دابەزینی شەکری خوێن

له‌لایه‌ن: - ڕەنجدەر سەردار ڕەنجدەر سەردار - به‌روار: 2022-05-16-21:53:00 - کۆدی بابەت: 1816
دابەزینی شەکری خوێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دابەزینی شەکری خوێن (بە ئینگلیزی: hypoglycemia) ئەم نەخۆشییە وەک لەناوەکەی دیارە بریتییە لە کەمبوونەوەی ڕێژە و خەستی شەکر لە خوێندا، تووشبووی ئەم نەخۆشییە بڕێکی کەمتر لە شەکری گلوکۆز لە خوێنیدا هەیە بەبەراورد بە کەسێکی ئاسایی، لە کەسی ئاساییدا خەستی گلوکۆز لە خوێندا ٧٢ بۆ ١٠٩ ملی گرامە بۆ هەر دیسی لیترێک mg/dl, بەڵام لە کەسی تووشوودا خەستی گلوزکۆز کەمترە لە ٧٠ و لە زۆرینەشیاندا دەکەوێتە خوار ٥٤ـەوە پاشان نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەردەکەوێت، هەموو ئەو خواردنانەی لە کاربۆهیدرات پێکهاتوون لەدوای هەرسکردن دەگۆڕدرێن بۆ گلوکۆز و دەکرێنە ناو خوێنەوە بۆ ئەوەی خانەکان سوودی لێ ببین و وەکوو سەرچاوەی وزە بەکاری بهێنن، کاربۆهیدرات وەکوو هەموو جۆرەکانی شیرینی، برنج، نان، سەموون، پاستا و چەندەها خواردنی تری هاوشێوە کە ئارد و نیشاستەیان تێدایە، ئەو کەسەی کەمی شەکر لە خوێنیدا هەبێت ناتوانێ سەرچاوەی وزەی پێویست بۆ خانەکانی دابین بکات و بۆیە دەبێتە هۆی دروست کردنی چەند کێشەیەک و پێویستی بە سەردانی کردنی پزیشک هەیە.

