ناوهڕۆك
ناساندن
لەکارکەوتنی گورچیلە (بە عەرەبی: الفشل الكلوي، بە ئینگلیزی: Renal failure)، هەندێک جار گورچیلەکان توانای پاڵاوتن و پاککردنەوەی خوێنیان نامێنێت و دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی پاشماوەکان. ئەمەش بە لەکارکەوتنی گورچیلە یان (سستبوونی گورچیلە) ناسراوە. ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەگەری هەیە ببێتە هۆی مردن.
گورچیلەکان چیین؟
گورچیلەکان دوو ئەندامی شێوە فاسۆلیان کە قەبارەی هەر یەکێکیان نزیکەی مشتێکە. دەکەوێتە خوارەوەی پەراسوو لە هەردوو لای بڕبڕەی پشت. گورچیلەیەکی تەندروست خوێن دەپاڵێوێت و پاشماوەکان لە ڕێگەی میزەوە دەکاتە دەرەوەی لەش. هەروەها ڕێژەی هەندێک توخم (وەک سۆدیۆم، پۆتاسیۆم و کالیسیۆم) لە خوێندا هاوسەنگ دەکەن، جگە لەوەش هۆرمۆن دروست دەکەن کە کۆنتڕۆڵی پەستانی خوێن و خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەکەن.
لەکارکەوتنی گورچیلە چییە؟
زۆرجار پێش ئەوەی گورچیلە لەکار بکەوێت، کەسەکە تووشی "نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە" (CKD) دەبێت. لەکارکەوتنی گورچیلە کاتێک ڕوودەدات کە گورچیلەکان وەک پێویست کارناکەن، تا ئەو ڕادەیەی گورچیلە پێویستی بە گۆرین دەبێ، ئەمەش دەتوانرێت بە جۆرە جیاوازەکانی شۆردنی گورچیلە یان بە چاندنی گورچیلە ئەنجام بدرێت. چەندین هۆکار لە پشت لەکارکەوتنی گورچیلەوە هەن، کە بریتین لە:
١- گورچیلە ئەوەندە خوێن بەدەست ناهێنێت کە بیپاڵێوێت
٢- زیانگەشتن بە گورچیلە بەهۆی هەندێ نەخۆشی وەک:
- نەخۆشی شەکرە
- بەرزە پەستانی خوێن
- گڵۆمێرولۆنێفرایتیس (زیانگەشتن بە فلتەرە بچووکەکانی گورچیلە)
- کیسی گورچیلە
٣- گیرانی گورچیلە بەهۆی بەردی گورچیلە یان برینداربوونی شانەکان (گیرانی یەک گورچیلە بەزۆری نابێتە هۆی لەکارکەوتنی گورچیلەکان چونکە گورچیلەکەی تر کاریگەری لەسەر نابێت، بەڵام گیرانی هەردوو گورچیلەکە دەتوانێت ببێتە هۆی حاڵەتێکی فریاگوزاری).
