ناوهڕۆك
ناساندن
گۆڕانی ڕەنگی پێست لە منداڵی تازە لەدایکبوودا (بە عەرەبی: تغير لون الجلد عند حديثي الولادة، بە ئینگلیزی: Skin discoloration in the newborn)، زۆرجار ڕەنگی پێستی کۆرپە لە سەرەتای لەدایکبوونیدا دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دەستنیشانکردنی کێشە ئەگەرییەکان لە ناوچەیەکی تری جەستەدا. گرنگە تۆ پزیشکی کۆرپەکەت دەستنیشان بکەیت و ئاگاداری بکەیتەوە ئەگەر گۆڕانکاری لە ڕەنگی پێستی کۆرپەکەتدا ڕووبدات.
ئەو گۆڕانکارییانەی کە ئەگەری ڕوودانی هەیە لە پێستی کۆرپەدا
زیادبوونی ڕەنگی زەرد
زیاتر لە نیوەی هەموو منداڵە تازە لەدایکبووەکان لە هەفتەی یەکەمدا تووشی زەردوویی دەبن کە ڕەنگێکی زەردە لە پێست و چاوەکانیاندا دەردەکەوێت. بەزۆری ئەمە حاڵەتێکی کاتییە بەڵام ئاگاداربە لەوانەیە نیشانەیەکی جدیتر بێت بۆ نەخۆشییەکی دیکە. زەردوویی بەهۆی تێکچوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێنەوە دروست دەبێت لەگەڵ تێکچوونی خانە کۆنەکان، هەروەها هیمۆگلۆبین دەگۆڕێت بۆ بیلیروبین و بە شێوەیەکی ئاسایی لەلایەن جگەرەوە لادەبرێت. لە منداڵی تازە لەدایکبوودا ئەم پرۆسەی لابردنی بە تەواوی گەشە ناکات. کۆبوونەوەی بیلیروبین لە خوێندا پێی دەوترێت زیادبوونی بیلیروبین لە خوێندا لەبەر ئەوەی بیلیروبین ڕەنگێکی هەیە کە دەبێتە هۆی زەردبوونی چاو و پێست و شانەکانی منداڵ. لەگەڵ پێگەیشتنی کارکردنی جگەری کۆرپەکە زەردووییەکە نامێنێت. بەڵام کۆرپەی پێشوەختە ئەگەری تووشبوون بە زەردوویی زیاترە لەو کۆرپەیەی کە لەماوەی دیاریکراوی خۆیدا لەدایک دەبێت. زەردوویی چەند جۆرێکی هەیە:
• زەردوویی فیزیۆلۆژی: زەردوویی فیزیۆلۆژی وەک وەڵامێکی ئاسایی بۆ توانای سنوورداری منداڵ بۆ دەردانی بیلیروبین لە یەکەم ڕۆژەکانی ژیانیدا ڕوودەدات.
• زەردوویی شیری دایک: نزیکەی ٢٪ی کۆرپە شیردەرەکان دوای ٣ بۆ ٥ ڕۆژی یەکەم تووشی زەردوویی دەبن. لە تەمەنی نزیکەی ٢ هەفتەدا زەردووییەکەی دەگاتە لوتکە و دەتوانێت تا سێ بۆ ١٢ هەفتە بەردەوام بێت. وا بیردەکرێتەوە کە زەردوویی شیری دایک بەهۆی هۆکارێکەوە بێت لە شیری دایکدا کە دووبارە هەڵمژینی بیلیروبین لە ڕێگەی کۆئەندامی ڕیخۆڵەوە زیاد دەکات. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت سوڕی خوێنی ڕیخۆڵە جگەر.
• زەردوویی شکستی شیرپێدان: بەهۆی دەستپێنەکردنی شیرپێدانەوە دروست دەبێت و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی وشکبوونەوە و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی میز و پیسایی و کۆبوونەوەی بیلیروبین. بەڵام کۆرپەی پێشوەختە ئەوانەی لە نێوان ٣٤ هەفتە بۆ ٣٦ هەفتە لەدایک دەبن، زیاتر تووشی ئەم کێشەیە دەبن چونکە ئەوان هەماهەنگی و هێزی پاراستنی شیرپێدانێکی سەرکەوتوویان نییە.
