ناوهڕۆك
ناساندن
کێ فڕۆکەی داهێناوە؟ (بە ئینگلیزی: Who invented the plane، بە عەرەبی: من اخترع الطائرة) لەگەڵ داهێنانی فڕۆکەدا ناوی چەند کەسایەتییەک دەهێنرێت. هەرچەندە هەموو هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون بەڵام کەسانێکی زۆر هەوڵی فڕینی فڕۆکەیان داوە. ئارەزووی فڕین هەم کۆن و هەم جیهانییە. بۆ ماوەی چەندین سەدە، مرۆڤەکان سەرنجی ئاسمانیان دەدا و بەرەو ئاسمان دەڕۆیشتن بە باڵۆن و کۆلارە و فڕۆکەی چارۆکەداردا.
دیارترین بەشداربووانی داهێنانی فڕۆکەوانی
عەباس بن فیرناس
زانای موسڵمانی ئەندەلوسی عەباس ئیبن فیرناس بە یەکەم کەس دادەنرێت کە بەدرێژایی مێژوو تاقیکردنەوەی فڕینی سەرکەوتووی ئەنجامداوە، هەندێکیش بە “باوکی فڕۆکەوانی” دەزانن بەهۆی بەشدارییە گەورەکەی لەم بوارەدا، کە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە کردنەوەی دەرگای زانستە فڕۆکەوانیەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و دواتر بەرەو ڕۆژئاوا. ئەم زانایە لە ساڵی ٨١٠ی زایینی لە پارێزگای مەلەگە لە ئیسپانیا لەدایک بووە و ناوی تەواوی عەباس بن فیرناس بن وەرداس ئەلتاکەرنییە، نازناوی ئەبو القاسمی لێنراوە و ڕەچەڵەکی بنەماڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرابەرەکان. لە ژیانی زانستیدا ئیبن فیرناس حەزی لە چەندین زانستی جیاواز بووە و فێری زاستەکانی فیزیا و ئەندازیاری بووە و پاشان دەستی بە زانستی فەلەکناسی و مۆسیقاوە گرتووە. پاش ماوەیەک سەفەری کردووە بۆ عێراق بۆ ئەوەی لەوێ لە دار الحکمە بخوێنێت.
هەڵدانی یەکەم فڕۆکە
عەباس ئیبن فیرناس گلایدەرێکی فڕیو (بە یۆنانی: Ornithopter)ی دروستکرد کە لە ڕێگەیەوە یەکەم گەشتی سەرکەوتووی ئەنجامدا سەرەڕای نیشتنەوەی سەختی کە بووە هۆی برینداربوونی بەسەختی. لەگەڵ ئەوەی فڕۆکەوانی گرنگترین بوار بوو کە ئیبن فیرناس کاریگەرییەکی گەورەی تێدا بەجێهێشت، بەڵام چەندین بواری تریش هەبوون کە تیایدا سەرکەوتوو بوو و نیشانەی خۆی لەو بوارانەشدا بەجێهێشت، لەوانە داهێنانی چاویلکە و چاویلکەی گەورەکردن، هەروەها توانی ڕێگایەک پەرەپێبدات کە لە ڕێگەیەوە پارچەکانی بەردی کریستاڵی گۆڕی بۆ شوشە و ڕێگەی بە بەرهەمهێنانی بڕێکی زۆری ئەم ماددەیەدا. بەداخەوە مێژوو نەیتوانی هەموو کار و زانستەکانی ئیبن فیرناس بگوازێتەوە کە ئەو خۆی بۆیان تەرخان کردبوو.
برایانی ڕایت
برایانی ڕایت دوو برای ئەمریکین کە برا گەورەکەیان ویلبێر ڕایتە و لە ساڵی ١٨٦٧ی زایینی لەدایک بووە، هەروەها برا بچووکەکەی، ئۆرڤیل ڕایت کە لە ساڵی ١٨٧١ی زایینی لەدایک بووە. باوکیان ناوی میڵتۆن ڕایت و دایکیان ناوی سوزان کاترین ڕایت بووە. برایانی ڕایت خوێندنی سەرەتاییان لە قوتابخانە حکومییەکان وەرگرتووە، ئەوان لەگەڵ خێزانەکەیان گەشتیان کردووە بۆ چەندین ناوچەی جیاواز لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەروەها ئارەزوویەکی گەورەیان هەبوو و باوەڕێکی قووڵیان هەبوو بە ئامانجەکانیان کە لە باوکیانەوە سەرچاوەیان گرتبوو، یەکێک بوون لەو کەسانەی کە پابەندبوون بە پرەنسیپەکانەوە و پێیان وابووە شتێکە کە دانوستانی لەسەر ناکرێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی براکانی ڕایت لەگەڵ پرۆسەی بەبازاڕکردنی داهێنانەکانیان کردووە لە دواتردا.
