٥ زانیاری گرنگ لە کاتی شۆردنی منداڵەکەت

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-15-01:10:00 - کۆدی بابەت: 4504
٥ زانیاری گرنگ لە کاتی شۆردنی منداڵەکەت
گرنگیدان بە منداڵ

لێرەدا چەند ئامۆژگارییەك دەخەینەڕوو كە دەكرێت یارمەتیت بدات لەكاتی شۆردنی منداڵەكەت.

ناوه‌ڕۆك

شۆردنی منداڵ

خۆشۆردن بە یەكێك لەو كاتانە دادەنرێت كە تێیدا منداڵ هەست بە ئیسراحەت دەكات، بەڵام لەوانەیە بۆ تۆ كاتێكی درێژ و قورس بێت، بە تایبەتی گەر لە قۆناغەكانی یەكەمی دایكایەتیدابیت، بۆیە سەرەتا پێویستییەكانی منداڵەكەت لەكاتی خۆشۆردندا نازانیت، لێرەدا چەند ئامۆژگارییەك دەخەینەڕوو كە دەكرێت یارمەتیت بدات لەكاتی شۆردنی منداڵەكەت.

5 خاڵە بنەڕەتی بۆ كاتی شۆردنی منداڵ

بۆ ئەوەی شۆردنی منداڵەكەت ئاسان بێت و خۆت و منداڵەكەت كاتێكی خۆش بەسەرببەن، لە كاتی شۆردنی منداڵەكەت ئەم خاڵانە لەبەرچاوبگرە:

دڵنیا ببەوە لە پلەی گەرمی ژوورەكە و ئاوەكە: پێوستە منداڵەكەت هەست بە گەرمی بكات لەكاتی خۆشۆردن، بۆیە پێویستە ئەو ژوورە (حەمام)ـەی كە منداڵەكەتی تێدا دەشۆیت گەرمبێت، بەهەمان شێوە ئەو ئاوەی كە بەكاریدەهێنێت گەرمبێت، هەروەها باشتر وایە لە جیاتی ئاوی گەرم ئاوێك بەكاربێنیت كە پلەی گەرمییەكەی مامناوەند بێت (شلەتێن).

سەرەتا كەرەستەكانت ئامادە بكە: پێش دەستكردن بە شۆردنی منداڵەكەت كەرەستەكان ئامادە بكە وەك: ئیسفنجێكی نەرم، خاولی وشككردنەوە، جلوبەرگ، پێویستییەكانی شۆردن وەك شامپۆ.

ماوەی شۆردنی منداڵەكەت دیاری بكە: زۆر گرنگە ماوەی شۆردنی منداڵ زۆر نەخایەنێت، بۆ ئەوەی هەست بە سەرما نەكات و پێستی تێك نەچێت، چونكە حەمامی گەرم دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ڕۆنە سروشتییەكانی جەستە و نەهێشتنی، بۆیە پێویستە كاتی شۆردنی منداڵەكەت لە نێوان 5 بۆ 10 خولەكدا بێت.

دووربكەوە لە بەكارهێنانی سابوون: بەكارهێنانی سابوون دەبێتە هۆی كەمكردنەوە و نەهێشتنی ڕۆنە سروشتییەكانی جەستە، كە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی نەرمی پێست و وشكبوونەوەی، بۆیە پێویستە ئەو پاككەرەوانە بەكاربهێتیت كە سابوونیان تێدانییە و ڕێژەی ترشی پێست (Skin pH) دەپارێزن.

پێستی منداڵەكەت بپارێزە لە ڕووشان و برینداربوون: بۆ ئەوەی دووربكەویتەوە لە ڕووشان و برینداربوونی پێستی منداڵەكەت، پێویستە هەمیشە ئاگاداری نینۆكەكانی ببیت و نەهێڵیت درێژببێتەوە، هەروەها گەر نینۆكەكانی خۆت درێژبوو ئەوا لەكاتی شۆردنی دەستكێشی تایبەت بەكاربهێنە.

لەبیرت نەچێت كە پێستی منداڵەكەت جیاوازە

پێستی منداڵی ساوا زۆر ناسكتر و هەستیارترە لە پێستی پێگەیشتووەكان، بۆیە پێویستیان بە چاودێری و گرنگیپێدانی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی بە نەرمی و تەڕی بمێنێتەوە، بۆیە زۆربەی كەسەكان بەرهەمی تایبەت بەكاردەهێننن كە پزیشك ڕێنمایی كردوون بۆ پاراستی پێستی منداڵەكانیان و هێشتنەوەی بە نەرمی.


سەرچاوەکان



5349 بینین