هۆکارەکانی ڕوودانی نەخۆشییەکە

ئەم نەخۆشییە زیاتر لە تووشبووانی نەخۆشی شەکرەدا بەرچاوە لەپاش وەرگرتنی چارەسەری زیاد لە پێویست، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ئەنسۆلینیان پێ دەدرێت وەک چارەسەر، ئەنسۆلین هۆڕمۆنێکە پەنکریاس دەریدەدات، هانی خانەکان دەدات شەکری گلوکۆز وەربگرن و بەمەش ڕێژەکەی لە خوێندا کەم دەکاتەوە، بە وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە ئەنسۆلین یان ئەو دەرمانانەی دەبنە هۆی زیادکردنی دەردانی ئەنسۆلین، بڕی گلوکۆز لە خوێنی کەسەکە دادەبەزێت و تووشی نەخۆشی دابەزینی شەکری خوێن دەبێت، یانیش ئەو دەرمانانەی هەرس کردنی کاربۆهیدرات هێواش دەکەنەوە تا ڕێگری لە بەرزبوونەوە لەپڕی شەکری خوێن بکەن و دەدرێن بە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە، بەهەمان شێوە دەبنە هۆی ئەم تێکچوونە، بەشێکی تری خەڵک کە تووشبووی نەخۆشی شەکرە نین دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە، ئەوانیش دەکرێت بەهۆی بەڕۆژووبوونەوە بێت، یانیش کەم خواردن و پشتگوێ خستنی ژەمەکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی وەرگرتنی کاربۆهیدرات و شەکر، لە هەندێک حاڵەتدا کەسەکە نەخۆشییەکی تری هەیە و بەهۆی ئەو نەخۆشییەی تری توانای خواردنی باشی نییە، یان دەکرێت بەهۆی ڕێجیمەوە بڕێکی کەم کاربۆهیدرات وەربگرێ و ڕێژەی شەکری خوێنی دابەزێت، یانیش بەهۆی ئەنجامدانی ڕاهێنانێکی زۆر و بەردەوام کە ئەمەش وا دەکات بڕێکی زۆری شەکری خوێنی بەکار بهێنێت وەکوو سەرچاوەی وزە، کە ئەم جۆرەیان پێی دەوترێت دابەزینی شەکری خوێن بەهۆی بەڕۆژووبوون Fasting hypoglycemia، کە ئەمەش حاڵەتێکە کێشەکە لە وەرگرتن و بەکارهێنانی کاربۆهیدرات و گۆڕینیەتی بۆ وزە، بەڵام هەندێک کات کەسەکە لەدوای خواردنێکی چاک و بارێکی ئاسایی دووچاری ئەم نەخۆشییە ئەبێتەوە، کە لەم حاڵەتەدا کەسەکە دابەزینی شەکری خوێنی چالاکی هەیە reactive hypoglycemia، واتە نەخۆشەکە هەر لە چەند کاتژمێری دوای نان خواردن دووچاری ئەم حاڵەتە دەبێتەوە، ئەمەش زۆربەی کات هۆکارەکەی دیاری نەکراوە، بەڵام دەکرێت نەخۆشەکە بڕێکی زۆر لە کحول بخواتەوە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە چەند کاتژمێرێکە هیچ خواردنێکی هەڵگری کاربۆهیدراتی نەخواردووە، هاوکات دەگونجێت کەسەکە هەڵگری نەخۆشییەکی تر بێت، وەکوو نەخۆشییەکان دڵ، گورچیلە و پەنکریاس، یانیش پێشتر نەشتەرگەری گەدە و ڕیخۆڵەی کردبێت، چونکە لەوانەیە کەسەکە کێشەی لەگەڵ هەرسکردن و هەڵمژینی کاربۆهیدرات هەبێت بەهۆی نەشتەرگەرییەکە، هەروەها دەگونجێ کەسەکە نەخۆشییەکی بۆماوەیی تایبەت بە بەکارهێنانی گلوکۆز هەبێ inherited metabolic disorders, وەکوو ئەوەی بڕێکی زۆر گلوکۆز بەکاربهێنێت لەشی یانیش نەتوانێ هەندێک سەرچاوەی وەکوو گالەکتۆز و گلیسڕۆڵ و فروکتۆز بکات بە گلوکۆز، یانیش بڕێکی زۆر هۆڕمۆنی ئینسۆلین بەرهەم بهێنێت، کە ئەمانە دەکرێت ببن بە نەخۆشییەکی ژێر کەوتوو و کەمی شەکر وەکوو نیشانەیەکی نەخۆشی دەرکەوێت بۆ ئەو نەخۆشییە، یانیش ئەگونجێ کەسەکە لوو یان دومەڵی هەبێت لە لەشیدا و گەشەبسەنێت بەمەش کەسەکە دووچاری دابەزینی شەکری خوێن ببێتەوە.

