(فدیة)ـی مردوو و ئەو کەسانەی بۆیان دروستە بەڕۆژوو نەبن

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-03-26-03:37:00 - کۆدی بابەت: 3743
(فدیة)ـی مردوو و ئەو کەسانەی بۆیان دروستە بەڕۆژوو نەبن

ناوه‌ڕۆك

(فدیة)ـی مردوو

هەر موسوڵمانێک مرد، ڕۆژووی لەسەر بوون لە ڕۆژووەکانی مانگی ڕەمەزان، یان هی کەفارەت، یان هی نەزر، خزمێکی مردووەکە لە ماڵی مردووەکە خواردن ئەداتە گەدا و هەژاران، لەجیاتی هەر ڕۆژووەک مستێک خواردەمەنی. ئەوە فەرموودەی نوێی ئیمامی شافعيیە، بەڵام بەڵگەکەی بێ هێزە، کەواتە فەرموودەی کۆنی ئیمامی شافعیی بەهێزترە کە فەرموویەتی: دروستە خزمی مردووەکە، یان بێگانەیەک بە ئیزنی خزمی مردووەکە، لە جیاتی مردووەکە ڕۆژووەکان قەزا بکەنەوە، دروستە خواردنیش بدەنە هەژاران، چونکە بەڵگەی ئەم فەرموودەیە کە بەهێزە ئەمەیە (عن عائشةَ رَضِيَ اللهُ عنها أنَّ النَّبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم قال: مَن مات وعليه صيامٌ، صام عنه وليُّه) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کەسێک مرد و ڕۆژووی لەسەر بوون، با خزمەکەی لەجیاتی ئەو ڕۆژووەکانی قەزا بکاتەوە. هەر کەسێک لە ڕەمەزاندا نەخۆش بوو و لە دوای رەمەزان فریا نەکەوت لەبەر نەخۆشی ڕۆژووەکان قەزا بکاتەوە، یان بە ماوەیەکی کەم لە دوای ڕەمەزان مرد، ئەوە ڕۆژووی ناکەونە سەر واتە نایەوێ بۆی قەزا بکرێنەوە. هەروەها فەرموودەیەکی ئیمامی شافعي هەیە کە دروستە نوێژ لەجیاتی مردوو قەزا بکرێنەوە، جا خزمەکانی قەزای بکەنەوە، یان بێگانەیەک بە ئیزنی خزمەکانی. پیرەمێرد و پیرەژن، هەروەها ئەو نەخۆشەی چاوەڕوانی چاکبوونەوەی ناکرێ، هەر یەکێک لەوانە ئەگەر نەیتوانی بەڕۆژوو ببێ، لەبەر ئەوەی ئەکەوتە مەترسی بۆی، دروستە بەڕۆژوو نەبێ و خواردەمەنی بداتە گەدا، یان هەژارێک، لەجیاتی هەر ڕۆژووەک مشتێک دانەوێڵە، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَعَلَى الَّذِينَ يُطِيقُونَهُ فِدْيَةٌ طَعَامُ مِسْكِين) واجبە لەسەر ئەو کەسانەی کە توانای ڕۆژوو گرتنیان نەماوە، (فدیة) بدەنە هەژار. دروستە گشت (فدیة)ـکەی بداتە یەک هەژار، یان یەک گەدا.

