چۆن ڕزگارمان ببێ لە دوودڵی و بە ئاسانی بڕیاری خۆمان بدەین؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-24-15:15:00 - کۆدی بابەت: 13280
چۆن ڕزگارمان ببێ لە دوودڵی و بە ئاسانی بڕیاری خۆمان بدەین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن ڕزگارمان ببێ لە دوودڵی و بە ئاسانی بڕیاری خۆمان بدەین؟ (بە عەرەبی: كيف نتخلص من التردد ونتخذ قراراتنا بكل سهولة؟، بە ئینگلیزی: How can we get rid of hesitation and make our own decisions more easilyلە هەموو هەنگاوێکی ڕۆژەکەتدا، ڕووبەڕووی هەڵبژاردنی نێوان دوو ئەگەر دەبیتەوە، ڕەنگە لە خۆت بپرسیت بۆچی پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدەم بۆ ماوەیەکی زۆر دوای دەخەم؟ دەرئەنجامەکانی خاوی لە بڕیارداندا چین؟ چۆن ڕزگارم ببێ لە کێشەی خاویی و سەرلێشێواوی لە بڕیاردان؟ ڕزگاربوون لەمانە پێویستی بە پەرەپێدانی کارامەییەک هەیە کە یارمەتیت دەدات لە بڕیاردانی خێرا و کاریگەردا، لەم بابەتەدا هەوڵدەدەین هۆکارەکانی بڕیاردانی خاو دەرەنجامەکانی ڕوون بکەینەوە، هەوڵدان بۆ دابینکردنی چارەسەرێک کە پرۆسەی بڕیاردان بە خێرایی و ژیرانە ئاسان بکات.

هۆکارەکانی دڕەنگ بڕیاردان

هەموو ڕۆژێک لە ژیانماندا چەند بژاردەیەک لەبەردەماندایە بۆ ئەوەی باشترین و گونجاوترینیان هەڵبژێرین، پرسیارەکان زیاتر دەبن و بیرکردنەوەکان تێکەڵ دەبن سەبارەت بە بژاردەی دروست، ئەمەش دەبێتە هۆی خاوبوونەوە و دوودڵی پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدەیت، ئەگەر کێشەت هەیە لە خێرا بڕیاردان و هەمیشە بەدەست درەنگ بڕیاردانەوە دەناڵێنیت; سەرەتا پێویستە دیاری بکەیت کە تۆ لە کام جۆرە کەسانەییت؟ ئەمەش لە ڕێگەی زانینی شێوازی بیرکردنەوەتە پێش ئەوەی هەر بڕیارێک بدەیت، ئەگەر بڵێیت "من دوودڵم و ناتوانم بە خێرایی بڕیار بدەم"، دەکرێ هۆکارەکە یەکێک لەمانە بێت:

١- "چونکە لە ڕاوبۆچوونی خەڵکی دەترسم لەسەر بڕیارەکەم" ئەمە بەڵگەیە لەسەر نەبوونی بڕوا بەخۆبوونت.

٢- “چونکە هەمیشە دەمەوێت باشترین ئەنجام بەدەست بهێنم” یان “ڕەنگە بژاردەیەکی باشتر هەبێت” لێرەدا بەتەواوی کەسێکی ڕاڕای.

٣- "ئەگەر بڕیارێکی هەڵە بدەم، شکستخواردوو دەبم"، ئەمەش نیشانەی خۆنەویستنی تۆیە.

٤- ئەگەر هەڵەیەکم کرد لە بڕیاردان، دەرئەنجامەکانی ترسناک دەبن” ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ڕەشبینانە بیردەکەیتەوە، بۆیە تەنها لە لایەنە نەرێنییەکەوە سەیری بابەتەکە مەکە.

٥- "ئەم بڕیارە بۆ هەمیشە کاریگەری لەسەر هەموو ڕووداوەکانی ژیانم دەبێت" ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆ کەسایەتییەکی سەرسەختت هەیە.

٦- "نازانم باشترین بژاردە بۆ من چییە"، ئاماژەیە بۆ نەناسینی خۆت بە باشی.

٧- “نامەوێت بەرپرسیارێتی هیچ بڕیارێک لە ئەستۆ بگرم” ئاماژەیە بۆ ترسی تۆ لە کۆنترۆڵکردنی دەرئەنجامی بڕیارەکە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی.

