ناوهڕۆك
تاوانی دڵ ئێشانی دایک و باوک
خوای گەورە دەفەرموێت: (وَقَضَى رَبُّكَ أَلاَّ تَعْبُدُواْ إِلاَّ إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَاناً إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِندَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلاَهُمَا فَلاَ تَقُل لَّهُمَآ أُفٍّ وَلاَ تَنْهَرْهُمَا وَقُل لَّهُمَا قَوْلاً كَرِيماً) واتە: پەروەردگاری تۆ بڕیاری داوە کە جگە لەو کەس نەپەرستن، هەروەها بڕیاری داوە چاکە کاریش بن لەگەڵ دایک و باوکتاندا، هەر کاتێک یەکێکیان یا هەردووکیان بە پیری کەوتنە لای تۆ (تەنانەت) ئۆفیان لە دەست مەکە و هەرگیز پیایاندا هەڵمەشاخێ و هاواریان بەسەردا مەکە، بەردەوامیش قسە و گفتوگۆت لەگەڵیاندا با چاک و جوان و بەجێ بێت.
مانای ئەوەیە چاک و نەرمونیان و بەسۆز بن لەگەڵیاندا. ئەگەر کەوتنە ساڵەوە بە بێزارییەوە قسەیان لەگەڵ مەکەن.
پێویستە چۆن ئەوان خزمەتی تۆیان کردووە بە هەمان شێوە تۆش خزمەتیان بکەیت، لەگەڵ ئەوەشدا فەزڵ و گەورەیی بۆ دایک و باوکە بە هیچ شێوەیەک یەکسان نابن ئەو دوو خزمەتە، بەردەوام ئەوان بەرگەی ناڕەحەتیەکانی تۆیان گرتووە ئەمەش لە پێناو ئەوەی کە تۆ بژیت، بەڵام ئەگەر ئەوان تۆزێک لە پیریدا ئازاری تۆ بدەن حەز دەکەی بمرن و ڕزگارت بێت لێیان، پاشان خوای گەورە دەفەرموێت: (وقل لهما قولا کریما) واتە: قسەیەکی زۆر لەسەرخۆ و نەرم و نیان.
وە هەروەها خوای گەورە دەفەرمووێت: (إن اشکر لی ولوالدیك).
تەماشا بکە ڕەحمەتی خوات لێبێت چۆن خوای گەورە سوپاسی خۆی بەستوەتەوە بە سوپاسی دایک و باوکەوە.
سێ شتی هاوپەیوەندی
(ابن عباس) دەڵێت: سێ شت گرێ دراون بە سێ شتەوە، یەکێکیان قبوڵ نابێت بەبێ ئەو تریان:
یەکەم: خوای گەورە دەفەرموێت: (وَأَطِيعُوا اللَّهَ وَأَطِيعُوا الرَّسُولَ وَاحْذَرُوا ۚ فَإِن تَوَلَّيْتُمْ فَاعْلَمُوا أَنَّمَا عَلَىٰ رَسُولِنَا الْبَلَاغُ الْمُبِينُ) واتە: ئەی ئیمانداران فەرمانداری خوا بن، فەرمانداری پێغەمبەریش بن و وریا بن و ئاگادار بن، نەکەن سەرپێچی لە فەرمان و ڕێنماییەکانیان بکەن، جا ئەگەر پشت هەڵکەن و یاخی ببن ئەوە بزانن بەڕاستی کاری پێغەمبەری ئێمە تەنها ڕاگەیاندنی ئاشکرا و ڕوونی پەیامەکە.
ئەوەی فەرمانی خوا جێبەجێ بکات و فەرمانی پێغەمبەرەکەی جێبەجێ نەکات لێی وەرناگیرێ.
دووەم: خوای گەورە دەفەرموێت: (وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ) هەر کەسێک نوێژ بکات و زەکات نەدات لێی وەرناگیرێت.
سێیەم: خوای گەورە دەفەرموێت: (أَنِ اشْكُرْ لِي وَلِوَالِدَيْكَ إِلَيَّ الْمَصِيرُ) هەر کەسێک سوپاسی خوا بکات و سوپاسی دایک و باوکی نەکات لێی وەرناگیرێت، لەبەر ئەمەیە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (رضا الله من رضا الوالدین، وسخط الله من سخط الوالدین) واتە: ڕەزامەندی خوا بە ڕەزامەندی دایک و باوکەوەیە، توڕەیی خوا بە توڕەیی دایک و باوکە.
لە (صەحیحی) بوخاری و موسلیمدا هاتووە کە پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ألا أنبئکم بأکبر الکبائر: الإشراك بالله، وعقوق الوالدین) واتە: ئایا هەواڵتان پێبدەم گەورەترین تاوان کامەیە: شەریک بڕیاردان بۆ خوای گەورە، دڵ ئێشانی دایک و باوک).
وە هەر کەسێک هاوکاری و چاکەیان لەگەڵ بکات ئەگەر پێویستیان پێی هەبوو، لە (صەحیحی) بوخاری و موسلیمدا هاتووە: (جاء رجل الی رسول الله ﷺ فقال: یا رسول الله من أحق الناس بحسن صحابتي قال أمك قال ثم من قال ثم أمك قال ثم من قال ثم أمك قال ثم من قال ثم أبوك).
