فەلسەفەی مێژوو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-24-22:59:00 - کۆدی بابەت: 3678
فەلسەفەی مێژوو

ناوه‌ڕۆك

فەلسەفەی مێژوو چییە؟

بایەخ بە لێکدانەوەی تێکڕای مێژووی مرۆڤایەتی دەدات لەسەر بنچینەی بیردۆزێکی گشتی. دەتواندرێت وەک نموونەی یەکەم ڕوونکردنەوە باسی بیردۆزی ئەو چاخانەی شارستانیەت بکرێ کە (ئیبن خەلدوون) دایناون یاخود ئەوەی پێی دەگووترێت لێکدانەوەی (ئاوەدانکردنەوە) یانیش بیردۆزی (پێشکەوتن) کە لە سەدەی هەژدەمدا جێی بیردۆزی (ئاگایی ئۆگستین)ـی گرتەوە و لە پاشان (ڤیگۆ) بە دوای ئیبن خەلدوون دا هات کە دەیووت پێشکەوتنی ژییریی مرۆڤ سێ قۆناغی بڕیوە.

ئۆگەست كۆنت

کە لە پاشدا (ئۆگەست کۆنت) پەرەی پێداو وتی: هەموو مرۆڤایەتی بە سێ قۆناغدا تێپەڕیوە کە ئەمانەن:

  • قۆناغی ئەفسانەیی
  • قۆناغی فەلسەفەیی (یان میتافیزیکی)
  • قۆناغی زانستی

یەکەمییان پێش فەلسەفەی یۆنان بووە، دووەمیان لە فەلسەفەی یۆنانەوە تا کۆتایی سەدەی هەژدەم درێژەی هەبووە، دواجار قۆناغی زانستی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەمەوە دەست پێدەکات تا ئێستا. نموونەی سێیەم مێژووی مرۆڤایەتی لەسەر بنچینەی هۆکاری دەوروبەر یان چاکی و زۆری خۆراک لێک دەداتەوە کە تۆماس بیکل باسی لێوەکردووە. نموونەی چوارەم لێکدانەوەی مێژوو و شارستانییەت و ئاوەدانکردنەوە لە سەر بنچینەی دەوروبەر و ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونی پێکەوە.

هەروەک ئەوەی (ئیبن خەلدون) لە پەرتووکی (المقدمة)ـی خۆیدا لێکی داوەتەوە. شایانی باسە ئیبن خەلدوون بە دانەری ڕاستەقینەی فەلسەفەی مێژوو دادەنرێت. هەروەها فەلسەفەی مێژوو بنچینەیەکی فەلسەفی بۆ زانستی مێژوو دادەنێت بە پوختەکردنی ئەو بەرنامەیەی کە مێژوونووسان دایدەنێن چ بە تاقیکاری بێت یان لێوەگرتن بێت. لەگەڵ تاوتوێ کردن و شیکردنەوەی سەرچاوە و مێژوویەکان و لێکۆلێنەوەی ئەو زاراوە گشتییانەی کە مێژوونووسان بەکاریان دەهێنن لە هۆکار و مەبەست ... هتد.

فەلسەفەی مێژوو هەر بایەخ بە گێڕانەوەی ڕووداوەکان نادات، بەڵکو وای دەبینێت کە مرۆڤایەتی بە پێی جێگیر دەڕوات کە کات و شوێن دەبڕێت و بە پێی حەز و ڕێکەوت ناڕوات، هەروەها لە ئەرکەکانی فەلسەفەی مێژوو ئەوەیە کە ئەو یاسایانە بدۆزرێتەوە کە مێژووی مرۆڤایەتی لێکدەداتەوە بە شێوەیەکی یەکگرتوو و یان بە شێوەی چەند ‌هێڵێکی تەریب بە یەکتر.

فەیلەسوفانی مێژوو

لە بەناوبانگترین فەیلەسووفانی مێژوو:

  • ئیبن خەلدوون
  • ئۆگەستین
  • ڤیکۆ
  • ئۆگەست کۆنت
  • مارکس
  • توێنبی


سەرچاوەکان

2208 بینین