دۆزینەوەی زانستی جیۆلۆجی 

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-06-17:03:00 - کۆدی بابەت: 4215
دۆزینەوەی زانستی جیۆلۆجی 
زانستەکان

جیۆلۆجی - زانستی جیۆلۆجی - توێژینەوە - بەبەردبوو - تیمساح - دایناسۆڕ - ئینسكلۆپیدیای زانیاری - ماڵپەڕی زانیاری

ناوه‌ڕۆك

بنەمای یەک شێوازی ڕوودان

لە ساڵی ١٧٨٨ زانا جیمس هاتۆن تێبینییەکانی خۆی کۆکردەوە لە کتێبێکدا بە ناوی (بیردۆزی زەوی) تیایدا ئاشکرای کرد کە ڕۆژگاری ئەمڕۆ کلیلی ڕابردووە، واتە ئەو کردارانەی کە ئیمڕۆ دەیانبینین وەک خاک داماڵین و نیشتن ناگۆڕێن بەڵکو وەکو خۆیان دەمێننەوە و لە ڕابردووشدا وابووە، ئەم گریمانەیەش ئەمڕۆ پێی دەڵێن یەک شێوازی ڕوودان، کە دەڵێت ئەو کردارە جیۆلۆجیانەی کە ئەمڕۆ شێوەی زەوی دیاردەکەن هەمان ئەو کردارانەن کە لە ڕابردوودا و بە درێژایی تەمەنی زەوی کاریگەربوون. جیمس هاتۆن تێبینی کرد کە تاوێرەکان ورد و خاش دەبن و دەگۆڕێن بۆ تەنۆچکەی وردی بچووک، چاودێری ئەو وردە تەنۆچکە بەردانەی کرد و دیتی بەرە ڕێژگەی ڕووبارەکە ڕادەماڵ درێن، بینی ئەو وردە تەنۆچکە بەردانە دەنیشن و چینی تازەی نیشتوو دروست دەکەن، وای پێشبینی کرد ئەو نیشتوانە بە تێپەڕبوونی کات تاوێری تازە دروست دەکەن. جیمس هاتۆن وای بۆ دەچوو کە ئەو تاوێرە نوێیانەی بە تێپەڕبوونی کات قیت دەبنەوە و ڕووە و سەرەوە هەڵدەچن و دەبنە هۆی پەیدابوونی بەرزی و نزمی تازە، پاشان ئەم سوڕە بەردەوام لە نوێبوونەوەدا دەبێت.

یەک شێوازی ڕوودان لە بەرامبەر بنەمای کارەسات ئامێز

بیردۆزەکانی جێمس هاتۆن بوونە هۆی وروژاندنی چەندین گفتوگۆی زانستی، چونکە ئەو بیردۆزە وای پیشاندا تەمەنی گۆی زەوی زۆر لەوە کۆنترە لە پێشتر پێشبینی دەکرا، لە سەردەمی جیمس هاتۆن دا زۆربەی خەڵک وای بۆ دەچوون کە تەمەنی زەوی تەنها چەند هەزار ساڵێکە، بێگوومان ئەو چەند هەزار ساڵەش بەس نییە بۆ تەواوکردنی ئەو هەموو گۆڕانە جیۆلۆجیەیەک لە دوای یەکانەی کە زانا جیمس هاتۆن وەسفی کردبوون و خودی ئەو گۆڕانانەش بوونەتە هۆی پەیدابوونی هەسارەکەمان، ئەو تاوێرە بەردانەی کە زانا جیمس هاتۆن سەردانی کرد بوو لە ناوچەی سیکاربوینت. بریتین لەو چینە بەردە نیشتوانەی کە تووشی پەستاوتن هاتوون و ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ مێژوویەکی جیۆلۆجی درێژ خایەن نەک لەناکاو. بەڵام زۆربەی زاناکان بە پێچەوانەوە لە ڕووی لێکدانەوەیان بۆ مێژووی زەوی لایەنگریان لە بنەمای کارەسات ئامێز دەکرد و دەقی ئەو بنەمایەش دەڵێت. (هەموو گۆڕانکارە جیۆلۆجییەکان لەناکاو ڕوودەدەن) هەروەها ئەو زانایانە دەیانگووت بەرزی و نزمییەکانی زەوی بە تایبەت شاخەکان و قڵیشەکانی زەوی و دەریاکان لە ئەنجامی گۆڕانکاری و ڕووداوی لەناکاو پەیدابوون کە پێیان دەڵێن کارەساتەکان، ئەو ڕووداوانەش کە زەحمەتە مرۆڤ بە خەیاڵ  بەرجەستەیان بکات و بێگوومان دەبنە هۆی گۆڕانکاری جیۆلۆجی خێرا کە ناوچەیەکی بەرفراوان و هەندێک جاریش سەرتاپای جیهان دەگرێتەوە.

