ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی قسەکردندا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-29-04:59:00 - کۆدی بابەت: 5026
ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی قسەکردندا

ناوه‌ڕۆك

باسی ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە کاتی قسەکردندا

لەو ڕەفتارە چاک و کۆمەڵایەتیانەی کە پێویستە مسوڵمان لێی بە ئاگابێ بە گرنگی دابنێ، شێوازی گفتوگۆ و قسەکردنە لەگەڵ خەڵک، پێویستە دایک و باوک منداڵەکانیان لێ بەهرەمەند بکەن و ڕێنماییان بکەن، بە پێی تەوجیهاتەکانی خوا و پێغەمبەری پەروەردیار.

شێواز و ئادابی قسەکردن

بە هێمنی و لەسەرخۆ قسەکردن

بوخاری و موسلیم لە خاتوو عائیشەوە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕنەوە (ما کان رسول اللە یسرد الحدیث کسردکم هذا، یحدث حدیثا لو عدە العاد لا حصاە). واتە پێغەمبەری خوا د.خ کە قسەی دەکرد وەک ئێوە قسەی نەدەکرد، یەک لە دوای یەک، بەڵکو بە شێوازێکی وا قسەی دەکرد گەر یەکێک پێویستیبوایە بیژمێرێ کە چەند وشەی فەرمووە دەیتوانی بیژمێرێ. هەروەها ئەبوو داوەن لە خاتو عائیشە ڕەزای خوایی لێبێت دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی (کان کلامە فصلا یفهمە کل من سمعة) پێغەمبەر د.خ کە قسەی دەکرد لە نێوان وشەکان بەینی دەداتە، بە شێوەیەکی وا هەر کەسێک گوێی لێبوایە تێدەگەیشت چی فەرمووە، لەم فەرموودە بەڕێزانە بەدەردەکەوێ کە مرۆڤی مسوڵمان شێوازی قسەکردنەکەی پێویستە بە هێمنی و لەسەرخۆ بێ تا خەڵک لێی تێبگەن، نەک هێندە بە خێرایی قسە بکات بۆ خۆیشی نەزانێ چی ئەڵێ بە تایبەتی وتاربێژ، نابێ ئەم سیفەتەی تیابێت کە زۆر لە وتاربێژان لەم هونەرە بێبەشن و خۆشیان بێبەش کردووە نوێژکەران هەر لەسەرەتای وتارەکەی تا کۆتاییەکەی لە قسەکانی حاڵی نابن.

زیادەڕۆیی نەکردن لە بەکارهێنانی وشەی پاراو

یەک لە ئادابی قسەکردن ئەوەیە، کە زیادەڕەوی نەکات لە بەکارهێنانی وشەی پاراو لە قسەکردندا و زمان لوسی نەکات وەک ئەبو داود و ترمذي بەسەندێکی (جید) لە ئیبن عومەر ڕەزای خوایان لێبێت دەگێرێتەوە کە پێغەمبەری خوا د.خ فەرموویەتی (أن اللە عز وجل یبغض البلیغ من الرجال: الذي یخلل بلسانە کما تتخلل البقر بلسانها). واتە خوای گەورە حەز بەو کەسانە ناکات، کە لە کاتی قسەکردندا زمان لوسی دەکەن و دەمی خۆیان خوار دەکەن لە قسەکردندا و زمانیان لول دەکەن وەک کە مەنگا خواردن بە زمانی لول دەکات و کاوێژ دەکات،

هەروەها لە صحیحی بوخاری و موسلیم هاتووە لە ئەنەسەوە کە پێغەمبەر د.خ (أن اذا تکلم بلکة اعادها ثلاث؛ا حتی تفهم عنە و کان یتکلم بکلام فضل و هزر و لا نزر، و یکرە الثرثرة في الکلام و التشدق بە)، واتە کاتێک پێغەمبەر قسەی دەکرد، وشەکانی سێ جار دووبارە دەکردەوە تا تێبگەن، کە قسەی دەکرد لە بەینی دەربڕینی وشەکان بەینێکی هەبوو نە زۆر نە کەم پێغەمبەر د.خ زۆر قسەکردن و دەم پانکردنەوەی بەلاوە زۆر پێ ناخۆش بوو، ڕقی لێ دەبووەوە.  