ئەمانە هەندێک لەو هۆکارە باوانەن کە دەبنە هۆی دڕەنگ بڕیاردان یان دوودڵی لە بڕیاردان لە نێوان کەسانی جیاوازدا

  • گومان و نەبوونی دڵنیایی.
  • ترس لە دەرئەنجامەکان بە خەیاڵکردنی خراپترین ئەگەرەکان.
  • ترس لە ڕەخنەگرتنی کەسانی تر.
  • ترس لە دەرکەوتن وەک کەسێکی گەمژە.
  • ترس لە دەرئەنجامەکانی ئەنجامدانی هەر هەڵەیەک.

دەرئەنجامەکانی دڕەنگ بڕیاردان یاخود کاریگەرییەکانی ڕاڕایی لە بڕیارداندا چین؟

ئەگەر کەسێکی ڕاڕا بیت لە هەڵبژاردەکان و لە بڕیاردان لە هەموو بابەتێکدا کە پەیوەندی بە ژیانتەوە هەیە، لەوانەیە هەندێک دەرئەنجام و کاریگەری نەرێنی لێ بکەوێت، لەوانە:

  • لەدەستدانی دەرفەتی زۆر لە ژیاندا لە ئەنجامی دوودڵی.
  • هەستکردن بە بێدەسەڵاتی و نەتوانینی گەیشتن بە هیچ ئامانجێکی ڕاستەقینە لە ژیانتدا.
  • متمانەت بەخۆت لەدەست دەدەیت و بەمەش ئارەزووی بەدیهێنانی هەر کارێکی بەسوود لە ژیانتدا لەدەست دەدەیت.
  • ڕەنگە متمانە و پشتبەستنی کەسانی تر بە خۆت لەدەست بدەیت، چونکە هەمیشە پێویستیان بە کەسێکە کە بتوانێت بە خێرایی هەڵوێستی خۆی نیشان بدات و لە کاتی گونجاودا بڕیاری گونجاو بدات.

چۆن لە کاتی گونجاودا بڕیار بدەین و ڕزگارمان ببێ لە ڕاڕایی؟

دەتوانیت لە کێشەی ڕاڕایی و درەنگ بڕیاردان ڕزگارت بێت، بە ڕاهێنانکردن لەسەر هەندێک تاکتیک کە وا دەکات لە بارودۆخی جیاوازدا خێرا بڕیاری گونجاو بدەیت:

١- دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ بڕیاردان: هەموو کەسێک بەدەست کێشەی کەمی کاتەوە دەناڵێنێت، بەڵام لە پێناو پرۆسەی بڕیاردانی گونجاو لەماوەیەکی کەمدا؛ پێویستە ڕۆژانە کاتێکی دیاریکراو بدەیت بەخۆت بۆ ئەوەی بیر لە بڕیارێکی دروست بکەیتەوە، بەم شێوەیە لە کۆتاییدا ڕادێیت لەسەر بڕیاردانی گرنگ و گەورە لە ماوەیەکی کورتدا.

٢- سروشتی ئەو بڕیارە دیاری بکە کە دەبێت بیدەیت: پێش ئەوەی بڕیار بدەیت، بیر لە دەرئەنجامی ئەو بڕیارە بکەرەوە کە دەیدەیت، بۆ نموونە بڕیارەکەت بۆ گۆڕینی کارەکەت کاریگەری دەبێت لەسەر بەرپرسیارێتی و پابەندبوونت بەرامبەر بە خۆت و خێزانەکەت هەروەها هاوکارەکانت لە شوێنی کارەکەت و مووچەکەت، لە کۆتاییدا دۆخی ئابووریت کاریگەری لەسەر دەبێت بۆ ماوەیەک کە دەبێت ڕەچاوی بکەیت.

٣- بیر لە بژاردە بەردەستەکانت بکەرەوە: خۆت لە نێوان "بەڵێ" و "نەخێر" قەتیس مەکە، بەڵکو پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی بدەیت بیربکەرەوە لە هەموو ئەو بژاردانەی لەبەردەستتدایە، هەندێکجار باشترە واز لە هەندێ شت بێنیت وەکوو خۆیان بەردەوام بن بەبێ پابەندبوونت بە بڕیارێکی دیاریکراو.

