ناوهڕۆك
ناساندن
جوگرافیای ئاوەدانی (بە عەرەبی: الجغرافیة العمران، بە ئینگلیزی: Geography of Settlement (Urbanization))، جوگرافیای ئاوەدانی یان جوگرافیای ئاواکاری، جوگرافیای ئاوەدانی مرۆیی یان نیشتەجێبوو. لقێکی نوێیە لە زانستی جوگرافیای کۆمەڵناسی کە گرنگی دەدات بە دوو بابەتی سەرەکی کە بریتین لە خانووی لادێی (السکن الریفي) و خانووی شارنشینی (السکن لحضري أو المدني). لەم چەند ساڵەی دواییدا لێکۆڵینەوە لەم بابەتە فراوانتربووە کە لایەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی نیشینگەکانی گرتەخۆ.
مێژووی سەرھەڵدان و گەشەکردنی دێ نشینی
نیشتەجێیی یان ئاوەدانی لقێکی نوێیە لە زانستی جوگرافیا کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی بیستەم، (Allen.K.Philbrick) جوگرافیای ناسی ئەمریکی لە پێناسەیەکی بۆ جوگرافیا جەختی لەسەر شیکردنەوەی جۆری نیشینگە مرۆییەکان و ئاوەدانکردنی بۆ زەوی کردەوە. گرنگیدان بە بابەتی نیشتەجێکردن و دێ نشینی گرنگی زۆری پێنەدرابوو تا ئەوکاتەی کۆنگرەی جیھانی یەکەمی جوگرافی لە قاھیرە بەسترا لە ساڵی (١٩٢٥) ئەم کۆنگرەیە گرنگییەکی تایبەتی ھەبوو، چونکە گرنگی دەدا بەو لێکۆڵینەوانەی کە پەیوەست بوون بە نیشتەجێکردن و دێ نشینی بەم جۆەش کاریگەری ھەبوو لە بڵاوبوونەوەی شارەزایی ئەم کۆمەڵە جوگرافییە جیھانییە.
جوگرافیازانی فەڕەنسی (دیمانجۆن) یەکەمین لێکۆڵینەوەی لە بواری جوگرافیای جێنشینی و بوارەکانی پێشکەش کرد کە تایبەت بوو بە بوارەکانی شێوەی گوندەکان و مێژووی سەرھەڵدانیان و شێوەی دابەشبوونیان. لە کۆتایی ئەم کۆنگرەییە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە لە سێ بەرگ پێکھاتبوو لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٢٨ و ١٩٣٠ و ١٩٣١) بە ناونیشانی (International Geography Union of Commission in types of Rural Settlement). ئەم ڕاپۆتەش حەز و خولیای لەلای جوگرافییەکان پەیداکرد بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی دێ نشینی و نووسین لەم بوارەدا. ھەموو ئەم لێکۆڵینەوانە سەرنجی قوتابخانەی جوگرافی فەڕەنسی بۆخۆی ڕاکێشا و زۆرێک لە زاناکان لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر نیشینگە فەڕەنسییەکان ئەنجامدا، دواتر ھەریەک لە ئەڵمانییەکان و ئینگلیزەکانیش بواری لێکۆڵینەوەیان لەم بابەتە فراوانتر کرد کە نیشینگە لادێییەکانی گرتەخۆ لە پاڵ سەنتەری شارەکان ناونرا جوگرافیای نیشتەجێبوون یان ئاوەدانی مرۆیی.
ھەمیشە ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە بۆچی گرنگی بە جوگرافیای دێ نشینی دەدرێت لە کاتی خۆێندنی جوگرافیای ئاوەدانی نیشتەجێبوون یان شارنشینی؟ چونکە (دێ نشینی) لە ڕووی مێژووییەوە کۆنترە لە (شار نشینی) و بەشێکی زۆری ئەو شارە گەورانەی کە ئێستا ھەن پێشتر تەنھا گوندێک بوونە و بە تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی مرۆڤ و تەکنەلۆجیا ئەم گوندانە گەشەیانکردووە و بوونە بە شاری گەورە. نموونە وەکوو شاری لەندەن کە گوندێکی بچووک بوو ڕۆمانییەکان لە ساڵی (٥٠) پێش زایین دروستیانکرد و ناویان نا (لندینیۆم)، نیۆڕک کە لەلایەن ھۆڵەندییەکان دامەزرا و لە ساڵی (١٦٢٤) ناونرا (New Amsterdam) کە ئێستا یەکێکە لە گەورەترین و قەڕەباڵغترین و گرنگترین شارەکانی جیھان.