نیشانەکانی لەکارکەوتنی گورچیلە
زۆرجار نیشانەکانی CKD سووکن، لەوانەیە زۆر کەس توانای کارکردنی گورچیلەیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بوبێتەوە و ئاگاداری ئەوە نەبن. نیشانەکانی لەکارکەوتنی گورچیلە دەکرێت جیاواز بن بە پشتبەستن بە توندی، خێرایی و هۆکاری لەکاکەوتنی گورچیلە. دوو جۆری سەرەکی لەکارکەوتنی گورچیلە هەیە:
- کورتخایەن (لەناکاو)
- درێژخایەن (بە تێپەڕبوونی کات)
لەکارکەوتنی کورتخایەنی گورچیلە
لەکارکەوتنی کورتخایەنی گورچیلە زیاتر بە "برینداربوونی کورتخایەنی گورچیلە (AKI)" ناسراوە، کاتێک ڕوودەدات کە گورچیلەکان لە پڕ دەوەستن لە پاڵاوتنی خوێن. نیشانەکانی لەکارکەوتنی کورتخایەنی گورچیلە بریتین لە:
- ئاوسانی دەموچاو، دەست و قاچ (edema)
- خوێن بەربوونی ناوەکی
- شپرزەیی
- بورانەوە
- ئەنجامی نائاسایی پشکنینی خوێن و میز
- بەرزە پەستانی خوێن
نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە CKD
نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (پێشتر بە سستبوونی درێژخایەنی گورچیلە ناسرابوو – CRF)، ئەم نەخۆشییە بە هێواشی دروست دەبێت و زۆر بە کەمی نیشانەکانی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەدەردەکەوێت. نەخۆشێکی تووشبوو بە CKD لەوانەیە هیچ نیشانەیەکی نەبێت تاوەکو ئاستی کارکردنی گورچیلەی دادەبەزێت بۆ ٢٠٪ یان کەمتر. لەم قۆناغەدا دەکرێت ئەم نیشانانە دەربکەون:
- ئەنجامی نائاسایی پشکنینی خوێن و میز
- بەرزە پەستانی خوێن
- دابەزینی کێش بەبێ هۆکار
- کەمی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن (کەمخوێنی)
- هێڵنج
- ڕشانەوە
- هەستکردن بە تامی کانزا لە دەمدا
- لەدەستدانی ئارەزووی خواردن
- هەناسەتەنگی
- مێروولەکردن یان سربوون
- شپرزەیی
- بورانەوە
- شینبوونەوە بە ئاسانی
- خوران
- ماندوێتی
- چرچ و لۆچی ماسولکەکان و گرژبوون
- لاوازبوونی ئێسک کە بە ئاسانی دەشکێن
- خوران
- ئاوسانی دەست، قاچ و دەموچاو (edema)
- کێشەی خەوتن
هۆکارەکان
١- هەوکردنی کورتخایەنی گورچیلە (AKI) زۆرترین ئەگەری ڕوودانی هەیە لەگەڵ:
- کەمی ڕۆیشتنی خوێن (وەک دوای نەشتەرگەرییەکی ئاڵۆز یان ڕووداوێک)
- ئاوسانی گورچیلە (وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە دەرمانێک یان هەوکردن)
- گیرانی لەناکاو (بۆ نموونە بەردی گورچیلە)
- پەستانی خوێنی زۆر بەرز
لە کاتی هەبوونی AKI زۆرجار گورچیلە دەگەڕێتەوە باری ئاسایی یان نزیک لە ئاسایی دوای چارەسەرکردنی هۆکارەکەی.
٢- نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD) بریتییە لە لەدەستدانی هەمیشەیی توانای کارکردنی گورچیلە. باوترین هۆکارەکانی بریتین لە:
- بەرزە پەستانی خوێن
- هەوکردنی درێژخایەنی گڵۆمێرولۆنێفرایتیس (تێکچوونی گورچیلە)
- نەخۆشی شەکرە
- کیسی گورچیلە
- گیرانی بۆری میز
دەستنیشانکردن
بە گشتی کارکردنی گورچیلە بەپێی ئاستی پاڵاوتن دیاریدەکرێت. پاڵاوتنی خوێن بە مولوولە خوێنەکانی ناو گورچیلە کە پێیان دەوترێت "گڵۆمێرولای" ئەنجام دەدرێت. کەواتە تێکڕای کارکردنی گورچیلە پێی دەوترێت "ڕێژەی پاڵاوتنی گڵۆمێرولار" (GFR)، کە بە قەبارەی خوێنی فلتەرکراو لە خولەکێکدا (ملیلیتر/خولەک) دەپێورێت. ڕێژەی ئاسایی نزیکەی ١٠٠ ملیلیترە لە خولەکێکدا، بەڵام بەپێی تەمەن و ڕەگەز دەگۆڕێت. دەتوانرێت GFR بە (eGFR) بخەمڵێندرێت بە بەکارهێنانی فۆرمولە بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن، ڕەگەز و پشکنینی خوێن.
