ناوهڕۆك
ناساندن
گرفتە تەندروستییەکانی ددان لە منداڵاندا (بە عەرەبی: مشاكل صحیة الأسنان عند الأطفال، بە ئینگلیزی: Dental health problems in children)، زۆرێک لە کێشەکانی ددانی منداڵان هەمان کێشەی گەورەکانن. بەڵام لەبەر ئەوەی ددانی منداڵان هێشتا لە گەشەکردندان مەترسی پەرەسەندنی کێشەکان زیاترە. ئەگەر کێشەی ددان چارەسەر نەکرێت، ئەوا دەبێتە هۆی خراپی تەندروستی دەم و ددان و ناڕێکی ددانەکان.
کێشە باوەکانی ددانی منداڵان
کلۆربوونی ددان
کلۆری ددان یەکێکە لە کێشە باوەکانی ددان لە منداڵاندا. سەنتەری کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان باس لەوە دەکات کە ٢٠%ی منداڵانی تەمەن پێنج بۆ ١١ ساڵان لانیکەم یەک ددانیان خراپ دەبێت. کاتێک بەکتریا لەسەر ددانەکان کۆدەبێتەوە، دەبێتە هۆی دروستبوونی کلس (plaque) لەسەر ددانەکان خواردنی مینای ددانەکە بەمەش ددانەکە کلۆر دەبێت. خۆشبەختانە شۆردنی ددانەکان بە فڵچە و بەکارهێنانی دەزووی ددان ڕێگری دەکات لە کلۆربوونی ددانەکان. ئەمە جگە لە خۆراکی تەندروست بە سنوردارکردنی شیرینییەکان و کاربۆهیدراتەکان کە بەشدارن لە کلۆربوونی ددان.
بۆنی ناخۆشی دەم
هەموومان ناوبەناو بۆنی ناخۆشی دەم یان هەناسەمان هەیە. بەڵام ئەگەر بۆنی ناخۆشی دەمی منداڵەکەت بە درێژایی ڕۆژ بەردەوام بێت، بە ئەگەرێکی زۆرەوە پرسێکی قووڵتر هەیە. بۆنی ناخۆشی دەم لە دەرئەنجامی کەڵەکەبوونی بەکتریا لەناو دەمدا دروست دەبێت کە پاشماوەی خۆراک و کلس دەخوات، بۆنێکی ناخۆشی هایدرۆجینی سەلفاید دەردەدات. بۆنی ناخۆشی دەم هۆکاری جۆراوجۆری هەیە، لەوانە وشکبوونی دەم، پاک ڕانەگرتنی دەم و ددان، کێشەکانی هەرس و هەندێک دەرمان. باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە بۆنی ناخۆشی دەم ئەوەیە دەم و ددان بە پاکی ڕابگیرێت.
هەستیاری ددان
ئەگەر منداڵەکەت تووشی ناڕەحەتی بوو بەهۆی خواردنی گەرم و سارد یان هەوا، لەوانەیە هەستیاری ددانی هەبێت. تەنها کەسانی بەساڵاچوو نین کە تووشی هەستیاری ددان دەبن، دەکرێت لە منداڵانیشدا ڕووبدات بەهۆی تەنکتربوونی مینای ددانەوە هەروەها کلسی ددان تەنکبوونیان خێراتر دەکات. بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێت پزیشکی ددان سیلانت لە شوێنە تووشبووەکان دابنێت. سیلانت درزەکان پڕ دەکاتەوە لە هەمان کاتدا مینای ددان بەهێز دەکات. پێویستە هەمیشە فڵچەی ددانی نەرم بەکاربهێنیت بۆ ئەوەی مینای ددانەکە تووشی داخوران نەبێت.
