ئەمین زەکی بەگ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-15-17:07:00 - کۆدی بابەت: 3306
ئەمین زەکی بەگ

ناوه‌ڕۆك

ئەمین زەکی بەگ

ساڵی لەدایكبوون و كۆچی دوایی : ١٨٨٠ز-١٩٤٨ز

مێژوونووس و ڕووناکبیر و ئەدیب و گەورە پیاوی کورد ناوی (محمد ئەمین زەکی عەبدولڕەحمان مەحموود)ـە، لە ساڵی ١٨٨٠ز لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی ١٨٩٢ز چووەتە قوتابخانەی سەرەتایی و ئینجا دوای ساڵێک چووەتە پۆلی دووەمی قوتابخانەی عەسکەری لە بەغداد، پاشان خوێندنی عەسکەری لە ئەستمبۆڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی تەواودەکات و لە لەشکری شەشەم لە ساڵی ١٩٠٢ز دەبێتە ئەفسەر، لە سوپای عوسمانیدا گەلێک پلەو پایەی جۆراوجۆری پێسپێردراوە، لە جەنگی گەورەی یەکەم لە بەرەکانی جەنگ لە عێراق و فەلەستین و قەفقاسیا، لە کۆمەڵەی دستنیشانکردنی سنوور لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی لەگەڵ هەریەک لە ڕوسیا و بولگاریا ئەندام بووە.
لە (١٩٢٤)ز هاتووەتەوە عێراق و بووە بە مامۆستای قوتابخانەی عەسکەری، چەند جارێک پۆستی وەزارەتە جۆراوجۆرەکانی پێسپێردراوە، هەروەها لە پەرلەمانی عێراقدا بووەتە نوێنەری شاری سلێمانی، لە ساڵی (١٩٢٤)ز دەستی لە وەزارەت کێشاوەتەوە، تا تەمەنی (٦٨) ساڵی بە ئەندامییەتی ئەنجومەنی پیران ماوەتەوە، لە (١٠)ی تەمموزی (١٩٤٨)ز کۆچی دواییکردووە و لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان نێژراوە.

ئەمین زەکی بەگ هەر لە منداڵییەوە خولیای مێژوو و شوێنەواری کۆن بووە، بەهرەیەکی زۆری لە زانستەکانی عەرەبی، تورکی و فارسی وەرگرتبوو، شارەزاییەکی زۆری لە زمانەکانی ئینگلیزی و فەڕەنسی هەبوو، دەیان پەرتووکی بە زمانی تورکی لەبارەی کاروباری سەربازییەوە داناوە. بە زمانی کوردیش کۆمەڵێک پەرتوکی مێژوویی داناوە، وەک:
١- خولاصەیەکی تاریخی کورد و کوردستان.
٢- ناودارانی کورد (مشاهیر الکرد) بە زمانی کوردی لە دوو بەرگدا دایناوە.
٣- تاریخی لێوای سلێمانی بەکوردی لە (١٩٣٧)ز لە بەغداد چاپکراوە.

نموونەیەک لە نووسینەکانی

زمانی کوردی

نەک زۆری خەڵک بەڵکو بەشی زۆری عولەما و موتەفەکریش لە خسوسی کونه و ماهیەتی زمانی کوردییەوە یان بە تەواوی بێخەبەرن وە یان زۆر خراپ تێگەیشتوون. کە لە بابەت ئەم زمانەوە پرسیاریان لێ ئەکەیت ئەڵێن: ئەم زمانی کوردییە لەهجەیەکی تێکەڵ و پێکەڵی فارسییە و ئەسڵ و ئەساسێکی سەربەخۆ و ڕێک و پێکی نییە!. زاهر وایە سەبەبی جێگیربوونی مشابەهەت لە بەینی بەعزێ کەلمات و ئەلفازی کوردی و فارسیدا، وە دووەمیش ئیستعمال کردنی بەعزێ کەلماتی فارسی لە کوردیدا، ئەگەر باش سەرنجی لێبەین ئەبینین کە لەیەکچوونی هێندێ کەلیمەی کوردی لە فارسی نەتیجەی خزمایەتییەکی بەقوەتی ئەم دوو زمانەیە و ئەم نەوعە مشابەهەتە لە بەینی زمانە خزمەکانی تریشدا هەیە، ئینگلیزی و جەرمەنی و لاتینی چونکە هەموویان لە ئەسڵێک (زمانی ئاری قەدیم) هاتوونەتە خوارەوە، ئەبینین، کە زۆر لەفز و کەلیمەیان لەیەک ئەچن ئەم لەیەکچوونە هیچ ساحێب مێشکێکی شارەزای تووشی غەڵەتێکی وانەکردووە کە بڵێ ئەسڵی ئینگلیزی جەرمانییە وە یان لاتینییە نەڵکو ئەڵێ: سەبەبی ئەم مشابهەتە دەلالەت لەوە ئەکا کە هەموو ئەم زمانانە لە ئەسڵێک -کە زمانی ئارییە- هاتوونەتە خوارەوە و کەلماتی متشابهەیان کەلماتی ئەسلیەن وە لەهەمویاندا ماوەتەوە و کەمێک زۆرێک تەلەفوزەکەیان گۆڕاوە.
نازانم بۆچی (متفکرین) لە باسی زمانی کوردی و فارسیدا لەم حەقیقەتە لائەدەن و کوردییەکەمان ئەکەنە بێچوویەکی لەڕ و لاوازی زمانی فارسی؟!.
گەر بە ئینساف لێکی بدەینەوە ئەبینین کە بەشی زۆر زۆر کەلماتی کوردی لە شکڵ و تەلەفوزدا لە فارسی ناکا و سەربەخۆیە، (برژانگ، سک، دایک، باوک، کچ) واقعا لەبەینی (تووک، لووت، چەناگە، کوری)ی کوردی و (موو-بینی) (زنخ-زنخدان)، (مژە)، (شکم)، (مادر)، (پدر)، (دختر) (پسر)ی فارسیدا هیچ مشابهەتێکی لەفزی نابینرێ، جا کەوابوو ئەم کەلماتانە ئەبێ لە دوای جوێبوونەوەی قەومی کورد و فارس ڕەنگە ئەم حادیسەیەی لە عەسری نۆهەم وەیا دەهەمی پێش میلاددا واقع بووبێ -ئیجاد رابێ-، ئەو پێنج مشابهەتەی (تەلەفوزی، ئەساسی، شکلی، تەسریفی و نەحوی) کە لەبەینی کوردی و فارسیدا ئەبینرێ دەلیلی ئەوەی کە ئەم دوو زمانە لە ئەسێکی مەعلوم، کە لەپیش هیجرەتیانا بۆ تەرەفی غەرب زمانێکی موشتەرەک بووە، هاتووەتە خوارەوە و هەر وەکو زمانی ئەقوامی ئاری تر بەرە بەرە فەرقێکی کەم و زۆری تێکەوتووە.


سەرچاوەکان



2460 بینین