروەها کۆمەڵە کارێکی جۆراوجۆر دەخاتە ڕوو لە خزمەتی کۆمەڵگەکان لە نێویاندا باشترکردنی کوالێتی فێربوون و ژیان و وەدەست خستنی مەعریفە و زانست، لەگەڵ یارمەتی دانی چاودێری کردنی ژینگە، بۆ هێشتنەوەی ژیانی گیانلەبەرەکان بە سەلامەتی.

لقەکانی زانست

زانست دابەش دەکرێت بە پشت بەستن بەو بوارانەی کە کاری لەسەر دەکات کە بریتین لە سێ بەشی سەرەکی، ئەوانیش:

  • زانستە سادەکان: کار لەسەر تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان بڕ و ژمارەکان دەکات، نموونە بۆ ئەوانەش زانستەکانی بیرکاری و ئامار.
  • زانستە کۆمەڵایەتییەکان: خوێندنی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤ لە خۆ دەگرێت بە پشت بەستن بە خوو و زانست و لۆجیک، نموونە لەسەر ئەمەش زانستی کۆمەڵایەتییە، وە زانستە سیاسییەکان، وە زانستی ئابوری، وە زانستی جوگرافیا.
  • زانستە سروشتییەکان: هەروەها  پێشیان دەگوترێ زانستە سەرەتاییەکان، کە توێژینەوەی ڕاستییە سروشتیەکان لە خۆ دەگرێت بە پشت بەستن بە سیفەتی تویژینەوەکە، وە زاستە سروشتییەکان دابەش دەبن بۆ دوو جۆر، ئەوانیش:

    -زانستە فیزیاییەکان: کە ئامانجی بریتییە لە خوێندنەوەی بوونەوەرە نا زیندووەکان و ئەو دیاردە سروشتییانەی کە کۆمەڵە یاسایەک کۆنترۆڵیان دەکەن، نموونەش لەسەر ئەم زانستانە لە فیزیا، وە کیمیا و زانستی زەوی ناسی (جیۆلۆجی)، وە گەردوون و چاودێری کردنی کەش و کانزاناسی ـیە.
    - زانستە بایۆلۆجییەکان: توێژینەوە لەسەر بوونەوەرە زیندووەکان لە خۆ دەگرێت.

ئامانجەکانی زانست

زانست ئامانج گەلێکی زۆری هەن کە لە سێ خاڵ دا خۆ دەبیننەوە، ئەوانیش؛

  • وەسف: وەسف ئامانجی سەرەکیی و یەکەمی زانست لە خۆ دەگرێت، کە ئەمە دێتە دی لە ڕێی تێبینی کردنی زۆر ورد، نموونە بۆ ئەمەش دیاریکردنی بابەتێکی دیاری کراو بۆ تێگەیشتن لێی، وە گەڕان تیایدا، وە گەڕانەوە بۆ ئەزموونەکانی پێشوو لەو بابەتەدا، وە پشکنین لە نموونەکانی، وە شیکارکردنی، پاشان گەیشتن بە ئەنجامێک.
  • پێشبینی کردن: پێشبینی کردن بە ئامانجی دووەمی زانست دادەنرێت، کە هەڵدەستێت بە چاودێری کردنی هەڵسووکەوت و ڕووداو پێوەندیدارەکان بە یەکتر بە شێوەیەکی ڕێکخراو، بۆ بەکارهێنانی بەکارهێنانی زانیارییەکان و پێشبینی کردنی ئەوەی کە ئایا ڕووداوێک یان هەڵسوکەوتێکی دیاری کراو ڕوودەدات لە حاڵەتێکی دیاری کراودا.
  • شیکردنەوە و روونکردنەوە: شیکردنەوە و ڕوونکردنەوە بە کۆتا ئامانجی زانست دادەنرێت، کە دیاریکردنی هەڵسوکەوت و ڕووداوەکان لە خۆ دەگرێت،  بۆ تێگەیشتن لەو ڕێگا و میکانیزمانەی کە لەوانەیە چارەسەر بۆ ڕووداو و هەڵسوکەوتەکان بێننە دی.