بەغدا و ھەولێریش بە ھەمان شێوە گەشەیانکردووە و بوونەتە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و سیاسی و بازرگانی و نێودەوڵەتی. ھەندێک لێکۆڵینەوەی سەربەخۆ پەیدا بوون کە (بابەتی دێھاتی و دێ نشینی) وەکوو بەشێکی سەربەخۆ ناساند، نموونەی ئەم لێکۆڵینەوانەش (کتێبی کلوت بوو لە ساڵی ١٩٧٢). نەتەوەیەکگرتووەکانیش ڕۆڵی گرنگیان گێڕا لەم بوارەدا کە چەندین کۆنگرە و دانیشتنی جیھانی ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە چارەسەرکردنی بابەتی دێ نشینی لە وڵاتانی تازە پێگەیشتوو، نموونە وەکوو کۆنگرەی چوارەمی ئەفرۆئاسییەوی لە ھیندستان لە ساڵی (١٩٧٥). لە عێراقیش لەم چەند ساڵەی دواییدا چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی ئەنجامدران کە تایبەت بوون بە بابەتی دێ نشینی لەسەر ئاستی پارێزگاکان.
گرنگترین ئەو زانایانەی لێکۆڵینەوەیانکردووە لە بواری دێ نشینی
١- فلبریک
لە پێناسەیەکی بۆ جوگرافیا جەختی لەسەر ڕوونکردنەوەی جۆری نیشینگە مرۆییەکان کردۆتەوە، لێکۆڵینەوەکانی تەنھا تایبەت نەبوونە بە ئاوەدانکردنەوە و جۆری کەرەستەی بەکارھاتوو بۆ بیناسازی، بەڵکوو گرنگیشی داوە بە دابەشبوون و پۆلێنکردنی خانووکان و ڕێکخستنی شوێنی بۆ خانووەکان.
٢- ریتر
لێکۆڵینەوەکانی لە بواری جۆرەکانی خانووی دێھاتی و شێوەکانی و جۆری دابەشبوونیان و ھۆکارەکانی سەرھەڵدانیان.
٣- کامیل ڤالانکس
لە پێشەنگی ئەو کەسانە دێت کە چوارچێوەی تیۆری بۆ پرۆگرامەکانی نیشتەجێبوونی دێھاتی دانابێت.
٤- بیر جۆرج
یەکێک بووە لەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوەی لە بارەی نیشینگە دێھاتییەکان ئەنجامداوە ئەم جۆرە پەیوەندییانەی شیکردۆتەوە لە پەرتووکەکەی بەناوی (جوگرافیای دێھات).
٥- فیداڵ دی لابلاش
خانووی نیشتەجێبوونی بە یەکێک لە بابەتە ھەرە گرنگەکانی جوگرافیای مرۆیی داناوە.
٦- ھاسیرت
لە ساڵی (١٩٠٧) چەند نووسینێکی لە بارەی دێ نشینی ھەبووە لە ڕێگای نووسینەکانی لە بواری جوگرافیای نیشتەجێبوون.
٧- چیشۆڵم
لە ساڵی (١٩٦٢) لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم چەند لێکۆڵینەوەیەکی دێھاتی ئەنجامدا کە چەند دیارەدەیەکی لە خۆگرتبوو، وەکوو (دێھاتی بەرھەمھێنانی کشتوکاڵی و جێنشینی لادێی و پلاندانانی دێھاتی).
٩- متزن
لە لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بوونە لە بواری نیشتەجێبوونی دێھاتی و خانووی دێھاتی لە ئەڵمانیا، لە پەرتووکەکەی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە نیشتەجێبوونی دێھاتی یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی جوگرافیای مرۆیی.