واتە: پیاوێک هاتە خزمەت پێغەمبەر ﷺ وتی: ئەی پێغەمبەری خوا ﷺ کێ شایستەترینی خەڵکە کە بە چاکی هاوڕێیەتی بکەم، فەرمووی: دایکت، وتی: دوای ئەو چ کەسێ؟ فەرمووی: دایکت، وتی: دوای ئەو کێ؟ فەرمووی: دایکت، وتی دوای ئەو؟ فەرمووی: باوکت.
لەم فەرموودەیەدا سێ جار جەختی لەسەر ڕێزگرتن لە دایک کردووەتەوە، بۆ باوکیش یەک جار، لەبەر ئەوەی سۆز و بەزەیی دایک زیاترە و نەرمونیانی زۆرترە، لەگەڵ ئەوەدا بە بۆنەی ئەو منداڵەوە تووشی دەیان گرفتی قورس و گران دەبێت لە ژیاندا، وەک: قۆناغەکانی سک پڕی و منداڵ بوون و شیردان و شەونخونی و دەیان ئازاری تر.
پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی: (ثلاث دعوات مستجابات لا شك فیهن: دعوة المظلوم، ودعوة المسافر، ودعوة الوالد علی ولده) واتە: سێ پاڕانەوە گیرا دەبێ و هیچ گومانی تێدا نییە: پاڕانەوەی ستەم لێکراو، پاڕانەوەی ڕێوار، دوعای باوک لە منداڵەکەی.
ئامۆژگاری
ئەی ئەو کەسەی مافەکانت لە بیر خۆت بردۆتەوە، ڕاهاتوو لەسەر سەرپێچی دایک و باوک، بیرت چۆتەوە چی لەسەرت واجبە، بێ ئاگای لەوەی کە تۆ لە نێوان هەردوو دەستی ئەودای، نازانیت دایک و باوک بەسەرتەوە قەرزە؟ بەڵا، تۆ ئەو چاکە دەدەیتەوە بەبێ ڕێزی کردن و شورەیی، لەگەڵ ئەوەشدا داوای بەهەشت دەکەی، نازانیت بەهەشت لە ژێر پێی دایکتدایە.
نۆ مانگ لە سکیدا هەڵیگرتووی بە ئەندازەی نۆ ساڵ، لە کاتی دانانی تۆدا خەریک دەبوو گیان و دڵی دەرچێت، ئینجا لە سنگی پاکی شیری پێداویت، لەبەر تۆ شەونخونی کێشاوە، بە دەستی ڕاستی پێستی تۆی پاک کردووەتەوە، زۆر خواردنی لە بەردەم تۆی داناوە خۆی نەیخواردووە، کۆشی بۆ کردووی بە بێشکە، بەردەوام و بەردەوام لە خەمی تۆدا بووە.
ئەگەر تووشی نەخۆشییەک ببیت، دەگاتە ئەوپەڕی بێزاری و خەفەت، هەرچی هەیە و نییە لە پارە و سامان لە پێناو سەلامەتی تۆدا دەیخاتە بەردەست پزیشک، ئەگەر سەرپشکی بکەن لە نێوان هەڵبژاردنی ژیانی تۆ و مردنی ئەودا، ئەو بەبێ دوودڵی مردنی خۆی هەڵدەبژێرێت!
دەبێ چەندین جار بە ناشرینترین شێوە مامەڵەت لەگەڵیدا کردبێ، بەڵام ئەو لە بری ئەوەدا بە ئاشکرا و بە نهێنی نزا و دوعای سەرکەوتن و سەرفرازی بۆ کردوویت، کە لە کاتی پیریدا پێویستی بە تۆ هەبوو، بەبای خەیاڵتدا نەدەهات و بە سادەترین شێوە مامەڵەت لەگەڵیدا دەکرد، خۆت تێر دەکرد و ئەو بە زگی برسی، سەرزەنشتت دەکرد و ئەو هەر ڕازی بووە، فەزڵی ماڵ و منداڵت داوە بەسەر ئەودا، خزمەت کردنی زۆر ئاسان بووە بەڵام تۆ بەلاتەوە زۆر بە زەحمەت و گران تەماشات دەکرد، تەمەنی مانەوەی لای تۆ زۆر کەم بوو، بەڵام تۆ بەلاتەوە زۆر زۆر بوو، پشتت تێ دەکرد و ئەویش تانها تۆی شک دەبرد.
بەڵام نازانی خوای گەورە تەنانەت وتنی وشەی ئۆفیشی قەدەغەکردووە بەرامبەر بە دایک و باوک، ئەگەر ئازاریان بدەی چاوەڕوان بە لە دونیادا سزا دەدرێیت پێش قیامەت، ئەمەش بە هۆی لە فەرمان دەرچوونی منداڵەکانت، لە دواڕۆژیشدا بە دوورکەوتنەوە لە ڕەحمەتی خوا سزا دەدرێیت، بانگ دەکرێیت بە زمانی هەڕەشە و سەرزەنشتکردن: (ذَٰلِكَ بِمَا قَدَّمَتْ يَدَاكَ وَأَنَّ اللَّهَ لَيْسَ بِظَلَّامٍ لِّلْعَبِيدِ) واتە: (ئەوسا پێی دەوترێت) ئەم سەرئەنجامە کارەکانی خۆتە تووشت هاتووە، بێگومانیش خوا بە هیچ جۆرێک ستەم لە بەندەکانی ناکات.