پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی ژینگە

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-09-02:28:00 - کۆدی بابەت: 4306
پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی ژینگە

ناوه‌ڕۆك

لێکۆڵینەوەی تۆڕی ژیان

هەموو زیندەوەران بەیەکەوە دەبەسترێنەوە لە تۆڕی ژیاندا، ئەو زانایانەی لەو پەیوەندییە دەکۆڵێتەوە، ئەوا تایبەتمەند دەبن لە ژینگەزانیدا، ژینگەزانی لێکۆڵینەوەی کارلێکەکانی نێوان زیندەوەران و ژینگەکەیانە.

ژینگە دوو بەشە

ژینگەی زیندەوەر هەموو ئەو هۆکارانە دەگرێتەوە کە کاردەکەنە سەر زیندەوەر هۆکارەکانی ژینگەش دوو بەشن، زیندە هۆکارەکانی ژینگە هەموو زیندەوەرانی ژینگەکە کارلێکیان لەگەڵ یەکتری دەگرێتەوە. نازیندە هۆکارەکانی ژینگە وەک ئاو و خاک و ڕووناکی و پلەی گەرمی دەگرێتەوە.

ڕیکخستنی ژینگە

لەوانەیە لەیەکەم سەرنج دانی ژینگەدا وا دەربکەوێت کە ناڕێکە، بەڵام ژینگە لە ڕوانگەی زاناکان ڕێکخراوێکە لە ئاستە جیاوازەکاندا. ئاستی یەکەم یەک زیندەوەری تێدایە، بەڵام ئاستی دووەم لە یەکەم گەورەترە زیندەوەر زیاتری لە هەمان جۆر تێدایە کە کۆمەڵە زیندەییەک پێکدێنن. ئاستی سێیەم کۆمەڵە زیندەییە جیاوازەکانی تێدایە کە پێکەوە کۆمەڵگایەکی زیندەیی پێکدەهێنن. بەڵام ئاستی چوارەم کۆمەڵگایەکی زیندەیی و ژینگەکەیان دەگرێتەوە کە نازیندووە، پێکەوە سیستەمێکی ژینگەیی پێکدەهێنن. لە دواجاردا ئاستی پێنجەم هەموو سیستەمە ژینگەییەکان دەگرێتەوە کە پێکەوە زیندەبەرگ پێکدەهێنن.

کۆمەڵەی زیندەیی

زۆنگاوی سوێر، ڕووەکی شێوە گیایی تیادا گەشە دەکات، هەروەها لە زۆنگاوە سوێرەکەدا گیانەوەرانی جۆربەجۆر دەژین، هەموویان پێکەوە کۆمەڵەی زیندەیی پێکدەهێنن. کۆمەڵەی زیندەیی کۆمەڵە تاکێکی یەکجۆرن کە لە هەمان شوێن و هەمان کاتدا پێکەوە دەژین. هەموو چۆلەکە پاسارییەکانی کەنارەکان کە پێکەوە دەژین لە زۆنگاوەکەدا، سەر بە یەک کۆمەڵەی زیندەیین، تاکەکانی سەربەیەک کۆمەڵەی زیندەیی بەربەرەکانی لەسەر خۆراک و شوێنی هێلانەکردن و تاکی نێرە یان مێیە بۆ جووت بوون دەکەن.

کۆمەڵگای زیندەیی

کۆمەڵگای زیندەیی هەموو کۆمەڵە زیندەییە جیاوازەکان دەگرێتەوە کە پێکەوە دەژین و کارلێک دەکەن، ئەو گیانەوەر و ڕووەکانەی وەکو نەورەس و شینە شاهۆ و زەل و گیایی دەریا کۆمەڵگەی زۆنگاویی سوێرن. کۆمەڵە زیندەییە جیاوازەکان پشت بە یەکتر دەبەستن بۆ دەست کەوتنی خۆراک و پەنگاو زۆر لە شتەکانی دیکەش.

سیستەمی ژینگەیی

سیستەمی ژینگەیی لە کۆمەڵگایەکی زیندەیی لە زیندەوەران و ژینگەیەکی نازیندوو پێکدێت. ژینگەزان لێکۆڵینەوە بۆ سیستەمی ژینگەیی دەکات و پشکنین بۆ کارلێکی نێوان زیندەوەرانی ناو سیستەمی ژینگەیی دەکات کە چۆن پێکەوە دەژین و چۆن پلەی گەرمی و باران بارین و سیفەتەکانی خاک کاردەکەنە سەر زیندەوەران، ئەو ڕووبار و جۆگانەی کە دەڕژێنە زۆنگاوە سوێرەکانەوە ماددە سەرەتاییەکانی وەک نایترۆجین لە وشکانییەوە دەگوێزنەوە، ئەو ماددە سەرەتاییانەش کاردەکەنە سەر گەشەی گیا و قەوزەکان.

زیندە بەرگ

ئەو بەشەیە لە زەوی کە ژیانی تێدایە، زیندەبەرگ لە قووڵترین بەشی زەریاوە دەگرێتەوە تا بەرزترین شوێنی کەش کە سپۆرەکانی رووەکی تیا بڵاودەبێتەوە. زاناکانی ژینگە ناسی لێکۆڵینەوە بۆ زیندەبەرگ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن کە چۆن زیندەوەران کارلێک لەگەڵ هۆکارە نازیندەییەکانی ژینگەدا دەکەن، کە ئەویش کەشی دەوری زەوییە، گاز و ئاو و خاک و تاوێر دەگرێتەوە و لەگەڵ ئاوی سەهۆڵبەندی جەمسەرەکان و ڕووبارە بەستەڵۆکەکانیش (شەختە).


سەرچاوەکان



2578 بینین