پشکنینی بە کارەبا جیاکردنەوەی هیمۆگڵۆبین

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-16-16:11:00 - کۆدی بابەت: 12922
پشکنینی بە کارەبا جیاکردنەوەی هیمۆگڵۆبین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

پشکنینی هیمۆگڵۆبین ئیلیکترۆفۆرەسس (بە ئینگلیزی; Hemoglobin electrophoresis test، بە عەرەبی; اختبار الهيموغلوبين الكهربائي) یاخود پشکنینی جیاکردنەوەی کارەبایی هیمۆگڵۆبین، پشکنینێکە بۆ پێوانی جۆرە جیاوازەکانی هیمۆگڵۆبین لە خوێندا بەکاردێت، بە واتایەکی تر بەکاردێت بۆ دیاریکردنی جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی تالاسیمیا. ئەو پرۆسەیەی لە ڕێیەوە پێوانی جۆرەکانی هیمۆگلۆبین دەکات پێی دەوترێت ئیلکترۆفۆرەسس (بە کارەبا جیاکردنەوە) کە دەبێتە هۆی جووڵاندنی تەنۆلکەکان لە بوارێکی کارەباییدا، لە ئەنجامی تەزووی کارەبا و جیاوازی بارگەوە تەنۆلکە بارستە جیاوازەکان بە خێرایی جیاواز دەجوڵێن و لە ئەنجامدا "باند" دروست دەبێت کە هەر جۆرێک لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە.

کێن ئەوانەی ئەم پشکنینەیان بۆ دەکرێت؟

پشکنینی هیمۆگڵۆبین ئیلیکترۆفۆرەسس ئەنجام دەدرێت بۆ کەسێک کاتێک کە گومانی نەخۆشییەکی پەیوەندیدار بە هیمۆگلۆبینی نائاسایی (نەخۆشییەکانی هیمۆگڵۆبین) لێ کرا. لەدوای ئەوەی پزیشک پشکنینی گشتی پێکهاتەکانی خوێن و ڕێژەی ئاسنی خوێن و ئاسنی خەزنکراوی دەستنیشانکرد بۆ نەخۆش، لە بوونی هەر ناتەواوییەک لە ئەنجامی ئەو پشکنینانە و گومانی بوونی تالاسیمیا و ناتەواوییەکانی هیمۆگڵۆبین پزیشک داوای ئەنجامدانی پشکنینی هیمۆگڵۆبین ئیلیکترۆفۆرەسس دەکات. پشکنینەکە بە شێوەیەکی سەرەکی بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە شێوەی نائاسایی هیمۆگلۆبین لەخۆ دەگرن، وەک کەم خوێنی خانەی سیکل و تالاسیمیا.

جۆرەکانی هیمۆگڵۆبین

هیمۆگلۆبین لە چەندین جۆری جیاواز پێکهاتووە، باوترینیان هیمۆگڵۆبینی پێگەشتوو جۆری یەک، هیمۆگڵۆبینی پێگەشتوو جۆری دوو، هیمۆگڵۆبینی کۆرپە، هەروەها جۆرەکانی هیمۆگڵۆبینی ناتەواوی وەک هیمۆگڵۆبینی S و هیمۆگڵۆبینی C یە.

  • هیمۆگڵۆبینی پێگەشتوو جۆری یەک HGB A1 یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی هیمۆگلۆبین کە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا هەیە.
  • هیمۆگڵۆبینی پێگەشتوو جۆری دوو Hgb A2 پێکهاتەیەکی کەمە لە هیمۆگلۆبینی ئاسایی، کە نزیکەی ٢-٣٪ی کۆی گشتی پێکدێنێت.
  • هیمۆگڵۆبینی کۆرپەلە Hgb F پێکهاتەی سەرەکی هیمۆگلۆبینە لە کۆرپەلەدا، هەروەها بە کەمترین بڕ لە هیمۆگڵۆبینی خڕۆکەی سووری کەسێکی پێگەیشتوودا دەبینیرێت. ڕێژەی Hgb Fی زیاتر لە ٢٪ لەو کەسانەی کە تەمەنیان لە سەرووی سێ ساڵەوەیە بە نائاسایی دادەنرێت.

ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی پشکنینەکە

ئەم شیکارییە پێویستی بە نموونەی خوێن هەیە. هیچ ئامادەکارییەکی تایبەتی پێویست نییە پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە. بەڵام گواستنەوەی خوێن لە ماوەی ١٢ هەفتەی پێشتردا بۆ کەسی نەخۆش لەوانەیە کاریگەری لەسەر ئەنجامی پشکنیەنەکان هەبێت، بۆیە باشترە پزیشکی تاقیگە پرسیاری بوونی خوێن گواستنەوە بکات لە نەخۆشەکە، یاخود نەخۆشەکە خۆی ئەو شارەزاییەی هەبێت و پزیشک ئاگادار بکاتەوە.