• زەردوویی لە ئەنجامی هیمۆلیسیسەوە: ڕەنگە زەردوویی لەگەڵ تێکچوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن ڕووبدات بەهۆی نەخۆشی هیمۆلیتیکی منداڵی تازەلەدایکبوو (نەخۆشی Rh)، زۆربوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن، یان خوێنبەربوون لە ناوەوە.
• زەردوویی پەیوەندی بە ناتەواوی کارکردنی جگەرەوە هەیە: ڕەنگە زەردوویی پەیوەندی بە ناتەواوی کارکردنی جگەرەوە هەبێت بەهۆی هەوکردن یان هۆکاری ترەوە.
چارەسەری زەردوویی پەیوەستە بە چەندین هۆکارەوە، زۆرجار چارەسەرکردن بریتییە لە بەکارهێنانی گڵۆپی تایبەت کە پێی دەوترێت فۆتۆتێراپی. ئەو منداڵانەی کە زەردوویی توندیان هەیە لەوانەیە پێویستیان بە خەواندن لە نەخۆشخانە و گواستنەوەی خوێن هەبێت. ئەو منداڵانەی کە تووشی زەردوویی بوون لەوانەیە کێشەی خۆراکدانیان هەبێت و توڕە بن یان بێ ئیرادە بن. ئەگەر منداڵەکەت هەریەکێک لەم نیشانانەی هەبوو پەیوەندی بە پزیشکی کۆرپەکەتەوە بکە.
ڕەنگی شین کە ناڕوات
کاتێک منداڵ بۆ یەکەمجار لەدایک دەبێت پێستی ڕەنگی سووری تۆخ تا وەنەوشەیی دەبێت. لەگەڵ دەستپێکردنی هەناسەدانی هەوای کۆرپە ڕەنگەکەی دەگۆڕێت بۆ سوور. ئەم سووربوونەوەیە بە شێوەیەکی ئاسایی لە یەکەم ڕۆژەوە دەست دەکات بە کاڵبوونەوە ڕەنگە دەست و قاچی کۆرپە بۆ چەند ڕۆژێک بە ڕەنگی شین بمێنێتەوە. ئەمەش وەڵامێکی ئاساییە بۆ سوڕی خوێنی ناپێگەیشتووی منداڵی تازەلەدایکبوو. بەڵام ئاگاداربە ڕەنگی شین بوونی بەشەکانی تری لەش ئاسایی نییە، ناوبەناو دەموچاوی کۆرپە یان لێو و دەمی وەنەوشەیی لەگەڵ گریانێکی زۆر تونددا ئەمە ئاساییە لەکاتێکدا کە دەبێت لێو و دەمی کۆرپەکە پەمەیی ببێتەوە کە لە گریان وەستا. ئەگەر ڕەنگی کۆرپەکە جارێکی تر پەمەیی نەبووەوە، یان بە گشتی ڕەنگێکی کۆرپەکە بە شینی مایەوە ئەمە ڕەنگە ئاماژە بێت بۆ کێشەیەک لە کۆرپەکەدا. ڕەنگە شینەکە پێی دەوترێت سیانۆس و زۆرجار لە کۆرپەدا دەبینرێت کە کەموکوڕی دڵیان هەیە، چونکە دڵ ناتوانێت خوێنی ئۆکسجیندار بنێرێت بکات بۆ هەموو جەستە، هەروەها کێشەی هەناسەدان لەوانەیە ببێتە هۆی نەخۆشی سیانۆس. ئاگاداربە ئەگەر منداڵەکەت ڕەنگێکی شین بوو دەستبەجێ ڕاوێژ بە پزیشکی منداڵان بکە.