یەکەمین زێڕ لە کوێدا دەرهێنرا؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-25-01:30:00 - کۆدی بابەت: 2627
یەکەمین زێڕ لە کوێدا دەرهێنرا؟

ناوه‌ڕۆك

یەکەمجار زێڕ لە کوێدا دەرهێنرا؟

زێڕ کانزایەکی بەنرخ و دەگمەنە، ڕەنگە وابزانین زۆر نەبێ مرۆڤ ئەم کانزایەی دۆزیبێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە، زێڕ لەو کانزا سەرەتاییانەیە کە مرۆڤ ناسیویەتی. ئێمە نازانین کەی مرۆڤ بۆ یەکەمجار زێڕی دۆزیوەتەوە و حەزی لێکردووە، ئەڵبەت ئەوەش پێش نووسینەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بووە بە ماوەیەکی زۆر.
لەبەر ئەوەی زێڕ بە شێوەیەکی پاک لە سروشتدا هەیە، واتە ''لەگەڵ کانزاکانی تردا تێکەڵ نییە'' یەکەمین کانزایە کە مرۆڤ ناسیبێتی، ئەو بەڵگە نامانەی دەست کەوتوون سەبارەت بە دەرهێنانی زێڕ لە کانەکاندا، لە میسرییە کۆنەکانی پێش پێنج هەزار ساڵ جێماوە، بەڵگە نوسراویش هەیە کە ئاشوورییەکان پێش نزیکەی چوار هەزار ساڵە دراوسێکانیان داگیر کردووە، بۆ ئەوەی زێڕیان دەست بکەوێت.
هەروەها پاشآکانی گریک و ڕۆم زێڕیان زۆر خۆش ویستووە، ڕێژەیەکی زۆریش لە زێڕیان لای خۆیان پاراستووە، بە دزینی لەو وڵاتانەی داگیریان کردووە و لەو کۆیلانەی لەکانە زێڕەکاندا کاریان کردووە.
بۆیە دەبینین، دەرهێنانی زێڕ لە کانەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی خودی مرۆڤ، کە ئیسپانییەکان گەیشتنە مەکسیک سەیریان کرد ''ئەزتەکەکان'' ڕێژەیەکی زۆر زێڕیان لادایە، هەروەها خێڵەکانی ئێنکای کۆنیش ڕێژەیەکی زۆر زێڕیان کۆکردبووەوە، پێش ئەوەی پیاوانی سپی پێست بەگەن پیرۆ و ئەفریقای باشور بە سەدان ساڵ. دۆزینەوە زێڕ لە هەرچی شوێنێکی ئەم دونیایەدا بووبێت، هەمیشە پاڵی بە سەرکەشانەوە ناوە بە شوێنیدا بگەڕێن. 
لە ساڵی ١٨٤٨ پیاوێک بە ناوی ''جۆن سۆتەر'' خەریکی دروست کردنی خانوویەک بوو لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پیاوێکیش بە ناوی ''جێمس مارشاڵ'' کە یارمەتی جۆنی دەدا لە کاتی ئیش کردنی لە کەنار جۆگەیەک بە تەنیشت مالی جۆندا دەچوو، هەندێک کانزای زەردی چاوپێکەوت لە ناو قوڕ و لیتەی جۆگەکەدا، دوای تاقیکردنەوە دەرکەوت ئەو شتە زەردانە زێڕن.
دوای ئەم دۆزینەوەیە زۆر بە خێرایی لە ساڵی ١٨٤٩دا لێشاوی گەڕآن بە دوای زێڕدا دەستی پێکرد، کە زۆری خەڵکی ڕاکێشا بۆ ئەوەی بچن بۆ ویلایەتی کالیفۆرنیا و لەوێدا نیشتەجێبن و دەست بکەن بە بوژاندنەوەی لێوارەکانی ئەمریکا لەسەر زەریای ئارام.


سەرچاوەکان



819 بینین