کاریگەریی دەنگ و مۆسیقا لەسەر منداڵ لە سکی دایکیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-21-22:25:00 - کۆدی بابەت: 7657
کاریگەریی دەنگ و مۆسیقا لەسەر منداڵ لە سکی دایکیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دایکان لەماوەی دووگیانیدا هەر کارێک بکەن ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر کۆرپەلەکەی سکیان بۆیە خانمانی دووگیان لە هەموو ڕوویەکەوە دەبێت ئاگاداری خۆیان بن، لە بەکارهێنانی دەرمان و خواردن و کاری قورس و هەر شتێک کە کاریگەری هەبێت لەسەریان، هەروەها دەنگ و مۆسیقاش وەک هەر یەکە لەوانە کاریگەری هەیە لەسەر منداڵەکە.

بیستنی کۆرپەلە

کۆرپەلە کاتێک لە سکی دایکیدایە لە ٢٥ هەفتەی تەمەنییەوە دەتوانێت هەستی بیستنی هەبێت و دەنگ ببیستێت، و لە ٢٨ هەفتەییدا توانای وەڵامدانەوەی دەبێت بۆ مۆسیقا و دەتوانێت ئەو مۆسیقایەی کە لەناو سکی دایکیدا بیستوویەتی لە یادی بمێنێتەوە و کاریگەری باش و خراپ بەجێ بهێڵێت لەسەری.

کاریگەری دەنگ و گۆرانی

ئارام بوونەوە و چێژ وەرگرتن

تاکوو ئێستا زانایان ڕای جیاوازیان هەیە و ڕێکنەکەوتوون لەسەر ئەوەی ئایا دەنگی مۆسیقا و گۆرانی کاریگەری باشی هەیە یاخود کاریگەری نییە، زۆرێک پێیان وایە کە کۆرپەلە وەڵامدانەوەی دەبێت بە دەنگە دەرەکییەکان و بە دەنگی گۆرانی هێمن ئارام دەبێتەوە، و بە دەنگی بەرز بێزار دەبێت و کاریگەری خراپی دەبێت لەسەری، چونکە کۆرپەلە لە سکی دایکیدا و لە دەرەوە نییە قورسە بەباشی بتوانرێت ئەنجامی توێژینەوەکان ڕوون بێت، یەکێک لە پسپۆڕەکانی منداڵ لە کالیفۆرنیا کۆرپەلەیەکی ٣٣ هەفتەیی خستبوویە ژێر چاودێرییەوە و سەمفۆنییەکی بۆ لێدابوو و ڕایگەیاندووە لەبەر ئەوەی کە کۆرپەلەکە حەزی بە ئاوازی سەمفۆنییەکە هەیە و لەگەڵیدا جووڵە دەکات دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کۆرپەلەکە لە حاڵەتی فێربوون و چێژ وەرگرتندایە لێوەی.

بیرهاتنەوە 

لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە کۆرپەلە ئەوەی لە منداڵدانی دایکیدا دەیبیستێت، دوای تێپەڕبوونی ١٢ مانگ بەسەر لەدایکبوونیدا واتە کاتێک منداڵەکە دەبێتە ساڵێک وەڵامدانەوە و کاردانەوەی دەبێت بۆ ئەو دەنگی ئەو گۆرانی و مۆسیقایەی ئەوکاتە گوێی لێ بووە، پزیشکێک بەناوی ئەلێکساندەر لامۆنت لە چاوپێکەوتنێکیدا دەربارەی دەروونزانیی مۆسیقا وتی: هەمیشە وام بیردەکردەوە کە منداڵدانی دایک شوێنێکی قەرەباڵغ و پڕ دەنگە دەنگە بەڵام لە ڕاستیدا جێگایەکی ئارام و بێ دەنگە، هەربۆیە کۆرپەلە بەباشی لە هەست و دەنگی گۆرانی و دەنگەکانی دیکەی دەورووبەری تێ دەگات.

گۆڕانی لێدانی دڵی منداڵ

دەرکەوتووە کە ئۆپێرا لێدانی دڵی منداڵ دەگۆڕێت کاتێک ڕیتمی ئاواز و مۆسیقاکە دەگۆڕدرێت، هەروەها گوێگرتن لە مۆسیقای کلاسیکی کاریگەری زیاترە لەسەر منداڵ بەتایبەت لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا، گۆرانیبێژێکی پۆپ دەڵێت: ''ئەو گۆرانییەی کە بۆ هاوسەرەکەمم لێ دەدا کاتێک دووگیان بوو دوای چەند مانگێک لە لەدایکبوونی منداڵەکەمان لە تەمەنی چوار مانگیدا کاریگەری خستبوویە سەری و کاتێک دەگریا، گۆرانییەکەمان بۆ لێ دەدا ژیر دەبوویەوە و بزەیەکی دەکرد، هەروەها کاترین سینگلێتن لەو باوەڕەدایە کە کاریگەرییەکەی زیاتر دەمێنێتەوە و تەنها یەک ساڵ نییە، دەڵێت کاتێک لە مانگی پێنجەمی دووگیانیمدا بووم خەریکی وتنی گۆرانییەک بووم و کۆرپەلەکە بەدرێژایی ئەو کاتانە ئەمەی دەبیست، کاتێک کە منداڵەکەم تەمەنی پێنج ساڵ بوو جارێکی دیکە ئەم گۆرانییەم وتەوە ئەو بە درێژایی سێ کاتژمێر بەبێ ئەوەی کە بچووکترین جووڵەشی هەبێت یاخود ماندوو ببێت گوێی لەمە دەگرت''.

