بەردی گورچیلە

له‌لایه‌ن: - محمد ادریس محمد ادریس - به‌روار: 2021-01-27-19:42:00 - کۆدی بابەت: 1694
بەردی گورچیلە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەردی گورچیلە (بە عەرەبی: حصى الكلى، بە ئینگلیزی: Nephrolithiasis) بریتییە لە نیشتوونی رەق و بچووكی كانزایی و خوێی ترشی لە بەشی ناوەوەی گورچیلەكان. بە شێوەیەكی ئاسایی ئەو ماددانەی كە دەبنە هۆی دروست كردنی بەردی گوڕچیلە ڕوون دەبن لە میزدا. بەڵام كاتێك میز چڕ دەبێتەوە، ئەو كات كانزاكان دەبن بە كریستاڵ و بەیەكەوە دەنوسێن و ڕەق دەبن، ئەنجامەكەی دروست بوونی بەردی گورچیلەیە، زۆربەی بەردە گورچیلەیيەكان لە ماددەی کالیسیۆم پێكهاتوون.

هۆكارەكانی

كاتێك پێكهاتەكانی ناو میز (شلە و چەندین جۆری كانزا و كریستاڵ و ترشەكان) لە هاوسەنگی لادەدەن، ڕێگا بۆ درووستبوونی بەردی گورچیلە خۆشدەبێت. هەندێك پاڵنەری ديكه ئەگەری دروستبوونی بەردی گورچیلە زیاد دەكەن، لەوانە:
١- لەهەندێ بنەماڵەكاندا زۆرتر بەردی گورچیلە دەبینرێت بەهۆی هۆكارە بۆماوەییەكانەوە.
٢- هەندێك جار هیچ هۆكارێكی دیار نادۆزرێتەوە.
٣- کەم خواردنەوەی شلە وادەكات میز چڕببێتەوە، بەمەش مەترسی دروست بوونی بەردی گورچیلە زیاتر دەبێت.
٤ـ زۆر خواردنی سپیناخ، ڕێواز، فستەق، گوێز، چا، قاوە هەندێكجار دەبنە هۆكار بۆ توشبوون بە بەردی گورچیلە.
٥ـ زۆر خواردنی گۆشتی سوور هۆكارێكە بۆ دروستبوونی بەردی جۆری ئۆكسیدی یۆریا.
٦- بەكارهێنانی بڕێكی زۆر ڤیتامین C زیاتر لە ١٠٠٠ ملیگرام لە ڕۆژێكدا لەوانەیە ببێتە هۆكاری زیادبوونی بەردی گورچیلە.
٧- جۆرێكی تر لە بەردی گورچیلە ناوی بەردی سترۆیتیە كە لە هەوكردنی میزدا دەبینرێت و ژنان زۆرتر دووچاری دەبن.

نیشانەكانی

تاكو بەردی گوڕچیلە نەجووڵێت و نەیەتە خوارەوە ئەوا ئەستەمە هەست بە ‌بوونی بكرێت. كاتێك دەجووڵێت لەوانەیە ئەم نیشانانەی خوارەوە رووبدەن؛

  • ئازار لە تەنیشتەكانی پشت "كەلەكە" و خوار پەراسووەكان.
  • گۆڕان لە توندی ژانەكە، لەوانەیە بۆ ٢٠ خولەك تاكو ٦٠ خولەك بخایەنێت.
  • ژانەكە لە پشتەوە دەداتەوە بەشی خوارەوەی سك و بنی سك.
  • بوونی خوێن لەناو میز یا لێڵ بوونی میز و گۆڕانی ڕەنگی میز.
  • ئازار لە كاتی میزكردن.
  • هێڵنجدان و ڕشانەوە.
  • تا و لەرز و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش.

خۆپاراستن

گۆڕانكاری لە ژیانی رۆژانە؛ زۆر خواردنەوەی ئاو، زیاتر لە ١٤ پەرداخ ئاو یا ٣،٣ لیتر لە شلەمەنی. لە كەش و هەوای گەرم پێویستە زیاتریش بخوورێتەوە. ئاو باشترین شلەیە بۆ خواردنەوە، هەروەها رۆژانه خواردنەوەی پەرداخێك لە شەربەتی لیمۆی سروشتی خۆت دروستی بكە مەترسی دروست بوونی بەردی گورچیلە كەم دەكاتەوە، بەڵام خۆت دووربگرە لە خواردنەوە‌ى شەربەتی پاودەری لیمۆ.

چارەسەر

ئەگەر بە گۆڕینی ستایلی ژیان بەردەكە دانەبەزی، ئەوا پزیشك بیر لە پێدانی دەرمان، یان شكاندنی بەردەكە بە لێدانی شەپۆل و تیشكی تایبەتمەند یان دەرهێنانی بە هەناوبین دەكاتەوە و هەندێكجار پێویست بە نەشتەرگەری كراوەش دەكات.


سەرچاوەکان



3425 بینین