خالید مەشعەل

له‌لایه‌ن: - محمد بهاءالدین - به‌روار: 2021-01-14-23:21:00 - کۆدی بابەت: 1341
خالید مەشعەل

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خالید عبدوالرحیم ئیسمائیل عبدوالقادر مشعل ناسراو بە "ئەبو وەلید" لەدایکبووی (28/5/1956)، سیاسیەکی فەلەستینییە، و یەکێکە لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی بەرەنگاری ئیسلامی "حەماس". لەساڵی 1996 بووەتە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس تاوەکو مانگی پێنجی ساڵی 2017 لەپۆستەکەی بەردەوام بووە، خالید مەشعەل و بزووتنەوەی حەماس وێنای بەرەنگاری و هەوڵ و کۆشش دەکەن بۆ ئازادکردنی خاکی فەلەستین لەژێر دەستی ئیسرائیل، لەهەمان کاتدا خالید مەشعەل هەموو ژیانی بۆ ئازادکردنی فەلەستین تەرخان کردووە.

زانیاری کەسی

ناو: خالد مشعل

لەدایکبوون: 28/5/1956 سلواد_رامەڵا

تەمەن: 64 ساڵ

رەگەزنامە: فەلەستین، ئوردون

ئایین: موسڵمان-سوننی

منداڵ: حەوت - سێ کچ و چوار کوڕ.

 

ژیانی زانستی

بڕوانامە: (زانکۆی کوەیت) بەکالۆریۆس لەزانستی فیزیا

پیشە: سیاسی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بووە، بۆ ماوەی 21ساڵ سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماس بووە

پارت: بزووتنەوەی بەرەنگاری ئیسلامی (حەماس)

زمان: عەرەبی.

 

ژیاننامە

خالد مشعەل لە28/5/1956 لەگوندی "سلواد" لەپارێزگای رامەڵا لەفەلەستین لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی لەوێ دەخوێنێت، لەساڵی 1967 لەگەڵ خێزانەکەی کۆچ دەکەن بۆ کوەیت، خوێندنی ناوەندی و دواناوەندی لەکوەیت تەواو دەکات. هەروەها بەکالۆریۆس لەزانستی فیزیا لەزانکۆی کوەیت بەدەست دەهێنێت.
زانکۆی کوەیت لەحەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا وێنای دەیان ئایدۆلۆژیای عەرەبی بەگشتی و کێشەی فەلەستینی بەتایبەتی دەکرد، بۆیە زانکۆی کوەیت کاریگەری تەواوی لەسەر خوێندکارانی دروست کردبوو.
خالد مشعەل لەکاتی خوێندنی زانکۆیدا سەرکردایەتی "بزووتنەوەی ئیسلامی-فەلەستینی" دەکات لەزانکۆی کوەیت، بەشداربووە لە دامەزراندنی کوتلەی "حەقی ئیسلامی" کەڕکابەری بزووتنەوەی فەتحی دەکرد بۆ سەرکردایەتی کردنی یەکێتی گشتی قوتابیانی فەلەستین لە کوەیت.
خالد مشعەل لەساڵی 1978 زانکۆ تەواودەکات و تاوەکو بەجێهێشتنی کوەیت لەساڵی 1991 کاری مامۆستایەتی فیزیا دەکات لەکوەیت، لەساڵی 1980 هاوسەرگیری دەکات خاوەنی حەوت منداڵە، سێ کچ و چوار کوڕ.
خالد مشعەل خاوەنی بڕوانامەی (حفص عن عاص)ە لەقورئانی پیرۆزدا.
خالد مشعەل لەتەمەنی لاویەتیدا بەشێک لەقورئانی پیرۆز لەبەردەکات، لەقۆناغی دواناوەندیدا یاساکانی تەجوید لەسەر دەستی شێخ محمد عبدوالرحمن(یەکێک لەزانایانی ئەزهەر تەواو دەکات) لەسەرەتای خوێندنی زانکۆدا سورەتی (البقرە)لەماوەی دوو هەفتەدا لەبەردەکات، پاشان سورەتی (آل عمران) لەدە ڕۆژدا لەبەردەکات. بەڵام بەهۆی سەرقاڵییەوە لەزانکۆ نەیتوانی تەواوی قورئانی پیرۆز لەبەربکات، بەڵام پاش ئەوەی ساڵی 2001 ڕوودەکاتە وڵاتی سوریا لەوێ لەسەر دەستی زانایانی سوریا توانی تەواوی قورئانی پیرۆز لەبەربکات.

