هۆیەکانی بێ دەستنوێژی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-22-20:41:00 - کۆدی بابەت: 3547
هۆیەکانی بێ دەستنوێژی

ناوه‌ڕۆك

بێ دەستنوێژی

ئەو شتانەی کە دەستنوێژ هەڵئەوەشێننەوە، واتە ئەبنە هۆی بێ دەستنوێژی شەش شتن:

یەکەم: شتێکە بێتە دەرەوە لە یەکێک لەو دوو کونەی خوارەوە، کەم بێ، یان زۆر بێ، تەڕ بێ، یان وشک بێ، میز و پیسایی بێ، یان شتێکی تر بێ. چونکە خوای گەورە ئەفەرموێ: (أَوْ جَاءَ أَحَدٌ مِّنكُم مِّنَ الْغَائِطِ...) تا کۆتایی ئایەتەکە، مەبەست ئەوەیە یان هاتنەوە لە پیسایی کردن. واتە دەستنوێژ نامێنێ (و عن أبو هريرة قال: الحدث فُسَاءٌ أو ضُرَاط)رواه البخاری، بێ دەستنوێژی بە هۆی تر، یان فس روو ئەدا. ( عَنْ عَلِيِّ بنِ أبِي طَالِبٍ، قالَ: كُنْتُ رَجُلًا مَذَّاءً فأمَرْتُ المِقْدَادَ أنْ يَسْأَلَ النبيَّ صَلَّى اللهُ عليه وسلَّمَ، فَقالَ: يَغْسِلُ ذَكَرَهُ، وَيَتَوَضَّأُ)رواه الشیخان، ئیمامی (عەلی) فەرمووی: من مەزیم زۆر بوو، میقداد بۆی پرسیار کردم؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: ئەندامی خۆی ئەشۆرێ و دەستنوێژ هەڵئەگرێتەوە.

دووەم: نوستنە (عَنْ عَلِيِّ بنِ أبِي طَالِبٍ: عن النبی ﷺ: العينان وِكاءُ السَّهِ، فمن نام فليتوضَّأ)رواه ابوداود و حسنه الترمذي، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: چاو زاربێنی کونی خوارەوەیە، جا هەر کەسێک نوست با دەستنوێژ بشۆرێتەوە.
بە مەرجێک نوستنەکەی لەسەر شێوەیەکی وا بێ کونەکەی وەها دانەمەزراندبێ کە هیچ شتیکی لێ نەیەتە دەرەوە، واتە ئەگەر بە دانیشتوویی نوست و قاچی خۆی دانایە ژێر کونەکەی، ئەوە دەستنوێژی ناشکێ (عن أنس بن مالك: ان أصحابُ رسولِ اللهِ صلَّى اللهُ علَيه وسلَّم يَنتظِرون العِشاءَ، فيَنامون حتَّى تَخفِقَ رؤوسُهم، ثمَّ يُصلُّون ولا يتوضَّؤون)رواه أبوداود، (صحابە)کانی پێغەمبەر ﷺ چاوەڕوانی نوێژی عیشایان ئەکرد و لە بەر نوستن نوستن سەریان خوار ئەبۆوە و دەستنوێژیان نەئەشۆردەوە و نوێژیان ئەکرد. واتە چونکە بە دانیشتوویی نوستبون.

هەروەها بە بۆرژان دەستنوێژ ناشکێ

سێیەم: بێ هۆشبوونە بەهۆی سەرخۆشی یان بە هۆی نەخۆشی، چونکە بێ هۆشی لە نوستن بەهێزترە.

چوارەم: گەیشتنی پێستی پیاوە بە پێستی ئافرەتی بێگانە، واتە، ئەو ئافرەتەی مارەیی لە پیاوەکە بێ ئێستا یان لەمەودوا وەکو خوشکە ژن کە بەبێ پەردە بێ، واتە واتە پێستەی هەردوکیان رووت بێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (أَوْ لامَسْتُمُ النِّسَاءَ) یان دەستتان لە ئافرەتان دا. واتە دەستنوێژتان نامێنێ.
ئینجا بزانە: منداڵێک کە نەگەیشتبێتە ڕاددەی حەز بۆ چوون دەستنوێژی لی ناشکێ، ئیتر ئەگەر دەستلێدانی ژن و پیاو بە ویستی خۆیشیان نەبێ، دەستنوێژی هەردووکیان هەر ئەشکێ، بەڵام بە دەستلێدانی موو دەستنوێژ ناشکێ.

پێنجەم: دەستلێدانی ئەندامی میزکردنی ئادەمیزاد بە بەری دەستی و بەبێ پەردە (عن أبي هريرة قال: قال رسول الله - صلى الله عليه وسلم -: إذا أفضى أحدكم بيده إلى فرجه وليس بينهما ستر ولا حائل فليتوضأ)رواه شافعی و أحمد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کاتێ یەکێکتان دەستی دایە ئەندامی میزکردنی خۆی و پەردەش لە نێوانیاندا نەبوو، با دەستنوێژ بشۆرێتەوە.
جا بزانە بۆ دەستنوێژ نەمان جیاوازی نییە، ئەندامەکە هی خۆی بێ، یان هی یەکێکی تر بێ، هی گەورە بێ، یان هی بچووک بێ.

شەشەم: دەست لێدانی کونی خوارەوەی ئادەمیزادە لەسەر فەرموودەی نوێی ئیمامی (شافعي)، بەڵگەش ئەو حەدیسەی ڕابردووە.
ئینجا بزانە: ئەم بێ دەستنوێژییە پێی ئەگوترێ: (بێ دەستنوێژی بچووک).


سەرچاوەکان



820 بینین