هەڵدانی یەکەم فڕۆکە
برایانی ڕایت شانازیییان پێدرا کە یەکەم فڕۆکەی بزوێنەریان لە مێژوودا هەڵداوە لە ساڵی ١٨٩٩ی زایینیدا، برایانی ڕایت دەستیان بە کارکردن کرد لەسەر تاقیکردنەوەکانی خۆیان، کە سەرەتا پشتیان بەو تاقیکردنەوانە بەستبوو کە بەسەر بەرزاییەکانی کارۆلینای باکووردا دەخلیسکان و سەرکەوتوو بوون، بۆیە کاریان لەسەر پەرەپێدانی تواناکانی گلایدەر کرد و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە تێیدا هەبوون، وەک فڕینی بەردەوام. جگە لە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی گلایدەرەکە توانیان، لە ڕێگەی ئەزموونە زۆرەکانیانەوە لێهاتوویی تەواو بەدەستبهێنن بۆ جڵەوگیر کردنی فڕۆکەکە لە هەوادا و پاشان کاریان لەسەر دروستکردنی یەکەم فڕۆکە کرد کە بە بزوێنەر بفڕێت لە ساڵی ١٩٠٣ی زایینی، لەوێ توانیان بزوێنەرێکی تایبەت بۆ فڕۆکەکەیان دروست بکەن، کە درێژییەکەی دوانزە مەتر بوو و کێشی ٢٧٤ کیلۆگرام بوو لەو ساڵەدا، لە چواردەی مانگی کانوونی دووەمدا، برایانی برایت بڕیاریاندا یەکەم گەشتی فڕۆکەوانی دەستپێبکەن، بەڵام ئەم گەشتە ڕێکنەکەوت بەهۆی تێکچوونی کارکردنەوە لە فڕۆکەکە لە کاتی بەرزبوونەوەیدا.
چەند ڕۆژێک دواتر برایانی ڕایت دووەم تاقیکردنەوەی هەڵفڕینیان بە فڕۆکەکەیان ئەنجامدا و زیاتر لە جارێک پرۆسەی فڕینەکەیان دووبارە کردەوە. لەگەڵ زیادبوونی مەودای هەر جارێک و هەوڵەکانیان لە کۆتاییدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
پیشاندانی داهێنانەکەیان بە خەڵکی
برایانی ڕایت دەستیان کرد بە هەوڵدان بۆ بەبازاڕکردنی داهێنانە نوێیەکەیان و پێشکەشکردنی بە جیهان و پێشکەشکردنی بۆ ئەو شوێنانەی کە بە وەزارەتی جەنگ ناسراوە لە حکومەتی ئەمریکا و حکومەتەکانی تر یان تەنانەت پێشکەشکردنی بە تاکەکانیش لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا، تا ئەو کاتەی دەرفەتەکانیان بۆ فرۆشتن گەیشتە وڵاتی ڕووسیا، بەڵام ڕەتکرانەوە و ئەم ڕەتکردنەوەش تا ساڵی ١٩٠٧ی زایینی مایەوە، دواتر یەکەیەکی سوپای ئەمریکا داوای فڕۆکەیەکی لە برایانی ڕایت کرد و فڕۆکەیەکی دیکەش لە ساڵی ١٩٠٨ی زایینی بە سەندیکایەکی بازرگانانی فەرەنسی فرۆشرا.
برایانی ڕایت لەسەر داوای هەردوو سوپای ئەمریکا و فەرەنسا کورسییەکی دیکەیان بۆ فڕۆکەکانیان زیادکرد و بەرەو فەرەنسا بەڕێکەوتن بۆ شکاندنی ژمارەی پێوانەیی فڕۆکەوانی دوای ئەوە ئەستێرەی برایانی ڕایت دەستیکرد بە درەوشانەوە وەک یەکێک لە دیارترین کەسایەتییە ناودارەکانی سەدەی بیستەم، هەروەها دوای گەڕانەوەیان لە فەرەنسا ویلبێر یەکەم گەشتی گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەندەری نیویۆرک ئەنجامدا و زیاتر لە ملیۆنێک بینەری ئەمریکی بۆ بینینی ئەم گەشتە ڕۆیشتن.