٤- بەتەواوی دیاری بکە کە چیت دەوێت لەم بڕیارە: چاوەڕوانی ماوەیەکی زۆر پێش بڕیارێکی دیاریکراو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە تۆ ڕازی نیت لە هیچ یەکێک لەو ئەگەرانەی کە لە دەرئەنجامدا بەرپا دەبێت، لەوانەیە بڕیارەکەت نادروست بێت یان لەگەڵ سروشتی خۆتدا ناگونجێت، بۆ نموونە دوودڵی لە بڕیاردان سەبارەت بە گۆڕینی بواری کارەکەت یان گەڕانەوەت بۆ خوێندن؛ بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە تۆ ئارەزووی هیچ کام لەم دوو بژاردەیە ناکەیت، بۆیە کاتێک خۆت دەبینیتەوە کە لە نێوان دوو بژاردەدا گیرت خواردووە؛ بیر لەوە بکەرەوە کە بەڕاستی دەتەوێ چی بکەیت و لە خۆت بپرسە "چی ڕوودەدات ئەگەر هیچیان هەڵنەبژێرم؟"

٥- شتێک هەڵمەبژێرە تەنها لەبەرئەوەی دەبێت بیکەیت: هەرکاتێک دیاریت کرد کە بەڕاستی چیت دەوێت، دەبێت واز لە بیرکردنەوەی زۆر لەو بارەیەوە بهێنیت، هەروەها خۆت لە ڕاوبۆچوونی ئەو کەسانە بە دووربگرە کە بڕیارەکانت دەخەنە ژێر پرسیارەوە، پێت دەڵێن پێویستە شتێکی تر بکەیت جیاواز لەوەی کە خۆت دەتەوێت، هەروەها شتگەلێکی تر بەدەست بهێنیت جیاواز لەوەی کە خۆت هەتە، ئەگەر هەستت بەو فشارە کرد لە بڕی ئەوەی بە خێرایی بڕیارێک بدەیت هەرچەندە ئەگەر بڕیارەکەشیان دروست دەربکەوێت؛ بۆ ساتێک بوەستە و بیر لە هۆکارەکانت بکەرەوە، ئەگەر هۆکارێک یان مەبەستێکی گونجاوت نەدۆزیەوە، ئەوە بزانە کە بڕیارێکی دروست نییە بۆ تۆ.

٦- لەبیرت بێت کە ئەنجامدانی کارێک باشترە لە نەکردنی هیچ شتێک: ئەمە زۆرینەی کات ڕاستە، بۆ نمونە ئەگەر دوودڵ بوویت لە هەڵبژاردنی پیشەیەک، ئەوا لە هەر شوێنێک دەست پێبکەیت گونجاو دەبێت بۆت، بۆ بەدەستهێنانی ئەزموون و لێهاتوویی کە یارمەتیت دەدات لە هەر کارێک یان پیشەیەک کە ڕەنگە لە داهاتوودا ئەنجامی بدەیت، ئەوەش باشترە لەوەی بەبێ پیشەیەک بمێنیتەوە لە ترسی هەڵبژاردنی هەڵە، لە ڕاستیدا لێرە هیچ ڕاست و هەڵەیەک بوونی نییە، بەڵکو هەموو بژاردەیەک بە تێپەڕبوونی کات دەتوانرێت گۆرانکاری تیا بکرێت و ڕاست بکرێتەوە، کاتێک ئارەزووی بەردەوامبوونت نەما بۆ ئەو شتەی کە هەڵتبژاردووە.

٧- ڕاهێنان بکە لەسەر هەڵبژاردنەکان: هەڵبژاردنی فیلمێک بۆ سەیرکردن لەوانەیە کاتێکی زیاتری پێویست بێت لە ماوەی فیلمەکە خۆی، هەروەها ڕەنگە هەڵبژاردنی ئەوەی دەتەوێت  بیخۆیت بەردەوام دوایبخەیت هیچ خواردنێک هەڵنەبژێریت، بۆیە دەبێت ٣٠ چرکە یان کەمتر بدەیت بە خۆت. بۆ هەڵبژاردنی ئەوەی ئایا دەوێت بۆ ئێوارە چی بخۆیت یان کاتی پشوو بۆ کوێ بڕۆیت، لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا دەتوانیت خێراتر و کاراتر بڕیاری گرنگ بدەیت بە ڕاهێنانکردن لەسەر ئەم بڕیارە بچووکانە.

