خواردنی منداڵی یەک ساڵ تا دوو ساڵ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-11-20:36:00 - کۆدی بابەت: 4400
خواردنی منداڵی یەک ساڵ تا دوو ساڵ

ناوه‌ڕۆك

خواردنی منداڵی یەک ساڵ تا دوو ساڵ چۆنە؟

هەموو دایکەکان بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کە منداڵەکەیان لە حاڵەتی گەورەبووندایە، ئەم کێشەیان هەیە کە چ خواردنێکی پێ بدەن تا هەم تەندروست بێت و هەم جوانیش گەشە بکات.

ئامادەکردنی خواردنی منداڵی یەک ساڵە ڕێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیە، نەبوونی حەزی خواردنی چەند ڕۆژە لەلای منداڵەكەت و خراپ خواردنی زۆر بە جدی وەرمەگرە، خواردن نەخواردنی وەک یارییەک لێ بکەن، یاری هەڵهاتنی ئەو و هەوڵدانی خۆت بۆ گەیاندنی کەوچکێکی تر بە دەمی، منداڵەکان لەم مانگانەدا ئەگەری هەیە هەندێک کات بێ ئیشتیها ببن و دوای یەک دوو ڕۆژی تر بە ئیشتهایەکی زۆرەوە دەگەڕێنەوە و قەرەبووی ئەو دوو ڕۆژەش دەکەنەوە.

یەک ساڵی کاتی گۆڕینی بەرنامەی خۆراکی منداڵەکەیە، لەم تەمەنەدایە کە لەبەرئەوەی چالاکیەکانی جەستەی زۆرە و وزەی زۆر سەرف دەکات پێویستی بە خواردنی بەهێز هەیە، هەر بۆیە پێویست دەکات کە گرنگییەکی زیاتر بدەیت بە خۆراکەکە، دەبێت ماددەی زیاتر بێت و ڤیتامینی زۆری تێدا بێت.
ئەگەر منداڵەکەت فێرە کە قاپە پڕ خواردنەکەی لەسەر زەویەکە بڕژێت، ئەوا خواردنی کەمی بۆ تێبکەن تا بە پەنجەکانی کۆیبکاتەوە و بیخوات و کە تەواوی کرد دووبارە قاپەکەی بۆ پڕبکەوە.
منداڵان لە تەمەنی یەک ساڵی بەولاوە سەردەمی گەشەیان دەست پێ دەکات، هەر بۆیە پێویستیان بە بڕێکی زیاتر وزە و پڕۆتین و ماددە خۆراکیەکانی تر دەبێت بە زیادبوونی تەمەنی منداڵەکە.
بۆ دابینکردنی تەواوی ماددە خۆراکیەکان بەرنامەی خواردنی دەبێت پڕ بێت لە ماددە خۆراکیەکانی چوار گروپی سەرەکی خۆراک:

١- گروپی شیر و شیرەمەنی:

کە پێکهاتووە لە کالسیۆم و فسفۆڕ و پڕۆتین بۆ گەشەکردنی ئێسکەپەیکەر و ئێسەکەکان و ددانەکان پێویستە.

٢- گروپی گۆشت و دانەوێڵە و هێلکە:

کە پڕۆتین و ماددە خۆراکیەکانی تری منداڵ دابین دەکات.

٣- گروپی میوە و سەوزەكان :

ئەم دوو گروپەش ڤیتامین دابین دەکەن

ئاشناکردنی منداڵەکەت بە خواردنی خێزانیت دەبێت وردە وردە بێت بەجۆرێک کە دوای تێپەڕبوونی کاتێکی کەم پێویست نەکات خواردنی منداڵەکە جیابکرێتەوە، منداڵان لەم تەمەنەدا گەشەیەکی خێرایان هەیە، و ددانەکانیشان تەواو هەمووی دەرنەهاتووە هەر بۆیە دەبێت لە کاتی پێدانی خواردن پێی ئەم دوو خاڵە لەبەرچاو بگریت:

١- خواردنەکەی بڕێکی کەم و پڕ وزە و زوو هەرس بکرێت.

