ئەنفالی ناوچەی بادینان

له‌لایه‌ن: ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-03-03-20:36:00 - کۆدی بابەت: 2904
ئەنفالی ناوچەی بادینان

ناوه‌ڕۆك

ئەنفالی ناوچەی بادینان

لە ٢٥ئاب- ٦ ئەیلولی ١٩٨٨

لەدوای وەستانی شەڕی عێراق-ئێران، دوا شاڵاوەکانی ئەنفال لە ٨ی ئابی ١٩٨٨ دەستیپێکرد، سوپای عێراق دەستی واڵابوو بۆ ئەنفالکردنی ناوچەی بادینان. ئەم شاڵاوە بە درێژای ناوچەکانی (زاخۆ، ئامێدی، شێخان و ئاکرێی گرتەوە). هەروەک پیشەی جارانی لە شاڵاوەکانی تری ئەنفال، یەکەم جار شوێنە ستراتیژیەکانی ناوچەکەی بۆردومانکرد بە بۆمبی هێشووی (عنقودی) و کیمیاوی. 
خەسترین هێرشی هێشوویی لە ٢٤ی ئاب بۆ سەر گوندی سپیداری قەد پاڵی چیای گارە بوو، رۆژی دواتر ئەم ناوچەیە بەر خەسترین هێرشی کیمیاباران کەوت، شاڵاوەکە گوندەکانی چیای گارەی بە درێژایی (٣٠کم) گرتەوە، کە نزیکەی پەنجا گوند دەبوو، لەلای باکوور گوندەکانی (دهۆک، باوەڕکا، کەڤڕی، مێزێ، سپیندار...هتد). لەسەر چیای گارەش گوندەکانی (گارەگۆ، زێوەشکان، زارکێ، سارتکێ...هتس). لە لای باشوور (سوارێ، ئاڤۆک و چەندگوندێکی تر). لە بەرەبەیانی ٢٥ ئاب فڕۆکە جەنگییەکان کیمیابارانی گوندەکانی برجینی ناحیەی زاوێتە و ئەوبەری زێی خاپور و هێسی و خەرابیا و یەکمالەی بەرواری ژێری کیمیابارانکرد. ئەگەر بەراوردێک لە نێوان چڕی بۆردومانەکە و ژمارەی قوربانیان بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کاریگەری کیمیابارانەکە کەمترە، هۆیەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە پێشمەرگە توانیان پێشتر ئامۆژگاری و رێنمایی خۆپاراستن بڵاوبکەنەوە، بەڵام مەڕو ماڵات و ئاژەڵی گوندەکان قڕیان تێکەوت و کێڵگەکانیش لە بەرهەم کەوتن. 

ئەنفالی کۆتایی (بادینان)بە دوو خاسیەت لە شاڵاوەکانی تر جیادەکرێتەوە (ناوچەکانی قەرەداغ و گەرمیان و ئاوگەی زێی بچووک و دۆڵی شەقڵاوە و ڕەواندوز) لەبەر چەند هۆیەک

  1. هەندێ لە خێڵەکانی ناوچەکە پەیوەندی باشیان لەگەڵ رژێمی عێراقدا هەبوو، کە بووە هۆی پاراستنی خۆیان لە کوشتن و تاڵانکردن و وێرانکردنی گوندەکانیان.
  2. جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە. لەبەر ئەوەی ئەم ناوچەیە هاوسنووری تورکیایە و لەسەر سنووری نێودەوڵەتیە، دیارە رژێمی عێراقیش ویستویەتی بە ئەسپایی و بە نهێنی کۆمەڵکوژیەکە لەم ناوچەیە ئەنجام بدات، چونکە تورکیا هاوسنووری وڵاتانی ئەوروپایە، لەوانەیە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنوسانی بیانی بگەنە ناوچەکە و تاوانەکە ئاشکرابێت و حکومەتی عێراقیش توشی سزابکات، یاخود وڵاتانی ئەوروپا لەژێر فشاری رای گشتی چاو بە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ عێراقدا بخشێننەوە.

