شەهریار

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-19-22:47:00 - کۆدی بابەت: 3467
شەهریار

ناوه‌ڕۆك

شەهریار كێیە؟

سەید محەمەد حسێن بەهجەت تەبرێزی، لە 2/1/1907 لە شاری تەبرێز لەدایكبووە، بە نازناوی شەهریار ناوبانگی دەركردووە، لە زۆرینەی جۆرەكانی شیعر دەستی باڵای هەبووە وەك : (قەسیدە و مەسنەوی و غەزەل و پارچە و چوارینە و شیعری نیمایی)، بەڵام زیاتر لە غەزەلدا توانای خۆی خستوەتە گەڕ كە یەكێك لەوانە غەزەلی (هاتیت گیانم بە قوربانت بەڵام ئێستا بۆ؟)ـیە.

بە عەلی كوڕی ئەبوتاڵب و حافظ و فیردەوسی شاعیر سەرسام بووە.

شێوازی شیعرەكانی

شیعرەكانی شەهریار بەجۆرێك بوون وەك پەند و عیبرەت نووسراون و تایبەت نین بە كەسێك، و بە زمانێكی سادە نووسراون بۆ ئەوەی هەمووان بتوانن تێبگەن.

ناساندن

ناوی تەواو : محەمەد حسێن بەهجەت تەبرێزی

لەدایكبووی : 2/1/1907 – تەبرێز، ئێران

شوێنی نیشتەجێبوون : تەبرێز، ئێران

كۆچی دوایی : 18/9/1988 لە تەمەنی 82 ساڵیدا

ئارامگا : گۆڕستانی شاعیران لە تەبرێز

نازناو : بەهجەت، شەهریار

پیشە : شاعیر و ئەدیب

بڕوانامە : كۆتا ساڵەكانی خوێندنی پزیشكی

كتێبەكان : منظومە حیدربابایە سلام، مجموعە پنج جلدی، دیوان تركی

دیوانی شیعر : تەواوی شیعرەكانی شەهریار

هاوسەر : عەزیزە عەبدولخالقی

منداڵ : شەهرزاد، مەریەم، هادی

دراما

ساڵی 2007 زنجیرە درامایەك لەسەر ژیانی شەهریار لە كەناڵی دووی ئێران پەخشكرا لە دەرهێنانی كەمال تەبرێزی، زنجیرەكە 26 ئەڵقەی 50 خولەكی بوو، بەڵام هەرزوو كچەكەی هاتە دەنگ و ڕەتی كردەوە كە ئەوەی لە زنجیرەكە پێشكەش دەكرێ ژیانی ڕاستی شەهریار بێت و بە ساختە لە قەڵەمی دا.

عاشق بوون

دوای تەواوكردنی قوتابخانە شەهریار بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوودەكاتە شاری تاران و لە كۆلێژی پزیشكی وەردەگیرێت.

لە یەكەمین ساڵەكانی خوێندن بە كچێك ئاشنا دەبێت بەناوی سورەییا كە كچی عەبدوڵا ئەمیر تەهماسبی ـیە و چەند ساڵێك پێكەوە دەستگیران دەبن، دواتر شەهریار بۆ وەرگرتنی دكتۆرا دەڕواتە دەرەوە و شەش مانگ پێش وەرگرتنی بڕوانامەی دكتۆرا دەگەڕێتەوە و بۆی دەردەكەوێ باوكی كچەكە، كچەكەی بە فەرماندەیەكی سەربازی وڵات داوە و هاوسەرگیرییان كردووە، بەمەش شەهریار تووشی ناڕەحەتییەكی زۆر گەورە دەبێتەوە و ماوەیەكیش لە نەخۆشخانە دەخەوێنرێت و لەو ماوەدا هەندێك شیعر دەنوسێت، لەبەر خراپی باری دەروونی و داڕووخانی واز لە بەشی پزیشكی دەهێنێت لە كۆتا ساڵەكانی خوێندندا و بڕوانامەی پزیشكی وەرناگرێت.

بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەم جیابوونەوە و عیشقە ناكامە بووە هۆی ئەوەی باشترین شیعرەكانی شەهریار دروست ببێ.

بینینیەوەی خۆشەویستەكەی

شەهریار چەند ساڵێك دواتر لە جەژنی نەورۆزدا لە ڕۆژانی سێزدەبەدەر چاوی بە سورەییا دەكەوێتەوە كە خۆی و مێرد و منداڵەكەی پێكەوەن، و لەوێدا شەهریار یەكێك لە بەناوبانگترین شیعرەكانی خۆی دەڵێت :

یار و خێزانم نەگرت كە گرەو بوو لە سەرم

تۆ بوویت بە دایك و من بەم هەموو پیرییەوە كوڕم

تۆ جگەرگۆشەكەت لە شیر بڕیوەتەوە و هێشتا

منی بێچارە هەمان عاشقە جگەرخوێنەم

باوكت گەوهەری خۆی بە زێر و زیو فرۆشت

باوكی خۆشەویستی بمرێت كە لەناوی بردم

نەخۆش كەوتن و بەناوبانگترین شیعری

شەهریار لە كۆتایی تەمەنیدا بەهۆكاری نەخۆشی لە نەخۆشخانە دەكەوێ و دۆخی خراپ و خراپتر دەبێت و نزیكە لە كۆتا ساتەكانی ژیانی، كەسە نزیكەكانی بۆ باشتركردنی حاڵی بانگی خۆشەویستە كۆنەكەی واتە سورەییا دەكەن كە بێت و شەهریار ببینێت لە نەخۆشخانە.

كاتێك خۆشەویستەكەی شەهریار خۆی دەگەیەنێت و شەهریار دەیبینێت، لەوێدا یەكێكی دیكە لە بەناوبانگترین شیعرەكانی دەڵێت:

هاتیت گیانم بە قوربانت، بەڵام بۆچی ئێستا؟

بێوەفا كە ئێستا من لە پێ كەوتووم بۆچی؟

دەرمانی دەردی و لەدوای مەرگی سوهراب هاتوویت

دڵ بەرد، ئەمەت زووتر بویستایە، بۆچی ئێستا؟

تەمەنی من مۆڵەتی ئەمڕۆ و بەیانی تۆی نییە

من كە ئەمڕۆیەك میوانی تۆم، سبەینێ بۆچی؟

نازەنین من گەنجیەتیم بە نازی تۆ بەخشی

ئێستا ئیتر لەگەڵ گەنجان ناز بكە، بۆچی لەگەڵ من؟

كۆچی دوایی

لە ڕۆژی 18/9/1988 لە تەمەنی هەشتا و دوو ساڵیدا شەهریاری شاعیر لە شاری تاران كۆچی دوایی دەكات و لە شاری تەبرێز لە (گۆڕستانی شاعیران) بەخاك دەسپێردرێت.

ڕۆژی شەهریار

هەموو ساڵێك لە ڕۆژی 18/9 كە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی شەهریاری شاعیرە، وەك ڕۆژی (شیعر و ئەدەبی فارسی) یادی دەكرێتەوە.

 

تێبینی: ژیاننامەی شەهریار لەلایەن زۆر كەسەوە باسكراوە و بە چەند شێوازێك هەیە، بەڵام زۆرترین زانیاری كە دووبارە بووبێتەوە و هاوڕێكانی گێڕابێتیانەوە ئەمانەن كە ئێمە بەردەستمان خستوون.


سەرچاوەکان



1199 بینین