تایبەتمەندییەکانی زانست

زانست لەسەر بنەمای ڕێگە کردارییەکان بۆ کۆکردنەوەی ئامارەکان بنیاد دەنرێت، و توانای بیناد نانی بیردۆز و پەرەپێدانی هەبێ، لەگەڵ ئەوەی کە جیاوازی هەیە لە هەندێ ڕیگای کرداری بە پێی ئەو بواری کاری تێدا دەکەیت، بەڵام لە چەند خاڵێکدا هاوبەشن، کە تایبەتمەندییە سەرەکییەکان بە زانستێک دەبەخشن:

  • تێبینی کردنی ئەزموونیی: زانست پشت بە تێبینی کردنی ڕاستەخۆ بۆ دنیا دەبەستێت، لەبەر ئەوە هەر بیردۆزێک ڕەت دەکاتەوە کە لەگەڵ ڕاستییە هەست پێ کراوەکاندا یەک نەگرێت، بەڵام ئەمە ناچەسپێت بەسەر ئەو بوارە زانستییانەی کە پشت بە هۆکارێکی نەبینراو دەبەستێت، یان پشت بە سۆز دەبەستێت، یان هەر یەک لە هۆکارە تایبەتەکان.
  • ئەو تاقیکردنەوانەی کە دەکرێ دووبارە ببنەوە: زانست بەوە جیا دەکرێتەوە کە تاقیکردنەوەکانی دەکرێ دووبارە بکرێنەوە، بەو مانایەی کە هەر کەسێک تاقیکردنەوەیەک دووبارە بکاتەوە هەمان ئەنجامی بۆ دەردەچێت کە زاناکە دەستی کەوتووە، ئەوەمان لە بەرچاو بێت کە زاناکە پێویستە شێوازی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکەی خستبێتە ڕوو کە بووەتە هۆی دەسکەوتنی ئەو ئەنجامە، بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بتوانێت هەمان تاقیکردنەوە ئەنجام بداتەوە دوای وەرگرتنی ڕاهێنانی پێویست، بەڵام ئەمە دەکرێت یەک نەگرێتەوە لەگەڵ تاقیکردنەوە شاز و بە بەهاکانی کەسێکی دیاری کراو یان گروپێکی دیاری کراو.
  • ئەنجامە کاتییەکان: مەبەست لەمە بریتییە لەوەی کە ئەو ئەنجامانەی کە دەستدەکەون بە  پشت بەستن بە ڕێسا و یاسایەکی زانستی بۆ ماوەیەکی کاتی، بۆیە پێویستیە لەسەر زاناکان کە توانای مشتومڕ و گفتوگۆیان هەبێت، وە بتوانن بابەت بخەنە ڕوو و بپرسن و بکەونە گومانەوە ئەگەر زانیاریی نوێ سەری هەڵدا کە لەوانەیە دژ بە بیردۆزەکانیان بێت و پێویست بکات دەستکاری بکەن، نموونە لەسەر ئەوەش ڕەتکردنەوەی بیردۆزی هەبوونی پێکهاتەی گڕگرتووی ئاگرە لە نێو ئاگردا کاتێک بەڵگە لە دژی هاتە کایەوە.
  • ڕاشکاوی: زانست پشت بە ڕێگە و شێوازی گەڕانی دەبەستێت لەسەر ڕاستییەکان و بەڵگە بەردەستەکان لە جیهاندا وەک خۆی، نەک بە بیر و ڕا و ویستەکان، لەگەڵ ئەوەشدا زاناکان هەوڵ دەدەن هەر مەیل و بیرێکی تایبەتی خۆیان لادەن لە کاتی توێژینەوەکانیاندا.
  • چاودێریی بەرنامەدار: مەبەست لەمە ئەوەیە کە زانست پشت بە توێژینەوەگەلێکی تایبەت و داڕێژراو بە وردیی دەبەستێت، نەک تێبینیگەلێکی هەڕەمەکی و نا ڕێک، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، زانست دەکرێ لە تێبینی هەڕەمەکییەوە دەست پێ بکات، ئیسحاق امیسۆڤ دەڵێت: '' دەستەواژەی زۆر گرنگ بریتیی نییە لە دۆزیمەوە، بەڵکو بریتییە لە (ئەمە پێکەنیناویە)، چونکە دوای ئەوەی مرۆڤ تێبینی شتێکی پێکەنیناوی و خۆش دەکات ئەوسا دەست دەکات بە پشکنین و تێبینی کردنی بە شێوەیەکی ڕێکخراو.''.


سەرچاوەکان

2648 بینین