لە ٢٨ ئاب هێڕشی زەمینی دەستیپێکرد، لە ئەنجامدا دەیان هەزار لە دانیشتوانی ناوچەکە ئاوارەی تورکیا و ئێران بوون و ژمارەیەکیش دەسگیرکران. هەندێکیشیان دواتر ناچاری لە لێبوردنەکەی ٦ی ئەیلولی ١٩٨٨ خۆیان دا بەدەستەوە. لە ئوارەی ٢٩ ئاب بە هەزاران کەسی ناوچەکانی زێبار و بەری گارە لەسەر (رووێ شین) لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدران، خەڵکە گیراوەکە گواسترانەوە بۆ دوو مەڵبەندی کۆکردنەوە، بەشێکیا کە گەنجەکان بوون، لە قەڵای نزارکێی دهۆک کۆکرانەوە، کە وەک تۆپزاوەری کەرکوک وابوو. ژن و منداڵەکانیش بۆ بەندیخانەی سەلامیەی موسڵ گواسترانەوە.

سەرجەمی گوندە وێرانکراوەکانی شاڵاوی ئەنفالی کۆتایی بە پێی زانیارەکان (٤٥٠) چوار سەد و پەنجا گوند بوو. زیانە گیانیەکانی ئەنفالی بادینان بە نیزکەی سی و دوو هەزار کەس دەخەمڵێنرێت، گولەباران و شونبزرکران، زیاتر لە سەد هەزار کەسیش ئاوارە و دەربەدەری تورکیا و ئێران بوون، ئەوانی تریش گواسترانەوە بۆ کۆمەڵگاکانی جەژنیکان لە نزیک هەولێر.

ئەو ئاوارانەی کە بەرەو تورکیا رایانکرد، سەرەتا حکومەتی تورکیا رازی نەبوو پەنایان بدات. ئەوانەی سنووری تورکیاشیان بەزاند هەندێکیان رادەستی حکومەتی عێراق کردەوە، رێگەشی بە ڕێکخراوە مرۆیی و رۆژنامەنوسان نەدا سەردانیان بکەن، تا بۆیان ئاشکرابێت، ئایا چەکی کیمیاوی لە دژیان بەکارهاتووە یان نا. لە مانگی پینجی ساڵی ١٩٨٩ (٣٠٣٤) سێ هەزار و سی و چوار کەس لە ئۆردوگایەکی تورکیا، بە هۆی نان ژەهراوی بوون، ئەم کارەش بە هاوبەشی لە نێوان پیاوانی رژێمی عێراق و کاربەدەستانی تورکیا ئەنجامدرا. 
رژێم هەر بە ئەنفالکردنی کورد لەم دەڤەرەدا نەوەستا، بەڵکو هێرشەکە گوندنشینە مەسیحیەکانیشی گرتەوە، دوای بۆردومانکردن و سوتاندن و وێرانکردنی گوندەکانیان، دانیشتوانەکەی ئەوەی رایکرد، ئەویتر دەسگیرکران و خرانە مەڵبەندی کۆکردنەوەی ئەنفال لە بەندینخانەی سەلامیەی موسڵ، ژمارەیەکیشیان کە پێی زانیاریەکان (١٥٢) سەد و پەنجا و دوو کەس بوون گوللەبارانکران، کە زۆربەیان خەڵکی گوندەکانی (مێزێ لە سەرسەنگ و گوندە کۆسە لە دۆسکی و کانی بەڵاڤ لە بەرواری باڵا و گوندی باش و گوندی قارولە لە نێروا و دەرکش لە ئامێدی بوون).
لە تاوانە گەورانەی ئەنفال بۆسەر کوردستان بە گشتی و دەڤەری بادینان بە تایبەتی، نابێ ڕۆڵی فەوجەکانی بەرگری نیشتیمانی (جاشە کوردەکان) لەبیر بکەین، کە یارمەتی باشی سوپایانداوە و لە هەندێ ناوچەش پێشرەوی سوپای رژێمیان کردوە، چونکە شارەزای ناوچەکە بوون و رۆڵێكی بەرچاویان هەبووە، لە تاڵانکردنی ماڵ و سامانی گوندە ئەنفالکراوەکان و دەسگیرکردنی ئەم جەڵکە سڤیلەی لە ترسی سوپای رژێم رایاندەکرد بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگاربکەن. 


سەرچاوەکان

50 بینین