بڕی دەنگەکە دەبێت چەند بێت؟

گوێی مرۆڤێکی ئاسایی دەتوانێت تاکوو ٨٥ دیسێبڵ دەنگ ببیستێت لەم حاڵەتەدا دەنگەکە ئاساییە و زیان ناگەیەنێت بە مێشک، ئەگەر دەنگێک لەم بڕە زیاتر بێت زیان دەگەیەنێت بە گوێ، گەر چی گوێ دەتوانێت تاکوو ١٤٠ دیسێبڵیش ببیستێت بەڵام زۆر مەترسیدارە و زیانێکی درێژخایەن دەگەیەنێت بە گوێ، کۆرپەلە لە سکی دایکیدا دەنگەگانی دەرەوە جیادەکاتەوە و دەتوانێت بیانبیستێت بۆیە زۆر گرنگە وریای بەرزی ئاستی ئەو دەنگە بیت کە منداڵەکەت دەیبیستێت، لەبەرئەوەی کۆرپەلە سەرەتای تەمەنییەتی و ناسکە دەبێت زۆر ئاگاداربیت، واباشترە منداڵ لەسەروو ٦٥ دیسێبڵ دەنگەوە نەبیستێت، ئەگەر ڕۆژانە منداڵەکە زیاتر لە هەشت کاتژمێر لە ژێر کاریگەری ٨٥ دیسێبڵ دەنگدا بێت ئەوە زیانی پێ دەگەیەنێت و توانای بیستنی منداڵ کەم دەکاتەوە.

سوودەکانی گوێگرتن لە مۆسیقا و گۆرانی بۆ کۆرپەلە

کاتێک گوێ لە گۆرانییەک یاخود مۆسیقایەکی ئارام و هێمن دەگریت کاریگەری باش بەجێ دەهێڵێت لەسەر منداڵ لە منداڵدانتدا و منداڵەکە سەرنجی خۆی دەخاتە سەری و پێی خۆش دەبێت، نەک تەنها لە سکی دایکیدا بەڵکوو لە داهاتووشدا و دوای لەدایکبوونی سوودی دەبێت بۆی، توێژینەوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە ئەو دایکانەی لەماوەی دووگیانییەکەیاندا لایلایەیان کردووە بۆ منداڵەکەیان دوای لەدایکبوون کەمتر دەگریان و شەوان باشتر دەخەوتن و دووربوون لە گریانی بەردەوام بە بەراورد بەو منداڵانەی کە دایکیان لەماوەی دووگیانیدا هەرگیز لایلایەی بۆیان نەکردووە، جگە لەمەش چەندین سوودی دیکەی هەیە وەک:

  • لێدانی دڵی منداڵ کەم دەکات و جێگیر دەبێت و بەپێی ئاوازی گۆرانییەکە دەگۆڕێت.
  • گوێگرتن لە گۆرانی لە سکی دایکیدا هەنگاوێک لە پێشتر دایدەنێت بۆ فێربوونی زمان، ئەمەش پەیوەستە بەو زمانی گۆرانییەکەوە کە دایکەکە لێیداوە.
  • لە داهاتوودا دەنگی سروشت زیاتر کاریگەری دەبێت لەسەر هەستی بیستنی منداڵ.
  • دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی پەستان لەسەر مێشکی دایکەکە و فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە و خەمۆکی و توڕەیی دایکەکە کەم دەکاتەوە و دایکەکە کەمتر تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت دەربارەی منداڵبوونەکەی، و منداڵبوونێکی سروشتی ئاسانتری دەبێت.

زیانەکانی دەنگی بەرز

بوونی دەنگی بەرز هەرچییەک بێت گۆرانی یاخود مۆسیقا و دەنگی دەرەکی کاریگەری خراپ جێدەهێڵن لەسەر منداڵەکە کە ئەمانەن:

زیانگەیاندن بە هەستی بیستن

دەنگی بەرز و لەناکاو زیانی زۆر دەگەیەنێت بە گوێی کۆرپەلەکە، کاتێک ماوەیەکی زۆر لە کۆنسێرتێک دەبیت کە دەنگی زۆر بەرزی تێدایە، یاخود کاتێک لەناکاو دەنگێکی گەورە دێت وەک ئاگرکوژێنەوە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و کاریگەری دەبێت لەسەر توانای بیستنی منداڵەکە و دوای دەنگە لەناکاوەکە منداڵەکە جووڵەی زۆر زیاتر دەکات و لەقە دەهاوێژێت.

دروستکردنی فشاری دەروونی

توێژینەوەیەک کراوە لەسەر مەیموونی جۆری ڕیزۆس کە ناوە زانستییەکەی (Macaca mulatta)ـە کە دەرکەوتووە دەنگی بەرز دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ و هۆڕمۆنی  دەرپەڕاندنی کۆرتیکۆترۆپین - CRH، کە ئەم هۆڕمۆنانە دەبنە هۆی فشاری دەروونی.

ناتەواوی کۆرپەلە

بەرزی دەنگ کێشەی ناتەواوی دروست دەکات بۆ کۆرپەلە، هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی دایکەکە لەماوەی دووگیانیدا و زیادبوونی ڕێژەی کۆرتیزۆڵ و کەمی کێشی منداڵ لە کاتی لەدایکبوونیدا.

منداڵبوونی پێش وەختە

دەرکەوتووە لە توێژینەوەیەکدا ئەو دایکانەی کە بەردەوام لەماوەی دووگیانیدا گوێیان لە دەنگی بەرز و گۆرانی بەرز گرتووە تووشی منداڵبوونی پێش وەختە بوون و لە ٣٧ هەفتەییدا منداڵیان بووە لەبری ٤٠ هەفتەیی.


سەرچاوەکان



1790 بینین