پەرەپێدانی فڕۆکەکە لە دوای برایانی ڕایت
زانستی دروستکردن و پەرەپێدانی فڕۆکە بەوەوە نەوەستا کە برایانی ڕایت دروستیان کرد، بەڵکو داهێنانی فڕۆکە بە تێپەڕبوونی کات بەردەوام بوو. لە ساڵی ١٩١١ی زایینی فڕۆکەی ڤین فیزی ڕایت بۆ ماوەی ٨٤ ڕۆژ فڕی هەروەها ئەم فڕۆکەیە لە ماوەی فڕینەکەیدا ٧٠ جار بۆ چاککردنەوە نیشتەوە، هەر جارێک هەندێک لە پارچەکانی دەگۆڕدران. بەهۆی ئەو ژمارە زۆرەی کاتەکانی چاککردنەوە و گۆڕینی کە لەم گەشتەدا ڕوویدا، کاتێک ڕێگاکەی لە کالیفۆرنیا کۆتایی هات تەنها چەند پارچەیەکی سەرەتایی خۆی لەسەری ئامادە بوون و شایەنی باسە ئەم فڕۆکەیە یەکەم فڕۆکە بوو کە توانیبووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێبپەڕێنێت.
بەشداربووانی دیکەی داهێنانی فڕۆکە
گوستاڤ وایت هێد
هەرچەندە بە شێوەیەکی بەرفراوان ناسراوە کە برایانی ڕایت یەکەم کەس بوون کە فڕۆکەکەیان داهێنا، بەڵام لێدوانی جیاواز هەیە، گوستاڤ وایت هێد یان غوستاڤ وایت هێد ئەو پیاوە ئەڵمانییەی لە ساڵی ١٨٩٤ی زایینی کۆچی کردووە بۆ ئەمریکا، بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ١٤ی مانگی ئابدا گەشتێکی بە فڕۆکەکەی بە بزوێنەرەوە کردووە لە ساڵی ١٩٠١ی زایینی. کە ئەمەش دوو ساڵ پێش برایانی ڕایت دەکات، هەروەها وتوویەتی کە گەشتی دیکەی کردووە و بۆ ماوەی دوو میل یان بۆ ماوەی حەوت میل درێژ بووەتەوە کە ئەمەیان لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٠٢دا بووە. یەکەم بابەتەکان کە پشتگیری وایت هێد دەکەن وەک یەکەم داهێنەری فڕین پێشکەشکرا لە کتێبێکدا کە لە ساڵی ١٩٣٧ی زایینیدا بڵاوکرایەوە دواتریش چەند جارێک نووسرایەوە. دۆسیەی وایت هێد لەسەر بنەمای بابەتەکانی هەواڵ بوو، وێنەیەکی فڕۆکەی ٢٢ی لە هەوادا بوو کە لە ساڵی ١٩٠٦ەوە کەس نەیبینیبوو، هەروەها چەندین بانگەشەی لەسەر هەبوون هەندێکیان لایەنگری بوون و هەندێکیان دژی بوون.
ئەلبێرتۆ سانتۆس
ئەلبێرتۆ سانتۆس دومۆن یاریزانێکی بەڕازیلییە و لە پلەی یەکەمدایە لە نێو ئەو کەسانەدایە کە وەک یەکەم کەسی داهێنەری فڕۆکە ناوهێنراون. بەڕازیلییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەلبێرتۆ سانتۆس یەکەم کەس بووە کە فڕۆکەکەی داهێناوە و یەکەم کەس بووە هەڵساوە بە بەکارهێنانی فڕۆکەیەکی ماتۆڕ لە ئەوروپا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٠٦ی زایینی. فڕۆکەکە بەرزبووەوە بۆ بەرزی نزیکەی ٦٠ مەتر، پاشان هەوڵێکی باشتری دا لە یەکەم جاری و لە ماوەی ٢١ چرکەدا توانی بگاتە بەرزی ٢٢٠ مەتر لە هەوادا. ئەمە سێ ساڵ دوای هەوڵەکانی برایانی ڕایتە لە ساڵی ١٩٠٣ی زایینی کە توانییان ١٥٠ مەتر بەرزی بەدەستبهێنن.
