خۆشۆردن لە ئیسلامدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-22-01:41:00 - کۆدی بابەت: 3523
خۆشۆردن لە ئیسلامدا

ناوه‌ڕۆك

باسی چۆنییەتی خۆشۆردن

پێویستییەکانی خۆشۆردن سێ شتن:

یەکەم: نیەتهێنانە، واتە: نیازی لابردنی لەشپیسی، یان جەنابەت، یان نیازی بەجێهێنانی فەرزی غوسل. جا بزانە: ئەو نییەتەی سێیەم بۆ پیاو و ئافرەت هەر وەکو یەک وایە، هەر چەند ئافرەت لە حەیز و نیفاسیش خۆی بشوات، جا یەکەم جار ئاو بەخۆتدا ئەکەی ئەو نییەتە بهێنە، پێغەمبەر ﷺ ئەفەرموێ: (إِنَّمَا الأَعْمَالُ بِالنِّيَّاتِ)رواه الشیخان، هەر کردەوەیەکی خواپەرستی بێ، بە نیازی ناو دڵ نەبێ دانامەزرێ.

دووەم: لابردنی شتی پیسە ئەگەر پیسییەک لەسەر لاشەی هەبێ، هەروەها پێویستە ئەو جۆرە شتانەی ڕێگای ئاو ئەگرن -کە بگاتە سەر پێست- لایان ببا: وەکو خوێن و بۆیاغ و بنێشت... هتد.

سێیەم: گەیاندنی ئاوە بۆ ناو هەموو مووەکان و هەموو پێست، واتە، ئەبێ سەر و ڕیش و بن هەنگڵ و کونە گوێ و نێوان هەردوو ڕانی، هەموویان ئاویان بەسەردا بڕوا.
هەروەها ئەگەر پرچی سەری ئافرەت توند پێچرابوون و ئاویان بۆ نەئەچوو، ئەبێ بیانکاتەوە، بەڵام ئەگەر شل بوون و ئاویان بۆ ئەچوو، کردنەوەیان ناوێ (عَنْ عَلِيٍّ ، عَنِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : مَنْ تَرَكَ مَوْضِعَ شَعْرَةٍ مِنْ جَسَدِهِ مِنْ جَنَابَةٍ لَمْ يَغْسِلْهَا فُعِلَ بِهِ كَذَا وَكَذَا مِنَ النَّارِ) صححه القرطبی و ابن حجر العسقلاني، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەرکەسێک شوێنی یەک موو نەشۆرێ لە جەنابەت، وەها و وەهای لێدەکرێ لە ئاگری دۆزەخ

سوننەتەکانی خۆشۆردن

سوننەتەکانی خۆشۆردن پێنجن کە ئەمانەن:

یەکەم: گوتنی (بسم الله الرحمن الرحیم) لەگەڵ دەستپێکردنی خۆشۆردن

دووەم: دەستنوێژ شۆردنە لە پێش غوسل کردن

سێیەم: هێنانی دەستە بەسەر لاشەکەیدا بۆ ئەوەی باش تەڕ ببێ

چوارەم: بەدوای یەکتردا هەموو لاشەکەی بشوا.

ئەم سوننەتانە لەم حەدیسە وەرگیراون:(عَنْ عَائِشَةَ رضي الله عنها، قَالَتْ: كَانَ رَسُولُ اللّهِ صلى الله عليه وسلم إِذَا اغْتَسَلَ مِنَ الْجَنَابَةِ، يَبْدَأُ فَيَغْسِلُ يَدَيْهِ، ثُمَّ يُفْرِغُ بِيَمِينِهِ عَلَى شِمَالِهِ، فَيَغْسِلُ فَرْجَهُ، ثُمَّ يتَوَضَّأُ وُضوءَه لِلصَّلاَةِ، ثُمَّ يَأْخُذُ الْمَاءَ، فَيُدْخِلُ أَصَابِعَهُ فِي أُصُوْلِ الشَّعَرِ، حَتَّى إِذَا رَأَى أَن قد اسْتَبْرَأَ، حَفَنَ عَلَى رَأْسِهِ ثَلاَثَ حَفَنَاتٍ، ثُمَّ أَفَاضَ عَلَى سَائِرِ جَسَدِهِ، ثُمَّ غَسَلَ رِجْلَيْهِ)رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ کاتێ لە جەنابەت خۆی ئەشۆری، دەستەکانی ئەشۆری، ئینجا بە دەستی ڕاستەی ئاوی هەڵئەگرت و ئەیدایە دەستی چەپەی و تارەتی پێ ئەکرد، ئینجا دەستنوێژێکی تەواوی ئەشۆرد، ئینجا ئاوی هەڵئەگرت و پەنجەکانی ئەخستنە ناو مووی سەری و هەڵیئەگوشی و سێ جار ئاوی ئەکرد بە سەریا، ئینجا لاشەی خۆی ئەشۆرد، ئینجا قاچەکانی ئەشۆردن.

پێنجەم: پێشخستنی شۆردنی لای ڕاستەیە بەسەر لای چەپە (عَنْ عَائِشَةَ رضي الله تعالى عنها، قَالَتْ: «كَانَ النَّبِيُّ ﷺ يُحِبُّ التَّيَمُّنَ في طُهورِه اذا تطهر) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ پێی خۆشبوو لای راستەی پێش بخا بۆ دەستنوێژ و غوسل کردنی.


سەرچاوەکان



883 بینین