گفتوگۆکردن بە شێوازێک کە خەڵک لێی تێبگەن

مسوڵمانی ژیر و تێگەیشتوو لە ڕێبازی پێغەمبەر د،خ هیچ کاتێک بە شێوازێک قسەکانی و وشەی نامۆ بە خەڵک بەکارناهێنی، بەڵکو گشت کاتێک هاوڵ دەدات کە قسە دەکات یان وتار دەدات یان نووسین دەنووسێ، بە گوێرەی تێگەیشتنی خەڵکەکە بێت وەک پێغەمبەر د،خ دەفەرموێ (أمرنا معاشر الانبیاء ان نحدث الناس علی قدر عقولهم). واتە ئێمەی کۆمەڵی پێغەمبەران فەرمانمان پێکراوە بە گوێرەی عەقڵی خەڵکەکە قسەیان لەگەڵ بکەین.

هەروەها لە صحیصی  بوخاری هاتووە لە عەلی بە مەوقەفی (حدثوا الناس بما یعرفون، أتحبون أن یکذب اللە و رسولە) واتە خەڵک چۆن دەزانێ و تێ دەگا، ئاوا قسەیەن لەگەڵ بکەن ئایا پێتان خۆشە خوا  و پێغەمبەرەکەی بە درۆ بخەرێتەوە. لێرەدا ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە قسەنەکردن بە گوێرەی عەقڵی خەڵک بە درۆخستنەوەی خوا و پێغەمبەرە.

لە پێشەکی صحیحی موسلیم هاتووە لە ئیبن مەسعوود ڕەزای خوای لێبێ گوتویەتی (ما أنت بحدث قوما حدیثا لا تبلغە عقولهم إلا کان لبعضهم فتنة). واتە هەر کاتێک تۆ قسە لەگەڵ قەومێک بکەیی و بە گوێرەی عەقڵی ئەوان نەبێ، ئەوا ئەم شێوازە قسەکردنە بۆ هەندێکیان دەبێتە فیتنە و ئاشووب.

لەم تەوجیهاتە پرشنگدارانەدا پێغەمبەر د.خ دەیەوێ بە چاوساغ و مامۆستایان و وتاربێژان و ئەدیبان  نووسەران و ڕابەرانی ئەم پەیامە بەڕێزە ڕابگەیەنێ کە کاتێک ئامۆژگاری خەڵک دەکەن وتار دەبێژن شت ئەنووسن، با بە گوێرەی تێگەیشتن و عەقڵی ئەم خەڵکە بێ و وشەی نامۆ و ناڕەسن و بێگانە بە سروشتی مسوڵمانان بەکارنەهێنن و نەیهێننە ناو ئەدەبی ئیسلامی ڕەسەنەوە بە بیانووی ئەوەی ئەمڕۆ وا پێویست دەکات و لوغمەی عەصرە کە ئێستا زۆر لە نوسەران هەن چ عەلمانی و چ بەناو نوسەری ئیسلامی جۆرە وشەی غەریب و عەجیب لە نووسینیاندا  بەکاردێنن وەک (پراکتیک و ئەلترناتیڤ و مۆدێرن و ستراکتۆر و لۆژیک و سۆسۆلۆژی و ئیبستیمۆلۆژیا و هەیە چەشنەی ئەم وشە غەریبانە) کە ئەمە بەڕاستی هیچ کاتێک خزمەتی ئەدەبی ئیسلامی و کوردی نییە هیچ سوودیک نابەخشێ خەڵکیش لێی تێناگات مەگەر تەنها مەبەستیان پێ ئەوە بێت کە خۆیان بە ڕۆشنبیر پیشان بدەن و خۆیان جیا بکەنەوە لە خەڵک و خۆیانی پێ دەرخەن، ئەم شێوازی بەکارهێنانی وشە غەریبانە غەوزی زمانەکەمانەو  دەیانەوێ گیانی زیندویی لێ بستێننەوە دەبا ئەم نوسەرانە لە خوا بترسن و بە خۆیان دابێنەوە و بە قسەی پێغەمبەری ئازیزمان بکەن، و بابە گوێرەی عەقڵی خەڵک شت بنووسن وتار بدەن و قسە بکەن گەر خۆیان بە مسووڵمان لە قەڵەم دەدەن و شوێنکەوتەی پێغەمبەری خوان، گەرنا با ناوێکی تر بۆ خۆیان هەڵبژێرن.