مژینی پەنجە گەورە
لە کاتێکدا کە زیانی بۆ کۆرپە و منداڵی ساوا نییە، بەڵام بەردەوامبوون لە مژینی پەنجە گەورە بۆ سەروو تەمەنی پێنج ساڵی دەتوانێت زیان بە گەشەی دەمی منداڵ بگەیەنێت. مژینی پەنجە گەورە بە بەهێزی زیان بە هەردوو ددانی شیری و هەمیشەیی دەگەیەنێت. هەروەها کاریگەری لەسەر ڕێکی ددانەکان هەیە و دەبێتە هۆی کێشەی قسەکردن.
مانەوە و نەکەوتنی ددانی شیری لە کاتی خۆی
هەندێک جار ددانی منداڵ ناکەوێت، بەزۆری ئەمە ڕوودەدات چونکە هیچ ددانێکی هەمیشەیی نییە بۆ جێگرتنەوەی ددانی شیری. هۆکارەنی تر دەکرێت ناڕێکی شەویلگە، بەربەست، هەوکردن، نەخۆشی دەم و ددان بێت. ئەگەر چارەسەر نەکرێت دەبێتە هۆی کێشەی ددان وەک کلۆربوون. خۆشبەختانە پزیشک دەتوانێت ددانی منداڵەکە دەربهێنێت بۆ ئەوەی ددانی هەمیشەیی بەبێ بەربەست گەشە بکات. هەر ناڕيکییەک دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕاستکردنەوەی ددان چارەسەر بکرێت.
نەخۆشی پووک
دەکرێت منداڵان تووشی هەوکردنی پووک ببن. ئەم هەوکردنەی پووک بەهۆی پاک ڕانەگرتنی ددانەکانەوە دروست دەبێت. کاتێک کلس لە بنی ددانەکان کۆدەبێتەوە، دەبێتە هۆی ئاوسان و سووربوونەوەی پووک. بە تێپەڕبوونی کات پووکەکە زیاتر دێتە خوارەوە و بە ئاسانی خوێنی لێدێت، بە تایبەت دوای بەکارهێنانی دەزووی ددان.
ددان لێخشاندن (ددانە جیڕە)
ددان لێخشاندن (bruxism) بریتییە لە لێخشاندنی ددانەکان و توندکردنی هەردوو شەویلگەی سەرەوە و خوارەوە بۆ ماوەیەکی زۆر بە تایبەتی لە کاتی نوستندا کە ئەمە بە زۆری لە نێو منداڵاندا باوە. دەکرێت بەهۆی ناڕێکی ددانەکان، وەڵامدانەوەی ئازار یان فشارەوە ڕووبدات. بەزۆری پێویستی بە چارەسەر نییە، بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت، هەردوو ددانی شیریی و هەمیشەیی لە دەست دەدات. نیشانە باوەکانی بریتین لە ئازاری شەویلگە، سەرئێشە و هەستیاری. بۆ ڕێگریکردن لەمە دەکرێت پارێزەری شەوانە (nightguard) کە ڕووپۆشێکی لاستیکییە بۆ سەر ددانەکان لە کاتی نوستندا بەکاربهێنرێت.
هۆکارەکانی خراپبوونی ددانی منداڵ
ئەگەر منداڵێک کێشەی ددانی هەبوو، ئەوا پاکوخاوێنی دەم و ددانیان بە ئەگەرێکی زۆرەوە هۆکارە. ئەو منداڵانەی کە زۆر کاربۆهیدرات و شەکر دەخۆن تووشی خراپبوونی ددان دەبن چونکە ئەمانە بەشدارن لە کۆبوونەوەی کلس لەسەر ددان. هاوکات لەگەڵ خراپ شۆردن و خراپ بەکارهێنانی دەزوو، بە ئەگەرێکی زۆرەوە دەبینیت کە کلۆری زیاتر دروست دەبێت. گرنگە دایک و باوک منداڵەکانیان فێری پاک ڕاگرتنی ددانیان بکەن. هەروەها پێویستە منداڵەکانیان لە زۆر خواردنی شیرینی، شەربەتی میوە، سۆدە و خواردنەوە گازییەکان دووربخەنەوە.