نیشانەکانی نەخۆشییەکە

کەسی تووشبوو بە نەخۆشی دابەزینی شەکری خوێن هۆڕمۆنەکانی گلوکاگۆن و ئیپینفیرین و کۆرتیزۆڵ لە لەشیدا دەردەدرێن، بۆ ئەوەی هەڵسن بە بەرزکردنەوەی خەستی گلوکۆز لە خوێندا، بەڵام لەبەر ئەوەی هۆڕمۆنی ئیپینفیرین و کۆرتیزۆڵ لەحاڵەتی سترێس و لەناکاودا دەردەدرێن، بۆیە کەسەکە نیشانەکانی سترێسی تیادا دەردەکەوێت.
پاشان چەند نیشانەیەکی تری تیادا دەردەکەوێت، دەورووبەری لێوی مێروولە دەکات، هەست بەبرسێتی دەکات بەهۆی دەردرانی هۆڕمۆنەکانی برسێتی لە لەشیدا وەکوو وەڵامدانەوەیەک بۆ کەمی گلوکۆز، هەست بە بێهێزی دەکات چونکە بەشەکانی لەشی بڕی تەواوی گلوکۆز وەرناگرن و بەمەش بڕی تەواوی وزە بەرهەم ناهێنێت، هەروەها سەرئێشەی لەگەڵ دەبێت، هاوکات لەوانەیە تووشی کەمبوونەوەی phـی خوێن و ترشبوونی مێتابۆلیکی بکات metabolic acidosis, کە ئەمەش بۆ خۆی نەخۆشییەکی ترە و کۆمەڵێک زیانی تر بە جەستە دەگەیەنێت.
لەهەمان کات دا کەسی تووشبوو ئەگەر پشت گوێی بخات، ئەوە ڕێژەی شەکر لە خوێنیدا زۆر دادەبەزێت و نەخۆشییەکە توندتر و مەترسیدارتر دەبێت، ئەمیش دەکرێ بەهۆی کەمتەرخەمی کەسەکە بێت، یانیش بەهۆی خواردنەوە کحولیەکان کە نەخۆشەکە بێ ئاگا دەکات لە نیشانە سەرەتاییەکان، یانیش بەهۆی زۆر دووبارە بوونەوەی نەخۆشییەکە، هەروەها دەگونجێت دابەزینی شەکری خوێن لەماوەی خەوتندا ڕووبدات و لەوانەیە کەسەکە بەخەبەر نەکاتەوە و وابکات کەسەکە هەست بە نیشانەکانی نەخۆشییەکە نەکات.
بەهۆی ئەوەی ناوەندە کۆئەندامی دەمار واتە مێشک و دڕکەپەتک، سەرچاوەی وزەی سەرەکییان بریتییە لە شەکری گلوکۆز، ئەوان لەگەڵ خڕۆکە سوورەکانی خوێن ناتوانن چەوری و پڕۆتین بەکار بهێنن بۆ دەسکەوتنی وزە، لە حاڵەتی تونددا کەسەکە زیان بە ناوەندە کۆئەندامی دەماری ئەگات بەتایبەتی مێشکی، ناتوانێ بەشێوازی گونجاو قسەبکات، بینینێکی ناتەواوی دەبێت و دەگونجێ هەر شتێک بەدووان ببینێت، پاشان لەوانەیە تووشی سپی بوونی ڕەنگ pallor ببێت بەهۆی مردنی ژمارەیەک لە خڕۆکە سوورەکانی، ڕۆشتنێکی ناتەواوی دەبێت، دەگونجێ لەحاڵەتی زۆر تونددا لە ناکاو تووشی لەهۆشخۆچوون و بێ ئاگایی و حاڵەتی کۆما ببێت و بەرەو مردنی ببات، بۆیە پشتگوێ خستنی بەبێ چارەسەر نەخۆشییەکە دەکات بە نەخۆشییەکی کوژەر.

دەستیشان کردنی نەخۆشییەکە

نەخۆشییەکە زۆر بەسادەیی دەستنیشان دەکرێت لەڕێگەی پێوانی خەستی گلوکۆزەوە لە خوێندا بە پشکنینی خوێن، بە ئامێری گلوکۆمیتەر glucometer کە دڵۆپێک لە خوێنی کەسەکە لەسەری پەنجەی وەردەگرێت و ڕێژەی شەکرەکەی دەپێوێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا کە نازانرێت سەرچاوەی نەخۆشییەکە چییە، دەگونجێت چەند پشکنینێکی تر بۆ کەسەکە بکرێت تا هۆکاری سەرەکی تێکچوونەکە دەست نیشان بکرێت، بۆ نموونە دەکرێت پشکنینی هەندێک ماددە بکرێت لە خوێندا کە لەکاتی گۆڕینی گلوکۆز بۆ وزە دروست دەبن، لەماوەیەکدا کە هیچ کاربۆهیدراتێکی تێدا نەخوات کەسەکە، بە زیادبوونی خەستی هەر ماددەیەک ئەوە دەردەکەوێت کە کەسەکە ئەو ئەنزیمەی دەبوو ئەو ماددەیە بگۆڕێ کێشەی هەیە لە لەشیا و نەخۆشییەکی بۆ ماوەیی هەیە، دەکرێت پشکنین بۆ هۆڕمۆنی ئەنسۆلین و گلوکاگۆن و کۆرتیزۆڵ و هۆڕمۆنی گەشە بکرێت هەر لەو ماوەیەدا، چەنەها پشکنینی تریش دەکرێن بە مەبەستی دەست نیشانکردنی سەرچاوەی نەخۆشییەکە.

