شیعری نامە بۆ وارشەو - هەژار موکریانی

شیعری نامە بۆ وارشەو - هەژار موکریانی

له‌لایه‌ن: ئاڵەكۆك - به‌روار: 2021-04-05-02:27:00 - کۆدی بابەت: 4173
شیعری نامە بۆ وارشەو - هەژار موکریانی

ناوه‌ڕۆك

نامە بۆ وارشەو

هەژار موکریانی

فستیواڵی لاوانی جیهان لە وارشەو دەبەسترا چەند برادەرێکی کوردیش بەرەو وارشەو ئەچوون بۆ هاوار کردنی کورد، منیش ئەو شێعرانەم پێدا ناردن کە لەوێ بیخوێننەوە:

کوردێکم دەوێ چاپک و پتەو
سەفەرێک هەیە بۆم بکا بە شەو

نەهێڵێ تورک و عەجەم بزانن
داگیرکەرانن لە کوردستانن

ماڵ لە خانەخوێ حەرام کراوە
مەسەلی کوردە و لە کورد ڕووی داوە

***

پێشان بچێتە شاری مهاباد
تڵیشێ بێنێ لەو داری بێداد

ئەو داری قازی و سەیفیان پێداکرد
جمهووریەتی کوردیان پێ لابرد

بچتە ئاگری داغ نێزەیەک بێنێ
ژەنگی هینابێ بە دڵۆپی خوێنێ

کام خوێن! خوێنەکەی لاوانی کوردی
لەڕێی ئازادی مردن بە مەردی

ئەو کوردەی گیانیان بە ئاواتەوە
ئێستاش لەو کێوە دەنگ ئەداتەوە

ئەو دار بەو نێزە دادەن وەک قەڵەم
قەڵەمێ هەر خۆی هاوارکا بە دەم

خوێنە خەستەکەی کوڕە بارزانی
کە ئیستعماریان بە سەگ ئەزانی

بە ئاوی چاوی کوڕکوژراوانی
بەردەرکی سەرا لە سولەیمانی

شل بکرێتەوە و لێکدرێ تەواو
بکرێتە کەللەی مستەفا خۆشناو

لە جلکی شڕی هەتیوبارەکان
یان دەربەدەر و شارە و شارەکان

ڕیتاڵێ بێنن بەو خوێن و خامە
هەژارێکی کورد بنووسێ نامە

کۆترێکی سپی تیژباڵ، بە سەرڕەو
نامە بەرێتە کۆنگرەی وارشەو

***

لاوانی دنیا، پیاوچاکانی مەرد
شەریفانی هەرد، سافانی بێگەرد

زۆر ملیۆنن کورد لە ئاسیادا
کۆنتری گەلان لەڕووی دنیادا

وەحشی ئیستعمار لەسەریان زاڵە
بڕیویە ڕێگەی هەناسە و ناڵە

***

زمانی زکماک مەنع کراوە
دەرکی خوێندنمان لێ داخراوە

دەرمان و دوکتور بۆتە ئەفسانە
لێدان و قەمچی لەجێی دەرمانە

سێڵاوی نەوتم، پەیدابووی خاکم
تووتنم، گەنمم، خەرجم، پیتاکم

دەچێتە «ستی» و «واڵ ستریتەوە»
سەدیەکی بۆ من دەگەڕێتەوە

ئەویش دەستبەندی بۆمن پێ دەکڕن
یاخۆ تیغێکە سەرمی پێ دەبڕن

یاخۆ بۆ زیندان، دەمخەنە ناوی
یان بنکەی شەڕە و مەتاری ئاوی

کێوانمان هەمووی کرایە سەنگەر
هێزی شەڕ و شۆڕ لێی دەخا لەنگەر

موساعەداتمان هەر تۆپە و تفەنگ
لاومان دەکرێنە دەستەچیلەی جەنگ

چەکفرۆشانی شەڕهەڵایسێن
لە ژیری گەلان گەلێک دەترسێن

لە نیسێی خۆیان دەسڵەمێنەوە
لە گمەی کۆتر دەڕەوێنەوە

زمان هێمنی بڵێ دەیبڕن
قورعان سەلامی تیابێ ئەیدڕن

دەستێ بنووسێ وشەی ئاسایش
توند ئەکرێ لەناو کەلەپچە و قایش

***

بەڵام بێگومان خەیاڵیان خاوە
مەودا نەماوە، کاریان کراوە

لێدان و بەند و زیندان، زگدڕین
قەنارە و قەبر و کوشتن و بڕین

دەرمانی دەردی ئیرتجاع ناکا
با ڕێی هەڵاتن بۆخۆی پەیاکا

***

لاوانی کوردیش لەسەر ئەو حاڵەش
لەگەڵ ئەم ژینەش، ئەو ڕۆژەتاڵەش

دەست درێژ دەکەن بۆ دەستی ئێوە
سوێند ئەخۆن لەسەر مەبەستی ئێوە

تا تەڕاییی خوێن لە ڕەگیاندا بێ
تا شەڕهەڵگیرسێن لە دنیا مابێ

بەبێ ماندوو بوون بێ شلی و سستی
تێکۆشن بە گیان لەڕێی سەربەستی

نەک هەر سەربەستیی خاکی کوردستان
بەڵکوو ڕزگاریی هەموو ژێردەستان

ئێوەش ئەی لاوان نامە، هاوارێک
لەو کوردە زۆرە باسێک، پرسیارێک

کوردیش وەک ئێوە تیرەی ئینسانن
شەرمە خەبەر و باسیان نەزانن

کۆمەڵی بەزەی جانەوەر هەیە
کورد کە ئینسانە لێی بێبەهرەیە

نابێ ویجدانتان بەمە ڕازی بێ
گورگ لەناو مەڕ هەرخۆی قازی بێ

لەناو گۆڤار و ڕۆژنامەکانا
لە کۆیوونەوەی ڕۆژ و شەوانا

یادێکی بکەن لە کوردی هەژار
قوولە لە گورگی وەحشی ئیستعمار

گەر ئێوە دەستێک بدەنە دەستم
هەر هێندەی لەناو زەلکاو هەڵدەستم

کوردم بەناوبانگ ئازا و بەکارم
یەک بم خەنیمی هەزار نەیارم

دڵدانەوێکم ئێوە بۆ بنێرن
مەرگی داگیر کەر بەخۆم بسپێرن

١٩٥٥/٠٧/١٢ - بەغدا


سەرچاوەکان

198 بینین