زۆرجار لەکارکەوتنی گورچیلە کاتێک پێی دەزانرێت کە ئاستی کریاتینین بەرز بێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی کارکردنی گورچیلە. کریاتینین لەلایەن ماسولکەکانەوە دروست دەکرێت. گورچیلەیەکی ئاسایی کریاتینین لە خوێن لادەبات و لە ڕێگەی میزەوە دەیکاتە دەرەوەی لەش. زیادبوونی کریاتینین لە خوێندا نیشانەیە بۆ ئەوەی گورچیلە وەک پێویست خوێن پاک ناکاتەوە. بەهۆی ئەم پشکنینەوە دەتوانرێت کێشەکانی گورچیلە دیاری بکرێت پێش ئەوەی نەخۆشەکە بارودۆخی خراپ ببێت.
- پشکنینی خوێن: پشکنینی خوێن دەریدەخات کە گورچیلەکانت چەندە بە باشی پاشماوەکانی خوێن دەکەنە دەرەوەی لەش وەک کریاتینین.
- پشکنینی میز: پشکنینی میز پێکهاتەی تایبەت لە میزدا دەپێوێت، وەک پرۆتین یان خوێن.
- سۆنەر، MRI و CT urogram ڕێگە بە پزیشک دەدات سەیری گورچیلەکانت و ناوچەکانی دەوروبەری بکات بۆ دەستنیشانکردنی گیرانی گورچیلە یان هەر کێشەیەکی تر.
چارەسەرکردن
چارەسەری سستبوونی گورچیلە بەندە بە هۆکار و ڕادەی توندی نەخۆشییەکە، چارەسەری حاڵەتێکی پزیشکی درێژخایەن دەتوانێت پەرەسەندنی نەخۆشی گورچیلە خاو بکاتەوە. ئەگەر گورچیلەکانت وردە وردە وەستان لە کارکردن، ڕەنگە پزیشک چەند ڕێگەیەکی جیاواز بەکاربهێنێت بۆ بەدواداچوونی تەندروستی و پاراستنی توانای کارکردنی گورچیلەکان بۆ ماوەیەکی زیاتر. کە بریتین لە:
- پشکنینی بەردەوامی خوێن
- پێوانی پەستانی خوێن
- دەرمان
ئەگەر گورچیلەکانت لەکارکەوتن، پێویستت بە چارەسەرە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنیتەوە. دوو چارەسەری سەرەکی هەن بۆ لەکارکەوتنی گورچیلە:
١- شۆردنی گورچیلە: شۆردنی گورچیلە یارمەتی جەستەت دەدات بۆ ئەوەی بتوانێت خوێن بپاڵێوێت. شۆردنی گورچیلە دوو جۆری هەیە:
- هیمۆدایالایسس: لەم جۆرەیاندا لە ڕێگەی ئامێرێکەوە بە بەردەوامی خوێنەکە پاک دەکرێتەوە. زۆربەی خەڵکی لە هەفتەیەکدا سێ بۆ چوار ڕۆژ بۆیان ئەنجام دەدرێت.
- شۆردنی پێریتۆنیاڵ: لەم جۆرەیاندا دابینکەر کیسەیەک کە گیراوەی پاککردنەوەی خوێنی تێدایە لە ڕێگەی تیوبێکەوە دەیبەستێتەوە بە ناوپۆشی سک. گیراوەکە لە کیسەکەوە دەڕژێتە ناو بۆشایی سکەوە، پاشماوە و شلەی زیادە هەڵدەمژێت و دەگەڕێتەوە ناو کیسەیەکی تر. هەندێک جار دەکرێت ئەم جۆرەیان لە ماڵەوە ئەنجام بدرێت.
٢- چاندنی گورچیلە: پزیشکی نەشتەرگەری لە کاتی چاندنی گورچیلەدا گورچیلەیەکی تەندروست لە جێگەی گورچیلە لەکارکەوتووەکەدا دادەنێت. گورچیلە تەندروستەکە (ئەندامە بەخشراوەکە) لەوانەیە لە بەخشەرێکی مردوو یان بەخشەرێکی زیندووەوە بێت، بە یەک گورچیلەی تەندروست دەتوانیت بە باشی بژیت.