ناوهڕۆك
ڕەشترین ماددە
كۆمپانیای بەریتانی (Surrey NanoSystems) ڕەنگێكی ڕەشی بەرهەمهێناوە كە دەتوانێت %99.96 ڕووناكی بینراو هەڵبمژێت، كە بەمە ژمارەیەكی پێوانەیی بەدەستهێناوە، ئەم ماددە نوێیە ناوی (Vantablack)ـی لێنراوە و لە بۆری نانۆیی كاربۆن دروستكراوە، ئەم ماددەیە هێندە ڕەشە كە چاوی مرۆڤ ناتوانێت شێوە و دووریەكەی لێك جیابكاتەوە.
ئەم بۆرییە نانۆییانە دە هەزارە ئەوەندەی قژی مرۆڤ وردترن و هێندە چڕن كە ناهێڵن تەنۆلكەكانی ڕووناكی پێیاندا تێپەڕببێت بۆیە بەم شێوەیە زۆربەی ڕووناكی هەڵدەمژن و ئەو زانایانەی كە بەرهەمیانهێناوە بە كونی ڕەش ناوی دەبەن.
داهێنەران ئەم ماددەیان لە بۆری نانۆی لەسەر ئەلەمنیۆم داناوە بۆ ئەوەی بتوانن گۆڕانكاری لە شێوەكەیدا بكەن، هەر شتێك كە ئەم ماددەیە دایدەپۆشێت ناتوانرێت ببینرێت چونكە دەتوانێت ڕێژەیەكی زۆری ڕووناكی هەڵبمژێت، بەڕێوبەری كومپانیاكە (بێن جنسن) دەڵێت: گەر سەیری ئەم مادەیە بكەیت چاوەڕێ دەكەیت كە چەند شێوەیەكی ئەندازەیی بینیت بەڵام لەڕاستیدا هێندە ڕەشە وەك چاڵێك دەردەكەوێت، كە دەتوانرێت بەكاربهێنرێت بۆ باشتركردنی كامێرا و تەلیسكۆبە گەردوونییەكان، چونكە ئەم ماددە شكانەوەی ڕووناكی ناهێڵێت.
مامۆستای بواری ڕەنگەكان و تەكنەلۆژیا (سیڤن وێستلاند) لە زانكۆی لیدز لە ویلایەتە یەكگرتووكانی ئەمریكا دەڵێت: زۆربەی كەسەكان وادەزانن كە تاریكی واتا نەمانی ڕووناكی بەڵام من لەگەڵ ئەم قسەیەدا نیم، چونكە گەر تائێستە سەیری كونێكی ڕەشت نەكردبێت ئەوا تاریكیت نەبینیوە. بۆیە ئەم ماددەیە بە ڕەشترین ماددە دادەنرێت كە تائێستە دروستكرابێت، بۆیە دەكرێت بلێین كە نزیكترین مادەیە لە كونی ڕەشەوە.