پەرەپێدانی داهێنانی فڕۆکە
پیشەسازی فڕۆکە شاهیدی گەشەسەندنێکی گەورە بوو، ئەمەش بووە هۆی بەکارهێنانی فڕۆکە لە بواری بازرگانی و هەروەها سەربازیدا لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا. پێشکەوتنێکی گەورە لە پیشەسازی فڕۆکە و گەشەسەندنیدا ڕوویدا لە ڕێگەی ئەو کارانەی کە ئەندازیاران ئەنجامیاندا. هانس ڤۆن ئۆهاین لە ئەڵمانیا و فرانک ویتل لە ئینگلتەرا (فرانک ویتل) جۆرێکی نوێی بزوێنەری فڕۆکەیان دروستکرد کە بە بزوێنەری جێت ناسراوە. لەڕێیەوە توانییان خێرایی فڕۆکەکان زیاد بکەن و بەرزی فڕینیان لە ئاستی زەویەوە زیاد کرد، بە جۆرێک هەندێکیان دەستیان کرد بە فڕین بە بەرزاییەکانی دە هەزار بۆ پانزە هەزار مەتر.
پیشەسازی فڕۆکە سەرنجی لەسەر پەرەپێدانی بزوێنەرە نوێیەکانە هەندێک بزوێنەر داهێنراون کە بە وزەی کارەبایی کاردەکەن کە لە سەرچاوەی وزەی بەدیلەوە بەرهەم دەهێنرێت، وەک خانەکانی خۆر و هەندێک جۆری خەزنکەر و جۆرەکانی تری وزەی بەدیل بزوێنەر هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدان. هەروەها زانایان ئارەزووی ئەوەیان کردووە کە ڕوو لە بوارێکی دیکە بکەن لە پیشەسازی فڕۆکەدا، کە ئەو بوارەیە لەسەر بنەمای دروستکردنی فڕۆکەی موشەک کاردەکات. ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات خێرایی زۆر بەرز بەدەستبهێنن و فڕۆکەکە بەرزبکەنەوە.
هەروەها خێرایی ئەو فڕۆکەیانەی کە ئەم تەکنەلۆژیایە بەکاردەهێنن دەگاتە خێراییەکانی سەرووی خێرایی دەنگ. فڕۆکەی بێڵ ئێکس-١ کە لە ساڵی ١٩٤٧ی زایینی دروستکرا یەکەم فڕۆکە بوو کە توانی خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاتر بێت.
مێژووی فڕۆکەوانی
مرۆڤ هەر لە کۆنەوە ویستویەتی بە تەواوی خەونی فڕینی خۆی بەدی بهێنێت و ئەم خەونەش بووەتە واقیع لە ئەنجامی زۆرێک لە هەوڵەکان کە کراون و تاقیکردنەوەکان کە بە درێژایی مێژوو لەلایەن زۆر کەسەوە جێبەجێ کراون. دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٤٠٠ پێش زایین کاتێک بیرکار و فەلەکناس و فەیلەسوفی یۆنانی ئۆلۆس گێلیۆس ئامێرێکی دیزاین کرد کە بتوانێت بە بەکارهێنانی بزوێنەری هەڵم بفڕێت. دەوترێت ئەم ئامێرە توانیویەتی لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا لە بەرزی ٢٠٠ مەتردا بفڕێت، عەباس ئیبن فیرناس توانی یەکەم هەوڵی فڕینی مرۆڤ لە مێژوودا سەرکەوتووانە ئەنجامبدات. تەنانەت دوای هەوڵە سەرکەوتووەکەی ئیبن فیرناس بۆ فڕین لە ساڵی ١٠١٠ی زایینی دەروێشی بەریتانی ئایلمەر لە تاوەرەکانی پەرستگایەکەوە ئامرازێکی بەکارهێناوە کە دەوترێت توانیویەتی بەرزبێتەوە و بفڕێت بۆ بەرزی ٢٠٠ مەتر.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە زۆر تاقیکردنەوە هەن کە کاریان کردووە بۆ بەدیهێنانی خەونی فڕین و کردنی بە واقیعێکی پراکتیکی، وەک ئەو تاقیکردنەوانە کە ساموێل لانگلی ئەنجامیاندا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون دواتر برایانی ڕایت ئەنجامەکەیان بەدەستیان هێناوە.