مەترسییەکان

مەترسییەکان بۆ ئەم پشکنینە کەمن، بەڵام لەوانەیە خوێنبەربوونێکی کەم لە شوێنی ڕاکێشانی خوێن لەخۆ بگرێت، هەروەها سەر سوڕان یان هەستکردن بە سەر سووکی دوای خوێن وەرگرتنەکە، یان هیماتۆما (واتا کەڵەکە بوونی خوێن لە ژێر شوێنی لێدانی دەرزییەکە).

ئەنجامە ئاساییەکان

سەرچاوەی رێژە ئاساییەکانی دەکرێت بەپێی تاقیگەکان بگۆڕدرێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لەم مەودایانەی خوارەوەدان:

هیمۆگڵۆبین لە کەسانی پێگەشتوودا:

  • هیمۆگڵۆبینی پێگەشتوو جۆری یەک (Hgb A1): ٩٥ - ٩٨%
  • هیمۆگڵۆبینی پێگەشتوو جۆری دوو (Hgb A2): ٢ - ٣%
  • هیمۆگڵۆبینی کۆرپە (Hgb F): ٠.٨ - ٢.٠%
  • هیمۆگڵۆبین ئێس (Hgb S): سفر لە سەدە
  • هیمۆگڵۆبینی سی (Hgb C): سفر لە سەدە

هیمۆگڵۆبینی کۆرپەلە لە منداڵاندا:

  • منداڵی شەش مانگ: ٨ %
  • منداڵی گەورەتر لە شەش مانگ: ١ - ٢%
  • هیمۆگڵۆبینی کۆرپە لە تازە لە دایکبوواندا: ٥٠ - ٨٠%

ئەنجامە نائاساییەکان

ڕێژە نائاساییەکان دەکرێت بەپێی تاقیگەکان بگۆڕێن (بێگومان بە ڕێژەیەکی زۆر نا)، هەروەها ڕێژە ناتەواوکان بەزۆری دەرخەری یەکێک لە کێشە تەندروستییەکانی خوێنن کاتێک ڕێژەی ئەنجامی پشکنینەکە لەم مەودایانەدا بێت: 

هیمۆگڵۆبینی پێگەشتوو جۆری دوو:

  • ڕێژەی ٤ - ٥.٨% نیشانەیەکی بوونی بێتا تالاسیمیای سەرەتاییە
  • ڕێژەی کەمتر لە ٢% نیشانەیەکی بوونی نەخۆشی هیمۆگڵۆبین ئێچە (Hgb H disease)

هیمۆگڵۆبینی کۆرپە:

  • ڕێژەی ٢ - ٥% نیشانەیەکی بوونی بێتا تالاسیمیای سەرەتاییە
  • ڕێژەی ١٠ - ٩٠% نیشانەیەکی بوونی بێتا تالاسیمیای سەرەکییە
  • ڕێژەی ٥ -٣٥ % نیشانەیەکی بوونە بۆ Heterozygous HPFH
  • ڕێژەی ١٠٠% نیشانەیەکە بۆ Homozygous HPFH
  • ڕێژەی ١٥% نیشانەیەکە بۆ Homozygous Hgb S

کلیلی دەستەواژەکان

نەخۆشی هیمۆگڵۆبین Hemoglobin C disease) C): بریتییە لە ناتەواوی هیمۆگڵۆبین. لێرەدا کەمخوێنی تەنها لەو کەسانەدا گەشە دەکات کە دوو بۆهێڵی نەخۆشییەکەیان هەڵگرتبێت، ئەویش بە ڕێژەی مەترسیداری جیاواز. نیشانەکانی بریتین لە ئازاری ماوە ماوەی ناوسک و ئەژنۆکان، گەورەبوونی سپڵ و زەردووییەکی کەم.

نەخۆشی هیمۆگڵۆبینی ئێچ (Hemoglobin H disease) ناتەواوییەکی وەک تالاسیمیایە و ئەبێتە هۆی کەمخوێنییەکی مامناوەند و ناتەواوی خڕۆکە سوورەکانی خوێن.

تالاسیمیا (Thalassemia): ناوی گروپێک ناتەواوی بۆماوەییە و لە ئەنجامی نا هاوسەنگی لە دروستکردی یەکێک لە چوار جۆرەکەی زنجیرەی ترشی ئەمینییەوە دەبێت کە هیمۆگڵۆبینی لێ پێکدێت. تالاسیمیا بە گوێرەی ئەوەی لە ئەنجامی ناتەوای کام زنجیرەی ترشی ئەمینییەوە دروست بووە پۆلێن دەبێت بۆ دوو جۆری سەرەکی، تالاسیمیای ئەلفا و تالاسیمیای بێتا. دواتر بەگوێرەی ژمارەی بۆهێڵە کارتێکراوەکان پۆلێن دەکرێت بۆ تالاسیمیای سەرەتایی کە یەک بۆهێڵ کاریتێکراوە هەروەها تالاسیمیای سەرەکی کە دوو بۆهێڵ کارتێکراون. نیشانەکانی تالاسیمیا هەمەچەشن دیارترینیان بریتییە لە کەمخوێنی، زەردوویی، برینی پێست، بەردی زراو و گەورەبوونی سپڵ.


سەرچاوەکان



5563 بینین