کلاسیکۆ

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-10-19:42:00 - کۆدی بابەت: 4366
کلاسیکۆ

ناوه‌ڕۆك

خوولی ئیسپانی

خوولی ئیسپانی یەکێکە لە خوولە ناوخۆییە بەناوبانگەکانی جیهان لە یاری تۆپی پێدا، کە لەلایەن (یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانی)ـەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کۆمەڵەی یەکەمی خوولەکە لە ٢٠ یانە پێکدێت، کە بەناوبانگترینیان هەردوو یانەی (ڕیاڵ مەدرید) و (بەرشەلۆنە)ـیە، هەروەها ئەو یارییەی کە ئەم دوو یانەیە تێیدا ڕووبەڕوودەبنەوە پێی دەوترێت کلاسیکۆ، خوولی پلە یەکەکانی خوولی ئیسپانی بە (لالیگا) ناسراوە، ئەم خوولە بەناوبانگترین یاریزانەكانی تێدایە بەبۆنەی زۆری هاندەر و میدیاكانەوە، خوولی ئیسپانی سەرەتا لە ساڵی 1929 ئەنجامدرا، تا ئێستا یەكێكە لە خاوەنی زۆرترین بینەرەكانی جیهان، هەروەها ئەو تیمەی كە زۆرترین نازناوەكانی ئەم خوولەی هەیە یانەی ڕیاڵ مەدریدە كە خاوەنی 34 نازناوە، بەدوایدا یانەی بەشەلۆنەیە كە خاوەنی 26 نازناوە.

كلاسیكۆ

ئەو یاریانەی كە هەردوو یانەی ڕیاڵ مەدرید و بەشەلۆنە تێیدا ڕووبەڕووی یەك دەبنەوە پێی دەوترێت كلاسیكۆ، كە لە سەرانسەری جیهاندا بینەرێكی زۆری هەیە، ئەو دوو یانەیە بە بەهێزترینی یانەی مێژووی خوولی ئیسپانی دادەنرێن.
مێژووی یاری كلاسیكۆ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1902 كە تێیدا هەردوو تیمەكە بەرامبەر یەك لە یارییەكەی دۆستانەدا ڕووبەڕووبوونەوە، هەروەها لە یاری فەرمیدا لە ساڵی 1916 لە جامی ئیسپانیادا پێكەوە یاریان كرد، ساڵانە یاری كلاسیكۆ دووبارە دەبێتەوە، كە لە جامی ئیسپانیدا دوو جار ڕووبەڕوودەبنەوە (یاری ڕۆشتن و هاتنەوە)، هەروەها ئەگەری هەیە لە یاری سوپەری ئیسپانیدا بەر یەكتری بكەون، هەروەها شایانی باسە چەند جارێك لە خوولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا بەر یەكتر كەوتوون، ئەوەی ئەم كێبڕكێیەی لە نێوان ئەم دوو یانەیەدا دروست كردووە بریتییە لە یاری كۆتایی جامی ئیسپانیا لە ساڵی 1943 كە لە بەرژەوەندی ڕیاڵ مەدرید بە 11-1 كۆتایی هات.

مێژووی كلاسیكۆ

مێژووی كلاسیكۆ لە ڕووبەڕووبوونەوە فەرمییەكاندا بۆ ماوەی زیاتر لە 100 ساڵ بەردەوامبووە كە تا بەرواری 24 كانوونی یەكەمی ساڵی 2020، 278 یاری ئەنجامدراوە كە ڕیاڵ مەدرید 101 یاری بردووەتەوە و بەرشەلۆنە 115 یاری بردووەتەوە، 62 یاری تێیدا یەكسان بوون، هەروەها ئەو كلاسیكۆیانەی كە لە خوولی ئیسپانیدا ئەنجامدراوە بریتییە لە 181 یاری كە ڕیاڵ مەدرید 74 یاری بردووەتەوە و بەرشەلۆنە 72 یاری و 35 یاری یەكسان بوون. 