٢- بەڕێژەیەکی زۆر زیاتر بخرێتە خزمەتی منداڵەکە.

هەندێک بابەت کە دەبێت ڕەچاوی بکەیت لە خواردنی منداڵدا

  1. لەگەڵ وەرگرتنی شیری دایکدا، پێنج تا شەش جار لە شەو و ڕۆژێکدا خواردنی پێ بدە.
  2. لە کۆتایی یەک ساڵیدا دەتوانیت سپێنەی هێلکە بەشێوەیەکی جوان پاککراو بدەیت بە منداڵەکەت و لە بڕێکی کەمەوە دەست پێبکە و وردە وردە زۆری بکە و تا ببێتە سپێنەیەکی تەواوی هێلکەیەک و ئیتر دەتوانیت هەموو ڕۆژێک یەک سپێنەی هێلکەی پێ بدەیت.
  3. دانەوێڵەیەک کە منداڵەکە توانای جوینی هەیە وەک برنجی کوڵاو و تێکەڵ بە سەوزەواتەکان.
  4. ڕێژەی خوێ سنووردار بکە لە خواردنەکانیدا.
  5. خواردنەکە با زۆر پاک بێت و دوای ساردکردنەی پێی بدە.
  6. هەندێک ڕۆن زیاد بکە بۆ خواردنی منداڵەکەت وەک کەرە تاکوو بەهێزتر ببێت.
  7. بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە پێنج ژەم خۆراک بدە بە منداڵەکەت.
  8. دوورکەوەرەوە لە خواردنی سوێر و ترش و هەوڵبدە دووربکەویتەوە لە ئەو خۆراکانەی سوور دەکرێنەوە بەتایبەت ئەوانەی بە ئاگرێکی زۆر سووردەبنەوە.
  9. ئەو خواردنەی کە دەمێنێتەوە لە فرێزەر و بەفرگردا هەڵگرە.

گونجاوترین خواردنی منداڵی یەک ساڵە

خواردنی منداڵی یەک ساڵ زۆر گرنگە و دەبێت تەواوی ماددە خۆراکیەکانی تێدا بێت، ئەم دە خاڵەی خوارەوە گرنگترین ئەو ماددانەن کە پێویستە بیدەیت بە منداڵەکەت:

١- نیسک:

نیسک ماددەیەکی خۆراکی هەرزانە لەڕووی نرخەوە بەڵام سەرچاوەیەکی گرنگی پڕۆتینە، بۆ ئەوەی بڕیار بدەیت کە نیسک بخەیتە ناو لیستی خواردنی منداڵە یەک ساڵەکەتەوە دەبێت منداڵەکەت حەزی لێیبێت، هەر بۆیە دەتوانیت هەندێک لە سەوزەواتەکانیش زیاد بکەیت بۆ ناو نیسکەکە وەک نەعنا و ڕەیحانە کە تامێکی تایبەت دەدەن بە نیسکەکە، هەروەها بۆ جوانکردنی ڕەنگەکەی دەتوانیت گەڵایەکی سوور بکەیتە ناویەوە تا ڕەنگی جوان دەبێت و دواتر دەریبهێنیت.

٢- مۆز:

لە تەمەنی یەک ساڵیدا منداڵ پێ بە پێی ئێوە بە ماڵەکەدا دەگەڕێت تا هەندێک شتی تایبەت بدۆزێتەوە، هەر بۆیە وزەی زۆر سەرف دەکات و دەبێت وزەی زۆر بەدەست بهێنێتەوە، مۆز ماددەیەکی خۆراکی زۆر نایاب و سەرچاوەیەکی باشی کاربۆهیدراتە، ڕێک هەمان ماددەیە کە منداڵی یەک ساڵ دەبێت بیخوات، دەتوانیت بیکەیتە ژەمێکی منداڵەکەت یان ورد وردی بکەیت و لە نێوان ژەمەکاندا تۆزە تۆزە بیدەیتێ.

