هاتنی بەعس بۆ سەر حوکمی عێراق

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-29-14:59:00 - کۆدی بابەت: 3893
هاتنی بەعس بۆ سەر حوکمی عێراق

ناوه‌ڕۆك

هاتنی بەعس بۆ سەر حوکم

سەرەتایی بیرۆکەی بەعس و دامەزراندنی لە ساڵی ١٩٤٧ لە سووریا بوو، دوای ئەوەی ڕەگی داکووتا دەستی بە گەورەبوون و فراوانبوون کرد، هەرێمی عێراق یەکێک لەو هەرێمانەی کە حزبەکەی تێدا هاتە کایەوە و پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردایەتی حیزبەکەی هەرێمی سوریادا هەبوو، لە ساڵی ١٩٥٢ بوو بە لق و لە کۆتایی ساڵی ١٩٥٤ کۆنفرانسی هەرێمایەتی حیزبەکە گیرا. شۆڕشی ١٤ـی تەمووزی ١٩٥٨ زەمینەیەکی باشی بۆ بەعس ڕەخساند و لە سەرەتا هەموو حیزبەکان بە ئاشکرا چالاکی خۆیان ئەنجام دەدا. لە ڕۆژی ٨ـی مارسی ١٩٥٩ لە موسڵ هەڵگەڕانەوەی (عەبدالوهاب شەواف) عەقیدی سوپای (٥) پێکهات و کوشتارێكی زۆر لە سوپا و دانیشتوانی موسڵ ڕووی دا، بەڵام حکومەتی قاسم توانی (شەواف) بکوژێ و بەشێک لە هاوڕێکانی بگرێ. لە ساڵی ١٩٥٨ بەعسیەکان لە شەقامی ڕەشید لەلایەن (عەبدالوهاب غریری و صدام حسێن) تەقەیان لە عەبدولکریم قاسم کرد و بریندار کرا.  ڕۆژی ٨/٢/١٩٦٣ عبدالسلام عارف بە هاوکاری بەعسییەکان هەڵگەڕانەوەیەکی ئەنجام دا (ئەحمەد حەسەن بەکر) کرا بە سەرۆک وەزیران. عبدوالکریم قاسمیان گرت و کوشتیان. لیژنەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان بروسکەی پشتگیریان نووسی بۆ (عبدالسلام) بەو مەرجەی کە لەگەڵ کورد ڕێگەی ئاشتی و دۆستانە بگرێتە بەر. رێکەوتن لەلایەن مەلا موستەفا و عبدالسلام عارف پێکهات و بەیانێک بڵاوکرایەوە کە حکومەتی عێراق شێوەیەکی لامەرکەزی بۆ میللەتی کورد لە عێراق پێک دێنێ لە چواردە ماددە رێکخرا لەوانە:

• نیوەی داهاتی نەوت بدرێ بە کورد.
• لامەرکەزی کورد لە هێڵی (چیای حەمرین)ـەوە دەست نیشان بکرێ.
• سەرباز و پۆلیس و کاربەدەستی ئیداری کورد بن.
• زمانی کوردی بە فەرمی دابنرێ.

یاداشت

لە بەهاری ساڵی ١٩٦٣ شاندێکی شۆرش بە سەرکردایەتی مام جەلال بە ئەندامیەتی صاڵح یوسفی و حبیب محەمەد کەریم و شاخەوان نامیق و عبدالحسێن فەیلی و صەمەد محەمەد و مسعود محەمەد گەیشتنە بەغداد. جگە لە یاداشتەکەی سەرەوە لەو ماوەیە قسە لەسەر یەکگرتنی میسر و سوریا دەکرا بۆیە لەو یاداشتە کە لەلایەن سەرۆکی شاندەکەوە ئاراستەی کۆبونەوەکانی قاهیرە کرا کە بۆ مەبەستی ناوبراو کۆبوبوونەوە، ئەم بەندانە هاتوون:

• هەروەختێک عێراق لەگەڵ سوریا و میسر یەکێتی کۆماریان بەست، شێوەی عێراق خرایە سەر باری (هەرێمایەتی)، کورد بۆی هەبێ داوای جیابوونەوە بکات و بە لامەرکەزییەت ڕازی نابێت، کوردیش لەو وەختەدا بەشێوەی هەرێمی (چوارەم) بە سەربەخۆیی خۆی دێتە ناو یەکێتی عەرەبی و کۆماری یەکگرتوو.
• کورد هەر هێندە بە لامەرکەزییەت ڕازییە کە عێراق سەربەخۆ بێ و پەیوەندی یەکێتی لەگەڵ میسر و سوریادا نەبەستێ.

