ماسیی فڕیو

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-03-04-14:50:00 - کۆدی بابەت: 3213
ماسیی فڕیو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ماسیی فڕیو (بە ئینگلیزی: Flying Fish) بە زۆری لە ڕووبار و دەریا گەرمەکانی نزیک هێڵی کەمەرەیی زەوی دەژین، توانای فڕینیان هەیە کە لە ڕەگەزەکانی تریان جیا دەکاتەوە. بەهۆی هەبوونی پەڕەکەی سنگی تایبەت لە شێوەی باڵدا دەتوانن تا دووری ١٩٨ مەتر بۆ سەر ڕووی ئاوەکە باز بدەن. ماسییە فڕیوەکان وەکو باڵندەکان ناتوانن باڵەکانیان لە یەک بدەن، لە جیاتی ئەوە تەوژمەکەیان بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بگەنە سەر ڕووی ئاوەکە و ماوەیەکی دیاریکراو لەسەر ڕووی ئاوەکە لە هەوادا دەمێننەوە. زۆرترین ماوەی مانەوەیان لە هەوادا تا ئێستا تۆمار کرابێت ٤٥ چرکە بووە، ناتوانن ئۆکسجینی ناو هەوا هەڵبمژن بۆیە توانای مانەوەیان لە هەوادا سنووردارە. 

سەرچاوەی ئەم توانایەیان دەگەڕێتەوە بۆ خۆگونجاندن و ڕاهاتنیان، ئەم توانایە لەم جۆرە ماسییەدا پەرەی سەندووە کە یارمەتیدەریانە بۆ ڕزگاربوون لە دەستی ڕاوکەرەکانیان، سەرەڕای ئەمەش چوونە دەرەوەیان لە ئاوەکە دەیانکات بە نێچیر بۆ باڵندەکان، بەڵام تەنها چەند ڕەگەزێکی کەمیان لەژێر هەڕەشەی لەناوچووندان.

پێنج زانیاری سەرسوڕهێنەر دەربارەی ماسیی فڕیو

١- لە کاتێکدا زۆرینەی ئەم ماسییە فڕیوانە دوو باڵیان هەیە، هەندێک جۆریان هەیە ژمارەی باڵەکانیان دەگاتە چوار باڵ. هەردوو پەڕەکەکانی سنگ و حەوزیان لە شێوەی باڵدان کە دەکاتە چوار باڵ.

٢- بەهۆی هەندێک هۆکاری نەزانراوەوە، ئەم ماسییانە حەزیان لە ڕووناکییە. ماسیگرەکان ئەم زانیارییە بەکاردەهێنن بۆ ڕاوکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ماسیی فڕیو بەیەکجار.

٣- ئەم ماسییە بە خێرایی ٩٣ سانتیمەتر لە چرکەیەکدا بەرەو ڕووی ئاوەکە مەلە دەکات. بە خێرایی ٧٠ جار لە چرکەیەکدا کلکی دەجوڵێنێت و پەڕەکەکانی لە نزیک لاشەی دەهێڵێتەوە، بۆ ئەوەی بگاتە ئەو خێراییەی بتوانێت بفڕێت. کە گەیشتە سەر ڕووی ئاوەکە، باڵەکانی دەکاتەوە و دەست بە فڕین دەکات.

٤- هەندێک لەم ماسییانە ساڵانە بە سەدان کیلۆمەتر کۆچ دەکەن لە پێناو بەدەستهێنانی خواردندا. 

٥- بە پێی تۆماری بەبەردبووەکان، ئەم ماسییانە لە ٦٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستاوە هەن. بەڵام گروپێکی جیاوازی ماسیی فڕیو هەیە کە ئێستا لەناو چوون، تەمەنی ئەوان بۆ ٢٠٠ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.

پۆلێن کردن و ناوی زانستی 

ناوی زانستی بۆ ئەم خێزانەی ماسی کە خاوەنی پەڕەکەی ڕێکن (Exocoetidae)یە. وشەکە لە دوو وشەی لێکدراوی لاتینی پێکهاتووە، کە بە واتای (لە دەرەوە خەوتن) دێت. ئەم ناوە لە ئەنجامی ئەو بیرکردنەوە هەڵەیە بووە کە دەریاوانە کۆنەکان هەیان بووە سەبارەت بەم ماسییانە، پێیان وابووە ئەم ماسییانە لە شەواندا لە ئاوەکە دێنە دەرەوە و لە قەراغ دەریا دەخەون. 

ڕەگەزەکانی ماسیی فڕیو

خێزانی ماسیی فڕیو بە نزیکەیی لە ٤٠ جۆر و ڕەگەز پێکدێت، باوترین جۆریان بریتییە لە: (ماسیی فڕیوی شین، ماسیی فڕیوی باڵ ڕەش، ماسیی فڕیوی چوار باڵ).