٣- ئەڤۆگادرۆ بۆ گەشەی مێشک:

چونکە ئەم میوەیە دەوڵەمەندە بە پڕۆتین و چەوری سودبەخش، هەر بۆیە یارمەتی گەشەی مێشکی منداڵەکەت دەدات، ئەگەر منداڵەکەت حەزی لە تامی ئەڤۆگادرۆ نەبوو ئەوا دەتوانیت توێکڵەکەی لێ بکەیتەوە و لەگەڵ سێو یاخود پەنیری خامەیدا تێکەڵی بکەیت و وەک گیراوەیەکی لێبێت، هەندێکی بخە دەمی منداڵەکەتەوە و وەڵامدانەوەی منداڵەکەت ببینە بۆی چونکە ئەڤۆگادرۆ پڕ پڕە لە وزە و دەتوانرێت بە باشترین خواردنی منداڵ دابنرێت لە تەمەنی یەک ساڵیدا.

٤- کولەکەی شیرین:

کولەکەی شیرین زۆر ماددەی خۆراکی باشی تێدایە وەک ڤیتامین (C و B، پۆتاسیم، بێتاکارۆتین، فایبەر، تەنانەت هەندێک لە ئەسیدە چەورەکان وەک ئۆمێگا 3) و خۆراکێکی زۆر نایابە بۆ منداڵی یەک ساڵ، لەبەرئەوەی کە تامی شیرینە منداڵ زۆری حەز لێیەتی، دەتوانیت کولەکەکە بە کوڵاندن یاخود پیشاندن ئامادە بکەیت و بە تێکردنی بڕێکی کەم پارچە پەنیر بەسەریدا کولەکەکە وەک کەباب لێبکەیت، هەروەها دەتوانیت دوای کوڵانی کولەکە شیرینەکە بە تێکردنی بڕێکی کەم لە گشنیژ و بیبەر وەک خۆراکێکی لە ڕنەدراوی لێبکەیت.

٥- سەوزەواتەکان:

سەوزەکان دەتوانن زۆر بەسودبن بۆ خۆراکی منداڵی یەک ساڵ، چونکە منداڵەکان هەرگیز سەوزەیان لە ژەمە خۆراکێکیاندا نەبووە، هەروەها بڕێکی زۆری ماددەی ئاسنی تێدایە وەک(کاهوو، کەلەرم، سڵق، گەڵای چەوەندەر) ئەمانە سوودبەخشن و یارمەتی گەشەی منداڵەکەت دەدەن.

٦- گێزەر:

سەرچاوەی ڤیتامینە بۆ منداڵی یەک ساڵ، لێکۆڵینەوەکانی زانایان ئەوەیان سەلماندووە کە گێزەر بڕێکی زۆری ماددەی (بێتاکارۆتین)ـی تێدایە، کە بوونی ئەم مادەیەیە کە وادەکات گێزەر لە ڕووی شکڵ و ڕەنگەوە لە زۆری تر لە سەوزەکان جیاوازتر بێت، هەروەها بڕێکی زۆری ڤیتامین A کە گرنگە بۆ گەشە و بینایی چاوی منداڵەکە، لەکاتی دروستکردنیدا هەوڵبدە تامی گێزەرەکە کەمێک شیرین بکەیت بۆ ئەوەی لای منداڵەکەت خۆشەویست ببێت، چونکە منداڵ زۆر حەزی بە تامی شیرینە، هەروەها دەتوانیت گێزەر جوان پاکبکەیت و لە ڕنەی بدەیت و ئاواش بیدەی بە منداڵەکەت.

٧- بڕۆکلی:

لە کاتێکدا کە دانانی بڕۆکلی لەسەر قاپی منداڵەکەت درەنگتر ئەو هەستە دەدات بە منداڵ کە وەک خواردنێک و ژەمێک سەیری بکات، بەزۆری منداڵان وەڵامدانەوەیەکی تایبەتیان هەیە بۆ تامەکەی، بڕۆکلی خۆراکێکی زۆر باشی دژە شێرپەنجەیە، پێدانی بڕۆکلی بە منداڵەکەت دەستپێکێکی گرنگە بۆ ژیانێکی سەلامەت لە داهاتوودا، ئەگەر چی لێنان و کوڵاندنی بڕۆکلی جگە لە نەمانی ڕەنگە سەوزەکەی ڕێژەی ڤیتامین Cـشی تێدا کەم دەکاتەوە، کەواتە بۆ ماوەیەکی زۆر کەم بیخە سەر ئاگر تەنها با بۆ ئەوە بێت کە نەرم ببێتەوە.

