ناوهڕۆك
واجب بوونی غوسل
ئەو شتەی ئەبێتە هۆی واجب بوونی خۆ شۆردنی ئادەمیزاد شەش جۆرە شتن، سێیان یەکسانە لە نێوان پیاو و ئافرەت:
یەکەم جەنابەتە، واتە: لەش پیسبوون بە هۆی بردنە ژوورەوەی نەختێک لە ئەندامی میزکردنی نێرینە بۆ ناو کونی پێشەوەی ئادەمیزاد، یان پشتەوەی ئادەمیزاد، یان ئاژەڵ، ئینجا جیاوازی نییە، ئاویان بێ یان نا (عن أبي هريرة رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم:إذَا جَلَسَ بَيْنَ شُعَبِهَا الْأَرْبَعِ، ثُمَّ اجَتهَدَ، فَقَدْ وَجَبَ الْغُسْلُ و ان لم ینزل)رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر کاتێک پیاو لە نێوان هەر چوار پەلی ئافرەت دانیشت و سەری ئەندامەكەی بردە ژوورەوە، واجبە خۆیان بشۆن هەرچەند ئاویشیان نەیەتە دەرەوە.
دووەم: جەنابەتە، واتە لەش پیسبوون بە هۆی دەرچوونی (مني)، واتە ئاوی پیاو، یان ئاوی ئافرەت، جا لە کاتی خەوتنا بێ، یان لە کاتی هۆشیاری، بەدەست خۆی بێ، یان نا، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَإِن كُنتُمْ جُنُبًا فَاطَّهَّرُوا) ئەگەر بە جەنابەت بوون خۆتان بشۆن.
هەروەها ئافرەتێک پرسیاری لە پێغەمبەر ﷺ کرد: (هل على المرأةِ غُسلٌ إذا هيَ احتَلَمت ؟ فقالَ ﷺ: نعَم إذا رأَتِ الماءَ)رواه الشیخان، ئایا ئەگەر ئافرەت وەکو پیاو خەونی بە کاری نێر و مێیەتی ببینێ، واجبە خۆی بشۆرێ؟ پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: بەڵێ هەر کاتێک بینی ئاوی هاتووە ئەبێ خۆی بشۆرێ
بزانە: نیشانەی ئاوهاتنی پیاو، یان ئافرەت ئەوەیە ڕەحەت ببن و لەزەت ببینن، کەوابوو ئەگەر ژن و مێرد جیماعیان کرد و هەردووکیان ڕەحەت بوون، ئینجا لە دوای خۆشۆردن ئاوەکە لە پێشەوەی ئافرەتەکە هاتە دەرەوە، واجبە ئافرەتەکە غوسلەکەی دووبارە بکاتەوە، چونکە ئاوەکەی خۆی تێکەڵ بە ئاوی پیاوەکە بووە و تازە دێتە دەرەوە، بەڵام ئەگەر ئافرەتەکە ڕەحەت نەبووبێ، ئەوە نایەوێ غوسلەکە دووبارە بکاتەوە، چونکە ئاوی خۆی نەهاتووە.
ئینجا بزانە: بەهۆی دەستبازی و دەمارهەڵسان جۆرە ئاوێکی لیچ و زەرد، یان سپی دەر ئەکەوێ، پێی ئەگوترێ: (مذي)، ئافرەتان زیاتر ئەو ئاوەیان دێ، ئەو ئاوە غوسل واجب ناکا، بەڵام پیسە (عن علی بن ابی طالب: سئل النبی ﷺ: عن المذي؟ فَقَالَ: يَغْسِلُ ذَكَرَهُ وَيَتَوَضَّأُ)رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ دەربارەی (مذی) پرسیاری لێکرا؟ ئەویش فەرمووی: زەکەری خۆی ئەشۆرێ و دەستنوێژ ئەگرێ.
هەروەها ئاوێکی تری شێلوو -وەک شیر- لە کاتی میز کردن دێتە دەرەوە پێی ئەگوترێ: (ودی)، ئەمەش پیسە بەڵام غوسل واجب ناکات.
ئەگەر لە دوای غوسل کردن لەگەڵ میز کردن ئەو (منی)یەی لە ناو بۆریەکەدا مابوو، هاتە دەرەوە، ئەبێ دووبارە خۆی بشۆرێتەوە.
سێیەم: مردنە، واتە هەر کەسێک بمرێ واجبە بشۆردرێ.
سێی تریش لەو شەشە تایبەتە بە ئافرەتان:
یەکەمیان: پاکبوونەوەیە لە خوێنی حەیز
دووەمیان: پاکبوونەوەیە لە خوێنی پاش منداڵ بوون.
ئەو دووانە ئەبێ بە زووترین کات خۆیان بشۆن لە دوای پاکبوونەوە، وەک لەمەودوا باسی ئەکەین
سێیەمیان: منداڵبوونە، جا منداڵەکەی لە داوێنی بێتە دەرەوە، یان زگی هەڵبدڕن و بیهێننە دەرەوە، هەر ئەبێ خۆی بشۆرێ، هەروەها جیاوازی نییە منداڵەکەی بە مردوویی ببێ، یان بە زیندوویی، وێنەی کێشرابێ، یان هەر پارچە خوێنێک بێ، بەڵگەش ئەمەیە منداڵ لە تۆوی پیاو و ئافرەت دروست ئەبێ، ئەویش بە هەر جۆرێ بێتە دەرەوە، غوسل واجب ئەبێ.
ئینجا بزانە (جنابة) پێی ئەگوترێ بێ (دەستنوێژی گەورە).
هەروەها بێ دەستبازی و دەمارهەڵسان -جگە لە (مذی)- ئاوێکی تری سپی لە دامێنی ئافرەت دێتە دەرەوە، ئەمەش پاکە، بەڵام دەستنوێژ ئەشکێنێ.