شێوەی ماسیی فڕیو

ماسیی فڕیو شێوەی لە ماسی سەردین دەچێت، لەشێکی باریک و درێژی هەیە، لەشیان بە پەڕەکەی شین و خۆڵەمێشی داپۆشراوە، کلکێکی شێوە چەنگاڵی درێژیان هەیە. دیارترین تایبەتمەندی کە جیای دەکاتەوە لە جۆرەکانی دیکەی ماسی، پەڕەکەکانی سنگییەتی لە نزیک سەرییەوە کە لە شێوەی باڵدان یارمەتییان دەدات لە هەوادا بمێننەوە کاتێک باز دەدەنە سەر ڕووی ئاوەکە.

درێژی ماسییە قەبارە مامناوەندیەکان لە نێوان 15 ـ 50 سانتیمەتردایە.

بڵاوبوونەوە و شوێنی ژیانیان

ئەم ماسییانە لە سێ زەریا گەورەکەی جیهاندا دەژین (زەریای ئەتڵەسی، زەریای هێمن و هیندی). هەندێک جۆریان لە ناوچە ئاوییە کەمەرەیی و نیمچە خولگەییەکاندا دەدۆزرێنەوە. بەهۆی کەشوهەوا ساردەکەیەوە لە ناوچە ئاوییەکانی جەمسەری باکووردا بە دەگمەن دەبینرێن، چونکە کەشوهەوا ساردەکە کاریگەری لەسەر کاری ماسولکەکانیان هەیە بۆ فڕین.

نێچیر و ڕاوکەری ماسیی فڕیو

ئەم ماسییانە بەشێکی سەرەکی زنجیرەی خۆراکیین لە زۆربەی ژینگە دەریاییە کەمەرەییەکانی جیهاندا. خۆراکە ماددەکان لە نێچیرە بچووکەکانەوە بە دەست دەهێنن و خۆشیان سەرچاوەی خۆراک و وزەن بۆ ڕاوکەرە گەورەکان کە دەکەونە سەرەوەی زنجیرەی خۆراکی.

ماسییە فڕیوەکان دەبنە خۆراکی مەرلینەکان، ماسیی تونا، جۆرێکی دۆلفین، باڵندە و مرۆڤەکان. وە خۆشیان گیانداری هەمەچەشن خۆرن، پێکهاتەی سەرەکی خواردنەکانیان ڕووەکێکی دەریایە ناوی (پڵانکتۆن)، بەڵام لە هەمان کاتدا ماسی، ڕۆبیان و قرژانگیش دەخۆن.

سوڕی ژیان و زۆربوونیان

ساڵانە، ژمارەی ئەم ماسییانە لە وەرزی زۆربووندا بە ڕێژەیەکی زۆر زیاد دەکات. پڕۆسەی زۆربوونی ئەم ماسییانە لە نزیک ڕووی زەریا کراوەکان ڕوودەدات، کە تێیدا مێینەکە سەدەها هێلکە دەخاتە ناو ئاوەکەوە بۆ ئەوەی لەلایەن نێرەکانەوە بپیتێنرێت. پاش ئەوە مێینەکە هێلکە پیتراوەکان بەهۆی ڕیشاڵێکی لینجەوە بە بەشێک لە گیا دەریاییەکانەوە دەبەستێتەوە. دوای چەند ڕۆژێک ماسییەکان هێلکەکان دەتروکێنن، کە لەدایک دەبن سمێڵیان هەیە لە نزیک دەمیان یارمەتییان دەدات لە ناو گیا دەریاییەکاندا خۆیان بشارنەوە. 

لە ساتی لەدایکبوونیانەوە، بەرپرسیارێتی ژیان و مردنیان لەسەر خۆیانە و زۆربەشیان دەبنە خۆراکی دڕندەکان. پاش ئەوەی درێژیان دەگاتە 5 سانتیمەتر توانای فڕین بە دەست دەهێنن. ماوەی ژیانیان بە دیاریکراوی پێنج ساڵە.

ماسیی فڕیو وەکو خواردن

ئەم ماسییە بە کوڵاوی، برژاوی و بە شێوەی سوشی دەخورێت. لە چەند ناوچەیەک هێلکەکەشی وەکو خۆراک سوودی لێ دەبینرێت، لە ڕووی بازرگانیشەوە سوودێکی زۆری هەیە، کە تێیدا ڕاوکەرەکان تۆڕ و شێوازی تایبەت بە کاردەهێنن بۆ سەرنجڕاکێشانی ماسییەکان و ڕاوکردنیان.


سەرچاوەکان

599 بینین