چارەسەری نەخۆشییەکە

چارەسەری سەرەتایی نەخۆشییەکە بریتییە لە خواردنی شتێکی شیرین، شەربەتێکی شیرین یان نەستەلەیەک یان هەر شتێک کە شیرین بێت و کاربۆهیدراتی سادەبێت تا خێرا هەرس بکرێت و شەکری خوێن بەرز بکاتەوە، کاربۆهیدراتی ئاڵۆز وەکوو برنج و سەموون باش نییە چونکە درەنگ هەرس دەبێت، پاشان دوای خواردنی دووبارە پشکنینی خەستی گلوکۆز لە خوێندا پێویستە بۆ دڵنیابوونەوە لە بەرز بوونەوە باشبوون، ئەگەر هێشتا خەستی گلوکۆزی خوێن نزم بوو پێوستە ١٥ خولەک بوەستێت و هەمان کردار ئەنجام بدرێتەوە و دووبارە و سێبارە بکرێتەوە تا خەستی گلوکۆز ئاسایی دەبێتەوە و دێتەوە مەودای ئاسایی خۆی، ئەگەر کاتی ژەمی داهاتوو کاتژمێرێک یان زیاتر دووربوو دەبێت کەسەکە شتێکی شیرین لەگەڵ خۆیا هەڵگرێت بۆ حاڵەتی پێویست، پاشان دەبێت هۆکاری نەخۆشییەکە چارەسەر بکرێت، بۆ کەسانی نەخۆشی شەکرە پزیشکەکە بەگوێرەی نەخۆشەکەی بڕی دەرمانەکە کەم دەکاتەوە، هاوکات ئەو کەسانە ئەگەر هەمیشە شتێکی شیرین لەگەڵ خۆیان هەڵگرن کارێکی زۆر باش دەکەن، بە ڕەچاوکردنی دەرکەوتنی لەناکاوی نەخۆشییەکە، بۆ ئەو کەسانەی ڕاهێنان دەکەن دەبێت یان ڕاهێنان کەم بکەنەوە یان بڕێکی زیاتر کاربۆهیدرات وەربگرێت وەکوو سووکە ژەمێک پێش نان خواردن یانیش خواردنی نەستەلەیەک یان شیرینییەک بەر لە ڕاهێنان، بۆ هەندێک نەخۆش کە دەخۆنەوە دەبێت خواردنەوەی کحول کەم بکەنەوە و هاوکات کاربۆهیدراتیش لەگەڵ کحولەکەیا بخۆن، بۆ هەندێک لەخەڵکی چارەسەر تایبەت بە نەخۆشییە ژێرکەوتووەکە دەدرێت بەگوێرەی حاڵەتەکەی، بەڵام لەحاڵەتی زۆر تونددا، دەبێت گلوکاگۆن وەکوو چارەسەر بە نەخۆشەکە بدرێت، گلوکاگۆن هۆڕمۆنێکە پەنکریاس دەری دەدات و دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی خەستی گلوکۆز لە خوێندا، ئەو کەسانەی دابەزینی شەکری خوێنیان هەیە دەکرێت گلوکاگۆن بە دەرزی یان سپڕای دەم بدرێت پێیان، ئەم کەسانەش دەبێت بە خێزان و هاوڕێ و کەسانی سەر کارەکانیان بڵێن کە چۆن گلوکاگۆنەکە بەکاربهێنن بۆ ئەوەی لە حاڵەتی لەناکاوی لەهۆشخۆچووندا خێرا پێی بدرێت.


سەرچاوەکان

1203 بینین