ئەو ھۆکارانەی کاردەکەنە سەر دابەشبوونی نیشینگە لادێییەکان
ھۆکارە سروشتییەکان
ھۆکارە سروشتییەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاردەکەنە سەر دابەشبوونی نیشنگە لادێییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو، لە ڕووی تەرزی دابەشبوونی خانووەکان و کەرستەی بەکارھاتوو و ھەڵبژاردنی شوێن بۆ دروستکردن و بنیاتنانی خانووەکان، لە گرنگترین ئەو ڕەگەزە ئاو و ھەوایانەش بریتین لە
١- ئاو و ھەوا
مەبەست لە ئاو و ھەوا گشت ڕەگەزە کەشییەکانە کە لە ماوەیەکی دوور و درێژ و کاتیدا دەکرێت پێوانە بکرێن، وەکوو (پلەی گەرمی، دابارین و شێوەکانی و شێ و پەستانی ھەوا). ئاو و ھەوا وکوو ڕەگەزێکی سەرەکی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر دابەشبوونی نیشینگە لادێییەکان، نموونە وەکوو (شوێنی نیشینگە لادێییەکان) کە بەجۆرێک مرۆڤ ھەوڵی داوە گونجاوترین شوێن ھەڵبژێرێت لە ڕووی ئاو و ھەواوە بۆ نیشتەجێبوون. بە شێوەیەکی گشتی ژمارە و چڕی نیشینگە لادێییەکان زیاترە لە ناوچە مامناوەندەکان بە بەراورد لەگەڵ ناوچە سارد و ناوچە گەرمەکان بە ھۆکاری گونجانی ئاو و ھەوا لە ناوچە مامناوەندییەکان کە ڕەنگدانەوەی ھەیە لەسەر چالاکییە کشتوکاڵییەکان و پڕۆسەی بەرھەمھێنان.
٢- مۆرفۆلۆجیای نیشینگە لادێییەکان
مەبەست لە مۆرفۆلۆجی واتە شێوە و ڕووخسار و دیزانکردنی خانووەکان بە تایبەتی و نیشینگەکان بەشێوەیەکی گشتی، ھەمیشە نیشینگە مرۆییەکان بە ھۆکاری جیاواز و شێوازی جیاواز دەردەکەون، ھۆکاری سەرەکیش دەگەڕێتەوە بۆ ھۆکارە ئاو و ھەواییەکان بۆ نموونە لە ناوچە شاخاوییەکان کەرستەی (بەرد، دار، قوڕ و گیا) بەکار ھاتووە بۆ دروستکردنی خانووەکان، کەچی لە ناوچە گەرمەکان زیاتر سوود لە (قوڕ لە شێوەی خشتی سووروەکراو) وەرگیراوە بۆ دروستکردنی خانووەکان. لە ناوچەی زۆنگاوەکان سوود لە قەڵای ڕووەکەکان وەرگیراوە بۆ ڕووپۆشکردنی خانووەکان. لە ناوچە شاخاوییەکان خانووەکان لە شێوەی یەک نھۆمی و دوو نھۆمی بنیات نراون، کەچی لە ناوچە گەرمەکان خانووەکان لە شێوەی (کوخێک) بنیات نراون.
٣- بەرزی و نزمی (تۆپۆگرافی)
مەبەست لە بەرزی و نزمی بەرزی لە ئاست ڕووی دەریا و لێژی دەگرێتەوە بە شێوەیەکی گشتی (دەشتەکان، بانەکان، گردەکان و دۆڵەکان و چیاکان) دەگرێتەوە، کە کاریگەری زۆری ھەیە لەسەر تەرزی دابەشبوونی نیشینگەکان، بۆ نموونە لە ناوچە بەرزەکان نیشینگە لادێییەکان ژمارە و قەبارە و چڕیان کەمترە بە بەراورد بە ناوچە نزمەکان بەھۆی سەختی و دژواری ھاتووچۆکردن و کەمی ڕووبەری زەوی تەختایی.
جگە لەم ھۆکارەش بەرزی و نزمی کاریگەری ھەیە لەسەر شێوە و ھەڵکەوتەی گوندەکان کە زیاتر لە شێوەی (کۆبووەوە) دەردەکەون کەچی لە ناوچە دەشتاییەکان (ناوچە تەختاییەکان) شێوە و ھەڵکەوتەی نیشینگەکان بە شێوەیەکی درێژ کۆڵەی دەبینرێت زۆر جار نیشینگەکان بە درێژایی ڕێگاکان درێژ دەبنەوە. لە ھەرێمی کوردستان نیشینگە لادێییەکان بە ڕێژەیەکی کەمتر لە ناوچە زۆر لێژەکان دەبینرێن، چونکە لێژی زۆر واتای سەختی پڕۆسەی بیناکاری و چالاکی کشتوکاڵی دەگەیەنێت.
