ناوهڕۆك
سەرەتا
هندییە سوورەکان یان نەتەوەی سوو (بە عەرەبی؛ الشعب سو؛ بە ئینگلیزی؛ Sioux indians) نەتەوە و دانیشتووی ڕەسەنی کیشەوەری ئەمریکان. زاراوەی هندی سوور لەلایەن دەریاوانی ئیسپانی " کریستۆڤەر کۆڵۆمبس" بەسەریاندا بڕاوە بەڵام لەم سەردەمەدا ناوی ئەم نەتەوەیە بە سوو دەهێنرێت لە بری هندییە سوورەکان.
جوگرافیای نەتەوەی سوو دەکەوێتە کوێ؟
بە گوێرەی سەرچاوەکان، نەتەوەی سوو یان هۆزەکانی سوو بە شێوەی هەڕەمەکی بە خاکی ئەمریکای لاتین و باکووری ئەمریکا بڵاوبوونەتەوە، نیشتمانی ڕەسەنی ئەم نەتەوەیە داکۆتا و یانکی یاخود یانکتۆن و شایان و چەند ناوچەیەکی تر بووە بەڵام بەهۆی ئەوەی ژیانیان سادە و ساکار بووە و بە کشتوکاڵ و ڕاوکردن و ماڵی کردنی ئەسپ خەریک بوون، هەندێک جار نەمانی لەوەڕگا یان گۆڕانی وەرزەکان وای کردووە لە کۆچی بەردەوامدابن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا داکۆتا و یانکتۆن و شایان باشترین شوێن بووە کە لێی ژیا بێتن چونکە زەوییەکی بە پیت و بەراو بووە.
زمان و کولتوور و ئایینی سووەکان
لە مێژوودا زانیاری کەم هەیە لەبارەی ئەم ناونیشانە، چونکە ئەو نەتەوە ئەورووپیانەی لە ئەمریکادا ژیاون بە درێژایی ١٤٩٢، هەرگیز لە بارەی سووەکان بە باشە نەیان نووسیوە، نیشتمانەکەیان لێ داگیرکردوون و سووکایەتیان بە ئایین و پیرۆزییەکانیان کردووە. سووەکان لە مێژووی ئەورووپیدا بە "دڕندە و کێوی" ناوبراون کە بە گەلێکی دواکەوتوو و ناشارستانی وەسف کراون. تەنانەت لە فیلم و زنجیرە ڕۆژئاواییەکانیشدا هەر بە کەسانی خراپ وەسف کراون.
بەڵام گەر کەسایەتییە ناودارەکانی سووەکان بدوێنین، دەڵێن کەوا بێڕێزی بەرامبەر مێژوویان کراوە. سووەکان بە زمانی "سەندێکسین" دەدوێن کە هەر گفتوگۆیەکی ئاسایی بەم زمانە ئارامی بە دەروون دەدات. سووەکان ژیانێکی کۆمەڵایەتی بەهێزیان هەیە، هەرگیز پشت لە یەکتر ناکەن و لە خۆشی و ناخۆشیدا لەگەڵ یەکترن. گیانی هاوکاریان تێدایە و بە درێژایی مێژوو ئەوەیان سەلماندووە کەوا دژی خوێن ڕشتنن.
سەبارەت بە کولتوور و ئایین، سووەکان پەیڕەوی کولتووری ناچرالیزم "سروشت" دەکەن کە لایان وایە سروشت دایکی گەورەیانە و لە ئامێزیدا پەروەردە دەبن. سووەکان دەستی باڵایان لە ئاوازە ڕۆحییەکاندا هەیە، کاتێک گوێبیستی ئەو ئاوازانە دەبیت تێکەڵ بە سروشت دەبیت، هەست دەکەیت مرۆڤ چەند بێ بەزەییە بەرامبەر ئەو ژینگە و سروشتەی تیایدا دەژی.
