ئەنفالی کورد

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-02-20:51:00 - کۆدی بابەت: 2841
ئەنفالی کورد

ناوه‌ڕۆك

ئەنفالی کورد

هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقیەوە کورد دووچاری پاکتاوکردنی نەژادی هاتووە، بە هەموو شێوەکانی گرتن و ڕاگواستن و کوشتن و تاڵانکردن  و بەعەرەبکردن، بەڵام ئەمەی کە لە ساڵی ١٩٨٨ بەناوی ئەنفال بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرا، شێوەیەکی تایبەتی وەرگرت، لە دڕندایەتی و قڕکردندا، کە دەتوانین بە جۆرێکی ترسناکی جینۆساید لەم سەردەمەدا بە مرۆڤەیاتی بناسێنین. کەواتە دەتوانین (ئەنفال) بەم شێوەیە پێناسە بکەین، کە (میدل ئیات وۆچ)، دەیخاتە ڕوو: (ئەنفال ئەو ناوەبوو کە بە زنجیرەیەک هێرش و بەلاماری نەخشە و بۆ کێشراوی سەربازی ئەنجامدرا. سەرجەم هەشت پەلامار بوو لە شەش ناوچەی جوگرافیای جیاواز بەڕێووەچوو)، لە نێوان مانگی شوبات و سەرەتای ئەیلولی ١٩٨٨دا. سەرەتا کردە سەربازییەکان لە دەست نوسینگەی باکووری ڕێکخستنی حیزبی بەعس بوو، کە بنکەی سەرەکی لە شاری کەرکوک بوو. لە ئاداری ١٩٨٧ بە دواوە لە لایەن (عەلی حەسەن ئەلمەجید) (علی کیمیاوی)، سەرۆکایەتی دەکرا. هێرش و پەلامارەکانی ئەنفال لە لایەن هێزە نیزامییەکان و هەردوو فەیلەقی یەک و پێنج ئەنجامدرا بە پاڵپشتی یەکە جیاوازەکانی سوپای عێراق و قەوجە سووکە کوردەکان (جاش).

ئەنفال بەرچاوترین تاوانە لە دوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە بە سەر گەلی کورد داهاتووە، بۆ لەناوبردن و سەرکوتکردنی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد و سڕینەوەی هەموو مۆرکێکی نەتەقەیی و کولتوری و مێژوویی و دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی و ئابووری..هتد.
هێرشەکانی ئەنفال بە یەکێک لە زەقترین دیاردەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە لایەن رژێمی عێراقیەوە دادەنرێت، کە پەلامارە سەربازییەکان ڕاستەوخۆ گوند و لادێكان و چەند شارۆچکەیەکی کوردستانیان بە تەواوەتی وێرانکرد و ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانە بێتاوانەکەیان بۆ چەند شوێنێکی تایبەت ڕاگواستەوە، لە بیابانەکانی ڕۆژئاوای عێراق لەسەر سنووری عێراق-سعودیە، کە زۆری هەرە زۆریان لەم ناوچەیەدا زیندەبەچاڵ و گوللەباران کران و ماڵ و سامانیشیان وەک دەسکەوتی شەڕ بە تاڵان بردرا.
دەسەڵاتدارانی رژێمی پێشووی عێراق زۆر بە شانازییەوە دانیان بە هێڕشەکانی ئەنفال ناوە. هەموو ساڵێكیش یادیان کردۆتەوە، بەڵام هەرگیز دانیان بە بێسەروشوێن کردنی ئەو دەیان هەزار مرۆڤە بێتاوانە نەناوە. پیاوانی ڕژێم وایان بڵاودەکردەوە، کە گوایە شاڵاوەکانی ئەنفال تەنیا لە دژی (تێکدەران و بەکرێگیراوان) کراوە.


سەرچاوەکان



10477 بینین