ڕێکەوتنی میسر و سوریا و عێراق، بەسەرهاتی کورد و ڕێکەوتنەکەی پاش خست لە هەموو کوردستان چاوەڕوانی ڕێکەوتنی حکومەت و پێشمەرگەیان ئەکرد بەڵام هیچ ئەنجامێک لە یاداشتەکەی مام جەلال و شاندەکەی چنگ نەکەوت، حکومەتی عێراقی فەرمانی گرتنی شاندی یاداشتەکەی دەرکرد. لەهەمان کات دا بەیانی ژمارە (١،١٣) بڵاوکردەوە کە باکوور ناوچەی جموجۆڵی سەربازییە، مەلا موستەفا و هاوەڵانی دەبێ هەتا ٢٤ کاتژمێر چەک فڕێ بدەن و خۆیان بخەنە بەردەستی حکومەت. لەهەمان ساڵدا حکومەتی عبدالسلام بڵاوی کردەوە، هەرکەسێ مەلا موستەفا بکوژێت ١٠٠ هەزار دیناری خەڵاتی دەدرێتێ. حکومەت دەستی کرد بە گرتن و کوشتن و بە تۆپ و ناپاڵم دێهاتەکانی سوتاند هەر لە سلێمانی ٣٠٠ کەسی بەبێ پرسیاری دادگا کوشت و باقی بەندکراوەکانی تریش بە لێدان و لەناو تەوێلەی وڵاخ و جێگای پیس بۆ ماوەی دوو مانگ ئەشکەنجەیان ئەدان، زۆربەی دانیشتوانی ڕوویان کردە شارباژێڕ و قەرەداغ بۆ ڕزگاربوون لەدەست زەعیم صدیق.

هەروەها لە قۆڵی کۆیە و هەولێریش پێشمەرگەکان کە ژمارەیان لە ٦٠ کەس تێ نەدەپەڕێ قارەمانییەکی بێ وێنەیان بەرامبەر هێزێکی گەورەی سەربازی و (حەرەس قەومی) و هێزە خۆفرۆشەکان نواند، ئەمجا حکومەتی عێراق هیچ چارەیەکی نەما لەگەڵ حکومەتی سوریا یەکیگرت و لیوایەکی سەربازی سوری بە هەموو کەرەستەیەکی جەنگی هێنایە کوردستان، بەڵام پێشمەرگە قارەمانەکانی کورد لە قۆڵی زاخۆ و ئاکرێ و ئامێدی پەلامارییان دان و دەستیان کرد بە کوشتار و گرتنیان، حکومەتی بەعس ئەحمەد حەسەن بەکر و سەرۆک ئەرکانی سووپا بەقڕەو (میشیل عەفلەق)ـیان لە سووریا هێنایەوە بۆ چارەسەری ئەو ناخۆشییە کۆنگرەی لوتکەی عەرەبی لە میسر بەسترا بەسەرهاتی کورد خرایە بەرچاو لەو کاتەدا دەرگای گفتوفۆ کرایەوە لە ١٤/١٢/١٩٦٤ لە نێوان حکومەت و مەلا موستەفا ڕێکەوتن پەیدابوو بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ بڵاوکرایەوە.

كۆتایی عەبدولسەلام عارف

لە ١٣/٤/١٩٦٦ عبدالسلام لەگەڵ موتەسەریفی نەسرە لە ناوچەی (قوڕنە)ـەوە دەچن بۆ بەسرە لە ئاسماندا فرۆکەکەی ئاگری تێبەردەبێ و ئەسووتێ. ئەمەش وای پێ دەچێ پیلانی بەعسییەکان بووبێ، چونکە کەوتە وێزەی ئەوان بە کوشتاریكی زۆر گەورە بەعسییەکانی چەک کرد و کۆتایی بە جمووجۆڵیان هێنا. لە ١٤/٤/١٩٦٦ عبدولڕحمان عارف دەسەڵاتی گرتە دەست تا ١٩٦٨ وەفدی وتووێژ گەیشتە لای مەلا موستەفا دوای گەڕانەوەیان بۆ بەغداد وتیان:

مەلا موستەفا کاتێک ئامادە دەبێ بۆ گفتوگۆ کردن (دانوسان) کە حکومەت ئەم چواربەندەی خوارەوە پێشەکی پێک بهێنێ:

١. کشانەوەی هێزەکان لە کوردستان دا،
٢، هەرچی بەندکراوی سیاسی کورد و عەرەب هەیە ئازاد بکرێن.
٣. فورسان چەک بکرێن.
٤. دەوڵەتێک لە دەوڵەتەکانی عەرەب بێنە ناو ئەو ڕێکەوتننامەیە.