ئەم هۆزانەی پێیان دەوترێت سووەکان، خاوەن یەک ئایینی هاوبەشن کە پێی دەوترێت شامان یان شامانیزم کە ئەمیش وەک فەلسەفە وایە و دەقەکانی بە سەندێکسین نووسراون، پەیڕەوانی ئەم ئایینە لەم سەردەمەدا ڕوو لە زیادبوونە بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ئاسیادا پەرەستگای هەیە هاوشانی فەلسەفەی بودیزم. شامانیزمەکان بانگی سروشت دەکەن پێیان وایە سروشت هێزێک دروستی کردووە کە لە سەروو توانا و دەسەڵاتی مرۆڤەوەیە، بۆیە لە ڕێگەی ئامێری مۆسیقی ژێدار یان فوتێکەر ئاوازەکان دەردەبڕن و بانگی ئەو هێزە دەکەن تا دڵ و دەروونیان لە گرێی خراپ پاک بکاتەوە و ئاشتی بهێنێت بۆیان.
ئاگر پیرۆزی خۆی هەیە لایان کە بە چاکرا ناسراوە. ئەم چاکرایە سوودی لێ دەبینن بۆ ئەو ساتەی سروشت وەڵامیان ناداتەوە و ئەو هەستە لە دەروونیاندا دروست نابێت کەوا ئارام بنەوە، هەر لەبەر ئەمەش بە دەوری ئاگرەکەدا دەسووڕێنەوە ئەم سووڕانەوەیە لە نزیک ئاگر کە بڵێسە دەکات لەو ساتەدا بە دەربڕینی ئاوازەکانیان کە لە ئایینەکەیاندا دایان ڕشتووە لە ڕێگەی جووڵە و سەما ئەو گرێیەی لە ناخیاندایە دەکرێتەوە و ئارامی بەخۆیان دەبەخشن.
مێژووی سووەکان لە ئەمریکادا
ئەمانەی لە سەرەتادا باسمان کرد بۆ ئەوە بوو بیرۆکەیەکی گشتی بدرێتە خوێنەران کە ڕۆژانە دەکرێت بینەری فیلم و زنجیرەی چەشنی ڕۆژئاوایی سپایگێتی بین کە نەتەوەی سووەکان لە خۆ دەگرێت و بە wild indians "هندییە کێوییەکان" لەلایەن سپی پێستەکان ناو دەبرێن، کە بەواتای ئەوەیە وەک ئاژەڵ دەژین و دڕندەن. بەڵام ئەو کەسانەی شارەزای زمانەکەیان بوون پێچەوانەی ئەمە دەڵێن. سووەکان بە درێژایی مێژوو هەوڵی ئاشتی و سەقامگیریان داوە لە ئەمریکا و دژی خوێن ڕشتن بوون.
ئەم پارچە نووسینەم لە فیلمێک بەناوی "شایان" وەرگرتووە کە پێناسێکی تەواومان بۆ دەکات " خاکەکەمان لەلایەن ئێوەی ئەورووپی داگیرکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا گیانی هاوکاریمان تێدایە سەرەڕای کوشتنی خێزانەکانمان و دەرکردنیان لە شایان، بەڵام ئێمە ئامادەین خوێنی زیاتر نەڕژرێت و ئاشتی بەرپابکەین. خەڵکەکەمان لە ناوچوون لە پێناو ئاشتەواییدا".
هەر لەگەڵ دۆزینەوەی ئەمریکادا سووەکان ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی گەورە بووەنەتەوە. هەمیشە لە دژی ناوچەیەکی تر بەکارهێنراون. نموونە فەڕەنسییەکان لە سەدەی ١٦ و ١٧ دژی بەڕیتانیا سووەکانیان بەکارهێناوە تا بکوژرێن و سەربازی خۆیان نەکوژرێت. سووەکان کەسانی دڵ پاک بوون.