لەکاتی هەستکردن بە فشار سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر بابەتێکی دیاریکراو پێویستە چی بکەم؟

ئەگەر هەستت بە فشار کرد بە بیرکردنەوە لە بڕیاردان لە ماوەیەکی کەمدا، ئەوا لێرەدا چەند هەنگاوێکی گرنگ هەیە پێویستە بیگریتەبەر پێش بڕیاردان:

١- دڵنیابە لەوەی بیرۆکەی گونجاو گرنگت هەیە سەبارەت بە بابەتەکە و لەسەر هەستەکانت بڕیار نادەیت.

٢- دەبێت گوێ لە دەنگی ناخت بگرێت و بزانیت بەڕاستی چیت دەوێت.

٣- بیر لەوە بکەرەوە خراپترین شت چییە کە ئەگەری هەیە لە دەرئەنجامی بڕیارەکەتدا ڕووبدات.

٤- بیر لە باشترین شت بکەرەوە کە ئەگەری هەیە لە دەرئەنجامی بڕیارەکەتدا ڕووبدات.

٥- بەرپرسیارێتی دەرئەنجامی بڕیارەکەت لە ئەستۆ بگرە و هەنگاوی گونجاو بنێ.

ڕاهێنەر و نووسەر ماهر سەلامە لە وەڵامی پرسیاری گەنجێکدا کە گلەیی لە بێتوانایی خۆی دەکات لە بڕیارداندا دەڵێت: کاتێک نازانیت چیت دەوێت، بڕیارەکان مەزاجی دەبن. گرنگترین تایبەتمەندی زیرەکی سۆزداری و دەروونیمان ئەوەیە کە توانای کۆنترۆڵکردنی مەزاجمان هەبێت. ئەمەش تەنها لە کاتێکدا ڕوودەدات کە  کۆنترۆڵی هەستە سۆزدارییەکانمان بکەین، چەند ڕێگا هەیە بۆ دەربازبوون لەم بارودۆخە:

  • دەبێت ڕێگایەک بۆ ژیانت دابڕێژیت بە دانانی ئامانجی دیاریکراو کە تامەزرۆی پێیان بگەیت.
  • پاشان ئەولەوییەتەکانت (کارە پێشینەییەکان کە پێویستە پێش هەموو شتێک ئەنجام بدرێن) دیاریبکە بە دیاریکردنی ئەوەی کە کامیان گرنگە و کامیان گرنگترینە.

بەم شێوەیە کۆنتڕۆڵی هەستەکانت دەکەیت لە ئەنجامی سۆزداری، چونکە لێرەدا ئامانجێکی گرنگتر هەیە لە هەست و سۆز کە بەرەو مەزاج دەتبات، دواتر دەتوانیت بڕیارەکانت لەسەر بنەمای ئەو ئامانجانە بدەیت کە دەتەوێ بەدەستی بهێنیت تەنانەت ئەگەر سەرەتا ئامانجی ڕوون و دیاریکراوت نەبێت،  دەتوانیت ئامانجی هەستپێکراو و نزیکەیی دابنێیت، دواتر بە بەدەستهێنانی ئەزموون دەست دەکەیت بە هەنگاونان و ئەنجامی باشتر، بەم شێوەیە پرۆسەی بڕیاردان ئاسانتر دەبێت تەنانەت ئەگەر لە سەرەتاوە بڕیارێکی هەڵەت دابێت، بە پشتبەستن بە ڕوونی ئامانجەکانت، پەرەپێدان و ڕێکخستن و چاککردنی بڕیارەکانت ئاسانتر دەبێت.

لە کۆتاییدا هەمووان دەیانەوێت بزانن چۆن بڕیارێکی دروست دەدەن، ئەم بابەتەش بۆ هەندێک کەس سەرلێشێواوی و دوودڵی لێدەکەوێتەوە، بەڵام بڕیاردانی خاو دەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو بابەتەی هەڵیدەبژێریت پێویستی بە  بڕیارێکی چارەنووسساز هەبێت کە پەیوەندی بە ژیانتەوە هەیە، بۆیە لەبیرت بێت کە دەتوانیت کێشەی دوودڵی  چارەسەر بکەیت بە ڕاهێنانکردن لەسەر تاکتیک و هەنگاوەکان.


سەرچاوەکان



146 بینین