شەش سوودی تەندروستیی خواردنی دەریایی

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-09-10-23:41:00 - کۆدی بابەت: 14589
شەش سوودی تەندروستیی خواردنی دەریایی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەش سوودی تەندروستیی خواردنی دەریایی (بە عەرەبی: ستة فوائد صحية لتناول المأكولات البحرية، بە ئینگلیزی: Six Health Benefits of Eating Seafood)، خواردنی دەریایی سوود و گرنگی زۆری بۆ جەستە هەیە.

ئایا خواردنی دەریایی پێویست لە ژەمە خۆراکەکانتدا هەیە؟

خواردنی بەردەوامی خواردنە دەریاییەکان بە چەندین شێوە کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستیت بەجێدەهێڵێت، ئەمەش بەهۆی ئەو ڤیتامین و کانزا گرنگانەی کە دابینی دەکات. بەردەوامبە لە خوێندنەوە بۆ ئەوەی بزانیت بۆچی خواردنی ماسی و قرژاڵ و خواردنە دەریاییەکانی دیکه بۆ تەندروستی بەسوودە.

سوودەکانی خواردنی دەریایی چین؟

١. سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە به ماددە خۆراکییە گرنگەکان 

خواردنە دەریاییەکان ڕێژەیەکی کەم لە چەوری تێریان تێدایە و دەوڵەمەندن بە پرۆتین و ماددە خۆراکییە گرنگەکانی وەک ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا سێ و ڤیتامین A و B. ئەم ماددە خۆراکیانە زۆر گرنگن بۆ پاراستنی تەندروستی، بەتایبەت بۆ مێشک و چاو و سیستەمی بەرگری. بەو پێیەی جەستە ناتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی ئۆمیگا سێ بەرهەم بهێنێت، هەربۆیە زۆر گرنگە خواردنە دەریاییەکان بکرێنە بەشێک لە  ژەمە خۆراکییەکانی ڕۆژانە بۆ تەندروستییەکی باشتر.

٢. یارمەتیدەرە لە پارێزگاریکردنی بینایی چاو

لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا مەترسی لەدەستدانی بینایی چاو زیاتر دەبێت. خۆشبەختانە ئەو ماددە خۆراکیانەی لە خواردنە دەریاییەکاندا هەن، لەوانەش ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا سێ، دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی ئەم مەترسییە لەڕێگەی کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو. هەروەها ڤیتامین A زۆر گرنگە و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە تەندروستی چاودا. کەمی ئەم ڤیتامینەش دەکرێت ببێتە هۆی شەوکوێری و ئەمەش توانای شۆفێریکردن لەشەودا قوڕس دەکات. 

٣. توانایەکی باش بە مێشک دەبەخشێت 

خواردنە دەریاییەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن لە بەهێزبوون و چالاکبوونی شێوازی کارکردنی مێشک و پاراستنی تەندروستی مێشک بۆ ماوەیەکی درێژ. ئۆمیگا سێ کە لە خواردنە دەریایەکاندا بوونی هەیە دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی زەهایمەر کەم بکاتەوە و ڕێگری بکات لە دابەزینی ئاستی زانین و هۆشیاری لەگەڵ بەرزبوونەوەی تەمەندا. هەروەها یارمەتیدەرە لە ڕێکخستنی بیرەوەری و هەستەکان.

٤. یارمەتیدەرە لە پاراستنی تەندروستی دڵ

 ماسی بەتایبەتی سەلەمون ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا سێی تێدایە کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی دڵ و مانەوەی بە تەندروستی. خواردنی ماسی هەفتەی جارێک یاخود دووجار دەبێتە هۆی باشترکردنی تەندروستی دڵ و خوێنبەرەکان و ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەمدەکاتەوە. دڵنیابە لە خواردنی جۆری جیاواز لە ماسی بۆ تەندروستییەکی باش و دڵنیابوون لە وەرگرتنی ڕێژەیەکی باش لە ماددە خۆراکییە سودبەخشەکان.

٥. یارمەتیدەرە لە باشتر بوونی تەندرووستی پێست و قژ

ئەگەر دووچاری وشکبوونی پێست بوویت، بیرت نەچێت خواردنە دەریاییەکان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی پێست بە شێداری بمێنێتەوە، ئۆمیگا سێ و زەیتی ماسی لە خواردنە دەریاییەکاندا یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی زیپکە و پاراستنی پێست لە تیشکی سەروو بنەوشەیی زیانبەخش، ئەمەش دڵنیای دەدات لە مانەوەی پێست بە تەندروستی و شێداری. هەروەها بۆ قژێکی بەهێزتر و تەندروستتر، پێویستە ماسی چەور بخرێتە ناو ژەمە خواردنەکانەوە. سەلەمونیش باشترین ماسی چەورە بۆ قژێکی تەندروست چونکە دەوڵەمەندە بە ئۆمیگا سێ کە قژت بریقەدار دەکات و تەنانەت گەشەی قژ زیاد دەکات. بەو پێیەی ماسی سەلەمون چەندین سوودی هەیە بۆ هەردوو لایەنی پێست و قژ، هەربۆیە هەڵبژاردەیەکی زۆر باشە بۆ ئەوەی بۆ ژەمە خۆراکییەکانتی زیاد بکەیت.

٦. یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان

ئەگەر بەردەوام بەیانیان تووشی ڕەقبوونی جومگەکانت بوویت، لەوانەیە زیادکردنی خواردنە دەریاییەکان بۆ ژەمە خۆراکییەکانت یارمەتیدەر بێت. ترشە چەورییەکانی ئۆمیگا سێ لە خواردنە دەریاییەکاندا تایبەتمەندی دژە هەوکردنیان هەیە کە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان بدات. هەروەها خواردنە دەریاییەکان بە تایبەت خواردنی ماسی چەور، ڕەقی جومگەکان و نیشانە و هەوکردنی جومگەکان کەم دەکاتەوە.


سەرچاوەکان



37 بینین