لە پێناو بەدی هێنانی ئاشتی و شوێنێک بۆ ژیان دەستبەرداری چەندین هەرێم و ناوچەیان بوون. نموونە یانکتۆن و داکۆتا و نیو ئەمستردام کە شاری نیویۆرک دەکات بە ئاڵوگۆڕی خواردن دەستبەرداری بوون و هۆڵەندییەکان تێیدا نیشتەجێ بوون. سەبارەت بە ژمارەی دانیشتووان لە کتێبی شایان دەڵێت سەروو ٥٠ ملیۆن کەس بوون بە نزیکەیی بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ لە ئامارێکدا دەڵێت ١٧٠ هەزار کەسێکیان لێ ماوەتەوە.
خراپترین سەردەمی سووەکان لە مێژوودا
سەردەمی جنڕاڵ جۆن کۆربین کە حاکمی ئینگلیزەکان بوو لە ١٧١٢-١٧٥٠ لە ئەمریکادا. بە خراپترین سەردەم دادەنرێت بۆ سووەکان. جۆن کۆربین کەسایەتییەکی زۆر دڵڕەق بوو بازرگانی بە منداڵ و ئافرەتانی سوو دەکرد. جگە لەوە لەگەڵ ئافرەتەکانیان جووت دەبوو و کاتێک سک پڕ دەبوون هۆزەکانیان لێیان حەرام دەکردن بگەڕێنەوە چونکە بە منداڵی سپی پێستێک سک پڕ بوون هەر لەبەر ئەمەش بێ کەس لەسەر شەقامەکان دەمانەوە. تەنانەت پەرستیار و پزیشکەکانیش نەیان دەتوانی یارمەتییان پێشکەش بکەن چونکە جۆن کۆربین هێندە کەسێکی دڵ ڕەق و نامرۆڤانە بیری دەکردەوە سزای هەر کەسێکی دەدا کە یارمەتی پێشکەش بە کۆیلە و سووەکان بکات. ئەم ماوەیە خراپترین سەردەمی ژیانی سووەکان بوو.
دەگێڕنەوە جۆن کۆربین تەنها لە وەرزی سەرمادا ئەم کارە قێزەونانەی ئەنجامداوە تاوەکو ئازاری زیاتریان بدات. ڕێگەشی دابوو بە سەربازە ئینگلیزەکان کە هێرش بکەنە سەر هۆزەکان و بیان سووتێنن و هەموو شتێک لەناو بەرن. و کەلوپەلی بەنرخ تاڵان بکەن.
جەنگ و کوشتار
"لەو ڕۆژەوەی خاکەکەمان دۆزرایەوە، ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی بووینەوە، تەنها لەبەر ئەوەی جیاوازبووین" دەقێک لە کتێبی شایان.
زۆربەی جەنگەکانی سووەکان و ئەورووپییەکان لەسەر دوو خاڵ بوو
یەکەم: فراوان بوونی ژمارەی دانیشتووان و کەم بوونەوەی خواردن و گەڕان بۆ شوێنی نوێ.
دووەم: بەیەکتر بەستنەوەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا بە هێڵی ئاسنین کە هەر بەهۆکارێک تا دەریان بکەن هەموو هێڵە ئاسنینەکە بە نیشتمانی سووەکاندا تێپەڕبوون، وەک (یانکی، یانکتۆن، شایان، یاکۆتا، داکۆتا، ماساچوسێت و چەندان هەرێمی تر).
گەورەترین جەنگ هێرشی سەرکۆمەڵگەی یاکۆتا بوو کە هێزەکانی ئەمریکا لە قەڵای فۆرت لۆرانس هێنرابوون بە چەکی قورس گەمارۆی کۆمەڵگەکەیان دا و هەموویانیان سووتاند. ئەم جەنگە لە ساڵی ١٨٥٣ ڕوویداوە. و نزیک بە ٣٠٠٠ ژن و منداڵ و گەورە و پیر سووتێنران. جگە لە خەڵکەکە ئاژەڵ و کۆگاکانیشان کە پڕی دانەوێڵە و خواردن بوو سووتێنران.