بڕۆکلی دەتوانێت چارەسەر بێت بۆ کاتی ئازاری ددان دەرهاتنیش، ئەگەر منداڵەکەت حەزی لە تامی بڕۆکلی نییە، ئەوا باشترە کەمێک کولەکەی شیرین یاخود پەتاتەی شیرینی بۆ زیاد بکەیت و یاخود دەتوانیت بە هەندێک ماددە تامەکەی شیرین بکەیت.

٨- مزرەمەنیەکان:

ئەم میوانە لێوان لێون لە ڤیتامین C و دژە ئۆکسانیشن، گرنگە بۆ کۆلاجینی پێست و ئێسکەکان و ماسولکە و تەواوی ئەندامەکانی جەستە، هەروەها یارمەتی برین دەدەن کە زووتر ساڕێژدەبێت، هەروەها بوونی پۆتاسیۆم تێیدا زیاتر ماسولکەکان بەهێز دەکات.
میوەکانی خێزانی مزرەمەنی زیاد لە پێویست ئەسیدیان تێدایە بۆیە بۆ منداڵی خوار تەمەن یەک ساڵ نابێت، بەڵام بۆ منداڵی یەک ساڵی تەواو بێ کێشەیە، ئەوە گرنکە کە خواردنی منداڵ یان بەتایبەت مزرەمەنییکان لە بڕێکی کەمەوە دەست پێ بکرێت و وردە وردە زیاد بکرێت.
دەتوانیت ئەم میوانە قاش قاش و ورد بکەیت و بیدەیت بە منداڵەکەت.

٩- هێلکە:

هێلکە دەتوانێت وەک ماددەیەکی زۆر گرنگ و ژەمێکی گرنگ دابنرێت، زۆرێک لە منداڵان دەیخۆن، سپێنەکەی سەرچاوەیەکی باشی پڕۆتینە و زەردێنەکەشی پڕ ڤیتامینە، بەگشتی دەوترێت واباشترە کە سپێنەی هێلکە تا دوو ساڵی تەمەنی پێی نەدرێت و چونکە ترس هەیە لە هەستیاری پێی بەڵام ئەمە بۆ حاڵەتێک دەبێت کە خێزانەکە پێشتر ئەم حاڵەتەیان هەبووبێت واتە هەستیاری بە سپێنەی هێلکە.

١٠- ماسی:

ماسی سەرچاوەیەکی پڕۆتینی بێ ڕۆنە کە یارمەتی گەشە و سەلامەتی منداڵەکەت دەدات، هەندێ جۆری ماسی وەک ماسی ئازاد و ماسی خاڵ خاڵاوی خاوەنی ڤیتامیناتێکن کە چەوری سوودبەخشی تێدایە وەک (DHA) کە یارمەتی گەشەی مێشک و چاو و سیستمی بەرگری جەستە دەدات. 
ئاگاداربە پێش پێدانی ماسی بە منداڵەکەت دەبێت ڕاوێژ بە پزیشک بکەیت چونکە هەندێک جار ماسی دەبێتە هۆی دروستبووی هەستیاری لە مناڵدا ئەگەر پزیشک وتی کە کێشەی نییە ئەوا دەتوانیت هەفتەی دوو ژەم ماسی بدەیت بە منداڵەکەت.

کاتێک کە منداڵەکەت تەمەنی بوو بە هەژدە مانگ دەتوانیت گۆشتی پێ بدەیت بەڵام ئاگاداربە گۆشتی زۆر پاک و جوان کوڵاو 
واباشترە منداڵەکەت فێربکەیت هەموو شتێک بخوات، ئاگەر گروپێک لە کۆمەڵەی خۆراکەکان ناخوات ئەوا دەتوانیت هەمیشە بە تێکردن و تێکەڵکردنی هەندێ سەوزە و تام تامی خواردنەکە بگۆڕیت>


سەرچاوەکان



3162 بینین