لەساڵی 1991 لەدوای هێرشی عێراق بۆسەر کوەیت لەگەڵ خێزانەکەی ڕوودەکەنە وڵاتی ئوردون و لەوێ تاوەکو ساڵی 1999دەمێننەوە، و لەساڵی 1999 وڵاتی ئوردون بەرەو قەتەر جێدەهێڵێت.

پاشان لەساڵی 2001 ڕوودەکاتە وڵاتی سوریا و تاوەکو ساڵی 2011 لەوێ دەمێنێتەوە، بەهۆی پشتگیری بزووتنەوەی حەماس بۆ شۆڕشی سوریا و جیهانی عەرەبی لەساڵی 2011 بارەگاکانی بزووتنەوەی حەماس لەدیمەشق دادەخرێن و بۆجارێکی دیکە خالد مشعەل لەساڵی 2012 دەگەڕێتەوە وڵاتی قەتەر.

 

پەیوەندی کردنی بەبزووتنەوەی حەماسەوە

خالد مشعەل لەساڵی 1971 پەیوەندی کرد بە رێکخستنەکانی ئیخوان موسلیمین-فەلەستین ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا لەپەیوەندی کردنی هەزاران کەس بەرێکخستنەکانی یخوان موسلیمین-فەلەستین.
خالد مشعەل یەکێکە لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی بەرەنگاری ئیسلامی-حەماس کەلەساڵی 1987 لەسەر دەستی شێخ ئەحمەد یاسین دامەزراوە. لەساڵی 1987 و لەسەرەتای دامەزراندنی بزووتنەوەی حەماس بووەتە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس، لەساڵی 1996 بووەتە سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماس.
لەساڵی 2004 دوای تیرۆرکردنی شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری بزووتنەوەی حەماس و جێگری بزووتنەوەکە دکتۆر عبدوالعزیز رنتیسی، خالد مشعەل بووە سەرۆکی بزووتنەوەی حەماس.
لەساڵی 1996 تاوەکو مانگی پێنجی 2017 لەپۆستی سەرۆکی مەکتەب سیاسی بزووتنەوەی حەماس بەردەوام بووە.

هەوڵی تیرۆرکردنی لەلایەن مۆسادەوە

لە 25/11/1997 لەلایان دەزگای مۆسادی ئیسرائیلییەوە بەئاراستەکردنی راستەوخۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ لەئەردەن هەوڵی تیرۆرکردنی خالد مشعەل درا بەڵام دوای ئاشکرابوونی ئەو هەوڵە لەلایان دەسەڵاتدارانی ئوردنەوە و شکستپێهێنانی لەئەنجامی ئەو هەوڵە شکست خواردووەدا شێخ ئەحمەد یاسین دامەزرێنەری بزووتنەوەی حەماس لەلایان ئیسرائیلەوە ئازادکرا هەوڵی تیرۆرکردنی خالد مشعەل بووە تۆمارکردنی دەستکەوتێک بۆ بزووتنەوەی حەماس بەئازادکردنی شێخ ئەحمەد یاسین.


گەڕانەوەی بۆ خاکی فەلەستین

بۆیەکەمجار لەساڵی 7/11/2012 خالد مشعەل سەردانی غەززەی کردەوە لەدوای کۆچکردنی لەفەلەستینەوە بۆ وڵاتی کوەیت لەتەمەنی 11 ساڵیدا، ئەم سەردانەی مشعەل بەیەکەم سەردان دادەنرێت بۆخاکی فەلەستین، لەسەردانەکەیدا لەلایان سەرکردە و بەرپرسانی فەلەستینی و حەماس و عەشایەریی و جەماوەرێکی زۆری فەلەستینییەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.
سامی ئەبوزەهری وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس لەکاتی گەڕانەوەی مشعەل رایگەیاند: ئەم سەردانەی مشعەل بەرهەمی ئەو سەرکەوتن و خۆڕاگرییەیە کەبەرامبەر ئیسرائیلی داگیرکەر بەدەستمان هێناوە.


سەرچاوەکان



1681 بینین