ڕەوشتەکانی شەپۆل

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-07-13:47:00 - کۆدی بابەت: 4247
ڕەوشتەکانی شەپۆل

ناوه‌ڕۆك

فراوانی 

ئەگەر سەرێکی پەتێکت بە کورسییەکەوە بەست دەتوانیت چەندەها شەپۆل دروست بکەیت بە جووڵاندنی پەتەکە بۆ سەرەوە و خوارەوە، ئەگەر سەری پەتەکەت بۆ بەرز و نزمی کەم بلەرێنیتەوە شەپۆلێک پێک دێت بەرزییەکەی کەمە بەڵام ئەگەر بۆ بەرز و نزمییەکی زیاتر بیلەرێنیتەوە شەپۆلێک دروست دەبێت بەرزییەکەی زۆر دەبێت. بڕی فراوانی شەپۆل بە بەرزییەکەیەوە بەندە، فراوانی شەپۆل گەورەترین لادانی تەنۆلکە لەراوەکانی ناوەندەکەیە لە شوێنی سرەوتنەکەیەوە.

شوێنی سرەوتن: ئەو شوێنەیە کە تەنۆلکەکانی ناوەندەکەی تیایدا دەسرەوتن کاتێک شێواندن نامێنێت. هەرچەندە فراوانی شەپۆل زیاتر بێت شەپۆلەکە بەرزتر دەبێتەوە.

فراوانییەکی گەورەتر مانای وزەیەکی زیاتر

کاتێک پەتێک بەکاردەهێنیت بۆ دەستکەوتنی شەپۆلێک فراوانییەکەی گەورەبێت پێویستە ئیشێکی زیاتر بکەی لەوەی شەپۆلێک دروست ببێت کە فراوانییەکەی کەم بێت، چونکە وزەیەکی زیاتری پێویست دەبێت بۆ جووڵاندنی سەری پەتەکە لە شوێنی سەرەوتنەکەیەوە بەم شێوەیە ئەو شەپۆلەی فراوانییەکەی زۆرتر بێت وزەیەکی زیاتری دەبێت لەو شەپۆلەی فراوانییەکەی کەمە.

درێژی شەپۆل

شەپۆل تایبەتمەندیەکی تری هەیە کە بریتییە لە درێژی شەپۆل، درێژی شەپۆل بریتییە لە دووری نێوان دوو سەری یەک لەدواییەک لە شەپۆلی پانڕەودا یان دووری نێوان دوو پەستاوتنی یەک لە دوایییەک لە شەپۆلی درێژڕەودا، یان ماوەی نێوان دوو بنی یەک لە دوایییەک لە شەپۆلی پانڕەودا یان لە نێوان دوو شاشبوونی یەک لە دوای یەک دا لە شەپۆلی درێژڕەودا، بەڵام ڕێگەی زانستی بۆ دیاریکردنی درێژی شەپۆل بە پێوانی دووری نێوان هەر خاڵێکی سەر شەپۆلەکە و خاڵێکی تری هاوشێوەی لە شەپۆلێکی دوای خۆی دا بە هەمان ڕێگە درێژی شەپۆل دەپێورێت بۆ هەر یەکە لە شەپۆلی پانڕەو و شەپۆلی درێژڕەو.

لەرەلەر

بۆ نموونە بیر لە دروست بوونی شەپۆلەکان بکەرەوە لە پەتێکدا، ژمارەی ئەو شەپۆلانەی لە یەک چرکەدا دروستی دەکەیت دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خێراییەی پەتەکەی پێ دەجووڵێت. ئەگەر پەتەکە بە هێواشی بجووڵێت ژمارەیەکی کەم لە شەپۆلەکان دروست دەبن لە هەر چرکەیەکدا بەڵا، ئەگەر پەتەکە بە خێراییەکی زۆر بجووڵێت ژمارەیەکی زیاتر لە شەپۆلەکان دروست دەکەیت لە چرکەیەکدا. لەرەلەر وەک سیفەتێک بۆ شەپۆل بریتییە لە ژمارەی ئەو شەپۆلانەی لە یەکەیەکی کاتدا دروست دەبێت. وا بوە کە لەرەلەر بە یەکەی هێرتر بپێورێت وە هێمایی Hzـی بۆ دادەنرێت. هێرتر لە پێوانی شەپۆلدا بریتییە لە یەک شەپۆل لەهەر چرکەیەکدا. 1hz = 1/s. 

گوڕی شەپۆل

گوڕی شەپۆل بریتییە لەو دووریەی کە شەپۆل دەیبڕێت لە یەک چرکەدا وە هێمای (v) بۆ دادەنرێت، وە دەپێورێت بە بەکارهێنانی درێژی شەپۆل کە هێمای (λ) بە پیتی یۆنانی لامدای بۆ دادەنرێت وە لەرەلەرکە هێمای (f)ـی دادەنرێت بە پێی ئەم پەیوەندییەی خوارەوە:

v = λ x f

خێرایی شەپۆل= درێژی شەپۆلx لەرەلەر

پەیوەندی نێوان لەرەلەر و درێژی شەپۆل

گوڕی شەپۆل و لەرەلەر و درێژی شەپۆل لە هاوکێشەی شەپۆلدا بەیەکەوە دەبەسترێن، بە هۆی ئەو هاوکێشەوە بە زانینی دوو لەو سیفەتانە دەتوانرێت سیفەتی سێیەمیان بدۆزرێتەوە. هاوکێشەی شەپۆل پەیوەندی نێوان لەرەلەر و درێژی شەپۆل دیاری دەکات. ئەگەر گوڕی شەپۆلەکە نەگۆڕ بێت و لەرەلەرەکەی ببێت بە دوو ئەوەندە ئەوا درێژی شەپۆلەکە دەبێت بە نیوەی بڕەکەی، وە ئەگەر لەرەلەرەکەی ببێت بە نیوەی بڕەکەی ئەوا درێژی شەپۆلەکەی دەبێت بە دوو ئەوەندەی جاری یەکەم. دەتوانیت بڵێیت لەرەلەر و درێژی شەپۆل پەیوەندی نێوانیان پێچەوانەیە. بیر لە شەپۆلێکی دەنگ بکەرەوە کە بە گوڕی ١٤٤٠ مەتر لە چرکەیەکدا لە ژێر ئاودا دەڕوات کە سەرچاوەکەی ئامێرێکی سۆنارە کەشتیەکی ژێر دەریایی هەڵیگرتووە. ئەگەر لەرەلەری شەپۆلەکە  36kHz  بێت ئەوا درێژی شەپۆلەکەی دەبێتە (0.04m) دەبێت ئەگەر لەرەلەرەکەی ببێت بە دوو ئەوەندە ئەوا درێژی شەپۆلەکەی دەبێت بە نیو واتە (0.02m). درێژی شەپۆل و لەرەلەر کارناکەنە سەر گووڕی شەپۆل لە ناوەندێکی دیاریکراودا چونکە سەرەنجامی لێکدانی لەرەلەر و درێژی شەپۆل بڕێکی نەگۆرە کە بریتییە لە گوڕی شەپۆلەکە.


سەرچاوەکان



2287 بینین