هێمن موکریانی

هێمن موکریانی

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2021-03-09-17:35:00 - کۆدی بابەت: 3076
هێمن موکریانی

ناوه‌ڕۆك

ناسنامەی كەسێتی

ناو: سەید محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی
لەدایکبوون: ١٩٢١ز لاچین، مەھاباد
مەرگ: ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ ورمێ
شوێنی دۆزینەوەی تەرم: مقبرە الشعرای مھاباد
نەتەوە: کورد
پیشە: شاعیر، نووسەر و وەرگێڕ
ئایین: ئیسلام، سوننە

ژیاننامەی هێمن موکریانی

محەممەد ئەمین شێخولئیسلامی موکری ناسراو بە ھێمن یان ھێمن موکریانی (بەھاری ١٩٢١ لە مەھاباد – ١٦ی نیسانی ١٩٨٦ لە ورمێ) شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی گەورەی کورد بوو.

ھێمن کوڕی سەید حەسەنی موکری و لە بنەماڵەی مەلا جامی چۆڕی بووە. دایکی ناوی زێنەب و کچی شێخی بورھان بووە کە ئێستا بنەماڵەیەکی گەورەی موکریانن. ھێمن بەھاری ساڵی ١٣٠٠ی کۆچی ھەتاوی بە شەوی جەژنی بەرات لە گوندی لاچینی سەر بە شاری مەھاباد چاوی بە گەردوون ھەڵێنا. بە بوونی ھێمن شیری دایکی وشک دەبێ و بە شیری ژنێکی دیکە فڕچک (گۆج) دەکرێ و دوای لەدایك بوونی ئەو، دایکی لەشی ساغ بە خۆیەوە نابینێ.

ھێمن لە ڕۆژگارێکدا لە دایک دەبێ کە ڕەزاشا جڵەوی حکوومەتی پێیە کە لاسایی ئەتاتورکی دەکردەوە. جلوبەرگی کوردەواری بە تەواوی قەدەغە دەکرێ و ئەوەندەی لە دەستی ھات، سووکایەتی بە خەڵک کرد و شەپکە و تەپڵەی ھێنا نێو بازاڕەوە. ھێمن لەم کەش و ھەوایەدا گەورە دەبێ، بەش خوراوی و کۆیلەتی ئینسان وەکو خوێن لە مێشک و دەمار و ئێسک و پێستی دا دەگەڕێ و دەبێتە سەربەندی ژیانی.

لە کاتی منداڵیدا گوێچکە بە حەکایەتەکانی دایە مرۆت دەگرێ، کە پیرێژنێکی دنیا دیو بووە و زۆر شتی بەنرخی لێ فێر بووە. ئەلف‌ و بێ لای سەعیدی ناکام دەخوێنێ و پێش ئەوەی ئەلف‌وبێی فێر بکا، بزنۆکێ و مەڕنۆکێی حوسێنی حوزنی موکریانی بۆ دەخوێنێتەوە و ھێمن لە بەری دەکا و ھەروەھا شێعرەکانی شێخ ڕەزا و زۆر شتی دیکەی لێ فێر دەبێ و پاشان بۆ درێژە دانی خوێندن، باوکی دەینێرێتە مەھاباد و لە قوتابخانەی سەعادەتی ئەو شارە دەست بە خوێندن دەکا. ھێمنێکی لادێی کە جگە لە زمانی کوردی ھیچی دیکەی نەدەزانی و لەو قوتابخانەیش کەس نەیدەتوانی بە کوردی قسە بکە، منداڵان گاڵتەی پێدەکەن و پێی دەڵێن کرمانج، چونکە ئەو کاتە لە مەھاباد بە خەڵکی دێیان دەکوت کرمانج، ھێمن ئەو ساڵە خوێندنی بە سەرکەوتنێکی زۆر باشەوە تێپەڕ دەکا و ھاوین دەگەڕێتەوە بۆ ئاوایی و لە لای مەلای دێ و باوکی دەرس دەخوێنێ و تەمرینی نووسینی خەت دەکا. باوکی کە دەزانێ خەتی خۆش بووە، دەستی پێ لە خوێندن ھەڵدەگرێ و دەڵێ: بڕۆ دەرسی مەلایەتی بخوێنە. ھێمن کە ھیچ کات خۆشی لە مەلا نەھاتووە، تووشی ئەم تاڵییە دەبێ و چوار ساڵ لە خانەقای شێخی بورھان دەخوێنێ، بەلام ئەو خوێندنە ھیچ کەڵکێکی نابێ، چونکە ئەو چوار ساڵە بە گاڵتە دەباتە سەرێ و لە خانەقای شێخی بورھان کە ٨–٩ نەفەر دەبن، جگە لە ھەژار و ھێمن تەوای خاڵۆزا و پوورزا دەبن، پاشان دەچێتە لای مامۆستا فەوزی و ڕێگای ژیانی پێ نیشان دەدا و ساڵ و نیوێک لە لای ئەو دەرس دەخوێنێ.

ھێمن لەو کەسانە بوو کە تەمەنی مێرمنداڵی و لاوی و پیری خۆی لە سەنگەری فەرھەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆر و شۆڕش ‌دا بەخت کرد و وەک مۆم سووتا و ڕێگای پاشەڕۆژی بۆ ڕووناک کردین. پاش دەرچوونی چوار ژمارە لە سروەی ڕەنگینی کوردستان، مۆمی ژیانی ھێمن دوایین فرمێسکی ھەڵوەراند و لە ٢٩ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٥ی کۆچی ھەتاوی بۆ ھەمیشە ماڵاوایی لێ‌کردین و لەسەر وەسیەتی خۆی لە گۆڕستانی بوداق‌ سوڵتانی شاری مەھاباد بە خاکیان سپارد.

بەرهەمەكان

  1. دیوانی ھێمن
  2. بارگەی یاران
  3. تاریک و ڕوون (شیعر و پەخشان). ١٩٧٤
  4. پاشەرۆک (شیعر و پەخشان).
  5. توحفەی موزەففەرییە (فۆلکلۆری کوردی، کە کاری ئۆسکارمانە وھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی).
  6. شازادە و گەدا.
  7. قەڵای دمدم.
  8. ھەواری خاڵی.
  9. چەپکێ گوڵ، چەپکێ نێرگز.
  10. ئەفسانە کوردییەکان (کاری قەنات کۆردۆ کە ھێمن وەریگێڕاوەتە سەر زمانی فارسی).
  11. ناڵەی جودایی، شیعر ١٩٧٩
  12. پاشەرۆکی مامۆستا ھێمن، کۆمەڵە وتار، مەھاباد ١٩٨٣

نمونەیەک لە ناڵەی جودای

ناڵەی جودای
چۆن نەناڵم ئەودڵەی پڕ ھەستی من
چۆک لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من
چۆن نەناڵێم ئەو دڵە ھەنگاوتەیە
بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی ھەیە
چۆن نەسوتێت ئەو دڵەی ھین خەمە
ئەوپەپولەی وەک میوانی شەمە
چۆن نەناڵێم ئەو بزاڤەی بڕبەدڵ
دوور لە گوڵزارەو خەریقی ماتەمە
ژانی ناسورەی جودایم چێشتووە
ھەرچی خۆشم ویستووە جێم ھیشتووە
ھەڵبڕاوام من لە یادی نازەنین
دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین


سەرچاوەکان

1020 بینین