سەرکەوتنی بنەمای یەک شێوازی ڕوودان

سەڕەرای سەرکەوتنی لێکۆڵینەوەکانی جیمس هاتۆن بەڵام بنەمای کارەسات ئامێز بە درێژایی چەندین ساڵ هەروەک ڕێ پیشاندەرێک مایەوە بۆ زانستی جیۆلۆجی چونکە لایەنە پەیوەند دارەکان زۆر شێلگیرانە گرنگیان بە بنەمای یەک شێوازی رووودان نەدەدا و تەنانەت بە ڕێ پیشاندەری زەویناسیان نەدەزانی، ئەمە بەردەوام بوو تا دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکانی زەویناس چارلز لایل هاتە کایەوە، چونکە ئەو زانایە لە ماوەی نێوان ١٨٣٠ تا ١٨٤٤ هەڵسا بە دانانی سێ بەرگ لە کتێبێک  بە ناوی (بنەماکانی جیۆلۆجیا) کە دووبارە باسی لە بنەمای یەک شێوازی ڕوودان دەکرد و لە دژی بنەمای کارەسات ئامێز وەستا، چآرلز لایل زۆر پشتی بە تێبینیەکانی جیمس هاتۆن دەبەست و خۆشی چەندین بەڵگەی تازەی دەست کەوت کە دەیسەلمێنن ئەو گۆڕانە جیۆلۆجییە گەورانەی کە لە ڕابردوودا ڕوویان داوە بە هەمان شێوەی بەدواداهاتن لە ئێستاش دا ڕوو دەدەن.

پالیۆنتۆلۆجی (زانستی ژیان لە چاخەکانی ڕآبردوودا)

پێزانینەکانمان دەربارەی مێژووی گۆی زەوی بە ناتەواو دەمێنێتەوە ئەگەر نەزانین هەسارەکەمان بە چ بارێکدا تێپەڕیەوە یاخود نەزانین چ جۆرە زیندەوەرێکی لەسەر ژیاوە یان تیایدا جێگیر بووە، ئەو زانستەی کە گرنگی بە خوێندنی ژیان لە چاخەکانی ڕابردوو دەدات بریتییە لە پالیۆنتۆلۆجی (paleontology) واتە بەبەردبووزانی، بێگوومان بەبەردبووزانەکانیش لە کۆکردنەوەی زانیارییەکانیدا پشت بە بەردبووەکان دەبەستن خودی بەبەردبووەکانیش بریتین لە پاشماوەی ئەو زیندەوەرانەی کەلەسەر تۆماری گۆڕانکاریە جیۆلۆجییەکاندا پارێزراون، هەندێک لە بەبەردبووزانەکان تایبەت دەبن بە خوێندی جۆرێکی دیاریکراوی زیندەوەران، بۆ نموونە زاناکانی بەبەردبووزانی بێ بڕبڕەکان تەنها گرنگی بە خوێندنی ئەو گیانەوەرانە دەدەن کە بڕبڕەی پشتیان نییە، بەڵام زانایانی بەربەربووزانی بڕبڕەدارەکان تەنها گرنگی بە خوێندنی گیانەوەرە بڕبڕە دارەکان دەدەن وەکو زانا ئۆدین کۆلبێرت، کە گرنگی داوە بە خوێندنی داینەسۆڕەکان. هەندێک زانای دیکەش تەنها گرنگی بە خوێندنی بەبەردبووە ڕووەکیەکان دەدەن و هەندێکی تریش لە زانایان خەریکی لێکۆلێنەوەی ژینگە کۆنەکانی ڕووی زەوین و لە هەوڵی بوژاندنەوە و سەر لە نوێ دروستکردنەوەی سیستمە ژینگەییەکانن و تەنانەت لە کاریگەری گیانەوەران لەسەر ژینگە دەکۆڵنەوە لە هەوڵی ئەوەش دان ئەو هەلومەرجە دروست بکەنەوە کە بە هۆیەوە بەبەردبووەکان پەیدابوون، هەروەکو دەبینین خوێندنی هەلومەرجی ژیان لە چاخەکانی ڕابردوو ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵکو جۆراوجۆر و ئاڵۆزە وەکو ئەو فرە جۆرییەیەکە کە لە مێژووی خودی زەویدا هەیە.


سەرچاوەکان



1871 بینین