ئەمجا حکومەت نائومێد بوو کەوا بە سادەیی مەلا موستەفا نایەتە ناو ڕیزی ڕێکەوتن، چەند لیوایەکی سەربازی ناردە سەر مەلا موستەفا، لە ناوچەی ڕەواندز بوو بە شەڕێکی گەورە بە ڕۆژ و بەشەو فرۆکەکانی بۆمبهاوێژ بە جۆرەها چەک و بێ بەزەییانە ناوچەکەیان ئەسووتان، بەڵام هێزی پێشمەرگە هیچ سڵێکی لەو هەموو پەلاماردانە نەئەکرد لە چیای هەندرێن فەوجی (١) لیوای (٤) لەگەڵ هێزێکی تەواوی چەکداری هۆزەکان بە هەموو جۆرە چەکێکەوە بە دیل گرت. ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بوو بە هۆی شێواویەکی زۆر گەورە لە نێوەندەکانی ڕامیاری و ڕای گشتی جیهاندا.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ١٩٦٦دا عبدالرحمان عارف چوو بۆ ڕەواندز چاوی بە مەلا موستەفا کەوت هەندێ بەڵێنی پڕ لە درۆ لە عبدالرحمان عارف وەرگیرا. بەڵام لە هەموو بەڵێن و پەیمانانەی کە لەگەڵ عبدالرحمان عارف پێکهاتبوو چەند زیندانیەک ئازاد کران، لەگەڵ گێڕانەوەی چەند مووچەخۆرێک بۆ سەر ئیشەکانیان. لە ڕۆژی ١٧/٧/١٩٦٨ ئەحمەد حەسەن بەکر کۆنە سەرۆک وەزیرانی عێراقی دەوری عبدالسلام کودەتای کرد، عبدالرحمان عارف سەرۆک کۆماری گرت و ناردنی بۆ لەندەن. خۆی بە سەرۆک کۆماری عێراق ناونا، بە پێی بڕیاری ئەنجوومەنی شۆڕشی خۆیان، عبدالرزاق نایفی کرد بە سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی پێکهێنا، چوار وەزیری کوردیان خستە ناو ئەم وەزارەتە لەوانە (ئیحسان شێرزاد و عبداللە نەقشبەندی و صالح نەقشبەندی و محسین دزەیی)، بەڵام ئەم وەزارەتە خۆی نەگرت لە ٣٠ تەمووزی ساڵی ١٩٦٨ بەسەر عبدالڕزق نایف کودەتا کرا. لەلایەن بەعسییەکانەوە ئەوەبوو ڕوی کردە میسر، و صدام حسێن دەبێتە خاوەنی دەسەڵاتی ڕەها.

جارێکی تر بەعسییەکان شەریان هەڵگیرساندەوە دژی کورد. لەشکستی زیاتر هیچیان دەستگیر نەبوو بە ناچاری لە ١١ی ئازاری ١٩٧٠ بڕیاریان دا بە بەخشینی ئۆتۆنۆمی بۆ کورد و ماوەی چوار ساڵیان دانا بۆ جێ بە جێ کردنی، لەو ماوەیەدا بەعس کەوتە خۆبەهێزکردن و پلان گێڕان بۆ لەناوبردنی سەرکردەی کورد. لە ٢٩/٩/١٩٧١ یانزە مەلا لە نەجەف و بەغدادەوە هاتبوون کە چاویان بە مەلا موستەفا بکەوێ لە حاجی ئۆمەران، مەلایەکییان دەزگایەکی لە پشتی بەستبوو دوو ئەفسەری بەعس کە مەلاکانیش نەیانناسیبوو تیرۆری بارزانییان پێ سپێرابوو. دوو ئوتۆمبێلیش کە دوو بۆمبی زۆر درێژ و ئەستووری لەبن قایم کرابوو تەقیەوە خۆشبەختانە پلانی بەعس سەری نەگرت و بارزانی تەنها بریندار بوو. بەهۆی پاشگەزبوونەوەی بەعس جارێکی تر جەنگ هەڵگیرسایەوە لە نێوان کورد و دەوڵەتی عێراق دا کە وەخت بوو بە سەرکەوتنی شۆرشەکە کۆتایی بێت. لە دەرئەنجام صدام حسێن لەگەڵ شای ئێران ڕێکەوتننامەی جەزائیریان لە ئازاری ١٩٧٥ بەست بە ناوبژیوانی جەزائیر. دەستی لە هەندێک شوێن و ئاوی عێراق لە شط العرب هەڵگرت بۆ ئێران، ئێرانیش بە پێی ئەو رێکەوتننامەیە و لە بەرژەوەندی خۆی گشت جۆرە یارمەتییەکی لە شۆرش بڕی و بە سەکردایەتی شۆڕشی وت: یان بچنە ئێران وەک پەنا هەندە دانیشن یان ئەوان سنوور دادەخەن و لەناو عێراق دا ئەوان چی دەکەن پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە، بەم پلانە نێودەوڵەتییە شۆرشی ئەیلول شکستی هێنا.


سەرچاوەکان



1546 بینین