زۆرترین یاریزانە بەشداربووەكانی كلاسیكۆ

لە مێژووی یارییەكانی كلاسیكۆ كە ئەنجامدراوە چەندین یاریزان هەیە كە لە یاریزانەكانی تر زیاتر بەشدارییان كردوە، لێرەدا باسی ئەو یاریزانانە دەكەین:

سێرجۆ ڕاموس (Sergio Ramos): بەرگریكاری یانەی ڕیاڵ مەدریدە كە لە 45 یاری كلاسیكۆدا بەشداری كردووە.

لیۆنێل میسی (Lionel Messi): یاریزانێكی ئەرجەنتینیە و هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنەیە، كە خاوەنی زۆرترین بەشداریكردنە وەك یاریزانێكی غەیرە ئیسپانی، هەروەها تا ئێستا لە یانەی بەشەلۆنە ماوەتەوە.

مانوێل سانچێز (Manolo Sanchís): ئەم بەرگریكارە ئیسپانییە لە 42 یاری كلاسیكۆدا بەشداری كردووە كە لە تیمی ڕیاڵ مەدریدە.

فرانچیسكۆ خینیتۆ (Francisco Gento): یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە، لە 42 یاری كلاسیكۆدا بەشداری كردووە.

چاڤی هێرناندێز (Xavier Hernández): یاریزانی ئیسپانی هێڵی ناوڕەاستی یانەی بەرشەلۆنە بووە و بەهەمانشێوە لە 42 یاری كلاسیكۆدا بەشداری كردووە.

ئەندرێس ئینێستا (Andrés Iniesta): یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەرشەلۆنەیە و لە 38 یاری كلاسیكۆدا بەشداری كردووە.

گۆڵكارەكانی مێژووی كلاسیكۆ

مێژووی یاریكردنی نێوان ئەم دوو یانەیە چەندین گۆڵی ناوازە و جوانی تێدا ئەنجامدراوە، چ یارییەكە فەرمی بووبێت یان دۆستانە، لێرەدا ناوی ئەو یاریزانانە دەخەینە ڕوو كە زۆرترین گۆڵیان تۆماركردووە: 

لیۆنێل میسی (Lionel Messi): هێرشبەری یانەی بەرشلۆنەیە و لە مێژووی كلاسیكۆدا 26 گۆڵی تۆماركردووە.

ئەلفرێدی دی ستێفانۆ (Alfredo Di Stéfano): یاریزانێكی ئەرجەنتینییە و هێرشبەر یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە، توانیویەتی لە كلاسیكۆدا 18 گۆڵ تۆمار بكات.

كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ (Cristiano Ronaldo): یاریزانێكی پورتوگالییە و هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدریدە، بەڵام لە ئێستادا لە یانەكەدا نەماوە، لە مێژووی كلاسیكۆدا 18 گۆڵی تۆمار كردووە.

ڕاول گۆنزالێس (Raúl González): یاریزانێكی ئیسپانییە و هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە، توانیویەتی لە كلاسیكۆدا 15 گۆڵ تۆمار بكات.

سیزار ڕۆدریگێز ئەلڤارێز (César Rodríguez Álvarez): یاریزانی ئیسپانیا و هێرشبەری یانەی بەرشەلۆنە بووە، لەمێژووی كلاسیكۆدا 14 گۆڵی تۆمار كردووە.

فرانسیسكۆ خێنتۆ (Francisco Gento): یاریزانێكی ئیسپانییە و هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە، توانیویەتی لە كلاسیكۆدا 14 گۆڵ تۆمار بكات.

فێرێن پوشكاس (Ferenc Puskás): هێرشبەری یانەی ڕیاڵ مەدرید بووە و لە مێژووی كلاسیكۆدا 14 گۆڵی تۆماركردووە.


سەرچاوەکان



957 بینین