شاڵاوی ئەنفالی ناوچەی گەرمیان

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-03-20:10:00 - کۆدی بابەت: 2903
شاڵاوی ئەنفالی ناوچەی گەرمیان

ناوه‌ڕۆك

شاڵاوی ئەنفالی ناوچەی گەرمیان

٧ تا ٢٠ نیسانی ١٩٨٨

گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی ١٩٨٨ بۆ سەر کوردستان، کە ناوچەکانی (دوز، قادرکەرەم، کەلار، کفری، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، تەکیە، و بەشێک لە ناوچەی ئاغجەلەر)ی ڕاماڵی. زیانێکی ئێجگار گەورەی گیانی و ماڵی بە دانیشتوانی نزیکەی (٥٠٠) پێنج سەد گوندی ئەم ناوچەیە گەیاند، کە پتر لە سی هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێسەر و شوێن کرد و ماڵ و سامانیشیان بە تاڵان بردرا. لە (١٤ نیسانی ١٩٨٨)دا، چوار شارۆچکەی گەرمیان بە یەک رۆژ بە تەواوەتی وێران کران و نزیکەی بیست هەزار ژن و منداڵ و پیاوی بۆ سەربازگەی قۆڕەتوو ڕەوانە کران، بۆیە ئەم رۆژە لە هەموو ساڵێك کراوەتە رۆژی یادکردنەوەی تاوانە گەورەکەی ئەنفال لە کوردستان.
هۆی زۆری ژمارەی گیراو و شونبزر کراوەکانی گەرمیان، دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە پارێزگای سلێمانی بە هۆی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ بەڕێگای مستەشارە کوردەکانەوە پڕوپاگەندەیان بڵاو کردەوە، کە حکومەت هەر خێزانێك (٣٠٠) مەتر دوجا زەوی لەگەڵ قەرزی عەقاری دەداتە گوندنشینەکان. ئەمەش وایکرد، کە خەڵکەکە هێـمن ببنەوە و ڕانەکەن، بۆیە ئەو ژمارە زۆرە دەستگیر کران. دەسگیرکراوەکانی ئەم مەڵبەندە بەرەو چەمچەماڵ ڕەوانەکران، کە بووە مەڵبەندی کۆکردنەوەی گیراوەکانی باکووری گەرمیان، ئەوانەی لە کەمپەکانی قادرکەرەم و لەیلان بوون بۆ ئەوێ دەهێنران. 
بەڵام گیراوەکانی باشووری گەرمیان لە دوو مەڵبەندی سەرەکی کۆکرانەوە، یەکێکیان مەڵبەندی لاوانی دوزخورماتو بوو، کە نزیکەی چوار هەزار کەسی تێدا بەندکرابوو، سەربازەکانیش زۆر نامرۆڤانە هەڵسوکەوتیان لەگەل دەکردن، سەرەڕای ئەشکەنجەدان و برسی کردن و تێنوکردن، هەرچی پارە و زێڕو شتری بەنرخیان پێبوو لە ئافرەتەکانیان دەستاند، پێیان دەوتن ئێوە یارمەتی (موخەڕیبتان) داوە (پێشمەرگە). بەڵام مەڵبەندی دووەم بۆ کۆکردنەوەی گیراوەکان، بەرەگای فیرقەی (٢١)بوو لە قۆڕەتوو. لە زاری یەکێک لە دەربازبووەکانەوە هاتووە، کە نزیکەی دە هەزار کەس لەم قەڵا سەربازییە بەندکرابوون. 
بە پێی چاوپێکەوتنەکانی (NEWمیدڵ وێست وۆچ)، لەگەڵ یەکێک لە رزگاربووان، ژن و پیاو لە یەکتر جیاکراونەتەوە، ئینجا پیاوەکان بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە و دواتریش بەهەمان شێوە ژن و منداڵەکانیشیان جیاکردۆتەوە. 


سەرچاوەکان



2210 بینین