ئافرەتی دووگیان و ڕۆژوو نەگرتن

ئافرەتی دووگیان، ئافرەتی شیردەر، هەرکاتێ ترسان کە زیان بە خۆیان بگات، واجبە بەربانگ بکەنەوە و بەڕۆژوو نەبن، تەنها قەزاکردنەوەیان لەسەرە (عن أبی قلابة ڕضي الله عنه: عن رجل: عن النبی صلي الله علیه وسلم: إن الله وضع عن المسافر نصف الصلاة والصوم، ورخص للحبلی والمرضع) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: خوای گەورە ڕۆژو و نیوەی نوێژی لەسەر ڕێبوار لاداوە و ڕێگای ڕۆژوو نەگرتنی بۆ ئافرەتی دووگیان و شیردەر داوە. بەڵام ئەگەر ئافرەتی دووگیان و ئافرەتی شیردەر ترسی منداڵەکەیان هەبوو کە بار باوێ، یان منداڵەکە برسی ببێ، با بەڕۆژوو نەبن، لەسەریان واجبە ڕۆژووەکان قەزا بکەنەوە و هەم واجبە (فدیة)ـش بدەن، لەجیاتی هەر ڕۆژێک مشتێک خواردەمەنی (عن إبن عباس رضي الله عنهما: الحبلی والمرضع إذا خافتا أفطرتا وأطعمتا) رواه أبوداود، (إبن عباس) فەرموویەتی: ئافرەتی دووگیان و شیردەر کاتێ ترسیان گەیشتێ، با بەڕۆژوو نەبن و خواردن ببەخشنە هەژاران.

شکاندنی ڕۆژوو بۆ ڕزگارکردنی گیان یان ماڵ

هەر کەسێک ڕۆژوو بشکێنێ بۆ ڕزگار کردنی گیانی خۆی، یان ماڵی خۆی، ئەوە تەنها قەزاکردنەوەی لەسەرە، بەڵام ئەگەر ڕۆژوو بشکێنێ بۆ ڕزگار کردنی گیانی کەسێکی تر، یان ماڵی کەسێکی تر، یان گیانی ئاژەڵێک، جا هی خۆی بێت، یان نا، ئەوە قەزاکردنەوە و فیدیەی ئەکەوێتە سەر. ئەندازەی ئەو مستەی بۆ فیدیە و کەففارەتی ڕۆژوو داندراوە ڕیتلێک و سێیەکە ڕیتلێکە بە ڕیتلی عێراقی، کە ئەکاتە (٦٠٥) گرام. 

ڕۆژوو نەگرتنی نەخۆش و ئەو کەسەی لە سەفەرە 

ئەو نەخۆشەی چاوەڕوانی چاکبوونەوەی ئەکرێ، وە ئەو کەسەی لە سەفەرە کە سەفەرەکەی (٨٠) هەشتا کیلۆمەتر درێژ بێت، بۆیان دروستە بەڕۆژوو نەبن، بەڵام واجبە ڕۆژووەکە قەزا بکەنەوە، کە سەفەر و نەخۆشی نەمان، خوای گەورە دەفەرمووێ: (ومَن كَانَ مِنكُم مَّرِيضًا أَوْ عَلَىٰ سَفَرٍ فَعِدَّةٌ مِّنْ أَيَّامٍ أُخَرَ) هەر کەسێک نەخۆش بوو، یان ڕێبوار بوو، بۆی دروستە بەڕۆژوو نەبێ و بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی نەیگرتوون ڕۆژوو قەزا بکاتەوە.

شکاندنی ڕۆژوو بەهۆی بێهێزی

هەر کەسێک بەهۆی ڕۆژوو گرتن تووشی ئازار ببێ، وەک جوتیار و باخەوان و دروێنەچی و ئاودێر و هەر کارێکی تر جا بۆ خۆی بێت یان بۆ کەسێکی تر یان لەبەر گەرما، یان لەبەر سەرما، یان لەبەر تێنووبوون و برسی بوون، ئەوانە گشتیان لەسەریان واجبە نیەتی ڕۆژوو بێنن و بەڕۆژوو ببن، بەڵام هەرکاتێک بێهێز بوون، بۆیان دروستە ڕۆژووەکە بشکینن، بەو مەرجەی ئازارەکەیان لە ئەندازە زیاتر بێت و ترسی نەخۆشبوونیان هەبێ، ئینجا لە کاتێکی تردا ڕۆژووەکە قەزا ئەکەنەوە و (فیدیە)ـیان لەسەر نییە. هەر کەسێک لەبەر کەمتەرخەمی ڕۆژووی ڕەمەزان قەزا نەکاتەوە تا ڕەمەزانێکی تر دادێ، ئەوە جگە لە قەزاکردنەوە بە ژمارەی هەر ڕۆژێک مستێک دانەوێڵەی ئەکەوێتە سەر لە فیدیەی ئەو دواخستنە.


سەرچاوەکان



681 بینین