قسەکردن بە شێوازێکی وا نە زۆر کورت نە درێژ و وەرزکەر

لە ئادابی شیرینکردنی قسە و گفتۆگۆ ئەوەیە نەگاتە ڕادەی کورت بڕینەوە، یان درێژدادڕی و خەڵک لێ وەرزبوون ئەمەش بۆ ئەوەیە تا ئەو کەسەی گوێ ڕائەگڕی  بە دڵ گوێ بگرێ موسلیم لە جابری کوڕی سەمرە ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە جابر گوتی (کنت أصلی مع النبي فکانت صلاتە قصدا، و خطبتە قصدا) لەگەڵ پێغەمبەری خوا نوێژم دەکرد نوێژەکەی و وتارەکەی مام ناوەند بوو واتە نە زۆر درێژ نە زۆر کورت بوو، هەروەها ئیمام ئەحمەد و ئەبو داود لە حەکیمی کوری حزام ڕەزای خوای لێبێ دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی (شهدت مع رسول اللە الجمعة فقام متوکئا علی عصا-أو قوس- فحمد اللە و أثنی علیە فکانیت کلمات خفیفات طیبات مبارکات). واتە لەگەڵ پێغەمبەری خوا لە نوێژی هەینی ئامادەبووم، جا پێغەمبەر لەسەر گۆپاڵێک یان کەوانێک واستا و سوپاس و ستایشی خوای کرد و چەند وشەیەکی سووک و پیرۆز و باشی گووت.

گوێ ڕاگرتن بۆ ئەو کەسەی قسە دەکات

لە ڕەفتاری جوانی مسوڵمان ئەوەیە کاتێک یەکێک قسەی بۆ دەکات گوێی بۆ شل بکات و خۆی بە شتێکەوە سەرقاڵ نەکات یان تەماشای تەلەفزیۆن یان ڕووی لە شتێکی دی نەبێت کە قسەی بۆ دەکرێت. هاوەڵە بەڕێزەکانی پێغەمبەر کاتێک کە پێغەمبەر د.خ قسە بۆ دەکردن زۆر بر گرنگییەوە گوێیان بۆ ڕادەگرت خۆیان بە شتێکی ترەوە سەرقاڵ نەدەکرد، پێغەمبەریش د.خ گوێی بۆ ئەو کەسە دەگرێت کە دەهاتە لای قسەی لەگەڵ دەکرد، یان پرسیارێکی لێ دەکرد.

قسەکردن بە خەندە و ڕووخۆشییەوە

ئیمام ئەحمەد لە ئوم دەردائەوە ڕەزای خوای لێبێت دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی کاتێک ئەبو دەردا قسەی دەکرد بە خەندەوە قسەی دەکرد خەڵکیش دەیانگووت ئەبودەردا گەمژەیە (لەبەر ئەوەی بە خەندەوە قسە دەکات) ئەبودەردا گوتی: نەمبینیوە و نەبیستوومە کە پێغەمبەری خوا د.خ قسەیەکی کردبێ و بە خەندەوە نەیگووتبێ جا ئەبودەردا کاتێک قسەی دەکرد دەم بە خەندە بوو لەبەر ئەوەی پێغەمبەر د.خ ئاوای کردووە.

هەروەها موسلیم لە سەماکی کوڕی حرب دەگێڕێتەوە کە گوتویەتی ( قال سماك بن حرب قلت لجابر بن سمرة : أكنت تجالس رسول الله صلى الله عليه وسلم ؟ قال : نعم كثيرا ، كان لا يقوم من مصلاه الذي صلى فيه الصبح حتى تطلع الشمس ، وكانوا يتحدثون فيأخذون في أمر الجاهلية ، فيضحكون ، ويتبسم). واتە بە جابری کوری سەمرەم گوت ئایا لە کۆڕ و دانیشتی پێغەمبەر د.خ ئامادە دەبووی؟ جابر گوتی بەڵێ زۆربەی جار ئامادە دەبووم، پێغەمبەری خوا د.خ لەو شوێنەی خۆی هەڵنەسا، کە نوێژی بەیانی تێدا دەکرد تا ئەو کاتەی ڕۆژ هەڵدەهات ئەو کاتە هەڵسا و دەڕۆیی، جا لەو کاتەی کە پێغەمبەر دادەنیشت هاوەڵە بەڕێزەکانی باسی کردەوەی پێشانی جاهیلی خۆیان دەکرد، کە چیان کردووە، جا دەستیان دەکرد بە پێکەنین، پێغەمبەریش خەندەی دەهاتە سەر لێو.


سەرچاوەکان



1872 بینین