٤- خاک
بریتییە لەو چینە فشەڵ و تەنکەی کە سەر ڕووی زەوی داپۆشیووە بە ئەستووری جیاواز لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر. خاک بە یەکێک لەو ھۆکارانە دادەنرێت کە کاریگەری ھەیە لەسەر نیشینگە لادێییەکان، بەڵام بە ڕێژەیەکی کەمتر. چونکە پەیوەندییەکی پێچەوانە ھەیە لە نێوان بەرزی و لێژی و قوڵی خاک و ڕووبەری تەختایی خاک بۆ چالاکی بیناکردن و چالاکی کشتوکاڵی، ھەمیشە مرۆڤ خۆی لەو ناوچانە بەدوور گرتووە کە چینی سەرەوەی خاکی بە بڕێکی زۆر لە بەرد پێکھاتووە، چونکە ئەستەم بووە بۆ بنیات نانی خانوو و ئەنجامدانی چالاکی کشتوکاڵی.
٥- دەرامەتی ئاو
سەرچاوە ئاوییەکان بە گشت جۆرەکانیان دەگرێتەوە چ لە شێوەی ئاوی ژێر زەوی بێت یان لە شێوەی ئەوی سەر زەوی بێت. بە تایبەتی بوونی لقە ڕووبارەکان و کانی و کارێزاوەکان و زەلکاوەکان و دەریاچەکان کە کاریگەری زۆر لەسەر دابەشبوونی نیشینگە لادێییەکان جێ دەھێڵن. بە جۆرێک نیشینگەکان لەگەڵ بوونی ڕووبارەکان بە تەرزی ھێڵی دەردەکەون کەچی لەگەڵ بوونی کانیاوەکان و دەریاچەکان بە تەرزی پەرش و بڵاو دەردەکەون کە لە ھەرێمی کوردستان تێبینی ئەم جۆرە دابەشبوونانە کراوە بۆ نیشینگە لادێییەکان.
ھۆکارە مرۆییەکان
مەبەست لە ھۆکارە مرۆییەکان ھەموو ئەو کردارە مرۆییانە دەگرێتەوە کە ڕەنگدانەوەیان ھەیە لەسەر شێوە و دابەشبوونی نیشینگەکان بە ڕێژەیەکی کەم تا زۆر، لە گرنگترین ھۆکارەکانیش بریتین لە:
١- ھۆکارە کۆمەڵایەتییەکان
مرۆڤ لە ناوچە جیاجیاکانی ڕووی زەوی ھەمیشە خواستی وایە کە بە شێوەی کۆمەڵ و نزیک یەک گوزەرانی ژیان بکات، ئەم نزیکییە جۆرێک لە تێکەڵاو بوون دروست دەکات، جگە لەمەش ئەنجامدانی ھەندێک چالاکی بە ھەرەوەزی (بە کۆمەڵ) وەکوو کشتوکاڵی و ئاژەڵداری سوود لە ھاوکاری و تواناکانی یەکتر وەردەگرن بۆیە زۆربەی کات ھۆکارە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەریان ھەیە لەسەر دەرکەوتنی تەرزی نیشینگە لادێییەکان بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ و لەیەک نزیک.
٢- ھۆکارە ئابوورییەکان
پێشکەوتنی لایەنی ئابووری کاریگەری ھەیە لەسەر ئاسانی لە بەکارھێنانی دەرامەتەکان و زیاتر سوود وەرگرتن لێیان، بە تایبەتی پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا ھۆکارێکی ترە بۆ بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی نیشینگە مرۆییەکان، بۆ نموونە ئاسانی لە ڕاکێشانی تۆڕەکانی ھاتووچۆ و گواستنەوە خزمەتگوزارییەکانی تر وەکوو ئاو و کارەبا ئەمەش بە ھۆکارێک دادەنرێت بۆ دەرکەوتنی نیشینگەکان بە شێوەیەکی درێژکۆڵەیی بە درێژایی ڕێگاکانی گواستنەوە. جگە لەم دوو ھۆکارانەش بە شێوەیەکی سەرەکی چەندین ھۆکاری تر ھەن کە کاریگەریان ھەیە لەسەر دابەشبوونی نیشینگە مرۆییەکان وەکوو (ئایین، زمان، نەتەوە و عەشیرەت و داب و نەریتە کۆمەڵایەتییەکان).